نەورۆز هێمایەکە بۆ درووستبوونی نەتەوەی کورد
هیدایەت جان
جەژنی نەورۆز یان ڕۆژی نوێ کە بە سەری ساڵی کوردی ناسراوە و ڕێکەوتی یەکەمین ڕۆژی وەرزی بەهار دەکات، وێڕای بۆچوونی جیاواز لەبارەی ڕاستیی سەربردە مێژوویییەکەیەوە، لای کورد بووەتە جەژنێکی نەتەوەیی و ساڵ بە ساڵ شێواز و ڕێوڕەسمی یادکردنەوەکەی پەرە دەستێنێ.
لە چیڕۆکە کۆنەکاندا باس لەوە دەکرێت کە کاوەى ئاسنگەر بە دژى ئەژدەهاک خەبات دەکات و لە سەرەتاى وەرزى بەهار دەسەڵاتەکەی دەڕووخێنێت. لەم چیرۆکانەدا ئەژدەهاک بە پاشایەکى زۆردار وەسف کراوە و دەگوترێ حەوت مارى لەسەر شان بووە و ڕۆژانە مێشکى ئادەمیزادى دەرخوارد داون و کاوەش کە شۆڕشگێڕێکى کورد بووە، شۆڕشى لە دژى دەکات و تاج و تەختەکەى لێ تێک دەدات.
لە شانامەى فیردەوسیدا کە یەکێکە لە کۆنترینى ئەو دەستنووسانەى باس لە حکوومەتى ئەژدەهاک دەکات، چیڕۆکەکە بە هەمان شێوە دەگێڕێتەوە، بەڵام ئاماژە بەوە نادات کە کاوەى ئاسنگەر کوردە.
لە ئەنسکلۆپیدیایش دا هاتووە کە مرۆڤناسان پێیان وایە سەرەتاى بەهار، واتا نەورۆز لەناو ئەتنیک و هۆز و گرووپەکانى ڕابردوودا لە سەرەتاى سەرهەڵدانى کشتوکاڵى بەپیرۆز کراوە، چونکە مرۆڤ لە سەردەمى پێش شارستانییەتەوە تا قۆناغى کۆکردنەوەى خۆراک و سەردەمى کشتوکاڵ، هەستى بە گەڕانەوەى هەندێک ڕوودانى سرووشتى وەک بەسەرچوونى سەرما و هاتنى گەرما و سەوزبوون و پاشان زەردهەڵگەڕانى گیا کردووە.
بۆیە بە هەست پێکردن و تێگەیشتن لەو گەڕانەوە و دووبارەبوونەوەیەى سرووشت هەستی بەوە کرد کە سیستەمێک پێڕەو بکات بۆ ئەوەى بزانێ کەى وادەى چاندنى دەغڵودانە و کەی وەرزی دروێنەیە، بۆیە هات ساڵى بەسەر وەرزەکاندا دابەش کرد و ڕۆژمێرى کشتوکاڵیى داهێنا.
جەژنی نەورۆز (سەری ساڵی کوردی) هەموو ساڵێک لە 21ى مارس/ ئادار لە کوردستان بەڕێوە دەچێت، ئەگەرچى لە کوردستان کۆمەڵێک ڕاى جیاواز هەیە لەسەر جەژنى نەورۆز و هەندێک بەجەژنى نەتەوەیى کورد ناوى دەبەن و هەندێکى تر ئەم جەژنە دەگەڕێننەوە بۆ بۆنەیەکى ئایینى بەڵام کورد بەگشتى بە هەردوو لایەنەوە هەموو ساڵێ یادى ئەم بۆنەیە بە فراوانی و لە چوارچێوەی ئەنجامدانی چالاکیگەلی کولتووری و هونەری دەکاتەوە.
د. کاوە موڕادی نووسەر و مامۆستای مێژوو جەژنى نەورۆز بەسیمبولى نەتەوەیى کورد دادەنێت و پێی وایە کورد بۆ کۆبوونەوە لە دەورى یەک، پێویستى بە ڕەمز و هێمایەک هەیە کە ئەویش نەورۆزە و دەڵێ هەر کۆمەڵە خەڵکێک کە لەسەر خاکى تایبەت بەخۆیان دەژین و خودانى مێژووى هاوبەش و کولتوورى هاوبەش و زمان و هەندێک نەرێتى هاوبەشن، ئەو کۆمەڵە خەڵکە درەنگ یان زوو بەرەو بەنەتەوەبوون دەڕۆن یان وەک گرووپێکى جیاواز شێواز و ڕواڵەتى نەتەوەیى وەردەگرن.
