قانگدان
ئەمجەد شاکەلی
24-09-2021
پێش جێهێشتنی کوردستان و گیرسانەوەم لە سوید، نزیکەی 6 ساڵ لە کارگێڕی ئاماری سەربە وەزارەتی نەخشەدانانی ئێراق، لە کەرکووک، سلێمانی و هەولێر کارم کرد. ڕۆژانەی کار، مانەندی هاوکارانم، ژیانم لەتەک ژمارەدا بەسەر دەبرد، ئیدی لە ژمارەی ڕووبەری زەوی کشتوکاڵی، ژمارەی کارگەر، تۆنی چیمەنتۆ، ژمارەی ئاسنگەر، نەفەری سینەما، ژمارەی پەز، کەر، چێل، کیلۆی شەکر و ئارد و لیتری ڕۆنی شیرینەمەنی، نەفەری چایخانە و حەمام و هۆتێل تاوەکوو دەگاتە ژمارەی دەیان شتی دیکە. بۆیە تاوەکوو هەنووکەش ئامار سەرنجم ڕادەکێشێت و ئامار بە گرنگ دەزانم بۆ نەخشەدانان بۆ داهاتوو و خوێندنەوەی پێشهات و پێشبینیکردن. وەک چۆن لە کەلەپوور و ئەدەبیاتی مارکسیزمدا هەمیشە جەخت لەوە کراوەتەوە، کەهیچ بزاڤێکی شۆڕشگێڕانە بێ تیۆرییەکی شۆڕشگێڕانە نابێت، خوێندنی زانستگە و کار و ژیانیش، ئەوەیان فێرکردم، کەهیچ گەشەسەندن و بووژانەوە و فراژووتنێک بێ نەخشەدانان نابێت و هیچ نەخشەدانانێکیش بێ ئامار نابێت.
لە ماڵپەری تۆڕی میدیایی ڕووداو دا، لە 14 سێپتەمبەری 2021، نووسینێکم بە ناوونیشانی (لە کۆی 81 هەزار تەکسی تەنیا 22 هەزاریان لەزگەیان لێدراوە)، نووسینی هێمن بابان ڕەحیم، بەرچاوکەوت. ژمارەکانی نێو بابەتەکە سەرنجیان ڕاکێشام و هانیاندام وەدووی هەندێ سەرەداوی پێوەنددار بەو باسەدا بگەڕێم. بە گوێرەی بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوە لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان (ئوستانەکانی دهۆک، هەولێر و سلێمانی، دیارە هەڵەبجە و گەرمیان و ڕانیە و سۆران و...یان لەگەڵدان، کە وەک کارگێڕی سەربەخۆ دێنە ژماردن) دا و ئێستا (ساڵی 2021) ، 81000 (هەشتاویەک هەزار) تاکسی هەن، کە بەم شێوەیە دابەشدەبن: هەولێر: 36 هەزار، سلێمانی 27 هەزار و دهۆک: 18 هەزار.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، کە ئاماری ساڵی 2021ە و لە مانگی ئەپریلدا لە ڕووداو بڵاوکراوەتەوە، کۆی گشتیی ژمارەی ئۆتۆمبیل لە هەرێمی کوردستان: یەک میلیۆن و 896 هەزار و 593 ئۆتۆمبیلن. یەک میلیۆن 91 هەزار 466 ئۆتۆمبیلیان تایبەتن، کە 58٪ی کۆی ژمارەی ئۆتۆمبیلی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن. لەنێو تەواوی ئەو ژمارەیەدا، بە تایبەت و ناتایبەتەوە، 19 هەزار ئۆتۆمبیلی بێسەرەتا و ئۆتۆمبێلەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، تۆمارنەکراون.
بەگوێرەی ئامارێکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، کە لە 6 دێسەمبەری 2020دا بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی دانیشووانی هەرێمی کوردستان شەش میلیۆن و سەدوحەفتاویەک هەزار و هەشتاوسی (6، 171، 083) کەسن . هەر ئەم دەستەی ئامارەی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستانە لە ڕۆژی 27ی جەنیوەری 2018دا، واتە: دوو ساڵ پێش ئەو ئامارەی ساڵی 2020، مەزەندەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لەو ساڵەدا (2018) بە حەفت میلیۆن و دووسەد و هەشتاو سێ هەزار و حەفتسەت و پەنجا (7، 283، 750) کەس دەکات ، کە پتر لە میلیۆنێکی زیاترە لە ساڵی 2020 (ساڵی 2018 زیاترە لە ساڵی 2020) وەک بڵێی قڕان کەوتبێتە نێو خەڵکی ئەو هەرێمی کوردستانەوە و لە ماوەی دوو ساڵدا یەک میلیۆنیان لێ نەمابن!
