$ئایا هەوڵێک هەیە بۆ گۆڕینی نوخبەی سیاسی لە ئێراقدا؟$
#زوبێر رەسوڵ#
#26-07-2022#
لەدوای ساڵی 1991، واتە دوای ڕاپەڕینی شیعەکان لە باشوور و کورد لە باکووری ئێراق، ئەمریکییەکان بە چڕی ئیشیان لەسەر کۆکردنەوەی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێراق و نەیارانی ڕژێمی بەعس لە چوارچێوەی پڕۆژەیەک بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس کرد. لەدوای ڕووخانی ڕژێمی سەدامیش لە 2003 ئەم پارتە ئۆپۆزیسیۆنانە بوونە نوخبەیەکی بەهێزی سیاسی و جڵەوی فەرمانڕەوای ئێراقییان کەوتەدەست، کە لەڕاستیدا ئەمریکییەکان ڕۆڵی سەرەکییان هەبوو لە درووستکردنی ئەو نوخبە سیاسییە کە بەشێکی هەرە زۆریان پارتی دینی و مەزهەبی بوون. ئێستا دوای نزیکەی دوو دەیە هەمان ئەمریکا و بەریتانیا و هاوپەیمانەکانیشی گەیشتوونەتە باوەڕێک کە ئەو نوخبە سیاسییە کلاسیکییە بەربەستی سەرەکین لە بەردەم هەر گۆڕان و دۆخێکی سیاسی لە ئێراقدا و تاوەکووزووە دەبێت بگۆڕدرێن. هەوڵی یەکەمی ئەمریکییەکان بریتی بوو لە لاوازکردن و ناشیرینکردنی ئەو نوخبەیە لە ڕێگەی شەقام و ناڕەزایەتیی خەڵک، بەتایبەتیش شەقامی شیعی، چونکە ناڕەزایی سوننەکان دەچووە قاڵبێکی دیکە، کە هەندێک جار خزمەتیشی بە نوخبەی سیاسیی کلاسیکی، واتە وەکیلەکانی ئێران، دەکرد. هەربۆیە لەژێرەوە ئەمریکییەکان پشتگیریی ناڕەزایەتییەکانی تشرینی 2019یان کرد کە لەڕاستیدا هەم دەرفەت و هەم ئومێدیش بوون بۆ ئەمریکییەکان کە ببنە هۆی قۆناخێکی نوێ لە حوکمڕانیی ئێراق و کۆتایی بە دەسەڵاتی نوخبە کلاسیکییەکە بهێنن.
ناڕەزایەتییەکانی تشرین سەرەتای قۆناخێکی نوێ بوون لە پڕۆسەی سیاسیی ئێراق، بەتایبەت لە هەڵتەکاندنی شەرعیەتی نوخبەی سیاسیی تەقلیدی؛ واتە نوخبەی حوکمڕانیی پارتە ئیسلامییەکانی نزیک لە ئێران کە لەدوای 2003 بە هاوکاریی ئەمریکییەکان دەرفەتی هاتنە سەر دەسەڵاتیان بۆ ڕەخسا. یەکێک لە پەیامە هەرە سەرەکییەکانی خۆپێشاندانەکانی تشرین دژایەتیکردنی هەژموونی ئێران بوو لە ئێراق، کە دواجار گەیشتە سووتاندنی کۆنسوڵگەریی ئێران لە نەجەف. ناڕەزایەتییەکانی تشرین لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا حکومەتی عادل عەبدولمەهدییان ناچارکرد بەوەی کە دەست لە کار بکێشێتەوە. هەنگاوی یەکەمی لاوازکردنی نوخبەی سیاسیی کلاسیکی بە باشی بەڕێوەچوو، ئومێدێکی بەخشی بە شەقامی ئێراقی و ئەمریکییەکان کە ئەو نوخبە کلاسیکییە لە هەڵبژاردنەکاندا گورزی کاریگەریی بەردەکەوێت و نوخبەیەکی نوێ جێگەی دەگرنەوە.
