ناونیشانی بابەت: مێژووی جووەکانی کەرکووک و ئاسەوارەکانیان بەرەو فەوتان دەڕوات.
جووەکان لە دێرزەمانەوە لە #کەرکووک# بوونە و سەرباری ئەوەی لە سەرەتایی ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە لە شارەکە نەماون، هێشتا بەشێک لە ئاسەوارەکانیان ماون، بەڵام بەرەو نەمان و فەوتان دەڕوات.
$تەنیا کورد بەرگری لە جووەکانی کەرکووک دەکات لە هێرشی نەیاران بۆ سەریان$
لەم بارەیەوە، ئەمڕۆ شەممە 25ی 3ی 2023، ستار جەباری، شارەزا لە مێژووی کەرکووک، بۆ (باسکورد)، ڕایگەیاند، جوو هەر لە مێژە لە کەرکووک هەبوون و لە قەڵای کەرکووک نیشتەجێ بوونە، ئاسەواریشیان هەبوو، بەڵام بەداخەوە لە ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو واتا کاتی ڕژێمی بەعس، ئاسەوارەکانیان تێکدا، بەڵام کەمە کەمە تا ئێستا ئاسەوارەکانیان ماون و لەسەر قەڵای کەرکووک بەتایبەت ئاسەواریان ماوە و لە کەرکووک کاری بازرگانیان کردووە واتا پیشەوەر نەبوونە و دواتریش لە ساڵی 1732 نادرشا، هێرش دێنێ بۆ سەر کەرکووک بۆ ڕەشەگوژی جووەکان، بەڵام کوردەکان بەتایبەت جەبارییەکان کە چەند بنەماڵەیەکیان لەسەر قەڵای کەرکووک دەبن، بەرگری و پارێزگاری لە جووەکان دەکەن و دواتریش هێزەکەی نارد شا دەشکێنن و ئەو بەکرێگیراوانەی کە لەگەڵی بوونە تورک بوونە و دەچنە گوندی قۆرییە و پێشیر لە کەرکووک، محەمەد خان بلوچ لە ئێران خۆپیشاندان دەست پێ دەکات بۆ ئیتقیلابی شا و شا دەگەڕێتەوە.
ڕوونی کردەوە، شا کە دەگەڕێتەوە بەڵام بریندار و پەکەوتەکانیان لە گوندەکانی قۆرییە و بێشیری کەرکووک جێدەهێڵن، ئیتر تورکمانی شیعە درووست بووە لە خوارووی کەرکووک ئەوە پاشماوەی ئەوانن، دوای ئەوەی وەک گوتم کوردەکان بەرگری لە جوەکان دەکەن لە کەرکووک لە پاداشتی ئەوە ئاسەوارێک بۆ کوردەکان (جەبارییەکان) لە پشت قەڵاوە درووست دەکەن و کورد حوکمڕانی دەکات لە شارەکە.
$جووەکان لەگەڵ کوردا بەشدارییان لە جەژنەکاندا کردووە$
جگە لەسەر قەڵا جووەکان لە کوێ تری شاری کەرکووک بوون، ئەو شارەزاییەی مێژووی کەرکووک، وتی، جگە لە قەڵا جووەکان دێنە خوارەوە و گەڕەکی جوەکان لە پیریادی کەرکووک درووستدەکەن، هەموویان پێکەوە بوونە ماڵەکانیان و گشتیان لەنێوان خانووەکانیان کون هەبووە بۆ گۆڕینەوەی ئاگر لە ڕۆژانی شەممە و هەروەها لە جەژنەکانیش لەگەڵ کوردا بەشدارییان کردووە، بەڵام بەداخەوە جگە لە کورد، تورکمانەکان بەتایبەتی شەڕیان پێیان فرۆشتوە، تەنانەت لەرێگەوبانەکان کچەکانیان بەزۆر گرتووە و ماچیانیان کردووە و دەستیان بە جووەکان سڕیوەتەوە.
$جووەکان ڕۆڵی گەورەیان هەبووە لە پێشخستنی شارستانەیەت لە کەرکووک$
هاوکات ستار جەباری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، جووەکان ئیتر بە چەند هۆکارێک کۆچ دەکەن بەرەو فەلەستین، بەڵام ئەوان ڕۆڵی گەورەیان هەیە لە پێشخستنی شارستانی لە کەرکووک، بۆ نموونە یەکەمجار سینەما ئەوان دەیهێنن بۆ کەرکووک و هەروەها وێنەگری دێنن و ئینجا ئەوانەی کە ئیسلام دەڵێت حەرامە ئەوان دەیکەن، هەر بۆ نموونە تیپی مۆسیقا و مەقاماتیان لە کەرکووک دامەزراند و شارستانیەتی کەرکووک لە ڕاستیدا بەوان پێشکەوتووە.
$قەڵای کەرکووک کورد و جوو درووستیان کردووە$
لە کۆتاییدا لە بارەی ئەوەی کە قەڵای کەرکووک کێ درووستی کردووە، ستار جەباری، وتی، قەڵای کەرکووک کورد و جووەکان درووستیان کردووە و قەڵای کەرکووک پایتەختی #خورییەکان# بووە کاتی خۆی و خورییان زستانان لە قەڵاکە بوونە و هاوینان چونەتە سەرێ کانی کە لە باکووری کوردستانە کە گەورەترین کانییە.[1]