بۆ خوێندنەوەیەکی ئەو ڕەوشەی کوردستان و گەیشتنە ئەنجامێک و بەرچاوڕوونییەک، بەراوردێکی ژمارەی تاکسی و ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و ڕێژەی تاکسی بۆ هەر یەک هەزار کەس، بە هەمان ئەو ژمارانە لە نۆ وڵاتی ئەوروپا و لەم خشتەیەی خوارەوەدا دەکەین، کە لە ساڵی 2018دا بڵاوکراونەتەوە:
(بڕوانە فایلی پەیوەندیدار)
ڕێژەی ئۆتۆمبێلی جۆری تاکسی لە نۆ وڵاتی ئەوروپی
بەگوێرەی کارگێڕی و نێوەندی ئاماری سوید (SCB)، ژمارەی ئێستای دانیشتووانی سوید (جوونی 2021) ، دە میلیۆن و چوارسەت و شانزدە هەزار و پێنجسەت وهەشتاوپێنج (10416585) کەسن. ژمارەی تاکسی، کە بە گوێرەی ئەو خشتە و سەرچاوەیەی سەرەوە لە ساڵی 2018دا، لە کاتێکدا دانیشتووانی سوید 10.1 میلیۆن کەس بوونە، 17800 تاکسی بووە، لە ساڵی 2021دا کە ژمارەی دانیشتووانی سوید بووەتە نزیکەی دە میلیۆن و نیو کەس، ژمارەی تاکسی بووەتە 18000 تاکسی، واتە: تەنێ 200 تاکسی زیادی کردووە.
تەواوی ئەو ئامار و ژمارانە پێمان دەڵێن:
1. تەنیا لە ئوستانی دهۆکدا، هێندەی تەواوی وڵاتی سوید تاکسی هەن.
2. تەنیا لە ئوستانی هەولێردا دوو هێندەی تەواوی وڵاتی سوید تاکسی هەن.
3. تەنیا لە ئوستانی سلێمانیدا 9 هەزار تاکسی زیاتر لە ژمارەی تاکسییانی وڵاتی سوید هەن.
4. بەرزترین ڕێژەی تاکسی بۆ هەر یەک هەزار کەس لەنێو ئەو نۆ وڵاتانەی ئەوروپادا سویدە، کە 1.7 ە، لەکاتێکدا بۆ هەر یەک هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان 13.5 تاکسی هەن، واتە: هەر 74 کەس (دیارە بە منداڵی قوماتکراوی نێو بێشکە و لانکیشەوە) یەک تاکسییان بەر دەکەوێت، لێ لە سوید هەر 588 کەس یەک تاکسییان بەر دەکەوێت.
5. کۆی تەواوی ژمارەی تاکسییانی شەش وڵاتی ئەوروپا: سوید، دانیمارک، نۆروێژ، فینلاند، بێلژیک و هۆڵاند دەکاتە 53300 تاکسی و کۆی ژمارەی دانیشتووانی ئەو شەش وڵاتە دەکاتە 54.9 میلیۆن کەس، کە نۆ هێندە و پتری دانیشتووانی هەرێمی کوردستانن، لێ هەرێمی کوردستان 20 هەزار تاکسی زیاتری لەو شەش وڵاتە وێکڕا تێدایە.
6. هەر یەک لە ئەڵمانیای 83 میلیۆنی و فرانسای 67 میلیۆنی و بەریتانیای 66 میلیۆنی، کە سێ زلە وڵات و سێ دەوڵەمەندە وڵاتی جیهانن، هەر وڵاتەو بە تەنێ هێندەی هەرێمی کوردستان تاکسی تێدا نییە.
تەواوی ئەو ئامار و ژمارانە چ ئەنجامێکمان دەدەنە دەست:
ئەگەر ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەسەر ژمارەی ئۆتۆمبیلی هەرێمی کوردستان دا دابەش بکرێن، هەر 3 کەس یەک دانە ئۆتۆمبیلیان بەر دەکەوێت، کە ئەمە ڕێژەیەکی بەرز و ناپێویستە.
تەواوی ئەو تاکسییانەی کوردستان، هەشتاویەک هەزار تاکسی، بێ بەرنامە و بێ نەخشە و بێ گوێدانە ژێنگە و... شەو و ڕۆژ بەسەر شەقام و نێو کۆڵان و نێو شار و نێوان شار و شارۆکە و ئاوەدانییەکانی هەرێمی کوردستاندا دەخولێنەوە و دووکەڵ و گاز و پیسایی و بۆن بە هەوادا و لەنێو ئاوەدانیدا بڵاودەکەنەوە و بە گەرووی مرۆڤیدا دەکەن، کە دەبنە هۆی سەدان نەخۆشی و دەردی کوشندە.
