قۆناخی دوای کشانەوەی سەدر لە پەڕڵەمان
یاسین تەها محەمەد
14-06-2022
سەرئەنجام سەدر هەڕەشەکەی بردەسەر و تاڕادەیەک بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە پەڕڵەمان کشایەوە، ئەمەش لە یەکێک واتاکانیدا وەستانە لەدەرەوەی بارگرانییەکانی هەڵگرتنی بەرپرسیاریی قەیرانی سیاسی و حکومی کە پاش هەشت مانگ لە ململانێی سەخت گەیشتووەتە بنبەست. بەشێک لە هۆکارەکانی کشانەوەکەی سەدر کەسێتییە و بەشێکی تریشی دەرهاوێشتەی دیدگای خۆیەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕکابەرە شیعەکانی، بەڵام ئەمە لاسەنگییەکی گەورەی لە پڕۆسەی سیاسیدا درووستکردووە و لە پاش ئێوارەی 12ی حوزەیرانی 2022وە ئەوەندەی چارەنووسی ئێراق بووەتە جێگەی پرسیار ئەوەندە باسەکە لەسەر سەدر و لیستەکەی نییە.
لە پاش بڕیارەکەی سەدر، گەورەترین لیستی براوەی پەڕڵەمان 73 کورسی کە نوێنەرایەتی 885 هەزار دەنگی عەقیدەیی شیعە دەکەن، بڕیارە لە جێگەی ئەوانیشدا ئەو لیستانەی کە پێیان دەگوترا دۆڕاو دەست بەکارببن، ئەمەش ناهاوسەنگییەک لە شەرعیەتی پەڕڵەماندا درووستدەکات، بەتایبەت لەسەر ئاستە شیعییەکەی و شیعەی سیاسی کە ڕەنگە زۆرینە لەناو پەڕڵەماندا لە دەست بدەن و ئەمەش لە پاش 2005 ڕووینەداوە و بێ پێشینەیە.
لە کشانەوەکەیدا، سەدر هەردوو هاوپەیمانەکەی کە پارتی و سیادەی سوننەن، لە هەنگاوەکانیان بۆ قۆناخی داهاتوو ئازاد کرد، بەڵام ئەو دوولایەنە ئێستا بەگوێرەی یاری ژمارەکانی پەڕڵەمان دەوروبەری 98 کورسی ماونەتەوە. چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعی کە خۆیان دەوروبەری 120 کورسین و بە عەزمی سوننە و یەکێتی و هاوپەیمانەکانی دیکەیانەوە دەگەنە 178 پەڕڵەمانتار. زیاتر لە 50 پەڕڵەمانتاری سەربەخۆ یان ئۆپۆزیسیۆن و نوێنەرانی پێکهاتەکانیش هەن، کە ئەمەش بە مانای لاسەنگ بوونی تای تەرازووەکەیە نەک تەنیا لەڕووی چەندایەتی بەڵکوو لەڕووی چۆنییەتیشەوە. چونکە هاوپەیمانی سێقۆڵی خۆی بە نوێنەری میانڕەوی ئێراقی و کرانەوە بەڕووی دەوروبەر دەزانی بەرانبەر بەرەی گرووپە چەکدارەکان کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی نوێنەرایەتییان دەکات و هەموو ڕێگەکانیشیان دەچێتەوە سەر تاران.
