$سەردەمی زێڕینی ماڵی #مام جەلال#$
#عارف قوربانی#
#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# تەمەنی وا نزیک دەبێتەوە لە پەنجا ساڵ، بە درێژایی ماوەی ئەو پێنج دەیەیە هیچ کات بە ئەندازەی ئێستا ئەم حیزبە بە سەرکردایەتی و بنکردایەتییەوە نەکەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی خاوەنەکەیەوە.
مام جەلال سەرباری ئەوەی خۆی دامەزرێنەری حیزبەکە بوو، خاوەن کەسایەتییەکی بەهێز و خەسڵەتێکی کاریزمی لە و جۆرەش بوو کە دەوروبەرەکەی بە ئاسانی دەکەوتنە ژێر کاریگەرییەوە، وەک ئەزموونی سیاسی لە هەموو هاوڕێکانی دەوڵەمەندتر بوو، سیاسییەکی شارەزا، دونیادیدە، زمانزان و لێهاتوو بوو. لە هەر ڕوویەکەوە مام جەلال و ئەوانەی لەگەڵی سیاسەتیان کردبوو، بەراورد بکرێن، مام جەلال زۆر لە سەرووی ئەوانەوە بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیچ کات نەیتوانیوە کۆنترۆڵی هەموو یەکێتیی بکات و هەموو سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی بە و ئەندازەیە وابەستەی بن کە قسەی مام جەلال قسەی هەموو یەکێتیی بووبێت.
مێژووی ئەو 37 ساڵەی بە کردەوە مام جەلال ڕابەرایەتیی یەکێتیی کردووە (1975 بۆ 2012) ، جیا لەوەی لە بەشێک لە قۆناخەکانی مێژووی یەکێتیدا چەند ئاڕاستەیەکی سیاسی جیاواز هەبوون و وەک حیزبی سەربەخۆ لەناو نیمچە بەرەی یەکێتیی کاریان کردووە. لەناو سەرکردایەتیی یەکێتییشدا هیچ کاتێک نەبووە دەستەیەک یا گرووپێک یا چەند کەسێک خەسڵەتی ئۆپۆزیسیۆن یا نەیاری سیاسەتەکانی مام جەلال نەبووبن. لە و پەڕی دەسەڵات و توانای بەڕێوەبردنی و هەژموونی مام جەلالدا هەمیشە کەسانێک هەبوون پێچەوانەی مام جەلال ڕەفتار و کرداریان نواندووە. بەدەر لە و هەڵوێستە ڕێکخراوانەش لە زۆربەی کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیدا دەنگی ناڕەزایەتی و پێچەوانەی بۆچوونەکانی مام جەلال هەبوون، جاری وابووە ئیرادەی ئەوان بەسەر مام جەلالیشدا سەپێنراوە و لە چەند وێستگەیەکدا هێندە تەنگیان بە مام جەلال هەڵچنیوە خەریک بووە ناچاری بکەن حیزبەکەیان بۆ جێبهێڵێت.
بەڵام ئێستا پێچەوانەی ئەو ڕابردووە، هیچ دەنگێکی ناڕازی نابیسترێت. نەک بۆچوون و ڕەفتار و کرداری پێچەوانە نەماوە، بەڵکوو بێ ڕاوێژ و گەڕانەوە بۆ کۆبوونەوەی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی ئەگەر سەرۆکی یەکێتیی هەر بۆچوونێک دەرببڕێت، هەموو سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی، بەدوایدا دەیڵێنەوە. تەنانەت ئەگەر لە هەفتەیەکدا دوو بۆچوون و تێڕوانینی دژ بەیەک و جیاوازیشی هەبێت، ڕاگەیاندنەکان هەر سەرکردەیەکی یەکێتیی لە و بارەیەوە بدوێنن، دەڵێن (قسەی کاک بافڵ قسەی هەموو یەکێتییە) .
ئەم بەراوردەی ژیانی حیزبی یەکێتیی بۆ وێناکردنی بەشی یەکێتیی لە حوکمڕانیش هەر وایە. لە ساڵی 1992ەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراوە و یەکێتی یەکێک لە دوو پێکهێنەرە سەرەکییەکەی بووە تائێستا کە نزیکەی 31 ساڵە، لە حکومەتیشدا چی ئەوکاتانەی لەگەڵ پارتی هاوبەش بوون و چی ئەوکاتانەش کە بە تەنیا حکومڕانیی ناوچەی سەوز بوون، هیچ کات بەشی یەکێتی لە حوکمڕانی وەک ئێستا کۆنترۆڵ نەکراوە لەلایەن ماڵی مام جەلالەوە. نەک هیچ کام لە جێگری سەرۆک وەزیرانەکان وەک ئێستای (#قوباد تاڵەبانی#) دەسەڵاتی بەسەر ئیدارە و دەزگا ئەمنی و سەربازییەکاندا نەبووە، بەڵکوو سەرۆک حکومەتەکانیش کە لە پشکی یەکێتی بوون، بەهۆی بوونی تەکەتوڵاتی بەهێزی ناو یەکێتییەوە نەیانتوانیوە دەسەڵاتی تەواویان بەسەر حکومەتدا هەبێت.
