$کەی ڕۆژمان وا ڕەش بوو؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
$خەساندنی عەقڵ$
لە سادەترین مانای خۆیدا ڕۆشنگەری یان تەنویر واتە بەکارهێنانی ژیری بە جۆرێکی تەواو سەربەخۆ بە شێوەیەک نەکەوێتە ژێر کاریگەریی هیچ جۆرە ویست ئیرادەیەکی دەرەکی دیکەوە. بەکارهێنانی ژیری و بیرکردنەوەیەکی سەربەخۆی ئازایانە و ئازادانە کارێک بکات نەهێڵیت تۆ بکەوێتە ژێر کاریگەریی هیچ جۆرە سوڵتەیەکی دەرەکی خۆسەپێن و ئیرادەکوژەوە. ئەمە پوختەی ئەو قسەیەی کانتە کە دیگوت ئازایانە عەقڵت بەکار. ڕۆشنگەری یان (Enlightment) دەقیق لە وشەی تەنویری عەرەبییەوە وەرگیراوە.
لە تەرمینۆلۆژی کەلامی دینیشدا ژیری بە نوور چوێنراوە، ئایەتەکانی قورئان زۆرجار نوور، ئیمان، عیلم و تەعەقولی بەتەنیشت یەکەوە بۆ یەک مەبەست بەکارهێناوە. ئەمە جگە لەوەی ئیشراقییەکان بەڕوونی و بێ پەردە و کینایە زانست و بیرکردنەوەیان بە نوور چواندووە، دیارە نووریش دەلالەتێکی پیرۆز و خودایی هەیە لە قورئاندا کە خودا خۆی پێ دەچوێنێت وەک زات. گەورەیی ژیری بە جۆرێکە تەنانەت ئەشعەرییەکی تەمام عەیاری وەک ئەبوحامیدی غەزالی لە وەسفی عەقڵدا دەڵێت (نوورُ علی نوور) ، ئەمە جگە لەوەی لە گەورەترین پەڕتووکی خۆی (احیاءعلوم الدین) دا چاپتەرێکی زۆر دوورودرێژ بۆ وەسفی ژیری و شەمائیلەکانی تەرخان دەکات.
هەر غەزالی وەک دەلالەتی گرنگی ژیری فەرمودەیەکی قودسی باسدەکات و دەڵێت: یەکەمین شتێک خودا درووستیکرد ژیری بوو، باشان وتی ڕووم تێکە، ڕوی تێکرد، وتی پشتم تێکە پشتی تێکرد، دواتر خودا وتی سوێند بە عیزەت و گەورەیی خۆم شتێکی باشترم لە تۆ درووستنەکردووە، بەهۆی تۆ دەبەخشم و هەر بەهۆی تۆش وەردەگرمەوە، بەهۆی تۆ هەم سزا و هەم پادەشتیش دەکەم : (أولُ ما خلق اللهُ العقلَ فقال له : أقبلْ ، فأقبل ، ثم قال له : أدبر ، فأدبر ، فقال : وعزتي ما خلقت خلقًا أکرمَ عليّ منک فبک آخذُ وبک أعطي وبک الثوابُ وبک العقابُ)
ئەم فەرموودەیە هەرچەندە ئەهلی حەدیس پێیان لاواز بێت بۆ ئەم نووسینە و مەبەستەکەی من گرنگ نییە، مەبەستی بەندە لەو دەلالەتە گەورەیەیە کە ئەشعەرییەکی وەک غەزالی بۆ ژیری هەیەتی.
ڕیفاعە ڕافیع تەهتاوی لە باسی چوونە پاریسی خۆیدا دەڵێت: کە ڕۆیشتینە پاریس و زانکۆکانی، ئەوەی پێمان دەگوترا شتێکی نوێ نەبوو بەڵکوو هەمان ئەوەبوو کە پێشتر موعتەزیلە و ئیبن ڕوشد پێشتر لای خۆمان گوتبوویان، دۆخەکە وەک ئەوەی دەهاتە پێش چاو ئێمە هاتووین بۆ پاریس تا ئەمان سەرلەنوێ بێن خۆمان پێ بناسێننەوە.
