$بۆچی دۆخی شنگال ئاسایی نابێتەوە؟$
#عادل باخەوان#
$سەرەتا$
ئەمە ئەو پرسیارەیە کە زۆرجار نەک هەر لە کوردستان و ئێراق، بەڵکوو لە ئەوروپاش لێم دەکرێت، نەک هەر بەتەنیا لەلایەن ناوەندەکانی توێژینەوەوە، بەڵکوو لەلایەن ناوەندە NGO جیهانییەکان و ناوەندە دیپلۆماتییەکان کە گرنگی بە ئێراق و هەرێمی کوردستان دەدەن. من پێم وایە دۆخی شنگال، تاڕادەیەکی زۆر گوزارشتە لەو هەلومەرجەی کە تەواوی ئێراقی گرتووەتەوە و قسەکردن لەسەر شنگال بە جۆرێک لە جۆرەکان، قسەکردنە لەسەر تەواوی هاوکێشەی ئێراقی، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، شنگال تایبەتمەندیی خۆی هەیە و دەکرێت لەسەری بوەستین.
بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی سەرەوە، شەش ئەکتەری دەوڵەتی و نادەوڵەتی هەن کە کاریگەریی ڕاستەوخۆ بەسەر ئاڕاستەکردنی کێشەی شنگال و شنگالییەکانەوە دادەنێن. ئەو ئەکتەرانەش بریتین لە حکومەتی ئێراقی، حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەکەکە، حەشدی شەعبی، ئێران و تورکیا، ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا. لەم وتارە کوورتەدا هەوڵدەدەین، بەخێرایی بگەڕێینەوە سەر هەڵوێستی هەر یەکێک لەو شەش ئەکتەرە، لێکدژی، هاوپەیمانییەتی و ئامانجەکانیان بخەینەڕوو.
$حکومەتی ئێراقی$
لە حکومەتەکەی عەبادییەوە تا دەگاتە عەبدولمەهدی و بە ئێستای کازمیشەوە، شنگال وەک کێشەیەک بەردەوامە و وەک فەرەنسییەکان دەڵێن: بەردێکە لە پێڵاوەکانیاندا و ڕێگەیان نادات درووست ڕێبکەن. گرفتی هەر یەکێک لەم سێ حکومەتە لەوەدایە کە هێندەی بەدوای تۆمارکردنی خاڵ و گۆڵکردنی زیاتر و سەرمایەگوزاری بەسەر کێشەی شنگالەوەن، نیو هێندە خواستێکی پۆڵاینیان نەبووە و نییە بۆ چارەسەرێکی کۆنکرێتییانە.
بێگومان من تێدەگەم لەوەی کە هاوکێشەکە زۆر لەوە ئاڵۆزترە کە تەنیا خواستێکی پۆڵاین بەسبێت بۆ چارەسەرکردنی، بەڵام لە هەمانکاتدا، بەبێ ئەم خواستە، هەنگاوی یەکەمیش نانرێت. ڕاستە گرفتەکان زۆرن، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە حکومەتی ئێراقی، شەرعیەتی ئینتەرناسیۆنالی بەدەستەوەیە، سوپای ئێراقی لەبەردەستدایە، داهاتی ئێراقی لە دەستدایە و هەموو ئەمانەش یارمەتیی دەدەن بۆ ئەوەی بەشداریی ڕاستەوخۆ بکات لە ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگالدا، بەڵام تائێستا هیچ یەکێک لەو سێ حکومەتە بە کۆنکرێتی، ئەمەیان نەکردووە. جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر ئاساییکردنەوەی شنگال بەڵگەیەکی زیندووی ئەو شتەیە کە دەکرێت ناوی بنێین بێباکیی بەغدا لەبەرانبەر شنگالدا. ڕەنگە بەشێکی ڕەگوڕیشەکانی ئەم بێباکیەش لەنێو بوونیادی خودی حکومەتدابێت کە بە هەموو پێوەرە جیهانییەکان دەتوانین ناوی بنێین: حکومەتی لەرزۆک!
