$کابینەی نوێی ئێراق لە ئەزموونی راستەقینەی حوکمڕانیدا$
#یاسین تەها مەحموود#
لە مانگی دووەمی تەمەنیدا، کابینەکەی محەمەد شیاع سوودانی قۆناخی ئەزموون و پیرۆزبایی و هەوڵی تێگەیشتن لە دۆسییەکانی تێپەڕاند و کەوتە قۆناخی جێبەجێکردن و بڕیاردانەوە. ئەمەش لە کاتێکدا کە هێشتا فۆڕمی تەواوەتیی حکومەتەکە بەهۆی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکانەوە گەڵاڵە نەبووە. جەمسەرە سەرەکییەکانی ئەم ناکۆکییەش ئێستا هاوپەیمانییەکەی نووری مالیکی و بزووتنەوەی عەسایبی قەیس خەزعەلییە، یەکەمیان ڕاگری سیاسی حکومەت و دووەمیشیان پاڵپشتی چەکدارییەتی، هەردوو ڕاگرەکەی حکومەتیش لە پشت پەردەوە لەسەر دابەشکردنی پۆست و پلە هەستیار و باڵاکان لە کێشمەکێشدان.
پێشتر سوودانی جەختی کردەوە کە کاری لەپێشینەی حکومەتەکەی لێپێچینەوەی گەندەڵە گەورەکان دەبێت، بەڵام لەم ماوە کەمەی دەستبەکاربوونیدا دوو پێشهاتی شۆکهێنەر لە دۆسیەی دژایەتیی گەندەڵی ڕوویانداوە؛ نوور زوهێر کە تۆمەتباری یەکەمە لە دزیی سەدە، ئازادکرا بە پاساوی ئەوەی بتوانێت موڵک و خانووەکانی بفرۆشێت بۆ گێڕانەوەی پارەکە، ئەوەشی تاوەکو ئێستا گەڕاوەتەوە لە پارە براوەکەی باجی کۆمپانیاکان، تەنیا 317 ملیار دینارە لە کۆی 3.7 ترلیۆن دینار کە دەوروبەری 1/ 10ی کۆی سەرجەم پارە دزراوەکان دەکات، هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا دەستەی دەستپاکی ئاشکرایکرد دادگا ڕازی بووە بە سەرلەنوێ دووبارە کردنەوەی دادگایی کردنی بەڕێوەبەری پێشووی خانەنشینی و بەڕێوەبەری کۆمپانیای (کی کارد) کە لە سەردەمی کازمیدا تۆمەتبار کرابوون بە بەرتیل و خستنەلای سامانی گشتی بەبەهای ملیارەها دینار. یەکەمیان شەش ساڵ و دووەمیان چوار ساڵی زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو. حوکمەکەش لە تێهەڵچوونەوە پلەی کۆتایی وەرگرتبوو، بەڵام ئەگەری هەیە لەم پێداچوونەوەیەدا لەسەریان سووک بکرێت. ئەم دوو پێشهاتەش بێهیوایی و ڕەخنە و گومانی زۆری لە توانای حکومەتی نوێ درووستکردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی گەندەڵی کە لە حاڵەتی تاکە کەسییەوە گۆڕاوە بۆ سیستمێکی ئاڵۆزی پەلوپۆدار کە ئەگەر سەرۆکوەزیرانەکانیش بیانەوێت بەرەنگاری ببنەوە، ئەوە لەمپەر و ڕێگر و بەرگریکاری دیکەی بەهێز ڕێگرن و ناهێڵن بەرژەوەندییەکانیان تێک بچێت.
لە ناوخۆی ماڵی شیعەدا سوودانی بە زیادکردنی ژمارەی ڕاوێژکاران و دامەزراندنی زیاتر هەوڵی هێورکردنەوە و ڕازیکردنی لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەدات، ئەم ڕازیکردنەش گەیشتووتە ئاستی ئەوەی هەندێک پەڕڵەمانتاری سەربەخۆ بە گاڵتەوە باس لەوە دەکەن ژمارەی ڕاوێژکاران بەشی بەرەنگاربوونەوەی چین دەکات، سەرباری ئەوەش لەسەر پۆستە ئەمنییە هەستیارەکان ململانێ هەر بەردەوامە و لەو نێوەندەشدا ڕەخنەی ئەوە لە سەرۆکوەزیرانی نوێ دەگیرێت کە دەزگای هەواڵگریی پڕ کردووە لە ئەفسەرانی عەشیرەتەکەی خۆی. ئەمە لە کاتێکدا هەڵپەی گرووپە چەکدارەکان بۆ دەزگاکە بەردەوامە و سوودانی لێی ڕوونە بەخشینی ئەو پۆستانە بە گرووپە چەکدارەکانی شیعە کێشەیەکی گەورەیە بەو پێیەی ڤیتۆی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی دژی #داعش#یان لەسەرە. بەهۆی ئەو ناکۆکییە ناوخۆییەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی زۆر شتی حکومەت بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، دیارترینیان چۆنێتی مامەڵەکردنە لەگەڵ نرخی نەوت و دینار بەرانبەر دۆلار. ئەمەش ئەگەری تێپەڕاندنی بودجەی دواخستووە بۆ شوبات و ئاداری 2023، لەکاتێکدا ئەوە یەکلاییە بەبێ بودجە حکومەت هیچ پلان و بەرنامەیەکی ئابووری و کۆمەڵایەتیی گەورەی بۆ جێبەجێ ناکرێت و هەر بەم هۆیەشەوە حکومەت ناچارە لە کانوونی دووەمی 2023دا مووچە بەگوێرەی یاسای بودجەی 2021 بدات و ئەمەش هەنگاوێکی بێ پێشینەیە لە ئێراقی پاش 2003.
