$یەکێتی بیرکەرەوەی تێدا نەماوە$
#عارف قوربانی#
سەرباری ئەوەی مام جەلال سیاسییەکی خاوەن دونیابینی تایبەت و بەئاگابوو، توانای خوێندنەوەی ڕووداوەکان و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی هەبوو، ئیدراکی سیاسی بەهێز بوو، پێشبینی پێشهاتەکانی دەکرد، لەگەڵ ئەو توانا و شارەزاییەی خۆیشیدا، کەسانی وەک نەوشیروان مستەفا، کەمال فوئاد و فوئاد مەعسوم وەک ناوەندێکی بیرکەرەوە لە پشتی تاڵەبانییەوە بوون.
ئەوەی لە دامەزراندنییەوە تاوەکو نەوەتەکانی سەتەی ڕابردوو یەکێتی وەک هێزێکی پەرجووخوڵقێن هێشتبووەوە، بوونی ئەو بازنەی بیرکەرەوانە بوو، چونکە هیچ هێزێک سەرکەوتوو نابێت ئەگەر تەنیا پشت بە کەسانی ئازا لە بڕیاردان ببەستێت، یاخود ئومێدی لەسەر کەسانی چالاک بێت لە جێبەجێکردنی ئەرکدا. ڕاستە هەر هێزێک بیەوێ بە زیندوێتی بمێنێتەوە، پێویستی بە ئازایەتییە لە بڕیاردان و چالاکانە جێبەجێکردنی ئەرکەکانە، بەڵام ئەم دوو جۆرە لە بوونی کەسایەتی لەناو حیزبدا، بۆ ئەوە باشن بڕیار لە و شتانە بدەن کە لە (عەقڵدان) ی حیزبەوە بۆی ئامادەکراوە، یان ئەو ئەرکانە جێبەجێبکەن کە بیرکەرەوەکان وەک نەخشە بۆیان کێشاون.
ئەگەر هەڵسەنگاندن بۆ یەکێتی بکرێت لە دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلالەوە، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ تواناکانی بیرکردنەوە لەم هێزە کاڵتر بووەتەوە. تاوەکو هەلومەرجەکانی کوردستان و ئێراقیش ئاڵۆزتر بووبن، مامەڵەکردنی یەکێتی لەگەڵ ڕووداوەکاندا زیاتر ئەوەی دەرخستووە، بیرکردنەوە لە پشتی هەڵوێست و بڕیارەکانییەوە نەبووە. بەتایبەتیش دوای کۆچی دوایی تاڵەبانی ئەو بۆشاییە زیاتر هەستی پێدەکرێت و ئێستاش لە هەموو کات زیاتر پێوەی دیارە.
وەک دەرئەنجام نموونەی زۆر هەن بۆ هەرکەسێک بیەوێت توێژینەوە لەم لایەنەی یەکێتی بکات بە ئاسانی بگاتە ئەو ڕاستییە، کە ژیری بەمانا سیاسییەکەی غاییبە لە پشتی مامەڵە و بڕیارەکانەوە. یەکێک لە و ئەنجامانەی بە باشی ئەمە ڕوون دەکاتەوە، مامەڵەی یەکێتی بووە لەگەڵ پۆستی سەرۆککۆمار لە دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلالەوە بۆ ئێستا کە وەک پشک و دابەشکاری حیزبیی، یەکلایبووەوەترین پۆستی یەکێتی بوو، کە بەبێ سەرئێشە و بێ باج و شاباش و بەخشین دەیتوانی ئەو پێگەیە بە دڵنیاییەوە لای خۆی بهێڵێتەوە، بەڵام خۆی بۆخۆی کردوویەتی بە گرێکوێرەیەکی ئاڵۆز و بۆ هەر جارێک لە بەدەستهێنانەوەی ئەم پشکەی خۆی، باجێکی زۆری داوە.
لە خولی یەکەمی دوای تاڵەبانیدا بەهۆی ئەوەی ئیرادەی یەکلاییکردنەوەی نەبوو بۆ دیارییکردنی یەک بەربژێر بۆ ئەو پۆستە، ئیرادەی بڕیاری لەدەستی خۆی دا. لە خولی دووەمدا جیا لە و بەخشیشە پێشوەختەی چارەنووسی کەرکووک، ئیدارەیی شارەکەیش وەک مساوەمەی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆمار شاباشی عەرەبێکی تەعریبچی کرا. بۆ مێژوو دەبێت ئەوە بگوترێت بەشێک لەهۆکارەکانی پشتی ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، پەیوەندی بە پۆستی سەرۆککۆمارەوە هەبوو. هەروەها هێشتنەوەی ڕاکان جبووری و دانەنانی پارێزگارێکی کورد لەدوای هەڵوەشانەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا و نەمانی ڕێگرییەکانی پارتییەوە، کە دەسەڵاتی دانانی پارێزگار کەوتە دەستی سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار و یەکێتی دەیتوانی کوردێک بکاتە پارێزگار و نەیدەکرد، بەهۆی سازشە پێشوەختەکانی وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار و ئەو بەڵێنانەوە هەبوو کە بە ئەردۆغان درابوو.