دوای ناڕەزایەتییەکانی تشرین، ئێراق ساڵ بە ساڵ بە قۆناخی لەدەستدانی شەرعیەتی دەسەڵاتدا تێدەپەڕێت. بەپێی ڕاپرسییەک لە ئێراقدا، کە لە بەهاری 2021 کراوە، تەنیا 14%ی سوننەکان و 11%ی شیعەکان و 31%ی کورد پێیانوایە کە لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە دەتوانن کاریگەرییان لەسەر بڕیاری سیاسی هەبێت. ئەمە ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ داڕمانی متمانە بە پڕۆسەی سیاسی لە تەواوی ئێراقدا. لەدوای 2003 ئەمە یەکەمجارە نائومێدیی خەڵک، بەتایبەتیش شیعە و کورد دەگاتە ئەم ئاستە؛ واتە بیرکردنەوە لە ئەنجامدانی گۆڕانی سیاسی لە ڕێگەی تووندوتیژیی سیاسی و هەڵکوتانە سەر دامودەزگەکانی حکومەت، کە چەند جارێک لە ئێراق و هەرێمی کوردستاندا بینیومانە. هەڵبژاردنە پێشوەختەکانی تشرینی 2021یش هەر ڕەنگادانەوەی ئەو دۆخە نوێیە بوون، کە لایەنگرانی ئێران و نوخبەی کلاسیکی پێگەی سیاسیی جارانیان لەدەستدا. هەر لەسەر ئەم بنەمایەش وەکوو وەڵامدانەوەیەک بۆ ناڕەزایەتییەکانی تشرین، موقتەدا سەدر ئەم دۆخە تازەیەی بە دەرفەت زانی و هەوڵیدا وەبەرهێنانی سیاسی لەو قۆناخەدا بکات. سەرەتای ئەم هەوڵەش بریتی بوو لە گۆڕینی شێوازی حوکمڕانی و درووستکردنی حکومەتێک لەسەر بنەمای زۆرینەی سەرکەوتووەکانی هەڵبژاردنەکان، بەڵام بە ڕەچاوکردنی هەرسێ پێکهاتە سەرەکییەکەی ئێراق، واتە شیعە و کورد و سوننە. بەڵام گرووپە سیاسییەکانی نزیک لە ئێران توانییان ڕێگری لەو هەوڵانەی موقتەدا سەدر بکەن، کە کۆتایی بە نوخبەی سیاسیی کۆن و بەتایبەتیش لایەنە سیاسییەکانی نزیک لە ئێران بهێنێت، تاوەکوودواجار سەدر گەیشتە ئەوپەڕی نائومێدی و بڕیاریدا لە پەڕڵەمان و پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت بکشێتەوە.
متمانە نەک تەنیا بە حکومەت، بەڵکوو بە تەواوی نوخبەی سیاسی لە ئێراقدا لەوپەڕی نزمیدایە. ئەوەی لەم ڕاپرسییەدا سەرنجڕاکێشە، بۆ یەکەم جار شیعەکان کەمترین متمانەیان بە نوخبەی ئێستای سیاسیی خۆیان هەیە کە 39%ە؛ نەک هەر ئەوە، بەڵکوو مەترسییان لە خودی هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیش هەیە؛ تاوەکووئەو ئاستەی لە چوار کەسی شیعە، سێ کەسیان پێیان وایە هەڵبژاردنی ئەم جارە کێشەی ئاساییشی و سیاسی لە ناوچەکانیان درووستدەکات. بە پشتبەستن بە چەند ڕاپرسییەکی باوەڕپێکراو کە دەزگەی گالوپ ئەمساڵ ئەنجامی داوە، نوخبەی سیاسی - ئایینی کە تاوەکووئێستاش لە پڕۆسەی سیاسیدا بەهێزترینن، ڕۆژبەڕۆژ پێگەی سیاسی و ئایینییان لە دابەزیندایە؛ بە جۆرێک کە تەنیا 38%ی خەڵک لە ئێراقدا متمانەی بە دامەزراوە ئایینییەکان ماوە. ئێستا 90%ی ئێراقییەکان دەیانەوێت ئەو فۆرمە سیاسییەی کە لە ساڵی 2003 ئێراقی لەسەر دامەزراوە، نەمێنێت.