پێکدادانە ناوخۆییەکانی سوننە کە پێکهێنەرێکی سەرەکی حکومەتن، لێکەوتە و سێبەریان بەسەر بارودۆخەکەوە هەیە، هەر لەو کاتەی کە بەرەی عەزم بە گەرمی سەرقاڵی لادانی محەمەد حەلبووسین لە پۆستەکەی، سەرۆکی پەڕڵەمان لە دیمانەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا هۆشداریی ئەوەی دا کە ساڵی 2023 یەکلاکەرەوەیە و ڕەنگە پڕۆسەی سیاسی هەرەس بهێنێت، ئەم هەڕەشانەش بارگرانییەکانی حکومەت قوورستر دەکەن کە بۆ جێبەجێکردنی گفت و ڕێککەوتنەکانی پێویستی بە ئۆقرەیی و دۆخێکی هێور هەیە. بەتایبەت کە هەندێک لەو گفتانەی بە هێزە سوننەکان دراون قوورسن و هەندێکیشیان لە چەشنی کشاندنەوەی حەشد لە شارەکان، هەستیاری زۆر درووست دەکەن و هەندێکی دیکەیشیان کە پەیوەستن بە ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنەکانی شارە سوننەکان و پاکتاوکردنی دۆسییەکانیان، لێکەوتەی جۆراوجۆری تاوانکاریی هەیە و دەشێت ببنە بەڵگە بۆ ڕوودانی کۆمەڵکوژی بە دەستی چەکدارە شیعەکان لە ساڵانی شەڕی داعش.
هەرچەندە ڕەنگە هیچ کاتێک هێندەی ئێستا ناکۆکیی دوو هێزە کوردییەکە گۆشەی بەریەککەوتنەکانیان تیژ نەبووبێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی شیعە، هێشتا لێکەوتەی لەسەر ئاستی بەغدا بە ڕوونی دەرنەکەوتووە. لەبارەی دۆسیە ئاڵۆزەکانی نێوان #هەولێر# و بەغداش، حکومەتی فیدراڵی ڕێگە ئاسانەکەی هەڵبژارد کە چارەسەری کاتی و کوورت مەودایە بە بڕیاری هەناردنی 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان و گفتوگۆ لەبارەی درووستکردنی قۆناخێکی ڕاگوزەر لە دۆسیەی نەوت، چونکە گەیشتن بە ڕێککەوتنی درێژخایەن ئامادەسازیی هەردوولا و زەمینە و ئیرادەی سیاسی پێویستە، ئەوەش لە ئێستادا نە لە هەرێمی کوردستان بە تەواوی بەردەستە، نە لە بەغداش بارودۆخەکەی لەبارە. ئەمەش لە کاتێکدا مۆڵەتی یەکلاییکردنەوەی یاسای نەوت و دادگای فیدراڵی تەنیا شەش مانگە و تاوەکو کۆتایی پشووی پەڕڵەمان ڕەنگە نیوەی وادەکە کۆتایی بێت.
لەسەر ئاستە گشتییەکەش لەبری گۆڕانکاریی خێرا و گشتگیر سەرۆکوەزیران گیرۆدەی هەڵکشانی زۆری نرخی دۆلارە لە کاتێکدا هەڵمەتی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان هەرزانکردنی نرخەکەی بووە. هەروەها سوودانی لە هەوڵی گۆڕینی هەندێک بەرپرس و پارێزگارە، بەڵام بە شێوەی ناڕاستەوخۆ، بۆ ئەم مەبەستەش مۆڵەتی 3 بۆ 6 مانگی داناوە بۆ هەڵسەنگاندنی بەرپرسانی کابینەکەی لە بەڕێوەبەری گشتی و ڕاوێژکارەکانەوە تاوەکو وەزیرەکان، بە هیوای ئەوەشە بتوانێت بەم میکانیزمە ئەو کەسانە بگۆڕێت کە دوور لە خواستی خۆی بەسەریدا سەپێنراون، بەڵام لەبەر هۆکاری سیاسی ناتوانێت بیانگۆڕێت، لەم میانەیەشدا پێنج پارێزگار بەربژێرن بۆئەوەی بگۆڕدرێن.
سەبارەت بە جێبەجێکردنی دروشمە سەرەکییەکەی حکومەتیش کە پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییە، حکومەت خۆی پابەند کردووە بە درووستکردنی 2000 بۆ 5000 قوتابخانە و دابەشکردنی نیو ملیۆن پارچە زەوی لەگەڵ قەرزی ئاسان کە هەنگاوی وەبەرهێنانن، لەبەرانبەریشدا حکومەت گەڕاوەتەوە بۆ میکانیزمە کۆنەکەی هەوڵی ڕازیکردنی خەڵک کە گفتی دامەزراندنە، ئەویش لەڕێگای زیادکردنی ئەوانەی تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە لەگەڵ جێگیرکردنی گرێبەستەکان و بەگرێبەستکردنی ئەوانەی بە کرێ کاری گشتی دەکەن. ئەم هەنگاوەش ئەگەرچی بەلای ئابووریناسان و شارەزایانەوە کارەساتە، بەڵام بەرزیی نرخی نەوت یارمەتیدەرە لە شاردنەوەی، چونکە ئێستا ئێراق بووەتە خاوەن گەورەترین یەدەگی نەختینە لە مێژووی خۆی کە 90 ملیار دۆلارە. [1]