$هەڵبژاردن، تیماری دەردی ئێراق ناکات$
#عارف قوربانی#
پاش دوو مانگی دیکە ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراقدا تێدەپەڕێت، کە هێشتا نەتوانراوە هەنگاوە یاسایی و دەستوورییەکانی دوای پڕۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەببرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت. ناکۆکی و ململانێی هێزە بەشدارەکانی هەڵبژاردن لەم دە مانگەی ڕابردوودا، ڕێککنەکەوتن و کشانەوەی براوەیەی یەکەم لە پەڕڵەمان و بەکاربردنی شەقام دژ بە ڕکابەرەکانی، پڕۆسەی سیاسیی ئێراقی گەیاندووەتە دۆخێک کە چاوەڕوان ناکرێت بتوانێت بە ئاسانی دەربازی بێت.
ئەم بە بنبەستگەیشتنەی پڕۆسەی سیاسی تێگەیشتنێکی لای بەشێکی زۆر لە حیزب و ناوەندە سیاسییەکانی ئێراق درووستکردووه، کە چارەسەر بۆ دەربازبوون لەم تەنگەژەیەی ئێراقی تێکەوتووە، گەڕانەوەیە بۆ سەرلەنوێ ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنێکی پێشوەختە. بەتایبەتیش دوای ئەوەی موقتەدا سەدر وەک ئامانجی سەرەکی خۆپێشاندانەکان خستییەڕوو، ئیتر بەدوای ئەویشدا پارتی و حەلبووسی کە پێش کشانەوەی سەدر لە پەڕڵەمان لە هاوپەیمانێتی ڕزگارکردنی نیشتمان پێکەوەبوون، پشتیوانیان بۆ داواکەی سەدر دەربڕی و خەریکە وەک حاڵەتی ئەمری واقیع بکرێتە بژاردەی چارەسەر، بەڵام ئایا لە واقیعدا ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
ئەگەر چاوێک بە هەڵبژاردنەکانی ڕابردووی ئێراقدا بخشێنینەوە، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و درووستکردنی حکومەتەکان بەراورد بکەین، بۆمان دەردەکەوێت ئەوەی لەبەرچاو نەگیرابێت و بایەخی بۆ دانەنرابێت ئەنجامی هەڵبژاردن بووە. لێرەدا ئەنجامی چوار خولی هەڵبژاردن بە یادی خوێنەران دەهێنمەوه، کە لە هیچ کامیاندا کار بە ئەنجامەکانی نەکراوە.
ساڵی 2010 لیستی ئێراقییە بەسەرۆکایەتیی ئەیاد عەللاوی 91 کورسی بەدەستهێنا، لیستی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتیی نووری مالکی 89 کورسی، ڕێگە نەدرا عەللاوی حکومەت پێکبهێنێت و مالیکی کرایەوە سەرۆکوەزیران. لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014 لیستەکەی نووری مالیکی 92 کورسی بەدەستهێناو بەڕێژەیەکی زۆر لە پێشی هەموو لیست و قەوارەکانی دیکەوە بوو، بەڵام ڕێگەی پێنەدرا بۆ خولی سێیەم ببێتەوە سەرۆکوەزیران و بازەکە لەسەر شانی حەیدەر عەبادی نیشتەوە. لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 کوتلەی سائیرون بەسەرۆکایەتیی موقتەدا سەدر براوەی یەکەم بوو بە 54 کورسی.
عەبادی 42 کورسی و دەوڵەتی یاسا 25 کورسی، بەڵام کەسێکی وەک عادل عەبدولمەهدی ڕاسپێردرا بۆ پێکهێنانی حکومەت کە تەنانەت خاوەنی یەک کورسی نەبوو. ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەی 10-10-2021 سەدر وەک براوەی یەکەم 73 کورسی بەدەستهێنا، لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانیی سەروەری سوننەکان هاوپەپمانێتیی ڕزگارکردنی نیشتمانیان پێکهێنا، بوون بە گەورەترین هاوپەیمانێتی پەڕڵەمان، بەڵام ڕێگە نەدرا حکومەت پێبکێنێت.
ئەنجامی چوار هەڵبژاردن دەکرێت بۆ ئەوانەی هۆشیاریی سیاسییان هەیە بەس بێت، کە تێبگەن هەڵبژاردن تەنیا جۆرێکە لە ڕۆتین و چەواشەکاریی ڕای گشتی، هەڵبژاردن تەنیا کراوەتە ئامراز لە ناوخۆدا بۆ ڕەوایدان بە (تەحالوف ئەلموفسدین) و شاردنەوەی ڕووی ڕاستەقینەی ئەوانەی لە دیوی پشتەوە هەژموونیان بەسەر دەسەڵات و سەرچاوەکانی داهاتی ئێراقدا سەپاندووە. چوار خولە حکومەت لەسەر بنەمای ئەنجامی هەڵبژاردن پێکنەهاتووە، تەنانەت ئەو هێز و هاوپەیمانێتیانەی کراونەتە ڕوویی ململانێکانیش، ئەوانیش لە دەرەوی ئیرادەی خۆیان و بەرژەوەندی ئێراقەوە ئاڕاستە دەکرێن. چەند ساڵێک لەمەوبەر لە میدیاکانی تورکیا ئەوە بڵاوکرایەوه، کە لیستی ئێراقییە لە ماڵی داود ئۆغڵو درووستکراوە. ئەمجارەش هاوپەیمانێتی حەلبووسی و خەمیس خەنجەر لە تورکیا و بە ئامادەبوونی ئەردۆغان بڕیاری لەسەردرا.