ئەو نووسەرە هەروەها دەڵێ لە پڕۆسەى بە نەتەوەبووندا ئەو کۆمەڵە خەڵکە هەوڵ دەدەن زەوینەى پێکەوەژیان و پێکەوە هەڵکردن و هاوچارەنووسیى نێوانیان بەهێز بکەن، بۆیە هەوڵ دەدەن کۆمەڵێک نەریت و ڕووداوى ڕابردوو بژیێننەوە، یان تەنانەت لە مێژوو و تەنانەت لە ئەفسانە کەڵک وەردەگرن، بۆ ئەوەى زەمینەى پێکەوە ژیان و ڕابردووى هاوبەش بەهێز بکەن تا بتوانن داهاتووى هاوبەشیان بەهێز بکەن، لەوانە هەندێک سیمبول و هێما و نیشانەى هاوبەش کە بە یەکیانەوە دەبەستێتەوە، دادەهێنن و بەپیرۆزى دەکەن و بەمەزنی ڕاى دەگرن.
لە کوردستان ساڵانە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی جەژنی نەورۆز بەشێوەیەکى بەربڵاو بەڕێوە دەچێت، بەچالاکی و شێوازی جۆراوجۆر ئاهەنگی بۆ دەگیرێت و پیرۆز دەکرێت.
عوسمان ڕەبیعی وەک پیاوێکی ئایینى، نەورۆز بە جەژنى نەتەوەیى کورد وەسف دەکات و پێی وایە نەورۆز پەیوەندیى بە ئایینەوە نییە و دەڵێ، بۆیە ئێمەش وەک ئیسلام هیچ دژایەتییەکى ئەو بۆنەیە ناکەین و دەڵێت ساڵانە کە یادى ئەم جەژنە دەکەینەوە هیچ سرودێکى ئایینى لەگەڵ ناخوێندرێت ئەوەش بە واتاى ئەوەیە کە بۆنەیەکى نیشتمانییە و دەکرێ بڵێین نەورۆز جەژنى نەتەوەییى گەلى کوردە.
زاناى ئایینى (ئیبن تەیمییە) بەڕێوەبردنى ئەم جەژنە بە کفر وەسف دەکات، بەڵام د. عوسمان ڕەبیعی لە وەڵامى ئەمەدا دەڵێ ئەگەر بڕوانینە سەردەمى عەلى کوڕى ئەبی تاڵب جەژنى نەورۆز هیچ گرفتێکى نەبووە لەناو مسوڵماناندا، لە سەردەمى ئەمەوییەکانیشدا هیچ گرفتێک نەبووە و بگرە ئەمەوییەکان پێویستیان بە نەورۆز بووە بۆ ئەوەى بیکەن بە ساڵوەگەڕی وەرگرتنى باج، لەبەر ئەوەی ساڵنامەی کۆچی گۆڕانى تێدا هەیە و ساڵ بەساڵ دەگۆڕێ، بۆیە سوودیان لە نەورۆز وەرگرتووە.
لە سەردەمى عەباسییەکانیشدا هیچ گرفتێک نەبووە، بەڵام ئەگەر تەماشا بکەى لە هەموو مێژووى ئیسلامدا هەر کەسێک بیەوێت قسە لەسەر نەورۆز بکات، یەکسەر دەچێتەوە سەر (ئیبن تەیمییە)، جگە لەو هیچ سەرچاوەیەکى تر نادۆزنەوە بۆ ئەوەى دژایەتیى نەورۆزى پێ بکەن د. عوسمان ڕەبیعی وای گوت.
هاوکات عەبدولڕەحمان مستەفا مامۆستای مێژوو دەڵێ جەژنى نەورۆز بەدوور لە بۆنەیەکى نەتەوەیى دەزانێت و پێی وایە کورد بە هەڵە لە نەورۆز دەڕوانێت و ئەم هەڵەیەش دەگەڕێنێتەوە بۆ شاعیرى کورد پیرەمێرد و دەڵێ پیرەمێرد کە جارێکى تر نەورۆزى بە بزووتنەوەى کوردى ناساند بە سیمایەکی ناسیۆنالیستى پێناسەى بۆ کرد و بەرگێکى نەتەوەییى پێ بەخشی و نەهات بە شێوەیەک بیناسێنێتەوە کە نەورۆز بەشێک بێ لە کولتوور و ئایین. چونکە بەر لە درووستبوونى بزووتنەوەى ناسیۆنالیستیى کوردى ئەو جەژنە لەناو هۆزەکانى کوردا هەبوو و لە شارەکاندا کەمتر یادى دەکرایەوە، بەڵام لەناو هۆزەکاندا خەڵک پشتى دەوارەکانیان دەبڕى و ماڵەکانیان خاوێن دەکردەوە و ئەو ئاگردانەى کە بوویان دەریان دەدا و ناوماڵیان پاک دەکردەوە و سەر لە نوێ هەموو ڕیشیان دەتاشى و بەم شێوەیە پێشوازییان لە نەورۆز دەکرد.
