$بێدەنگیی مەرجەعییەت لە پەلکێشانی سەدر$
#یاسین تەها محەمەد#
#17-01-2022#
ناکۆکییە قووڵەکانی هێزە سیاسییە شیعییەکان لە یەکەم دانیشتنی پەڕڵەماندا بەزەقی بۆ دەرەوەی تایفەکە دەرکەوت و، ئەو پەلکێشانە بەردەوامەش کە لە وتار و کاریگەریی سەدردا هەیە، پێکەوە پرسیاری گەورەیان لەسەر ڕۆڵ و هەڵوێستی مەرجەعیەتی سیستانی درووستکردووە.
سیستانی مەرجەعی باڵایە، لە ساڵانی گەمارۆی ئابووری و پاش شکستی ڕاپەڕینی شیعە لە پارێزگاکانی باشوور و لە ئەنجامی مردنی ئایەتوڵڵا خوئی دەستبەکاربووە (1992) ، بەڵام پاش دەیەیەک لەو مێژووە، چانسی ئەوەی پێبڕا کە لەسەردەمی ئەودا ڕابوونی شیعە و سەرکەوتنیان بۆ سەر تەختی بەغدا لە خەونەوە ببێتە ڕاستی (2003) ، ئەمەش سیستانی کردە ڕابەر و ئاڕاستەکەری لەدایکبوونەوەی شیعە. بە گوشار و پێداگری سیستانی، دەستووری 2005 پێگەیێندرا، هەر بە ڕێنمایی ئەویش یەکەمین گەورەترین و بەرفروانترین هاوپەیمانی شیعە پێکهێنرا (لیستی مۆمەکە 169) ، بە نامەیەکی ئەویش ویلایەتی سێیەمی مالیکی لەبار برا. کاتێک #داعش# گەیشتنە پشتێنەی بەغدا (هاوینی 2014) ، فەتوای ئەو بوو کە شیعەی ئێراقی لە مەترسی داڕمان و هەرەس پاراست.
ئێستاش کە شیعەکان وەک ئەو ڕووداوە جومگەییانەی پێشتر کەوتوونەتە نێو دابەشبوونێکی بێ وێنە و، گفتوگۆ و بەریەککەوتنەکانیان لەبارەی گۆڕینی بنەماکانی پڕۆسەی سیاسی چڕبووەتەوە، لە زۆرلایەنەوە شیعەکان سۆراخی هەڵوێستی نەجەف دەکەن. بەتایبەت پاش ئەوەی سەرجەم ڕێگەکانی گفتوکۆ و دانووستاندن لە قۆناخی یەکەمدا بەسەردانی قائانیشەوە بۆ ئێراق، نەیانتوانی بە لانی کەمی لێکتێگەیشتنەوە بیاننێرنە یەکەم دانیشتنی پەڕڵەمان، بەڵام مەرجەعییەت تاوەکووئێستا بێدەنگی ئاشکرایە و ڕۆڵی تەماشاکەری هەڵبژاردووە.
سیستانی کە هەر زوو ئیحراجی کاری لایەنە شیعەکان بوو، لە 2011 دەرگای ماڵەکەی بەڕووی سەردانی سیاسییەکان دا داخست. لە شوباتى 2016 بێ هیوابوو لە ئامۆژگاریکردنی هێزە شیعەکان و وتاری سیاسی هەفتانەی ڕاگرت. لە دوای ئەو کاتەشەوە تەنیا چوار جار پەیامی ڕاستەوخۆی هەبووە لە وتاری هەیینییەکان، کە ئەوانیش وتاری ڕزگارکردنی موسڵ #14-07-2017#، وتاری گشتپرسی کوردستان #29-09-2017# ، وتاری سەرکەوتن بەسەر داعش #15-12-2017# و دواترینیشیان سەبارەت هەڵبژاردن بوو #04-05-2018#. لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆناشەوە نوێژی جومعەی کەربەلای بەیەکجاری ڕاگرت (ئاداری 2020) ، بەمەش ئاگاداربوون لە هەڵویست و ڕێنماییەکانی مەرجەعییەت کوورت بوویەوە بۆ کەناڵە تایبەتەکان و، بەشێوەی ئاشکراش نەجەف قسەکردنی سەبارەت پرسە گشتییەکانی ئێراق ڕاگرت.
ڕاگرتنی وتار کە بە جۆرێک لە پاشەکشەکردنی سیستانی لێکدەدرێتەوە لە ئاڕاستەکردنی پڕۆسەی سیاسی، ڕێگرنەبوو لەوەی نەجەف لە پشت پەردەوە لاری نەبوونی خۆی بداتە عادل عەبدولمەهدی بۆ پێکهێنانی کابینەکەی (ئۆکتۆبەری 2018) ، کاتێکیش خۆپیشاندەران تەنگیان بە عەبدولمەهدی هەڵچنی و خوێنی خۆپیشاندەران شەقام و گۆڕەپانەکانی سوورکرد، مەرجەعییەت داوای پێداچوونەوەی بە حکومەتدا کرد و ناچار، عەبدولمەهدی دەست لەکارکێشانەوەی بەر لە پەڕڵەمان پێشکێش بە نەجەف کرد (نۆڤێمبەری 2019) ، لەکاتێکدا چەندین ساڵە ئەوە بڵاوە کە پەیڕەوی قوتابخانەی نەجەف ویلایەتی فەقیە نییە و سیستانی لە بەرەی ویلایەتی گشتی نییە.
دوای هەڵبژاردنی 2010 کە شیعە کەوتوونەتە بەردەم قۆناخێکی نوێ، مەرجەعی باڵا تەمەنی لە 92 ساڵیدایە، بەهۆی تەندرووستی و نەریتی پارێزگارانەی خودی سیستانیشەوە، لەم چەند ساڵەی دواییدا هەموو چاوەکان و سەرنجەکان لەسەر محەمەد ڕەزای کوڕە گەورەی (60 ساڵ) و محەمەد باقری کوڕە بچووکییەتی، کە بە شێوەیەکی نیمچە بەردەوام لە پرسە و بۆنە ئایینییەکاندا دەردەکەون. محەمەد ڕەزاش دەرگاوانی ژووری سیستانی و بەڕێوەبەری نووسینگە تایبەتەکەی باوکییەتی و، هەموو ئەوانەی دەچنە ماڵەکەی لە نزیک مەزاری ئیمام عەلی بە فلتەری ئەودا دەڕۆن و مەرجەعیش زیاتر هە�%