$گەڕانەوەی داعش$
#عادل باخەوان#
#26-01-2022#
لە کۆتاییدا زەنگە مەترسیدارەکەی گەڕانەوەی داعش لێدرا! لە کۆتاییدا واشنتن و پاریس ناچاربوون هێزە سەربازییەکانیان سازبدەن و لەسەر خاکی ڕۆژاوای کوردستاندا بیانجوڵێنن و تێکەڵببنەوە بە جەنگی داعش، ئەو دێوەزمەیەی لە 2017وە، ئەمریکی و ئەوروپییەکان دەڵێن کۆتاییهاتووە و بۆ هەمیشە ڕەوانەی دۆزەخ کراوە. لە باشترین دۆخدا، ئەگەر داعش لە دۆزەخیشدا بووبێت، کە وانییە و هەر لێرەبووە و لەگەڵمان بووە، هەفتەیەکە دەبینین، بەجەستەی سووتاوەوە، دۆزەخی بەجێهێشتووە و بەهەموو لایەکدا پەلامار دەدات.
لە #07-12-2017#دا و لە کۆشکی ئیلیزێی پاریس، حەیدەر عەبادی وتی: داعش بۆ هەمیشە کۆتایی پێهات. هەمان ڕۆژ لەسەر کەناڵی فرانس 24 گوتم، ئەمە جگە لە حیکایەتی سیاسییەک کە بە دوای سەرلەنوێ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیراندا دەگەڕێ هیچی دیکە نییە. با ئێمە تەنیا ساڵی 2021 وەک نموونە وەربگرین و حیکایەتی سپاردنی داعش بە قوڵاییەکانی دۆزەخ بخەینە تاقیکردنەوەی داتاکانەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر ئێراق، بەدرێژایی ساڵی ڕابردوو، داعش 73 هێرشی لە ئێراقدا ئەنجامداوە. لەم هێرشانەدا 276 کەس کوژراون، لەم کوژراوانەش 231 کەسیان ئێراقین و تەنیا 45یان داعشن. هەروەها 243 کەس بریندارکراون و 318 کەسیش ڕفێنراون. کاتێک ژمارەی هێرشەکان بە سەر مانگەکاندا دابەش دەکەین، دەبینین مانگی یەک هەشت هێرش کراوە و مانگی دوانزەی هەمان ساڵ 11 هێرش کراوە. واتە بە تێپەڕینی کات ڕێژی هێرشەکان بەرزبوونەتەوە و لەنێوان مانگی یەک و مانگی دوانزەدا، مانگێک نییە کە بەلای کەمەوە داعش چەند هێرشێکی نەکردبێت.
لە 20ی ئەم مانگەوە و پاش پەلاماردانێکی بێوێنەی داعش بۆ سەر گرتووخانەی غوێران لە حەسەکە و هەڵاتنی سەدان کادیری باڵای داعش و، کوژران و برینداربوونی سەدان کەس و ئاوارەبوونی نزیکەی 45 هەزار هاووڵاتی لە حەسەکە و دواتر تێهەڵکشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و فەرەنسا بە جەنگ لە حەسەکە، هەراوەها درووستبوونی هەلومەرجێکی شڵەژانی گشتێنراو لە ئێراقدا و ترس لە گەڕانەوەی داعش بۆ شارە گەورەکان، کاتی ئەوە هاتووە بپرسین، بەڕاستی کێ بەرپرسیارە لەم هەستانەوەیەی داعش و هۆکارەکانی چین، لەم گەڕانەوەیەی داعش، لەم زیندووبوونەوەیەی داعش ؟ لەکاتێکدا پێم وا نییە هەرگیز مردبێ.
$1.پاشەکشەی نابەرپرسیارانەی ئەمریکا$
بەدڵنیاییەوە ناسەقامگیریی سیاسەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا و گۆڕانە بەردەوامەکانی، هەر لە پرسی کشانەوەی نابەرپرسیارانەوەی 2011ەوە تاوەکو بێباکبوونی لە 2018ەوە تائێستا و نەبوونی پڕۆژەیەکی بیرلێکراوەی واقیعی بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پاش داگیرکردنی ئێراق لە 2003:ەوە، یەکێکە لەو هۆکارە گرنگانەی کە هەلومەرجی بابەتی بۆ سەرهەڵدان و مانەوە و جووڵانەوەی ڕێکخراوە ڕادیکاڵەکانی وەک داعش ئامادە دەکات. ئێستا ئەمریکا لێرەیە، بەبێ ئەوەی لێرەبێ! ئەم سیاسەتە گرفتی گەورە بۆ سەقامگیری و ئاساییشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بۆ سەقامگیری و ئاساییشی ڕۆژاواش درووست دەکات. چۆن واشنتن دەتوانێت لە دۆخێکی ئاساییشی ئاساییدا بێ و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش گڕیگرتبێت!