لەم سۆنگەیەوە دەکرێت بڵاوبوونەوەی ئەو تۆمارە دەنگییانەی ئەو دوایەی مالیکی و هی سەرکردە سیاسییەکانی دیکەش کە بەڕێوەن، وەکوو خاوەنی بڵاوکردنەوەکان (عەلی فازل) وتی، هی چەندین سەرکردەی سیاسیی دیکەش هەن کە بەمزووانە بڵاودەبنەوە، هەوڵێک بن بۆ گۆڕینی نوخبەی سیاسیی دوای 2003، هەروەها لێدان لە کەسایەتیی سیاسی و پێگەی جەماوەرییان. عەلی فازل کە سەرۆکی ڕێکخراوی ئەمریکی - ئێراقییە بۆ دژایەتیی گەندەڵی، لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ تۆڕێ عەرەبی بۆ هەواڵ (anb) کە 53 خولەک دەبێت، زۆر جەختی لەسەر شکستی ئەو نوخبە سیاسیەی ئێستا دەکردەوە، زیاتر لە 20 جار ناوی هێنان (الطبقة السیاسیة) و وتی وەکوو داشی شەترەنج دەتانخەم و دەبێت بڕۆن، هەروەها جەختی لەسەر ڕۆڵی خراپی وڵاتانی دراوسێش کردەوە، کە لەڕاستیدا مەبەستی ئێران بوو. عەلی فازل لە ئەمریکا دادەنیشێت، دەستکەوتن و تۆمارکردنی گفتوگۆی نهێنیی ئەم سەرکردانە شتێکی وا ئاسان نییە گەر دەستی لایەنێکی بەهێزی نێودەوڵەتیی لە پشت نەبێت. بەتایبەت کە خاوەنی بڵاوکردنەوەکان (عەلی فازل) وتی، دەستیان بە زانیاریی هەموو تەلەفۆنی سەرکردە سیاسییەکانی ئێراق گەیشتووە. ئەمە جگە لەوەی کە لێرە و لەوێ باس لە پلانێکی نێودەوڵەتییش دەکرێت کە ئەمریکا و بەریتانیا و وڵاتانی کەنداو لە پشتیەوەن بۆ گۆڕینی ئەم نوخبە سیاسییە بە زەبری هێز و دانانی نوخبەیەکی دیکە لە جێگەیان، بەڵام ئەم قسانە پێدەچێت زیاتر لێکدانەوە بن تاوەکووزانیاری، خۆ ئەگەر زانیاریش بن لەوانەیە زانیاری بە مەبەست بن (misinformation) بۆ گوشار درووستکردن یاخود مەبەستێکی دیکە. بەڵام ئەمە هیچ لەو شیکردنەوەیە ناگۆڕێت کە مەیلێک هەیە بۆ گۆڕینی ئەم نوخبە سیاسیەی دوای 2003 کە دەستیان گرتووە بەسەر تەواوی پڕۆسەی سیاسی و بە هەڵبژاردنەکانیش ناتوانرێت لابچن و بگۆڕدرێن، بۆیە دەکرێت بڵاوبوونەوەی گفتوگۆ و کارە نەشیاوەکانی ئەم نوخبەیە و سەفەقاتی گەندەڵی و ..تاد، سەرەتای ئەو هەوڵە بێت کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئێراقدا بۆ گۆڕینی نوخبەی سیاسیی دوای 2003 دەیدەن. ئەم هەوڵە لە هەمان کاتدا پشت ئەستوورە بە پاڵپشتیی جەماوەر و شەقامی ئێراقی و هەندێک لایەنی سیاسیی ناو پڕۆسەی سیاسی، ئەمەش بێگومان هەنگاوەکانی ئەم هەوڵە ئاسانتر و خێراتر دەکات.
[1]