زۆری ژمارەی ئەو ماشێنانە بە تاکسی و ناتاکسی و تایبەت و ناتایبەتەوە، جادە و ڕێگەوبانەکان وێران دەکەن و دەبنە هۆکاری پیسکردنی ژینگە و سەدان ڕووداوی دڵتەزێنی لەبەینچوون و بریندابوونی خەڵک.
بوونی ئەو هەموو ئۆتۆمبیلە بارگرانییەکی ئابوورییە بەسەر وڵاتەوە.
ڕەنگە کەمیی ژمارەی تاکسی لە ئەوروپا بگەڕێتەوە بۆ زۆریی و فراوانی و ئاسانیی ئامرازەکانی هاتوچۆ و گواستنەوە، وەک ئۆتۆبووس، شەمەندەفەری سەرزەوی و ژێرزەوی (مێترۆ) و ترامی گشتی و تەنانەت هەندێ جار کەشتی و گەمی (بەلەم) یش دەگرێتەوە، کە هەموو قوژبن و گەڕەکێکی باژێڕ و شارۆکە و گوند و ئاوەدانییە گچکەکان و نێوان هەموو شار و ئاوەدانییەکان پێکەوە گرێدەدەن و دەبەستنەوە و بە جارێک خەڵکێکی زۆر هەڵدەگرن و دەگوێزنەوە و دەستەبەریشە بۆ هەمووان، بەنرخێکی هەرزان و بەبێ جیاوازی، تەنانەت بۆ کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکانیش، سەرباری هەموو شتێکیش سەلامەتتر و بێ کێشەترە. ئەو جۆرە گواستنەوە و هاتوچۆ گشتییە یان میللییە بە ئینگلیزی پێیدەگوترێ (Public transport) و بە سویدیش (Kollektivtrafik). ڕەنگە زۆری تاکسییش لە هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە بۆ نەبوونی گواستنەوە و هاتوچۆی گشتی و میللی، کە کارەسات و نەهامەتی و بەدبەختی و سیاچارەییەکە، لە ڕووی ژینگە و پیسی و ناسەلامەتییەوە، بۆ تەواوی خاک و خەڵک و سرووشتی وڵاتەکە، لێ بۆ خەڵکە هەژار و نەدارەکە ئەو کارەسات و نەهامەتی و بەدبەختی و سیاچارەییە دوو جار و دوو هێندەی خەڵکە گیرفانپڕ و بەرپرس و دەسەڵاتدارەکەیە. دەسەڵاتدار، بەرپرس و گیرفانپڕ و سەرمایەداران، شوێن و شێوازی ژیانیان لە خەڵکە ڕەشۆکییەکە جیاوازە. ئەوان، تەنانەت ژینگە و خۆراک و چارەسەری تەندرووستی و دەرمان و خوێندنگە و هاتوچۆ و ئاو و هەوا و کارەبا و هەرچی شتیانە جیاوازە. ئەوان بەڵێ بەناو لە کوردستان دەژین، لێ جیهانی ئەوان جیهانێکی دیکەیە، کە هیچ لە ئەریستۆکرات و سەرمایەدارانی ئەوروپا و ئەمەریکا جیاواز نییە!
دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان، 30 ساڵە ئەو دەڤەرەیان لەبندەستە، تاوەکوو هەنووکە نەیانتوانیوە تۆڕێکی هاتوچۆ و گواستنەوەی گشتی نێو شاران و نێوان شارانی هەرێمی کوردستان و دەرێی هەرێمی کوردستان درووست بکەن. ئەگەر پێش 2003، بە سەردەمی تەنگانە و کێشە و ترسی بەعس و ناسەقامگیری و چی و چی دەژمێرن، خۆ لە 2003وە تاوەکووئێستا دەکاتە 18 ساڵ! 18 ساڵ، ماوەیەکی یەکجار زۆرە بۆ دامەزراندن و درووستکردنی تۆڕی پێشکەوتووی هاتوچۆی گشتی و میللی و وەلانانی ئەو هەموو تاکسییە. دەکرا بە ئۆتۆبووس دەست پێ بکەن و لەبری هەشتاویەک هەزار تاکسی، بە پێنج هەزار ئۆتۆبووسی گەورە کێشەی هاتوچۆی هەموو دەڤەر و قوژبنێکی هەرێمی کوردستان و دەرێی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکرا و دەکرێ. وەها کارێک لەنێوان 2003-2011 دەگەیشتە ئەنجام و لە 2011یشەو تاوەکووئەمڕۆ، دەکرا کار لەسەر مێترۆ و ترام و شەمەندەفەر و ئەوانە کرابا و تەواوی ئەوانە دەبوونە تۆڕێکی گەشەسەندوو و پێشکەوتووی هاتوچۆی گشتی و میللی.