$2. یەکێتیی ئەوروپای لەرزۆک$
وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا تەواو وشیارن بەوەی کە ئەمریکا لەسەر ڕێگەیەکی هەڵەیە و سیاسەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەرەنجامی کارەساتاوی لێدەکەوێتەوە و یەکەم زۆنی گرنگی جیهانیش کە ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ئەو دەرەنجامانە دەبێتەوە ئەوروپایە، چونکە سنوورەکانی لکاون بە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە. ڕاستە کە یەکێتی ئەوروپا بەگشتی و فەرەنسا بەتایبەتی هەوڵدەدات کە سیاسەتێکی جیاواز لە ئەمریکا پیادە بکات، باشترین نموونەش ئەوەبوو کە سەرۆک ماکرۆن لە بەغدا و هەولێر وتی: ئەمریکا هەر بڕیارێک بدات ئێمە ڕێزی لێدەگرین، بەڵام فەرەنسا هێزەکانی لە ئێراق و کوردستان ناکشێنێتەوە و ئەزموونی ئەفغانستان دووبارە ناکاتەوە. گرفتەکە لەوەدایە کە یەکێتی ئەوروپا سوپایەکی یەکگرتووی نییە و سوپای فەرەنسیش بەتەنیا ناتوانێت بۆشایی ئەمەریکا پڕبکاتەوە. بۆیە یەکێتی ئەوروپا، سەرەڕای وشیاری و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، لەبەرانبەر داعش دا بە لەرزۆکی دەمێنێتەوە.
$3.تورکیای پارادۆکسەکان$
هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی خیلافەتەکەی داعشەوە تائێستا، تورکیای سەرۆک ئەردۆگان چەندین ڕۆڵی دژبەیەک و یەکترتەواوکەر و ڕوون و ناڕوونیش پێکەوە و دەبینێت. لە زمانی کۆمەڵناسی سیاسیدا، ئەمە پێیدەگوترێت کۆکردنەوەی پارادۆکسەکان. لەسەر ئاستی جیۆپۆلیتیک، تورکیا هاوپەمانی یەکێتی ئەوروپایە، بەڵام دەرگاکانی بۆ بەشێکی زۆر لەو ڕێکخراوە ڕادیکاڵانەش دەکاتەوە، کە دەکرێت هەڕەشەبن لەسەر یەکێتی ئەوروپا. هاوپەیمانی ئەمریکایە، بەڵام دەستی لەنێو دەستی ڕووسیاشدایە. هاوپەیمانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام جەنگێکی فراوانی دژ بەو قەوارە کوردییەی لە سووریادا درووستبووە ڕاگەیاندوە، لەکاتێکدا هاوپەیمانەکانی تورکیا (ئەمریکا و ئەوروپا) ، گرەو لەسەر هەمان ئیدارەی کوردی دەکەن بۆ جەنگی داعش. ئەم سیاسەتەی تورکیای سەرۆک ئەردۆگان، ئەگەر بە ناڕاستەوخۆشبێت، یارمەتیدەرە بۆ زیندوویی داعش و درێژەدان بە تەمەنی خۆی، چونکە لەکۆتاییدا، داعشیش وەک یەکێک لە کارتەکانی گوشار دەکرێت بەکاربهێنرێت.
$4. ئێرانی پاش ژەنەڕا$
ڕاستە لە ئێراندا مێژوویەکی درێژ لە ترادیسیۆنی دەوڵەتداریی هەیە و ڕاستە عەقڵی دەوڵەت هەژموونێکی مێژوویی بەسەر چالاکی و بەرهەمهێنانی سیاسەت لە ئێران دا هەیە، بەڵام بێ هیچ دوودڵییەک، کوشتنی ژەنەراڵ قاسم سلێمانی لەلایەن ئەمریکاوە، کارایی ڕاستەوخۆی بەسەر چۆنییەتی ئیدارەدانی ئێرانیانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە داناوە. ژەنەراڵ ئەو ئەکتەرە سیاسییە بوو کە مێژوویەکی چل ساڵەی لەگەڵ کادیرە باڵاکانی ئێراقی نوێدا درووستکردبوو، یەک بە یەکی دەناسین و وەک سیاسەتمەدارێکی گەورەی ئێراقی پێیوتم: تەنانەت ئاگاداری جلەکانی ژێرەوەشمان بوو، بەو ئارەزووانەی نێو خەیاڵدانیشمان کە دەرمان نەدەبڕین! لە دەستدانی ژەنەراڵ، ئێرانی ناچارکرد بە پێداچوونەوە و سەرلەنوێ بیناکردنەوەی سیاسەتی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا. ڕاستە ڕەنگە هێڵە سەرەکییەکان گۆڕانکاری گەورەیان بەسەردا نەیێت، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە دەکرێ زۆر شت لە پەراوێزەکاندا گۆڕانکاریان بەسەردا بێت. لە دۆخێکی وادایە ماڵی شیعەی ئێراقی پەرتەوازەبووەو کۆی پرۆسێسی سیاسی لە ئێراقدا لە بەردەم هەڕەشەی گەورەدایە و ئەمەش بێگومان کارئاسانی گەورە و بایەخدار بۆ چڕبوونەوە و بەهێزبوونەوەی داعش دەکات.
