ناونیشانی بابەت: گرنگی شوێن و کاریگەریی بەسەر دیالۆگەوە لە چیرۆکی منداڵاندا
ناوی نووسەر: #کاروان عەلی#
شوێن گرنگییەکی زۆری هەیە لە بواری نووسینی چیرۆکدا، نووسەر دەبێت شارەزایی لە هەڵبژاردنی شوێنی ڕووداو یاخود شوێنێ جوڵەی کاراکتەرەکانی هەبێت، بەتەواوی، چونکە شوێن کاریگەریی بەسەر تەواوی داڕشتنی چیرۆکەکەوە دەبێت، لە بیرۆکە و سەرتاوە تا لوتکە و کۆتایی، ناکرێت نووسەر وێنای شوێنێک لە هزری منداڵ بنەخشێنێت و لەگەڵ تەواوی ڕووداوەکە یەک نەگرێتەوە یان شوێنەکە گونجاو نەبێت بۆ ئەو ڕووداو و دیالۆگانەی نووسەر دەیبەخشێتە کاراکتەرەکانی چیرۆکەکەی، زۆر جار نووسەران بەبێ ئەوەی شوێن، گرنگی بداتە چیرۆکەکە و ئاماژەیەکی پەروەردەیی تر ببەخشێتە تەواوی ئەتمۆسفێری چیرۆکەکەی شوێنێک هەڵدەبژێرێت بەبێ ڕەچاوی سایکۆلۆژی یان کاریگەرییەکانی بەسەر دیالۆگ و جوڵەی کاراکتەر و کاردانەوەکانی، هەندێک کاتیش بێ ئەوەی بزانێت منداڵ هەمیشە وێنە درووست دەکات لەناخ و هزری خۆیدا و وێنەی شوێن دەنەخشێنێت...
هەر بۆیە دەبێت زۆر هۆشیارانە شوێن و جێگای ڕووداوی چیرۆک ئاشنابکرێت بە منداڵ، تاوەکوو منداڵ گرێی بۆ درووست نەبێت و لای نەبێتە پرسیار... هیچ گومانی تێدا نییە کەشێکی گونجاو یاخود شوێنێکی گونجاو هۆکارە بۆ ئەوەی منداڵ زیاتر چیرۆکەکەی لەلا دڵخوازتر و سەرەنج ڕاکێشتربێت و ئامانجی چیرۆکەکە لەبیری نەکات، بۆ هەنگاوەکانی داهاتووی ژیانی... زۆرێک لە نووسەران شوێن هەڵدەبژێرن، بەڵام بەشێوەیەکی ئەکادیمی و درووست ئەم کارە جێبەجێ ناکەن، واتە شوێنەکە ڕاستەوخۆ یەکانگیرناکەن لەگەڵ ڕووداوی چیرۆک و بابەتی سەرەکی چیرۆک و دیالۆگی کاراکتەرەکان، هەر لەبەر ئەمەیە لە دەرئەنجامدا لە هزری منداڵ شوێنی ویستراوی نووسەر بوونی نابێت، لەبەر نەشارەزابوون لەم بارەیەوە زۆرجاریش شوێنێکی ئارام لەدەروون و هزری منداڵ درووست نابێت، تەنیا نووسەر خۆی پەی بە شوێنەکە دەبات، ئەمەش چەندین لایەنی نەرێنێ تری لێدەکەوێتەوە...
بۆ نموونە شوێن ئەگەر وابەستە بکرێت بە ڕووداو یاخود بابەتی سەرەکی چیرۆک، بێگومان ئەمە ڕەنگدانەوەی لەسەر بەشێکی زۆری دیالۆگ دەبێت، واتە بەهەموو جۆرەکانی دیالۆگەوە، چونکە ئێمە چەندین جۆری دیالۆگمان هەیە، لەدنیای منداڵ و چیرۆکی منداڵان، بەم هەنگاوە گرنگە چیرۆکەکە ئامانجەکەی خۆی زیاتر دەپێکێت و زیندووتر دەمێنێتەوە، کەواتە شوێن و ڕووداو، زۆرجار دەبێتە هەوێنی دیالۆگ و شوێن بە هەمیشەیی کاریگەریی خۆی درووست دەکات لەسەر چۆنییەتی و مەبەستی دیالۆگەکان، بەشێوەیەکی گشتی، واتە زۆر جار نووسەران کەشێک درووست دەکەن، بەهۆی شوێن و ڕووداوەوە، بەڵام دیالۆگەکان پەرت و بڵاوترن لە مەبەستە سەرەکییە، تەواو وابەستە نەکراوە بەشوێنی ڕووداوەوە یاخود شوێنی جوڵەی کاراکتەر، یان کەم کوورتی هەیە لەم نێوەندەدا، ئەمە لەڕووی دەروونییەوە نەگونجانە، چونکە منداڵ ڕاستەوخۆ بەشێوەی ڕاستەوخۆیی و تەنانەت خوێندنەوەی چیرۆک و گوێ لێبوونیش تێکەڵاوێ ژینگە و شوێنەکە دەبێت، ئەمە بۆ کاراکتەرەکانی نووسەر ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر دیالۆگ و جوڵە و ئاماژەکانی درووست دەکات و دەبێت، ئەگەر بەشێوەیەکی ئەکادیمی و زانستی چیرۆکەکە لەسەر بنەمای زانستی داڕێژرابێت، یاخود نووسەرەکە شارەزایی تەواوی هەبێت لە نووسینی چیرۆکی منداڵ، بێگومان ئەگەر وێنەی ویستراوی هزری منداڵیش درووست نەبێت، وێنەیەک بۆ شوێن و هزری منداڵ درووست دەبێت کە شایانی بیرکردنەوە و هزری منداڵ بێت، زۆرێک لە نووسەران بۆ منداڵ دەنووسن جا چیرۆک و هۆنراوە بێت یان ئۆپەرێت یاخود دەقی شانۆیی، هەندێک نووسەری تریش هەن تەنیا دەتوانن قسە لەسەر گرنگی بەرهەمی منداڵ وچۆنییەتی بکەن، بەڵام بەزانستی ناتوانن بەرهەمێکی تایبەت و لەبیر نەکراو لەهزری منداڵ بنەخشێنن، یان بنووسن، چونکە نووسین بۆ منداڵ دنیایەکی فروانترەو شارەزابوون لێی زۆر ئەستەمە، هەموو ئەم ژانرانەی سەرەوە تایبەت مەندی خۆی هەیه، دەبێت نووسەر بە وریاییەوە چنینکاری بۆ تەواوی پێکهاتەی چیرۆکەکەی یان بابەتەکەی بکات، وابەستەی بکات بە شوێنەوە، بەشێوەیەکی درووست و زانستی، تاوەکووپەیوەندی شوێن و دیالۆگ وسەرجەم ڕەگەزەکانیتر و بابەتی چیرۆک و وێنەی درووستبوونی هزری منداڵ، ناڕوون و ڵێڵ نەبێت. [1]