$حکومەتی هەرێمی کوردستان$
حکومەتی هەرێمی کوردستان شنگال بە ناوچەی دابڕێندراو لە کوردستان هەژماردەکات و پێیوایە زۆنێکی تەواو ستراتیژییە بۆ نەخشەی سیاسی و جیۆپۆلەتیکیی هەرێمی کوردستان و خەون بەوەوە دەبینێت کە بیخاتەوە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام مەودایەکی زۆر لەنێوان ئەم خەونە و کارکردن لە واقعیدا هەیە. لەنێوان 2003 بۆ 2014 دا، هەولێر دەیتوانی کۆی ئەو کارتانەی کە لەدەستیدابوو وەک گوشار بەکاریان بهێنێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکەی، بەڵام نەیکرد. هۆکارەکان زۆرن، بەڵام دەرەنجامەکە هەر یەک شتە!
لە 2014 وە تا ئەمڕۆ، ڕکابەرەکانی هەرێمی کوردستان زۆر بوون، ئەگەر جاران تەنیا حکومەتی ئێراقی بووبێت، ئێستا پەکەکە و حەشد و ئێران و تەنانەت تورکیایشی هاتووەتە سەر. لێرەوە، هەرێمی کوردستان کە خاوەنی سوپایەکی یەکگرتوو نییە، کە خاوەنی ئابوورییەکی سەربەخۆ نییە، کە خاوەنی کۆدەنگییەکی سیاسیی نییە، کە خاوەنی دیپلۆماسییەتێکی هاوئاهەنگ نییە، ناتوانێت ئەجێندای خۆی بەسەر ئەکتەرەکانی دیکەدا فەرزبکات.
$پەکەکە$
لە 2014وە و بەپێچەوانەی پێشبینییەکان، پارتی کرێکارانی کوردستان دەبێت بە ئەکتەرێکی سەرەکی لە ئاڕاستەکردنی ڕووداوەکانی شنگالدا. پاش داگیرکردنی ناوچەکە لەلایەن جیهادیستەکانی داعشەوە، بەغدا و هەولێر هەموو جۆرە هاوکاری و پشتیوانییەکیان قبووڵ دەکرد بۆ بەڕێوەبردنی جەنگ دژی تیرۆریزم. ئامادەیی سەربازی و سیاسیی پەکەکەش لەم چوارچێوەدا دەبێت بخوێندرێتەوە. واتە خودی بەغدا و هەولێر، نەک هەر ڕازیبوون، بەڵکوو کارئاسانیشیان بۆ ئەم ئامادەییە کردووە.
تراژیدیای بەغدا و هەولێر لەوەدایە کە بەهیچ شێوەیەک بیریان نەکردبووەوە لەوەی پەکەکە تەنیا هێزێکی سەربازیی نییە، یارمەتییەک لە ساتەوەختێکدا پێشکەش بکات و پێی بڵێن سوپاس و چیرۆکەکە کۆتایی پێبێت. پەکەکە چەند هێزێکی سەربازییە، هێندەش هێزێکی ئایدۆلۆژییە و لە هەر شوێنێک بێت، ڕاستەوخۆ کار لەسەر بیناکردنی بنکەیەکی کۆمەڵایەتی و جەماوەری دەکات بۆ ئینتیما و تێکەڵبوون بە ئایدۆلۆژییەکەی و پاشان خەبات لەپێناویدا. هەر ئەمەشە وادەکات کە کۆتاییهێنان بە ئامادەیی پەکەکە لە شنگالدا، کارێکی ئاسان نەبێت بۆ هیچ لایەنێک!
$حەشدی شەعبی$
درووست وەک پەکەکە، لە 2014وە، ئیتر هەر قسەکردنێک لەسەر کێشەی شنگال، بەبێ بەهەندوەرگرتنی فاکتەری حەشد ئەستەمە. ڕاستە حەشد بنکەیەکی جەماوەریی لە شنگالدا نییە، بەڵام هێزە سەربازییەکەی، ئێراقیبوونەکەی، جەنگە خوێناوییەکەی دژی داعش، هەژموونی بەسەر سەرچاوەکانی دەوڵەتی ئێراقیدا و هاوکاریی ئێران وادەکەن کە بەبێ حەشد هیچ پڕۆژەی چارەسەرێک لە شنگالدا نەخرێتە دۆخی جێبەجێکردنەوە.
ئەو وتارەی کە ئێستا ئەکتەرەکانی دیکە، لەسەر حەشد بەرهەمی دەهێنن و پێی دەڵێن: سوپاس، کاری خۆتان کرد و ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ناوچەکە بەجێبهێڵن، دوورە لە واقیعبینییەوە و تەواو پێچەوانەی میکانیزمەکانی چۆنییەتی کارکردن و جووڵانەوەی پەیوەندییەکانی هێزە لە ئێراقدا. کاتی ئەوە هاتووە، چاپێکی دیکە لە وتار بەرهەمبهێندرێت، ئەگەرنا دەبێت چاوەڕێی تووندبوونی زیاتری هەڵوێستی حەشد بکەین.
