$ئەمەی لەناو یەکێتییدا ڕوویدا، چی بوو؟$
#عارف قوربانی#
لە مێژووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دا زۆر ڕووداو هەن بە تەمومژاویی چوونەتە لاپەڕەکانی مێژووی ئەم حیزبەوە و ڕەنگە بۆ داهاتوویەکی زۆر دووریش هەموو ڕاستییەکانیان ئاشکرا نەبن. وەک ڕووداوی هەکاری، ڕووداوەکانی سەروبەندی ئەنفال و هەڵەبجە، تاوەکو دەگاتە جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا و درووستکردنی بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام لە هەموویان تەمومژاویتر ئەم ڕووداوانەی نێوان 8 بۆ 15ی تەممووز بوو کە بەهۆیەوە یەکێک لە هاوسەرۆکەکانی یەکێتی لەکارکەوت و وەک بڕیارە سیستمی بەڕێوەبردنی حیزبەکەش بگۆڕێت و بگەڕێنەوە بۆ سەر ئەو شێوازەی لە ڕابردوودا یەکێتی پەیڕەوی کردووە.
ئایا هەر بەڕاستی ئەوەی لەنێو یەکێتیدا ڕوویدا چی بوو؟ تاوەکو ئێستا ئەم حیزبە وەک بەیانێکی ڕوون و ڕاشکاو هیچی لەوبارەیەوە نەگوتووە، جگە لەوەی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی درەنگوەختی مەکتەبی سیاسی سازکرا و بە چەند دێرێک لە شێوەی هەواڵ نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان بە گوێی ئەندام و لایەنگرانی خۆیان و خەڵکدا دا کە گوایە ڕێککەوتوون دەسەڵاتەکانی هاوسەرۆکەکان بدرێتە بافڵ تاڵەبانی تاوەکو ئەوکاتەی پەیڕەوی نێوخۆ دەستکاری دەکرێت و سیستمی هاوسەرۆکی نامێنێت.
جیا لەو ڕاگەیێندراوەی مەکتەبی سیاسی، چەند لێدوانێکی جیاوازیش لە هەر سێ کارەکتەرە سەرەکییەی یەکێتی و تەرەفی کێشەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، کە هەر سێکیان پێچەوانەی ڕاگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەیە. ئەوانیش لێدوانێکی لاهوور شێخ جەنگی و جەختکردنەوەی لە دوو بۆنەی جیاوازدا بەوەی پیلانگێڕیی عوسمانی و هێزی نێوخۆیی لەسەر یەکێتی هەیە و ئەوەی ڕوودەدات دەستی تورکیایە. لە ڕوونکردنەوەی زیاتریشدا وتی کە خەمیس خەنجەر هاتووەتە سلێمانی و لە کۆبوونەوەی هاوبەشی لەگەڵ هاوسەرۆکانی یەکێتی پێیگوتوون کە ئەردۆغان نیگەرانە لە سیاسەتی لاهوور شێخ جەنگی و هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە لێی قبووڵ ناکەن.
لەبەرانبەریشدا چەند هەواڵێک لە کوردسات، دەزگای میدیایی تایبەتی ماڵی تاڵەبانی بڵاوکرانەوە کە ئاماژەیان بەوە دابوو سیخووڕ لە ماڵی تاڵەبانی دەستگیرکراوە کە کاری بۆ لاهوور شێخ جەنگی کردووە بە ئامانجی زیانگەیاندن بە یەکێتی. دواتریش بەرەبەیانێک بافڵ تاڵەبانی چووە سەر مەزاری مام جەلال و لەوێ ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە ئەم دەستەواژانەی لەو پەیامەدا هاتبوون جێگەی سەرنج بوون. دەزگا ئەمنی و حیزبییەکان چەند ساڵێک بوو خرابوونە خزمەت بەرژەوەندیی هەندێک کەسەوە و بۆ تەسفیاتی حیزبی بەکاردەهێندران و دژی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان دەجووڵانەوە، دەستخرابووە بیناقاقای کار و کاسبیی کاسبکاران و سەرمایەداران، قاچاخچێتی، سەرانە وەرگرتن، هەڕەشە و سیخووڕیکردن کرا بە بەرنامە.