$5. وڵاتانی کەنداو بەدوای پێگەدا دەگەڕێن$
لەنێو ئەم پەیوەندییە ئاڵۆزانەی هێزدا، وڵاتانی کەنداو (ئیمارات، سعودیە، قەتەر) بەدوای پێگەیەکدا دەگەڕێن و دەیانەوێت پەنجەمۆری خۆیان لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەبردنی دۆسییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەر لە ئەفغانستانی قەتەرەوە تاوەکو دەگاتە یەمەنی سعودیە و ئێراقی ئیمارات، دابنێن. ئەو زانیاریانەی دەست ئێمە کەوتوون بەو ئاڕاستەیەدا دەمانبەن کە چیتر وڵاتانی کەنداو بە تەنیا گرەو لەسەر ئەمریکا ناکەن و تەنیا لەسەر پرانسیپی ئەمریکی سیاسەت و ستراتیژیی خۆیان دانانێن. لە سێبەری ئەم عەقڵە نوێیەی دەوڵەتداریدا، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی دەکەنەوە، بەڵام شاندی باڵاش بەرەو تاران دەنێرن و بانگی دەکەن بۆ سەر سفرە نوێیەکەیان. باشترین پەیوەندی لەگەڵ کورد دا درووستدەکەن، بەڵام تورکیاش وەک هاوپەیمانی ستراتیژی دەهێڵنەوە. تۆڕی پەیوەندی لەگەڵ دیمەشق و بەغدا درووست دەکەن، بەڵام لەهەمانکاتدا پەیوەندییەکانیشیان لەگەڵ گرووپە نادەوڵەتییەکاندا چڕتر دەکەنەوە. لەنێو ستراتیژێکی وادایە کە وڵاتانی کەنداو هیچ گرفتێکیان نییە لەوەدا کە بۆ دەستکاریکردنی پەیوەندییەکانی هێز، داعشیش وەک یەکێک لە کارتەکان بەکاربێنن و بیخەنە خزمەتی ئەو پێگەیەی کە سۆراخی درووستکردنی دەکەن.
$کۆتایی$
ئەگەر ئێمە دڵنیابین لەوەی کە هەر یەکێک لەو ئەکتەرانەی کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدان، ڕۆڵی کارا و گرنگیان هەیە لە درووستبوون و مانەوە و بەهێزبوون و کشانی داعشدا، بە بۆچوونی من دەبێت زیاتر لەوە دڵنیابین کە ئەوەی وادەکات، لە ئاستێکی یەکجار بەرزدا، داعش ئەوەبێت کە بینیمان و ئەوەش بێت کە ئێستا دەیبینین و شانسێکی زۆریش هەیە کە لە داهاتووشدا هەر لەگەڵمان بێت، ئەو کارەساتەیە کە بەسەر سووننەی ئێراق و سووریادا هاتووە.
لەنێو سنوورەکانی ئەم دوو وڵاتەدا، چەندین ملیۆن سووننە هەن، لە سووریا زۆرینەی دانیشتووانن و لە ئێراقیشدا بەلای کەمەوە بیست لە سەدن، لە دۆخی پەراوێز و بێبەشی و تەنانەت لە هەندێک کاتدا ڕووبەڕووی قەسابخانەش بوونەتەوە.
بەبێ بنکە جەماوەرییە سووننییەکەی ئێراق و سووریا، داعش هیچ نابێ جگە لە گرووپێکی تیرۆریستی بچووک، بەم بنکە جەماوەرییە چەساوەوە، داعش هەموو شانسێکی مانەوە و بەهێزبوون و کشانی هەیە.
ئەوانەی کە بەڕاستی بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن، پێش هەموو شتێک دەبێت بەدوای کۆی ئەو هۆکارانەدا بگەڕێن کە هەلومەرجی سیستەمی چەوسانەوە و دوورخستنەوەی بەکۆمەڵی سووننەی ئێراق و سووریایان بیناکردووە. بەبێ ئەمە، سپاردنی داعش بە قوڵاییەکانی دۆزەخ، بەشێکە لە کاری نەکردە. [1]