هاووڵاتی ڕزگاربوو ئەحمەدی سۆفی مەحمود دەڵێت: بۆ ڕۆژی #15-03-1988# من و چەند پیاوماقوڵێکی #هەڵەبجە# لەوانە عەبدوڵڵا زروف و عەلی مچەی خانەلی ڕێکەوتین لەسەر ئەوەی وا لە پێشمەرگە بکەین ڕێگامان بدەن شارەکە چۆڵکەین، نەک ڕووداوێکی نەخوازراو بە سەر خەڵکەکەدا بێت. ئەوەبوو چووینە مەقەڕەکەیان لە سەرا کۆنەکە، #شەوکەتی حاجی موشیر# و #حامیدی حاجی غالی# و #سەلامی کوێخا عەزیز# بوون لە یەکێتی، نەوشیروان ناوێکیش بوو لە سۆسیالیست.
سەرەتا لەسەر کۆڵانەکەدا شەوکەتی حاجی مشیر وتی ئەوە دوو ڕۆژە ئێمە هاتووینەتە ئەم شارە، بۆچی ئێوە نەهاتوون بەخێرهاتنمان بکەن؟ ئێمەش وتمان ئێستاش بۆ بەخێرهاتنتان نەهاتووین، بارودۆخەکە بۆ گلەیی ناشێت، هاتووین داواتان لێبکەین ڕێگا بدەن شارەکە چۆڵکەین. من وتم نەک سەدام تیزاب بکات بەم خەڵکەدا!.
شەوکەتی حاجی مشیر وتی نابێ شار چۆڵ بکرێت، هەموو ئیحتیاتێکمان کردووە، تەنانەت ناهێڵین تەیارەی ئێراقیش بەسەر ئەم شارەدا بڕوات!.
منیش وتم کاک شەوکەت پرسیارێکم هەیە، ئایا هەڵەبجە لە مەشهەد و قوم و تاران موقەدەس ترە؟ ئەی بۆ تەیارەی ئێراقی ئەگاتە ئەو شارە دوورانە و بۆردوومانی خۆی ئەکات و بەسەلامەتی ئەگەڕێتەوە، تۆبڵێی هەڵەبجە دیفاعکەری زۆرتر بێت لەو شارە ئێرانیانە!؟
شەوکەتیش وتی تۆ هەر کەللە ڕەقیت، باوەڕت بە قسەی کەس نییە!
ئیتر قسە و پێشنیارەکانمان هیچ سوودی نەبوو، بۆیە بە نائومێدی هاتینە دەرەوە.
سەرچاوە: ڕۆمەڵخەزای هەڵەبجە، لاپەڕە 300
[1]