قوباد تاڵەبانیش لە چەند بۆنەیەکی جیاوازدا وەک لە دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەری نوێی دەزگای زانیاری و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرمایەداران ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە چیتر هیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە دەستوەردان بکات لە کاروباری بازرگانی، ئەرکی دەزگا ئەمنییەکان دابینکردنی ئارامی و پاراستنی ژیانی هاووڵاتییانە. ئەمەش وەک جەختکردنەوەیەک کە پێشووتر ئەو دەزگایانە خراپ بەکاربرابوون.
ئەم لێدوانە فەرمییانە کە تەواو پێچەوانەی یەکدی وێنایەکی ڕوونیان نەدایە خەڵک تاوەکو بزاندرێت ئەوەی ڕوویدا چی بوو، بەڵام لە پەیج و ماڵپەڕە وابەستە و سێبەرەکانیاندا شتی دیکەیان گوت، بۆ نموونە باس لە هەوڵی تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی کرا لە ڕێگەی ژەهرخواردنەوە، قسە و باسی بردنی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بۆ ڕووسیا بۆ پشکنین کە بزانرێت ئەویش ژەهرخوارد کراوە یان نا، هەروەها باسی ژەهرخواردکردنی پێشووتری کۆسرەت ڕەسووڵیش هاتە نێو باسانەوە.
دەزگا میدیاییەکانی نزیک ماڵی مام جەلال باسیان لە خراپ بەکاربردنی دەزگا ئەمنییەکان کرد لەلایەن لاهوور و براکانییەوە بۆ وەرگرتنی سەرانە و کاری قاچاخچییەتی و داگیرکردنی ماڵ و موڵکی خەڵک. ئەوەی وەک ئیجرائات لە ئەنجامی ئەم ڕووداوە هاتە ئاراوە هەردوو بەرپرسی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆر کە هەردووکیان تاڵەبانی و نزیکی لاهوور شێخ جەنگی بوون لە کارەکانیان لابران، دەستگیرا بەسەر هەندێک پەیج و ماڵپەڕ و کەناڵی میدیایی سەر بە لاهوور شێخ جەنگیدا، هەندێ لەو کۆمپانیا بازرگانییانەی سەر بە ئەو بوون دەستیان بەسەردا گیرا. لێرەشدا ئەگەری ئەوە دەکرێت کێشە و گرفتی کۆمەڵایەتی و یاسایی بەدوای خۆیدا بهێنێت، بەتایبەت کە بەشێک لەو پەیج و ماڵپەڕانە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو تیرۆری کەسایەتیی چەندین خێزان و بنەماڵە و کەسایەتیان کردووە، ئەگەر پێشتر خاوەندارێتیان یاخود ئەوانەی لە پشتەوەی ئەو پەیج و ماڵپەڕانەبوون و نەناسراو بوون، ئێستا بۆ خەڵک دەرکەوت کێ بوون بەڕێوەیان بردوون.
ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە ئەم ڕووداوە هەر ناوێکی لێدەنرێت ئەوەی باش بوو خوێنی تێدا نەڕژا، چی لە کاتی تەقینەوەی کێشەکان و چی لە ڕابردووشدا، چونکە ئەگەر هەریەک لەو دوو سیناریۆیەی باس دەکرێن ڕاستبن، ئەگەری ئەوەی هەبوو کوردستان بەرێتە قۆناخێکی مەترسیداری شەڕی نێوخۆوە. ئەگەر ئەوە ڕاستبێت کە لاهوور دەیڵێت، گوایە دەستی تورکیا و پارتییە و ئەردۆغان هەڕەشەی بۆ ناردووە، ئەگەر لاهوور بکوژرایا بێگومان هەموو سەرنجەکان دەچوونە سەر ڕکابەرەکەی لە پارتی و بەوهۆیەوە ئاگری فیتنەیەکی گەورە لە کوردستان دەکەوتەوە کە چارەسەربوونی دەبووە مەحاڵ. ئەگەر سیناریۆکەی دیکەش ڕاست بێت و هەوڵی کوشتنی بافڵ تاڵەبانی درابێت لە ڕێگەی ژەهرخواردنییەوە و لاهوور شێخ جەنگی لە پشتی ئەوە بووبێت، بێگومان ئەگەر سەری بگرتایە ڕاستەوخۆ ئۆباڵەکەی دەخرایە سەر پارتی و چەند کەسێکیان دەهێنایە سەر شاشەی تەلەڤزیۆنەکان بڵێن بۆ پارتی کردوومانە، بەمەش بۆ تەمەنی چەندین نەوەی دیکە شەڕی جەلالی و مەلایی دەگوازرایەوە. کەواتە کوردستان لەوەدا شانسی هەبوو هەرکام لەم سیناریۆیانە ڕاستبن پێش ئەوەی بگەنە کۆتایی ئاشکرابوون و خودا کوردستانی لە بەڵای گەورە پاراستووە.
