$ئێراق بەرەو کوێ دەچێت؟$
#عارف قوربانی#
واپێدەنێینە نێو هەژدە ساڵەی تەمەنی ئێراقی نوێوە، ئەو ئێراقەی پێکهاتەکانی ئومێدیان لەسەر ئەوە هەڵچنی بوو کە دوای کەوتنی پەیکەری دیکتاتۆرەکە وڵاتێک بێت ئیدی بۆ ژیان دەستبدات، بەڵام نەک نەبووە ئێراقی هیوا و ئاشتی وەک ئیدیعایان بۆی دەکرد، بگرە ئەم هەژدە ساڵە، ساڵ لەدوای ساڵ خراپتر بووە و داهاتووەکەیشی نەک نادیارە، بەڵکوو زۆر روونە کە بەرەو وێرانبوونی زیاتر دەڕوات.
$ساڵ لەدوای ساڵ وێرانبوونی زیاتر$
ناوچەی سوننەنشینەکان وەک تۆڵە لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە تیرۆر دەستیانپێکرد، ئەوەش بووە دەستپێکی هەموو ئەو کاولکارییانەی لەو هەژدە ساڵەدا بەسەریان هات. شیعەکانیش بە تیرۆر و تۆقاندنی کریستیان و سوننەکانەوە هاتنە مەیدان، سەرەتا لە ناوچەکانی خۆیانەوە دەستیانپێکرد و بە دەیان هەزار کەسیان لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەرکرد، هەزارانیان بێسەروشوێنکردن تاوەکو ناوچە شیعییەکانیان لە کریستیان و سوننە پاککردەوە. دواتر لە بەغدا و پاشان ئەم پاکتاوەیان گواستەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێراق، #داعش# و حەشد و ئاوارە و دەربەدەربوونی ملیۆنان کەس لەناو ئێراق و بۆ دەرەوەی وڵاتەکە دەرئەنجامەکەی بوو.
لە ڕووی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانەوەی ئێراقی دوای جەنگ و گەمارۆی ئابووری، نەک ئاوەدان نەکرایەوە، بەڵکوو ئەو بینا، باڵەخانە و کارگە و کارخانانەی بەرگەی جەنگ و کاولکاریی پێشتریان گرتبوو، مابوونەوە، ئەوانیش بەشێکیان لەلایەن حیزب و دەسەڵاتدارانییانەوە دەستیان بەسەرداگیرا و ئەوەی دیکەیشیان ساڵ لەدوای ساڵ بەرەو وێرانبوون چوون. ئێراقی دوای گەمارۆی ئابووری کە سنوورەکان و بازاڕەکانی جیهان بە ڕوویدا کرایەوە و چاوەڕوان دەکرا وەک بازاڕێکی نوێی کار و وەبەرهێنان ببێتە خاڵی ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەوە و خستنەگەڕی سەرمایەی ناوخۆیی و بەهۆیەوە هەلی کار و دەرفەتی ژیانێکی سەربەرزانە بۆ ئێراقییەکان دەستەبەربێت کە قەرەبووی نەبوونی و گرانیی ڕابردوویان بۆ بکاتەوە، کەچی ساڵ لەدوای ساڵ ڕێژەی بێکاریی و هەژاریی لە وڵاتەکە زیاتر دەبێت و ئێستا گەیشتووەتە ئاستێک خەریکە بڕستی ژیان لە بەشی زۆری دانیشتووانەکەی دەبڕێت.
$ژمارەی بێوەژن و هەتیوەکان لە سەدان هەزارەوە بوونە ملیۆنان$
ئەو وڵاتەی بەهۆی جەنگی هەشت ساڵەی لەگەڵ ئێران و شەڕی بەردەوامی لەگەڵ کورد و جەنگی دوای داگیرکردنی کوێت و تاوەکو جەنگی ڕووخانی سەدام، بە سەتان هەزار بێوەژن و منداڵی بێ دایکوباوک بەرهەمەکەی بوو، پێچەوانەی ئەو چاوەڕوانییانەی کە دەیان سەنتەر و خانەی تایبەت بە بەخێوکردن و پەروەردەکردنی منداڵانی بێلانە بکرێتەوە و ژیانێکی شایستە بۆ قوربانیانی جەنگ دابین بکرێت. ڕێژەی بێوەژنیان لە سەتان هەزارەوە گەیاندە ملیۆنان و ژمارەی منداڵی هەتیوو و بێ دایکوباوک تا دێت بەرزتر دەبێتەوە.
ململانێی مەزهەبی گەیشتووەتە ئاستێک هەزاران هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا و پسپۆڕی زانستی تەنیا لەسەر ناوەکانیان کوژراون، باشترین دکتۆری نەخۆشخانەکان و باشترین ئەندازیار و مامۆستایانی زانکۆ و کەسە ئەکادیمییە سەربازییەکان بە مشاری کارەبایی دەست و قاچیان بڕایەوە و بەئازارەوە کوشتیانیان. زیندانەکانیش پڕکراون لە گەنجانی تازە پێگەیشتوو، لە مێردمنداڵ.