د. فەرهاد حەکیمزادە لەو بارەیەوە بۆچوونێکی تری هەیە و دەڵێ، ئەگەر نەورۆز دەستکردیش بێت بووە بە واقیعێک و کراوە بە هێمای کۆکردنەوەى نەتەوەى کورد و دەشڵێت، ئەگەر نەورۆز داتاشراو و درووستکراوى خەڵکیش بێت، هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە لە کوردستان لە ماوەى ئەم سەدەیەی دواییدا بووەتە هێما و سیمبولێکى زۆر گرینگیى نەتەوەیى و ناوەرۆکێکیى سیاسى و نەتەوەیى سەد لە سەدى پێ دراوە.
وەک ئاماژەی پێ دەدات، هەندێ جار نەتەوەکان نەتەنیا لە ڕابردوو بگرە لە ئەفسانەش سیمبول دادەهێنن و دەیکەنە هێما و نیشانەیەکیى پێکەوە ژیان بۆ هاوڕەگەزبوون، بۆیە ئەو وتەیە هیچ لەو مەسەلەیە ناگۆڕێت کە ئاخۆ ئەم بۆنەیە ئایینیى بووە یان نا.
ئەو مێژووناسە مێژووى یادکردنەوەى نەورۆز لە کوردستان پەیوەست دەکات بە سەرهەڵدانى بزاڤى نەتەوەییی کورد و دووپاتی دەکاتەوە، ئەگەر بڕوانین، ئەم یادکردنەوە و ئەم بەپیرۆزکردنەى نەورۆز لە کوردستاندا، لە سەرەتاى بیستەکانى سەدەى ڕابردوودا دەستى پێ کرد، واتە نزیکەی 100 ساڵ پێش ئێستا، لەو سەردەمەدا هۆشیاربوون و بێداربوونەوەى نەتەوەییى ڕووى لە گەشەکردن کرد بوو، خەباتى ڕزگاریى کورد لە سەردەمیى شێخ مەحموودا بوو و لە ڕۆژهەڵات سمایل ئاغاى سمکۆ و لە باکوور شێخ سەعیدى پیران بوو، لەو سەردەمەدا کورد بەرەو بەنەتەوەبوون دەڕۆیشت و نەورۆزیش توخمێک بوو لە توخمەکانى ئەو نەتەوەیە، هیچ نەتەوەیەک نییە کۆمەڵێک سیمبولى نەتەوەیى و ڕووداوى مێژووییى خۆى نەبێت و لەدەورى کۆ نەبێتەوە، نەورۆز وەک هێما، گرنگترین سیمبولە کە وەک کورد کۆمان دەکاتەوە، ئێمە لە ڕێى نەورۆزەوە شوناسى نەتەوەییى خۆمان دەسەلمێنین و دووپاتى دەکەینەوە حەکیمزادە وای گوت.
جەژنى نەورۆز هاوکات لە ئێران و ئەفغانستان و تورکیا ڕێوڕەسمی بۆ دەگیرێت و لە ئێران و ئەفغانستان دوایین چوارشەمەى ساڵ ئاگر دەکرێتەوە و لە دەورى ئاگرەکە کۆمەڵێک ڕستە دووبارە دەکەنەوە کە یەک لەوان زەردى من بۆ تۆ و سوورى تۆ بۆ منە و پاشان بەسەر ئاگرەکەدا باز دەدەن.
لە ڕابردوودا خەڵک ماڵەکانیان خاوێن دەکردەوە و جلوبەرگ و ناوماڵەکانیان دەشووشت و پێیان وابوو کە مردووەکانیان لە سەرەتاى بەهاردا دەگەڕێنەوە بۆ ئەوەى سەیرى ژیانى بنەماڵەکانیان بکەن و پێشیان وابوو ئەگەر ماڵەکانیان خاوێن کردبێتەوە و بە یەکەوە تەبا بن، گیانی ئەو مردووە شاد دەبێت و تا ساڵى داهاتوو بە دڵنیایییەوە دەگەڕێتەوە و ئەگەر بە پێچەوانەى ئەمەش ببینێت تا ساڵى داهاتوو گیانی ئەو مردووە لە نیگەرانیدا دەبێت و چاوەڕوانى دەکات لە بەهارى داهاتوودا بڕواتەوە و سەردانى کەسوکاریى بکات.
بیرورای نووسەران هەرچۆن بێ، وەک داوونەریت کورد لەسەرەتای مانگی خاکەلێوە یادی شۆڕشی کاوەى ئاسنگەر دەکەنەوە و پێی دەڵێن ڕۆژی نەورۆز. شاعیری گەورەی کورد ئەحمەدی خانی 1650-1707 لە شاکاری مەم و زیندا پێش زیاتر لە 300 ساڵ، ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی نەورۆزی لە شێوەی پانۆرامەیەک دا خستووەتە ڕوو.[1]