$ئێران و تورکیا$
دەستتێوەردانی بەردەوامی ئێران و تورکیا وادەکات کە شنگال بەتەنیا کێشەیەکی نیشتمانیی نەبێت، بەڵکوو ڕەهەندێکی هەرێمایەتیشی هەبێت و ئەمەش تا ئاستێکی بەرز پرسەکە ئاڵۆزدەکات.
لە جیهانبینیی ئێرانیدا ناوچەی شنگال هەم ڕووبەرێکی جیۆپۆلەتیکی گرنگ و ستراتیژییە، هەم هۆکارێکی بایەخدارە بۆ ئیدارەکردنی هاوکێشەی هێز لەگەڵ نەیارەکانیدا. جیۆپۆلەتیک، چونکە پردێکی گرنگە بۆ گرێدانی ئێراق بەسووریاوە و چەندین دەرگە دەکاتەوە بۆ کشانی هەژموونی ئێرانی لەنێوان ئەم دوو دەوڵەتەدا. هەروەها هاوکێشەی هێز، چونکە ڕکابەرەکانی لەو ناوچەیەدا ئامادەن: تورکیا، هەرێم، ئەمریکا، یەکێتیی ئەوروپا و بەشێک لە سوپای ئێراقی کە دەکرێت بە نائێرانی ناویان ببەین!
گرنگیی شنگال بۆ تورکیاش لە چەندین ئاستدایە و هەرە سەرەکییەکەیان، ململانێیە لەگەڵ ئامادەیی سەربازیی و جەماوەریی پەکەکەدا، پاشان ڕێگەگرتنە لە گریمانەی لکاندنی شنگال بە هەرێمی کوردستانەوە لەسەر ئاستی مەودای دوور یان مامناوەندیدا.
$ئەمریکا و ئەوروپا$
ئەمریکا و ئەوروپا، وەک دوو زلهێزی سیستمی جیهانی، خواستی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگالیان هەیە، بەڵام ئەو ڕێگەیەی کە بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە گرتوویانەتە بەر، وەک پێویست درووست نییە، دەتوانم بڵێم پێچەوانەکەی ڕاستە.
بیناکردنەوەی نەخۆشخانە، قوتابخانە، کارەبا و ڕێگەوبان، واتە گرنگیدان بە گەشەی ئابووری و ژێرخانی ئابووریی شنگال، کارێکی زۆر باشە کە ئێستا یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا دەیکەن، بەڵام بەبێ دوو مەرجی پێشینە، هەموو ئەم پڕۆژانە دەکرێت لە چرکەساتێکدا، وەک کۆشکی کارتۆنی هاڕەبکەن و تێکبچن. ئەو دوو مەرجەش بریتین لە ئاساییش و سەقامگیری.
لە هەر ناوچەیەکی پۆست-کۆنفلێکت (پاش-ململانێ) ، ئەگەر ئاساییش و سەقامگیری دەستەبەرنەکرا، گرەوکردن لەسەر گەشەی ئابووری و ژێرخان، کۆتاییەکەی بە دۆڕان دێت.
$کۆتایی$
دۆخی شنگال چیتر بەرگەی وتاری وروژێنەر و سەرمایەگوزاریی سیاسی و مامەڵەی بێباکانە ناگرێت. ئەگەر هەنگاوی جیددی نەنرێت بۆ چارەسەرکردنی، دەکرێت ببێت بە بەرمیلێک لە بۆمب و لە هەر ساتەوەختێکدا بتەقێتەوە بەڕووی هەموواندا.
ئایا لە دۆخی ئێستای ئێراق و ناوچەکەدا، شانسی ئەوە لە ئارادایە کە ئەم سیستمە لە وتار و مامەڵەی نابەرپرسیارانە لەگەڵ پرسی شنگالدا گۆڕانکاریی بەسەردا بێت؟ بەداخەوە نەخێر. بەپێچەوانەوە، گریمانەی چڕکردنەوەی ئەم سیستمە لە وتار و مامەڵەیە، ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر بەهێزترە و شنگالییەکانیش دیسانەوە دەبن بە یەکەم قوربانیی ئیدارەکانی نابەرپرسانەی پەیوەندییەکانی هێز لەنێوان ڕکابەرەکاندا. [1]