گەندەڵی و دزینی سەروەت و سامانی وڵات لە ڕاپۆرتەکانی دەزگا چاودێرییەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ناوەندەکانی جیهان، ساڵ لە دوای ساڵ بەرەو ئاستی باڵاتر هەڵدەکشێ و ژمارەی ئەو ملیارەها دۆلارانەی دیار نامێنن بەردەوام لە زیادبووندان. کار گەیشتووەتە ئەوەی پۆستە گرنگ و باڵاکان بە بڕی پارەی ئێجگار زۆر دەکڕرێن، چونکە سەرچاوەی پەیداکردنەوەی پارەن. تەنانەت لە دەرچوواندنی یاساکان و بڕیارەکانی پەڕڵەمانیشدا کڕین و فرۆشتن بە دەنگ و بە پەڕڵەمانتارانەوە دەکرێن.
$ئەوەی جێماوە لە ئاسەواری وڵاتێک دەچێت ڕووبەڕووی جەنگی ئەتۆمی بووبێتەوە$
بەشێوەیەکی گشتی سیمای وڵاتەکە لەڕووی پاکوخاوێنی و خزمەتگوزاریی ڕێگەوبان و قوتابخانە و نەخۆشخانە و ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبا و پارک و جوانکاریی شارەکان، هەر لە ئاسەواری وڵاتێک دەچێت ڕووبەڕووی جەنگی ئەتۆمی بووبێتەوە. ئێستا ئێراق بووەتە سەربازگەیەک و خەڵکەکەشی کۆمەڵگەیەکی چەکدار.
$جۆرێکی نوێی ململانێ لەنێو ماڵی شیعە سەریهەڵداوە$
پرسیار ئەوەیە ئێراق بە و حاڵەوە بەرەو کوێ دەچێت؟ بەتایبەتی کە ئێستا جۆرێکی دیکەی ململانێ لە ناوەندە بەهێزەکانی ناو ماڵی شیعی سەری هەڵداوە بۆ کۆنترۆڵکردنی هەردوو ناوەندەکەی دەسەڵات، دەسەڵاتی ئایینی و دەسەڵاتی بەڕێوەبردن.
ئەوەشی خەریکە جڵەوی هێزی ئەم ململانێیەی دەکەوێتە دەست موقتەدا سەدر، ئێراقێک بە و حاڵەوە و داهاتووەکەیشی بکەوێتە دەستی موقەتەداوە دەبێت چاوەڕوانی چی لێبکرێت؟ لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی ڕابردووەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی هەشت سەت کەس کوژراون، لەکاتێکدا ئەوان بۆ داواکردنی ئاوی خواردنەوە و ژیان هاتبوونە سەر شەقام. هەموو ئەو کوشتنانە بەدەستی ئەو گرووپانەن کە شەڕ لەسەر کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی ئایینی و دونیایی دەکەن. هەموو ناوەندەکانی دەسەڵاتی ئێستا و دەزگا دادوەرییەکان و پەڕڵەمانیش دەزانن بکوژەکان کێن و کەسیش جورئەتی ئەوەی نییە تەنیا بە ئاماژەیەکیش ناویان ببات. تەنانەت ئێستا ئەگەر هەر سیاسییەک چاودێرێک ئەگەر میدیاکارێکیش ڕەخنە لە موقتەدا بگرێت، یان دەیکوژن یان ماڵەکەی دەسووتێنن.
ئاماژەکان ئەوەمان پێدەڵێن موقتەدا لەلایەک دەیەوێت دوای سیستانی ببێتە مەرجەع و دەشیەوێت لە هەڵبژاردنی خولی داهاتوو دەسەڵاتی بکەوێتە دەست. هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکانیش بۆ موجامەلە و لە ترسی کاردانەوەی ئەو لێشاوە لە خەڵک کە بەدەستی موقتەداوەن، بە جۆرێک هەموارکرایەوە کە نە لەبەرژەوەندی دیموکراسیدایە و نە لە بەرژەوەندیی خەڵک و داهاتووی دامەزراوە دیموکراسی و دەستوورییەکان، بەڵکوو لە بەرژەوەندیی موقتەدایە کە داهاتووی ئێراقی بخرێتە دەست. وەک چۆن هاتنی خومەیینی بۆ ئێران بووە خاڵی وەرچەرخان بۆ ئێران و تەنانەت بۆ ناوچەکەش، ئەو زەمینانەی لە ئێستا وە بۆ موقتەدا خۆشدەکرێن هاوشێوەی هاتنی خومەیینی دەبێتە خاڵی دەستپێک بۆ گۆڕانکاری گەورە لە ئێراق و ناوچەکە، بەڵام بۆ ژیانێکی باش و سەقامگیریی نا، بەڵکوو بۆ ماڵوێرانیی زیاتر بۆ ئێراقییەکان و ململانێ و ناکۆکیی زیاتر بۆ دەوروبەر کە گومان دەکرێت ئینگلیز داڕێژەری نەخشەکەی بێت.
کورد دەکەوێتە کوێی ئەو هاوکێشانەوە، چی دەکات بۆ ئەوەی داهاتووی لە ڕابردووکەی خراپتر نەبێت؟ ئەمەیان پێویستی بە لەسەر وەستانە و دەبێت چاو ببڕینە هەنگاوەکانی داهاتووی حیزب و سەرکردەکان. [1]