کارکردن بە و بۆ و بەکارهێنانی گواستنەوەی گشتی و میللی، بێجگە لەوەی پێویستییەکی نیشتمانییە و هێمای پێشکەوتن و ژینگەپارێزییە، مافێکی گشتی خەڵک و تەواوی هاونیشمانانە. هەر لە سەردەمی ڕژێمی پاشایەتی ئێراقەوە تاوەکووکۆتایی ڕژێمی بەعس و سەددام حسێن لە ئێراقدا، بە کوردستانەکەیشییەوە، کاری پێدەکرا و تەنانەت لەسەردەمی بەعسدا، گەلێک پێشکەوتوویش بوو، لێ ئیدی دوای نەمانی بەعس ئەمانەی لەودەمیەوە دەسەڵاتدارن، وێرانیان کرد و نەیانهێشت و وەلایان نا، دیارە لەپێناوی بەهێزکردن و کەڵەگایی سەرمایەدار و بازرگانان و کارتێلەکانی بەنزین و ئۆتۆمبیل و بەڵێندەر و کەرتی تایبەت، کە تەواوی ئەوانە گرێدراوی حیزب و بەرپرس و دەسەڵاتدارانن و پارێزەری بەرژەوەندی یەکدین. گواستنەوەی گشتی، بێجگە لە ئاسانکاری گواستنەوەی مرۆڤ، پێویستییەکی مەزن و گرنگە بۆ گەشەندنی ئابووری و گرێدانی ئاوەدانییەکان و خەڵک و کۆمەڵیش پێکەوە. ئەگەر تۆڕێکی چڕ و پێشکەتووی هاتوچۆ و گواستنەوەی گشتی لە هەر وڵاتێکدا هەبێت، فەرهەنگی پاراستنی ژینگە، پیادەڕۆیی، بایسکیل ئاژۆتن، زاڵ دەبێت و کۆمەکێکی زۆر بە لەشساخی و پاکژیی هەوا و خاک دەکات. ئەمەی ئێستا لە کوردستان ڕوودەدات و هەیە، بێجگە لە وێرانکردنی ژینگە و تەندرووستی و پیسکردنی هەوا، شتێکی دیکە نییە. ئێستا 90% ی دانیشتووانی گۆی زەوی، بە کوردستانەکەی خۆیشمانەوە، لە ژیانی ڕۆژانەیاندا، هەوای پیس و قڕێژ هەڵدەمژن، کە تەندرووستییان وێران دەکات، دیارە هۆکارە سەرەکییەکەیشی نەبوونی تۆڕی هاتوچۆی گشتی و میللییە.
تۆ بە ڕۆژ لەسەر هەر کەژێکی بڵندی دەوروبەری سلێمانی، هەولێر، دهۆک، کەلار، هەڵەبجە، سۆران، ڕانییە، زاخۆ، کفری و... بنۆڕە ئەو باژێڕانە دەبینیت ئاسمانی شار، بە دووکەڵێکی چڕ و چڵکن و پیس داپۆشراوە. مرۆڤ کە ئەوە دەبینێت، تێدەگات چ هەوایەک هەڵدەمژێت، چ ماڵوێرانییەک ڕوودەدات و دەسەڵات چەندە نابینا و ناڕاستە لە چارەسەرکردنی ئەو پرسە.
دەسەڵات، هێندەی پارە بۆ دەسگەیەکەی بێخێری وەک پەڕڵەمان و پەڕڵەمانتاران و هێندە پارە بۆ کڕینی ماشێن و مۆبیلە و ڕازاندنەوەی ماڵ و جێی کاری بەرپرس و هێندەی پارە و مووچە و دەرماڵە و تایبەتمەندی بۆ وەزیر و گزیر و جێگری وەزیر و ڕاوێژکار و جێنێراڵ و بەڕێوەبەری گشتیی بندیوار و مشەخۆرانی حیزبی و دەستوپێوەندەکان خەرج دەکات و هێندە هانی پڕۆژەی بێفەڕ و بێخێر و ماڵوێرانکەری کەرتی تایبەتی، وەک مۆڵ و ڕیستۆرانت و کۆمپانیای زەبەلاحی هاوردنی شتی بێکەڵک و دەرمانی ساختە و کردنەوەی زانستگە و خوێندنگەی گرانبەهای بیانی بۆ منداڵە دەوڵەمەندەکان و کردنەوەی نەخۆشخانەی تایبەتی قۆڵبڕینی خەڵک، دەدات، هێندە بەتەنگ ژیانی خەڵک، زۆرینەی خەڵک، هەژارانی خەڵک، خەڵکە گشتی و ڕەشۆکی و چینەکانی خوارێی کۆمەڵەوە نایەت. ئەوەی بۆ خەڵک، زۆرینەی خەڵک، هەژارانی خەڵک، خەڵکە گشتی و ڕەشۆکی و چینەکانی خوارێی کۆمەڵ دەیکات، پرۆسێسی پڕۆژەی دووکەڵ بە گەروودا کردن و قانگدانیانە! [1]