ڕەنگە ئێستا پرسیاری هەرە سەرەکی ئەوەبێت داهاتووی ئەم کێشەیە بەرەو کوێ دەڕوات؟ بێگومان لەبەرئەوەی بە ڕاگەیاندنی فەرمیی یەکێتیی یەکلانەکراوەتەوە کام لەو دوو سیناریۆیە ڕاستن، دەبێت گریمانەکردنیش لەسەر بنەمای هەردوو سیناریۆکە بکەین. ئەگەر ئەوەیان ڕاست بێت کە تورکیا هەوڵی کوشتنی لاهوور شێخ جەنگی داوە و ئەوەی دەگوزەرێت وەک گریمانەیەکی لاواز هەندێک دەڵێن سیناریۆیەکە بۆ دوورخستنەوەی لاهوور لە مەترسیی تورکیا، کەواتە لانی کەم تاوەکو ئەردۆغان لەسەر حوکم بێت، دەبێت لاهوور لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان نەمێنێت. سرووشتی سیاسەت و ململانێش وایە کەسێک لە گۆڕەپان خرایە دەرەوە بە ئاستەم دەتوانێ بێتەوە جێگەی خۆی. ئەگەر ئەوەی دیکەیان ڕاست بێت کە دەگوترێت لاهوور جەنگی هەوڵی تیرۆرکردنی بافڵی دابێت و پلانەکەی ئاشکرا بووە، لەو دۆخەشدا هیچ متمانەیەک لەنێوان ئەم دوو ئامۆزایەدا نامێنێتەوە بۆ پێکەوەکارکردن و دەبێت لایەنی شکستخواردوو گۆڕەپانەکە چۆڵ بکات. لەکاتی ڕاستیی ئەمەیاندا بۆ لەمەودوا ماڵی مام جەلال تاکە مەترسییەک هەیانبێت لە بەردەم هەژموونیاندا بەسەر حیزبەکەوە، ماڵی شێخ جەنگی دەبن، بۆیە بۆ دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر خۆیان دەبێت دڵنیایی ئەوەیان هەبێت ئەو مەترسییە سەرهەڵنەداتەوە. بۆ ئەوەش ڕەنگە تەنیا ئەوە بەس نەبێت کە لە پۆست و دەسەڵات دابماڵدرێن لەنێو یەکێتی یان تەنانەت لە کوردستانیش دووریان بخەنەوە، چونکە ئەگەری قۆستنەوەی ناڕەزایی خەڵک و کۆکردنەوەی بەرەی ناڕەزایی و نەیارەکانی ماڵی تاڵەبانی دەبنە هێزێکی کاریگەر وەک مەترسییەک لەسەر داهاتووی بافڵ و قوباد تاڵەبانی. بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە ماڵی تاڵەبانی هەندێک لەو کەیسانە وەک کەیسێکی یاسایی بە هەڵواسراوی بهێڵنەوە تاوەکو لە هەرکاتێکدا هەستیان بە جووڵەیەکی لاهوور و براکانی کرد، لە دژیان بەکاریان ببەن.
لەم هاوکێشەیەدا پێناچێت پارتی دیموکراتی کوردستانیش هەر وەکوو بینەرێک لە دوورەوە تەماشا بکات، بەدوور نازانرێت لە ئێستا بەدواوە پارتیش کەیسی 16ی ئۆکتۆبەر بکاتە کەیسێکی یاسایی و ئەوەی پێویست بێت لە پەڕڵەمان و حکومەتەوە ڕێکارەکانی بۆ بگرێتەبەر.
کەواتە لێرەدا سەرباری ئەوەی ڕاستییەکە ڕوون نییە کام لەو سیناریۆیانە درووستترن لە پشتی ڕووداوەکانەوە، بەڵام ئەوەی دەبێت بە ڕاستی، ئاوابوونی خۆری سیاسیی لاهوور شێخ جەنگییە و لە داهاتوودا تەنیا وەک یادەوەرییەک بۆ هەندێک تاڵ و بۆ هەندێک شیرین دەمێنێتەوە. [1]