بێگومان لەنێوان کۆنترۆڵکردن و وابەستەیی و بوونی ڕاو بۆچوون و دیدگای جیاواز، بەپێی هەلومەرج و قۆناخەکان هەریەکە و لایەنی باشە و خراپەی خۆی هەیە. بوونی بەرەو ڕای جیاواز ئەگەر لەسەر بنەمای جیاوازیی دونیابینی و تێڕوانین بێت بۆ پرس و بابەتەکان، دەبێتە سەرچاوەی دەوڵەمەندی و هێز لە هەر حیزبێکی سیاسیدا هەبێت، بەڵام ئەگەر جیاوازییەکان و دابەشبوونەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و پشک پشکێنە و دەستبەسەرداگرتن و پاوانکردن بێت، بێگومان مەترسیدارە. کۆنترۆڵکردنیش ئەگەر لەسەر بنەمای سەرکوتکردن و نەهێشتنی جیاوازی بێت، مەترسیدارە، بەڵام ئەگەر بە دیسپلین و بۆ نەهێشتنی فرە کوێخایی و فرە ناوەندێتیی دەسەڵات بێت، کارێکی باشە.
بۆ حیزبێکی وەکوو (ی، ن، ک) کە دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال بە سەردەمانێکی بێسەرەوبەرەییدا تێپەڕیی، کۆنترۆڵکردنەوەی حیزبەکە باشە، بەڵام بۆ هەلومەرجێکی وەک ئێستا کە کوڕانی تاڵەبانی لە سەرەتای ئەزموونکردنی دەسەڵاتدارێتی کرداریدان، بەرپرسیارێتییەکی گەورەشە کە ڕەنگە بە ئاسانی دەرەقەتی نەیەن. یەکێتی لە ڕابردوودا بە کارە باش و خراپەکانییەوە مێژوویەکە ناتوانرێت بە تەنیا لەسەر مام جەلال حساب بکرێت، نە دەستکەوت و سەروەرییەکانی بە تەنیا موڵکی مام جەلالە، نە خراپەکارییەکانی بە تەنیا بۆ ئەو دەنووسرێتەوە. لە هەردوو حاڵەتەکەدا مام هاوبەشی هەبووە. لە حوکمڕانیشدا هەر وایە، مێژووی ئەو دەیان ساڵەی ڕابردووی ئەزموونی حوکمڕانی کوردی و پشکی یەکێتیی لەلایەنە باش و خراپییەکانی حوکمڕانیدا بە تەنیا لەسەر مام جەلال حساب نین. خەڵکانی دیکەش لە هەردوو ئەزموونەکادا پشکیان دەکەوێت.
بەڵام ئێستا وانییە، ئێستا لە حکومەت و لە حیزب سەردەمی زێڕینی ماڵی مام جەلالە. مێژووی ئەم ڕۆژگارانە بە باش و خراپییەوە لەسەر ماڵی مام جەلال حسابە. ڕەنگە بۆ هەردوو برا (بافڵ و قوباد) خۆش بێت کە ئێستا بەم سەرەتای تەمەن و ئەزموونەوە لە ترۆپکی هەردوو جومگەکەی دەسەڵاتی حیزب و حوکمڕانیدان و ئەوەی بۆ ئەوان ڕەخساوە بۆ باوکیان نەڕەخسابوو. نە میدیای ئازا و ئازاد وەک پێشووتر ماوە تا ڕەخنەیان لێبگرێت و نە ئۆپۆزیسیۆنێکی کارا و کاریگەر هەیە گرفت بێنێتە ڕێگەیان. لەناو خودی حیزبەکەشیاندا نە قوتبی بەهێز و نە تەکەتول و بەرەی جیاجیا ماوە تاوەکو ناچار بە موراعاتکردنیان بن. ئەوەی بیانەوێ بیکەن دەتوانن و ئەوەشی ئەوان نەیانەوێ ناکرێت.
بۆیە ئەم قۆناخە بە ئەندازەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوو بۆ ماڵی مام جەلال، دۆخێکی هەستیارە. لە حیزب و لە حوکمڕانیدا بە باش و خراپییەوە بۆ ئەوان تۆمار دەکرێت. فەلسەفەی بەڕێوەبردن و حوکمڕانی حیزب و حکومەت لەسەر ئەوان حسابە، بەڵام پێناچێت شانسێکی باشیان هەبێت، چونکە نە جەماوەر و ئەندامەکانی حیزبەکە شادوومانن و نە هاووڵاتییانی سنوورەکەش بە حوکمڕانییەکەیان دڵشادن. ئەم دوو برایە یان دەبێت هاوبەش بۆخۆیان بدۆزنەوە کە بەرپرسیارێتیی ئێستا و مێژوویان لەگەڵ هەڵگرێت، یاخود پێویستە شێوازی بەڕێوەبردنی حیزب و لە حکومەت بە جۆرێک بگۆڕن کە مایەی ڕەزامەندیی خەڵک بێت، ئەگەر ئەوە نەکەن، ناگاتە یوبیڵی زێڕینی حیزبەکەیان، کۆتایی بە سەردەمی زێڕینی خۆیان دێت. [1]