بەرەی شیعەکانیش لەوە ئاشکراترە پێویستی بە ڕوونکردنەوە هەبێت، تاوەکو قاسم سلێمانی لەژیاندابوو وەک داشی دامە یاری پێدەکردن و لەدوای ئەویشەوە قائانی تەنانەت سەرپەرشتی کۆبوونەوەکانیشیان دەکات.
مەبەستمە بڵێم لەناوخۆدا کۆمەڵێک نەهەنگ بەرژەوەندییان پێکەوە گرێدراوە و لە ئاستی دەرەوەش نوێنەرایەتی بەرژەوەندی ئێران و تورکیا دەکەن. هیچ کامیان بەپڕۆسەی هەڵبژاردن نەهاتوون، بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش هەڵناکەندرێن. ئێراق پێویستی بە شۆڕشە بۆ دەرهێنانی دەسەڵات و داهات لەدەستی گرووپ و بنەماڵە مافیایەکانی و گەڕانەوەی دەسەڵاتی وڵاتەکە بۆ دەستی ئێراقییەکان. کارەکتەر و کیانی سیاسی هەیە پشکی لە باخیرەکانی ئوم قەسر بۆ گواستنەوەی نەوت زۆرترە لە پێگە و ژمارەی کورسییەکانی لە پەڕڵەمان. ململانێ و ناکۆکییەکانی هێزە بەشدارەکانی هەڵبژاردن پەیوەندی بە سەرچاوەکانی گەندەڵی و ڕۆڵ و پێگەی لە نوێنەرایەتی بەرژەوەندی هەرێمایەتیەوە هەیە، ڕێگریی لە هەندێ هێز و کارەکتەری سیاسی و زەمینەسازی بۆ هەندێ هێز و کارەکتەری دیکەی سیاسی لەسەر بنەمای ئەو بەرژەوەندییانەیە نەک ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.
عادل هەلدولمەهدی تاکە سەرکردە و سیاسیی ئێراقی بوو بە بەراورد بە سەرۆکوەزیرەکانی پێش و دوای خۆی کە بەشێک نەبوو لە و هاوپەیمانێتییەی فەسادەکان. ئەی بۆ خۆپێشاندان لە دژی ئەنجام درا؟ بۆچی نزیکەی 800 گەنجی ئێراقی بەکوشت درا، زیاتر لە 10 هەزار کەس برینداربوون، تا لەسەر کار لادرا، بۆچی؟ ململانێکان لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی لەسەرچی بوو؟ ئایا پەیوەندی بە باخیرەکانی بەندەر عەباس و ئوم قەسرەوە نەبوو؟ ئەو باخیرە نەوتهەڵگرانەی بەندەر عەباس کە تاوەکو پێش 16ی ئۆکتۆبەر بەشێک لە نەوتی دزراوی کەرکووک و نەوتی بەقاچاخبراوی ئێرانیان دەگواستنەوە، چیان بەسەرهات؟ هەمان ئەو پڕۆسەیە لە ئوم قەسر بەڕێوەناچێت؟ مانگانە بە سەدان ملیۆن دۆلار داهاتی (تەحالوف موفسدینەکانە) . ڕەنگە هێشتا زوو بێت ئەو نهێنیانە دەرکەون، کە وەک چۆن تا بەرمیلێک نەوتی کەرکووک لە و باخیرانە بار دەکرا، دەیان بەرمیل نەوتی قاچاخی ئێرانی باردەکرد، ئێستاش ڕۆژانە بەناوی نەوتی ئێراقەوە نەوتی ڕێگەپێنەدراوی ئێران دەگوازنەوە. ئەو شەڕەی ئێران لەسەر هەندێک هێز و کارەکتەری سیاسیی ئێراق دەیکات، بێ هۆکار نییە.
بۆیە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن هیچ لە هاوکێشەکانی ئێراق ناگۆڕێت و لە چارەسەر نزیکی ناکاتەوە. ئێراق وەک خانوویەکی کۆنی لێهاتووە کە بناخەکەی و کەرەستەکانی ڕزیبن، ناتوانرێت بە کەرەستەی ڕزیوو نۆژەنبکرێتەوە. ئێراق دەبێت تێکبدرێت و سەرلەنوێ بە کەرەستەی جیاواز بناخەکەی دابنرێت و درووست بکرێتەوە. [1]