بۆ ئەم خولەی داهاتوویش ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن، کە ئەم جارە مساوەمەکە لەسەر خۆشکردنی زەمینەی لەڕولاوازکردنی کورد و لەدەستدانی سەربەخۆیی بڕیاری زۆنی سلێمانی بێت. دەبێت لێرەدا ئەو ڕاستییەش بگوترێت کە ئەگەر بە مەبەست بووبێت یان لە نەزانینەوە سەرچاوەی گرتبێت، ڕەفتار و مامەڵەی پارتیش ئاوی کردووەتە ئاشی ئەم ڕەوشی یەکێتییەوە کە سەرئەنجام گەلی کوردستان و ئەزموونەکەی تێیدا زەرەرمەند دەبن. ئەوەی پارتی کردی بە پێکهێنانی بەرەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ سەدر و حەلبووسی و دیاریکردنی بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار. یەکێتی خستە سوچێکەوە بە سازش و مساوەمەکردنێکی زۆرەوە پەنا بۆ درووستکردنی هاوپەیمانی پەکخەر بەرێت، بۆ ئەوەی هیچ نەبێت بتوانن ڕێ لەوە بگرن بەرەی سێقۆڵی دەست بەسەر هەموو جومگەکانی حوکمڕانیدا بگرن.
هەڵەی ستراتیژی سەدر بە کشانەوەی پەڕڵەمانتارەکانی و جێهێشتنی گۆڕەپانەکە، شانسی ئەوەی داوەتە مالیکی ڕکابەری دەستی بگاتەوە بە دەسەڵات. ئەوانەی پێیان وایە کشانەوەی سەدر لە پەڕڵەمان ڕێگەخۆشکردنە بۆ بەدەستهێنانی شەقام لەلایەن سەدرەوە، ئەوە تەنیا لە دۆخێکدا ڕاسته، کە کەسێکی لاوازی وەک کازمی سەرۆکایەتیی حکومەت بکات. ئەگەر مالیکی جڵەوی دەسەڵاتی بکەوێتەوە دەست، هاوشێوەی مامەڵەکردنەکانی لەگەڵ سوپای مەهدی، دەتوانێت بە لەقاڵبدانی سەرایا سەلام، سەدر جڵە و بکات.
هەروەها تەواوکردنی پڕۆسەی هەڵەکەی سەدر لەلایەن پارتییەوە بەخۆشکردنی زەمینەی دیاریکردنی شوێنگرەوەی سەدرییەکان لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە، لەگەڵ ئەوەی ئاوی کردە ئاشی بەهێزبوونەوەی مالیکی، شانسی دایە یەکێتی وەک هێلکەی پاککراو نەک هەر پۆستی سەرۆککۆمار وەربگرێتەوە، بەڵکوو بتوانێت دەستی بە دەستکەوتی دیکەش بگات.
ئێستا یەکێتی پێویستی بەوە نییە هیچ باجێک بدات لەبەرانبەر وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە، بەڵام نەبوونی ناوەندی بیرکردنەوە لەناو یەکێتیدا، ئەم هێزە بەرەو ئەوە پاڵ دەنێت لەسەر سازشکردن و بەخشینەکانی بەردەوام بێت، تەنانەت ئەم پرسەیان کردووە بە گرێیەکی سیاسی مەترسیداری وا، لەپێناو ئاسوودەبوونێکی کاتیدا چارەنووسی گەلێک بخرێتە مەترسییەوە. دەبێت یەکێتی ئەو دیوەشی لەبەرچاو بگرێت مساوەمەی زۆر و سازشی پێشوەختە لەگەڵ ئەوەی دەسەڵات و پێگەی پۆستەکە لاوازتر دەکات، مەترسی ئەوەشی هەیە دەرگەی کۆشکی سەلامی بەڕوودا دابخات. چونکە دەبێت هێشتا ئاگای لەوە هەبێت سازشکردنی زیاتر بۆ شیعە لەسەر حسابی ئیرادەی کوردستان، دوور نییە دوای سەدر پارتیش بەرەو کشانەوە لە پڕۆسەی سیاسی پاڵ بنێت، بەوەش قەیرانەکە قوڵتر دەبێتەوە. [1]