فەڵەستین، وانەیەک بۆ کوردستان
عارف قوربانی
فەلەستینییەکان بەهۆی ئەوەی عەرەبن، جیهانی عەرەبی وەک بەشێک لە کێشەی عەرەب دەڕوانێتە کێشەکەیان، لەبەرئەوەی ئیسلامن، جیهانی ئیسلامیش بەهەمان شێوە لێیدەڕوانێت، لەبەر ڕەوایی دۆزەکەشیان، لە دەرەوەی جیهانی عەرەبی و ئیسلامیش، خەڵکی دیکەش هەن هاوسۆزن لەگەڵیان. کەچی ساڵ لەدوای ساڵ جوگرافیاکەیان بچووکتر دەبێتەوە و پێگەیان لە هاوکێشەکان لاوازتر دەبێت. ئایا هۆکارەکەی هەر بەهێزی بەرانبەرەکەیانە کە جووە؟ یاخود خۆیان سەرچاوەی لاوازبوونیانن؟
ئەگەر تەماشا بکەین لەوکاتەوەی دەوڵەتی جوو دامەزراوە، لە هەموو خولێکی شەڕ و پاشان لە گفتوگۆکانی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەی فەلەستین، عەرەبەکان لەسەر ئەرزی واقیع زیاتر پاشەکشەیان کردووە و سەقفی داواکانیشیان هاتووەتە خوارەوە. ئەوەی لە چلەکان دەیانتوانی وەریگرن و پێی ڕازی نەبوون، لە پەنجاکان هەوڵیان بۆ دەداو ئیسرائیل پێی نەدەدان. ئەوەی لە شەستەکان دەیانتوانی لە ئیسرائیلی وەرگرن، لە دەیەی دواتردا خەباتیان بۆ دەکرد، تاوەکو گەیشتووەتە ئەم ئاستەی کە لە داوای وەرگرتنەوەی قودسەوە هاتوونەتە سەر داوای مزگەوتی (ئەقسا) لە قودس و ئەویشیان پێ ناپارێزرێت.
نە جیهانی عەرەبی و نە دونیای ئیسلام ناتوانن پێش بە ئیسرائیل بگرن ئەگەر بیەوێت فەلەستین داگیربکات
ئەو ناوچانەی تائێستا بەدەستی عەرەبەکانەوە ماونەتەوە و ئیسرائیل لێی گەڕاوە خۆیان ئیدارەی خۆیان بدەن، ئەگەر ئیسرائیل بیەوێ داگیریان بکات، بە ئاسانی ئەو ناوچانەش دەخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە، کە ئێستا نایکات هۆکارەکەی تەنیا پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئەوکات عەرەب دەبنە زۆرینەی دانیشتووانی ئیسرائیل و جارێ نایەوێ ئەم سەرئێشەیە بۆ خۆی درووستبکات، ئەگەر چارەسەری ئەو کێشە دەستەبەر بکات، هەموو فەلەستین داگیر دەکات، نە جیهانی عەرەبی و نە دونیای ئیسلام ناتوانن پێشی پێبگرن.
لە ڕابردوودا عەرەبەکان زۆرجار دەرفەتی ئەوەیان هەبووە بە ئاشتی و لەژێر چاودێریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کێشەکەیان چارەسەرێکی ناوەندی بۆ بدۆزرێتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی کاریان بە و تێزە کردووە (یان هەموو یان هیچ) بۆیە لە نابەرانبەری هێزو هەمیشە لە ڕابردوودا ژیان و قبووڵنەکردنی واقیع، (هیچەکەیان) بۆ ماوەتەوە. ئەوەی ئێستاش لە کەرتی غەززە دەگوزەرێت سەرباری ئەوەی یەکەمجارە بزووتنەوەی حەماس بە و ئەندازەیە توانای موشەکبارانکردنی ناوچە جیاجیاکانی ئیسرائیلی هەبێت و ڕەنگە بتوانێ زیانی زۆر بە ئیسرائیل بگەیێنێت، بەڵام کۆتاییەکەشی هەر ئاو دەکاتە ئاشی لاوازترکردنی فەلەستینەوە، چونکە نەک هەر لەبەرئەوەی لەڕووی توانای سەربازی و تەکنەلۆجیای جەنگییەوە بەراورد ناکرێن، بەڵکوو لەبەر بێدەسەڵاتی و بێهەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاستی ئەم جۆرە ڕووداوانە.