بەڵام لە دونیا ئێمەدا چی ڕوودەدات وا ژیری دەبێتە کائینێکی بێزراو و بە تەواوی لە بازنەی ژیان دەکرێتە دەرەوە لەبەرژەوەندی نەقڵ و قاڵ و قیل و گەڕانەوە بۆ مێژوو لەسێدارە دەدرێت؟
گرووپێکی کەلامی لەنێو سوننەدا بەناوی موعتەزیلە لەسەر دەستی واسڵی کوڕی عەتا لەسەدردەمی ئەمەوییەکاندا درووستدەبن و گەشەدەکەن و شۆڕدەبنەوە تا ئەوەی کاریگەریی لەسەر بیرکردنەوەی خەلیفەکانی عەباسی تا خەلیفە ئەلموتەوەکیل بەجێبهێڵن، لە خیلافەتی عەباسییەکاندا چالاکییەکانی ئەم گرووپە دەگاتە ترۆپکی خۆی و بوژانەوەی فیکر و کەلامی دینیش سەرچاوەکەی هەر ئەمانن.
ئەم گرووپە کە زیاتر سەروکارییان لەگەڵ عەقڵاندن و بەڵگەکاری عەقڵییدا هەبوو پێیان وابوو مرۆڤ لە ڕێگەی ئەو عەقڵەی خودا پێیداوە دەتوانێت چاکە لە خراپە جیا بکاتەوە چونکە ئەو دوو سیفەتە لە بنەڕەتدا زاتی و خودین و پێویست بەدەرەوەی خۆمان ناکات پێمان بڵێت چی چاکە و چی خراپە (الحسن والقبيح صفتان کاملتان في ذوات الاشياء)
بە بۆچونی ئەم گرووپە تەنانەت مەسەلەیەکی وەک ئیمانیش مەسەلەی عەقڵە. بە پشتبەستن بەم بۆچوونە دەڵێن گەر مرۆڤ گەیشتە ئەو ئیدارکەی کە عەقڵی توانی جیاوازی نێوان خراپە و چاکە بکات ئەوە خۆنەویستانە وەک فرمانێکی عەقڵی لە خراپەکە هەڵدێت و نایکات. بنەڕەتی لێپرسینەوەی دوای زیندووبوونەوەشیان هەر لەسەر گەیشتن بەم ئیدارکەدانابوو. ئەمە بنەڕەتیترین ئەو قسەیەبوو کە موعتەزیلە دەیانکرد و بە نیمچەیی لە ئەشعەرییەکان جیادەبوونەوە.
موعتەزیلە پێیان وابوو ژیری ڕووی لە عەدلی خودایە، خودایەکی عادل عەقڵی پێداوین و لەسەر ئەو عەقڵەش لێپرسینەوەمان لێدەکات، بەڵام ئەی ناردنی پێغەمبەران و وەحی بۆچی؟ ئەوان پێیان وایە وەحی ڕووی لە کەرەم و کەریمیەتی خودایە، خودا سەرباری ئەم عەقڵە لوتفێکیشی لەگەڵ نواندوین بەوەی لەڕێگای وەحی و پێغەمبەرانی خۆشییەوە دووبارە یارمەتیی عەقڵمان دەدات بۆ چاکە و وننەکردی ڕێگاکە.
جیاوازیەکی بنەڕەتی دیکەی دیکەی نێوان ئەشعەری و موعتەزیلە لە پەیوەندی نێوان خودا و ئەخلاقدایە، موعتەزیلە پێیان وابوو کە خودا تەنیا کاری چاک ئەنجام دەدات، بەڵام ئەشعەری دەیانگوت هەرچییەک خودا ئەنجامی دەدا چاکە.