لە ئێستاوە پرسیارێکی سەرەکی دێت و دەچێت کە ئەگەر گرووپەکان ببنە خاوەن خوانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و ئەگەر لە ئامادەنەبوونی سەدر و لە سەردەمی بێدەنگی مەرجەعیەتی سیستانیدا و مالیکی ببێتەوە بە دەمڕاستی سیاسی ئەو حکومەتە یان درووستکەری، ئایا پەیوەندییە سیاسی و دیبلۆماسی و ئابوورییەکانی ئێراق لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و کەنداو و ئەوروپا و ئەمریکا چی بە سەر دێت؟
سەدر پاساوی کەسێتی و عاتفی و ئەخلاقی و ڕەنگە سیاسیشی هەبووبێت بۆ کشانەوە، هەنگاوەشی هێندەی بە ئامانجی گەڕانەوەیەکی بەهێزترە لە جاران، ئەوەندە ڕازیبوون نییە بە شکست و ملدان بۆ لەمپەرەکانی چوارچێوەی شیعی. سوننەکان و پارتی کە هاوپەیمانی سەدرن، دەڵێن ڕێز لە بڕیارەکەی سەدر دەگرن کە هێمایە بۆ ئەوەی وەک ئەو ناکشێنەوە، بەڵام هەردوولایان لە بەردەم هاوکێشەیەکی نوێدا دەبن، حەلبوسی پێگەکەی لەق بووە، چونکە سەرۆکی پەڕڵەمان بەدەست زۆرینەی نوێی پەڕڵەمانە! سەبارەت بە پارتیش هەشت مانگ تۆمەتبارکردن بە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل و هێرشی درۆن و مووشەکباران، لێناگەڕێت کە بە ئاسانی لەگەڵ بەرەی گرووپەکان پەیوەست ببێت، جگە لەوەش بڕیاری دادگای فیدراڵیی لەبارەی نەوتی هەرێمی کوردستانی بەسەردا هاتووە کە ئاسۆی گەیشتن بە ڕێککەوتن لێڵتر دەکات، ئەم پێدراوانەش ئاماژەن لەوەی پڕکردنەوەی بۆشایی سەدر و درووستکردنی ڕەوش و بارودۆخی نوێ لانی کەم کات و دانووستانی زۆرتری پێویستە لەوەی کە حەلبوسی لە کۆنگرە ڕۆژنامەڤانییەکەی عەمماندا کە ویستی ئاسان وێنای بکات.
لە مەودای ناوەڕاستیشدا ئامڕازەکانی گەڕانەوەی سەدر ڕوونن کە سەروکاری کردنی ئۆپۆزیسیۆنی جەماوەری و گەڕانەوەیە بۆ گۆڕەپان و خۆپێشاندان، بەتایبەت کە بەرەو مانگی تەممووز دەچین لەگەڵ ئەمەشدا بە ئەگەری زۆر سەدر باڵی ڕادەخات بۆ هەر بزووتنەوەیەکی دیکەی ناڕازی و هەندێک لە پاشماوە پەرتەوازە بێ کەسەکانی تشرین کە ئێستا ئەوانەی بەناوی نوێنەرایەتی ئەوانەوە سەرکەوتوون لە پەڕڵەمان لە شەڕێکی سەختی کورسی و یەکتر تۆمەتبارکردندان، بەم پێیەش دوور نییە هاوینێکی گەرم و گرژی زۆر لە بەر دەرگای ئێراقدا بێت کە بارگرانییە زۆرەکەی لەسەرشانی شیعەیە کە لەسەر هەمان تاس و حەمامی پێشوو حکومەتی سازان درووست دەکەن.
زۆر لەو چارەسەرە بەردەستانەشی لە ئاسۆدان بۆ چارەسەری کشانەوەی سەدر، دەچنەوە سەر دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن، بەڵام ئەوەش بژاردەیەکی هەروا ئاسان نییە، لەبەر ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەمان ئەنجامی ئێستا یاخود بەرفراوانتربوونی ڕووبەری بایکۆت. ئەمەش دەرگە بۆ چارەسەرەکانی دەرەوەی سندووق دەکاتەوە کە گرژی چەکداری و خۆپێشاندانی جەماوەری و دووبارەکردنەوەی دۆخێکی هاوشێوەی تشرینە کە شەرعیەتی کۆماری پاش 2003 بخاتە ژێر هەڕەشە و مەترسی و ئەوکات ئەگەرەکانی گۆڕین و چارەسەری کتوپڕ و بەپەلە زیاتر دەبن. [1]