جیهان بێهەڵوێستن لە تاوان و کۆمەڵکوژی ئیتر لە هەر کوێ ڕووبدات
تاوانەکانی ئیسرائیل لە کوشتنی ژن و منداڵ و دەستنەپاراستن لە خەڵکی سیڤیل، بۆردوومانکردنی سەنتەری شارەکان و کۆمەڵگە نیشتەجێیەکان، بەبەرچاوی جیهانەوە ڕوودەدات، تاوانەکان چەند هێندەی دیکە قێزەوەنین، هەڵوێستی زلهێزەکانی جیهان لە دەرکردنی بەیاننامە و ئیدانەکردن زیاتر نابن. بەرەی فەلەستینییەکان و پشتیوانە ئاشکراو نهێنییەکانیشیان شەڕی مەیدانی درێژ ماوەی ئیسرائیلیان پێناکرێت. ڕەنگە هەر بتوانن درێژە بە مووشەکبارانکردنەکان بدەن کە ئەوەش بەدوور نازانرێت سەربکێشێ بۆ بەکاربردنی چەکی ماڵوێرانکەرتر لەلایەن ئیسرائیلەوە. فەلەستینیەکانیش بەوهەموو پشتیوانییە عەرەبی و ئیسلامی و هاوسۆزییە جیهانییەی هەیە بۆ کێشەکەیان، تووشی شکستی زیاتر دەبن و بەشێکی دیکە لە هاونیشتمانیان بێماڵ دەمێننەوە و ئاوارە و پەڕاگەندەی وڵاتان دەبن، کە ئەمەیان ئامانجی سەرەکیی ئیسرائیلە.
کورد بایەخێکی ڕووکەشانە بە کێشەی عەرەب و ئیسرائیل دەدات
کورد لەبەرئەوەی هەمان کێشەی هەیە، زۆر بایەخ بە ڕووداوەکانی کێشەی عەرەب و ئیسرائیل دەدات، بەڵام بایەخێکی ڕووکەشانە، نەک ئەوەی کەڵک و پەند لە ئەزموونەکانی هەردوو لایەنی کێشەکە وەرگرێت. ئەوەی لێرەدا دەمەوێ سەرنجی خوێنەری بۆ ڕابکێشم و وەک مەترسییەک بۆ داهاتووی کوردستان بیخەمەڕوو، ئەو بێدەنگی و بێهەڵوێستییەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە. ئەگەر پێمان وابێت هۆکارەکەی ئەوەیە زۆرینەی وڵاتانی جیهان دۆست و هاوپەیمانی ئیسرائیلن و بەوهۆیەوەیە چاوپۆشی دەکەن، ئەوە ڕاست نییە. بەڵکوو ڕاستییەکە جەوهەری کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە کە بێبایەخانە لە خودی مرۆڤ دەڕوانن و بێدەربەستن لەوەی ڕووبەڕووی چی ئازار و مەینەتییەک دەبێتەوە. ڕاستە ئەمریکا هاوپەیمانی ئیسرائیلە، بەڵام هەموو ڕۆژاواو زلهێزەکانی جیهان هاوشێوەی ئەمریکا نین بۆ ئیسرائیل. ئەوەندەی دنیای کریستیان کێشەیان لەگەڵ جوو هەیه، ئیسلام ئەوەندە کێشەی نییە. ئەوە جوگرافیای ململانێیەکەیە وایکردووە کێشەکە بووەتە کێشەی ئیسلام و جوو. مەبەستمە بڵێم جیهان پشتیوانی ئیسرائیل نییە بەڵکوو جیهان بیهەڵوێستن لە تاوان و کۆمەڵکوژی ئیتر لە هەر کوێ ڕووبدات.
بۆ کورد درککردن بەم ڕاستییە زۆر گرنگە، چونکە ئێمەش لە هەمان ئەو ناوچە گەرمەی ڕۆژهەڵاتین کە سەرچاوەی کێشە و تووندووتیژییەکانە. کێشەشمان لەگەڵ نەتەوە سەردەستەکانی تورک و عەرەب و فارس هەیە. دەوڵەتەکانی ئێراق و ئێران و تورکیا و سووریا، کورد وەک سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ئاساییش و سەقامگیری خۆیان وێنا دەکەن و کار بۆ نەهێشتنی ئەو مەترسییە دەکەن. ئەمەش وادەکات لە داهاتوودا ڕووبەڕووی ئاڵۆزی زیاتر ببینەوە. دۆخی فەلەستین بە و هەموو پشتیوانە عەرەبی و ئیسلامییەوە وەک خۆیی ببینین، کە ئەوە حاڵیانە. کورد چی هەیە بیکاتە سەرچاوەی هێز بۆ خۆی؟ یان چی هەیە بیکاتە سەرچاوەی دەستەبەرکردنی پشتیوانی دونیای دەرەوە و زلهێزەکانی جیهان تاوەکو بەرپرسیارێتی پاراستنی کورد لە ڕەشەکوژی، لە ئەستۆ بگرن.
هاوسۆزیی، یان ڕک و کینەیە لە فەلەستین و جوو خەریکە کۆمەڵگەی کوردی دەکاتە دوو بەش
پێویستە ئێمەی کورد لەجیاتی (هاوسۆزیی، یان ڕک و کینەیە) لە فەلەستین و جوو، کە خەریکە کۆمەڵگەی کوردی دەکاتە دوو بەش، ئەزموونەکانی ئەم کێشەیە بکەینە پرسیارێک بۆ ورووژاندنی مێشک و دەروونمان بۆ گەڕان و دۆزینەوەی چارەسەرێکی دادپەروەرانە و ئاشتییانە بۆ کێشەی کورد لە ناوچەکە. ئەگەر ئەوە نەکەین بە دڵنیاییەوە چارەنووسمان لە چارەنووسی عەرەبەکانی فەلەستین باشتر نابێت. [1]