ژیری لەنێو ئێمەدا و بەتایبەتیش لەنێو موعتەزیلەدا تا ئەم ڕادەیە ڕێز لێگیراو بوو، بەڵام چی ڕویدا وا ژیری لەم کائینە پیرۆزەوە بوو بە دێوەزمە و کرایە دەرەوە؟
گەمژانەترین کارێک کە موعتەزیلە کردیان وروژاندنی مەسەلەیەکی بێ ناوەرۆک و بێ ئەجێندای پڕوپوچی وەک مەسەلەی خەلقی قورئان بوو، ئەوان هەر بە وروژاندنی ئەم باسە گەمژانەیەوە نەوەستان، بەڵکوو ئەو دەسەڵاتەی کە لە خەلافەتی عەباسیدا پەیدایان کردبوو وایلێکردبوون خەڵک واداری ئەوە بکەن و بە زۆرەملێ قەناعەتیان پێ بهێنن کە بەڵێ قورئان مەخلوقە، بوون بە دیکتاتۆری سەپاندنی بۆچوونی خەڵقی قورئان. ئەم کارە گەمژانەیەیان وایکرد خەلیفە ئەلموتەوەکیل بە مەترسییان بزانێت بۆ سیاسەتەکەی خۆی و هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەهلی حەدیس یان ئەهلی سوننەو جەماعەت درووستبکات کە دژومنی خوێنی موعتەزیلە بوون و بە خوێنی کاسەی سەریان تینوو بوون.
ژیری ئەو ئامرازەبوو کە زانایانی ئەهلی حەدیس و بەتایبەتیش حەنبەلییەکانیان بەتوندی دژی دەوەستانەوە و پێیان وابوو ئەم سەری فیتنەیە دەبێ هەرچی زووە پانبکرێتەوە و لە مەیدانەکە بکرێتە دەرەوە. بنەڕەتی کارکردنی ئەم ڕەوتە دژایەتی ژیری بوو بەهەموو جۆرەکانییەوە، خەساندن و جەڕاندنی ژیری لە بەرژەوەندی نەقڵ و بەتایبەتیش حەدیس تەنانەت لە دونیاییترین کێشەو ئارێشەشدا ئامانجی سەرەتاو کۆتایی ئەم گرووپە بوو کە تا ئەمڕۆش لەشێوەی سەلەفی و وەهابی و حەرەکی و سیاسییدا خۆیان دەردەخەن و عەقڵی دینی هەر باجی دژایەتیکردنەکەیان دەدات.
هاوپەیمانی ئەهلی حەدیس و خیلافەت کارێکی کرد لەو ڕۆژەوە ئیتر ژیری لە دونیای ئیسلامی بەتەواوی بکرێتە دەرەوە و تەڵاق بدرێت. بەبیانووی ئەوەی لە ڕای سەلەف دەرچوون لە زۆربەی پایتەختە موسوڵماننشینەکاندا پەڕتووکەکانیان سوتێندران و خۆشیان تارومار کران.
زاهیر بینی و گوزارەی گەڕانەوە بۆ سەلەف بوو بە سەنتەری کارکردنی ژیان و ژیاری ئەم کومەڵگایانە. ئیدی دین لەبری داینەمۆی جوڵە بوو بە ئامرازی خەساندنی کۆمەڵگە، چونکە تەنیا یەک تەفسیر و بۆچوونی دینی قەبوڵکراو و ڕاست بوو ئەویش تەفسیر و بۆچوونی مێژوویی بۆ دین. لەم تەفسیرەدا کۆمەڵێک دەبنە سێبەری خودا و فیرقەی ناجییە، گەر کەسێک لەفەرمانی ئەمان دەرچووبا ئیدی ئەوە لەفەرمانی خودا دەردەچووە، یان دەبوو تەوبە بکات یان دەکوژرا، بۆچی؟ چونکە دینی ڕاستەقینە لای ئەمان بوو. لێرەوە ئیتر ژیری کرایە دەرەوە و هیچ ڕێز و تەقدیرێک بۆ ژیری نەهێڵدرایەوە.
تراژیدیای ئێمە بەم شێوەیە دەستی پێکردوو تا ئەمڕۆش هەر بەردەوامە. هەموو ساڵێک هەمان سوڕانەوە لەناو هەمان بازنەی دخراودا دووبارە دەکەینەوە، تۆوی فەشەل دەوەشێنین بۆ ئەوەی فەشەل بدوورینەوە. تا کەی؟ تا ئەو دەمەی دەگەڕێینەوە بۆ عەقڵانییەت. [1]