$لۆبیکردن لە یەکێتیی ئەوروپا$
#دلاوەر خالید ئاژگەیی#
#16-12-2022#
لە چەند دەیەی ڕابردوودا برۆکسلی پایتەختی یەکێتیی ئەوروپا بووەتە ناوەندێکی گرنگی بڕیاردانی ئەوروپی بۆ پرسە گرنگە ستراتیجی و سیاسی و ئابووری و ئاساییشی پەیوەست بە یەکێتیی ئەوروپا و جیهان.
ئەم ناوەندە گرنگەی بڕیاردان، برۆکسلی لەدوای واشنتن کردووتە ژینگەیەک بۆ لۆبیستەکان کە هەوڵدەدەن لە بەرژەوەندی خۆیان کاریگەریی لەسەر ئەنجامی سیاسەتە گشتی و دەرەکییەکانی یەکێتیی ئەوروپا درووست بکەن.
$بەپێی ڕێککەوتنێکی نێوان کۆمیسیۆنی ئەوروپا و پەڕڵەمانی ئەوروپا، لۆبیکردن بەم شێوەیەی خوارەوە پێناسە دەکرێت:$ هەموو ئەو چالاکیانەی کە ئەنجام دەدرێن لەپێناو درووستکردنی کاریگەریی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەسەر داڕشتن یان جێبەجێکردنی سیاسەتی یەکێتیی ئەوروپا و هەروەها لە پڕۆسەی بڕیاردانی دامەزراوەکانی سەر بە یەکێتیی ئەوروپا لە ڕێگەی لایەنە دەرەکییەکان، ڕاگەیاندکاران و میدیاکاران، گرێبەست لەگەڵ ناوەندە پیشەییەکان، دامەزراوە فکرییەکان، پلاتفۆرم، مەکۆ، کەمپەین و دەستپێشخەرییە بنەڕەتییەکان.
گەڵاڵەکردنی پێناسەیەکی ورد بۆ لۆبیکردن کارێکی ئاسان نییە. لۆبیکردن لە چەشنی ئامرازێکی کارا پێناسە دەکرێت کە کاریگەریی لەسەر ڕەوت و ئەنجامی سیاسەتی وڵاتاندا هەیە.
لۆبیکردن وەک ئامرازێک وێنادەکرێت بە مەبەستی کاریگەریی نواندن لەسەر ڕەوت و پڕۆسە و ئەنجامی سیاسەتەکان. لۆبیکردن زانیاری دەگوازێتەوە بۆ بڕیاردەرانی پەیوەست بە پەسەندکردنی ئەو سیاسەتەی بڕیاری لێدراوە.
لۆبیکردن وەک کاناڵ و ئامراز و کەرەستەیەک بۆ گواستنەوەی زانیاری لە کۆبوونەوە و شوێنی تایبەت لەنێوان گرووپە بەرژەوەندیخوازەکان و سیاسەتمەداران و ستافەکانیان و بریکارەکانیان وێنا دەکرێت.
لێرەدا زانیاری وەک ئامرازێک بۆ لۆبیکردن سوودی لێوەردەگیرێت. لۆبیکردن کاتێک سەرکەوتوو دەبێت ئەگەر بڕیاردەرەکان بکەونە ژێر کاریگەریی لۆبیستەکان و بڕیارێک دەربکەن هاوتەریب بێ لەگەڵ سرووشت و ئامانج و ئاڕاستەی کارکردنی لۆبیستەکانەوە. زیاد لەمەش کاری لۆبیکردن کاتێک سەرکەوتن بەدەستدێنێت، لۆبیستەکان ڕێگری لە دەرکردنی بڕیارێک یا پەیڕەوکردنی سیاسەتێک بکەن ئەوان دژینی.
بەپێی پێناسەی فەرمی یەکێتیی ئەوروپا، لۆبیکردن بریتییە لە درووستکردنی کاریگەریی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەسەر داڕشتن یان جێبەجێکردنی سیاسەت و پڕۆسەکانی بڕیاردان.
بە بەراوردکردنی هەموو ئەم پێناسانە لەگەڵ یەکتریدا، دەتوانین بڵێین کە یەکێتیی ئەوروپا پێناسەیەکی گشتگیرتر و فراوانتر بۆ لۆبیکردن دەخاتەڕوو. بەپێی ئەم پێناسەیە کاریگەریکردن لەسەر بڕیاردەرانی یەکێتییەکە بە مەبەستی بەدەستهێنانی ئەنجامی سیاسەتێکی تایبەت یا هەڵوێستێکی سیاسی ئامانجدارە. لەم حاڵەتەدا لۆبیکردن ئامانجی خۆی پێکاوەو توانیویەتی کاریگەریی بەسەر سیاسەتی یەکێتییەکەوە هەبێت.
بە پێدانی زانیاری و شارەزایی لەسەر بابەتەکانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و پیشەسازی، ڕەنگە لۆبیستەکان کاریگەریان لەسەر بڕیاردەرانیش هەبێت. لە ئەنجامدا پێدانی زانیاری بە بڕیاردەران کلیلی گەیشتن دەبێت بە سیاسەتمەدارو سەرچاوەکانی بڕیار لە یەکێتییەکە.
بۆ ئەوەی لۆبیستەکان دەستیان بە سەرچاوە و ڕەوتی داڕشتنی سیاسەت لە دامەزراوەکانی یەکێتیی ئەوروپا بگات، لۆبیستەکان پێویستە زانیاری هەستیار و گرنگ پێشکەش بە بڕیاردەران بکەن. بە واتایەکی دیکە لۆبیستەکان و بڕیاردەران هاوکاری یەکتر دەکەن لە ئاڵوگۆڕی زانیاری لەنێوان خۆیاندا. بۆیە پێویستە لۆبیستەکان بە باشی خاوەنی زانیاری گرنگ و ورد و ڕاست و درووستبن بۆ ئەوەی بتوانن کاریگەریی درووست بکەن.
$ستراتیژیی لۆبیستەکان:$
لەپێناو گەیشتن بە ئامانجە دیاریکراوەکانیان، لۆبیستەکان ستراتیجی و ڕێگەی تایبەت دەگرنەبەر، واتە بۆ گەیشتن بە ئامانجی جیاجیاوە، ستراتیجی و ڕێوشوێنی جیا دەگرنە بەر و مێتۆدی کارا بەکاردەهێنن.
بەو پێیەی سیاسەتەکان لە زۆربەی دامەزراوە جیاوازەکانی یەکێتیی ئەوروپا ئامادە دەکرێن و بڕیاریان لەسەر دەدرێت، جۆرەکانی ئەو زانیاریانەی کە لەلایەن لۆبیستەکانەوە پێشکەش دەکرێن جیاوازن، بەڵام ئەوە کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپایە کە تایبەتمەندی داڕشتنی یاساکان و بڕیارە ستراتیجییەکانی هەیە.
بۆیە کۆمیسیۆن یەکەم شوێنە کە لۆبیستەکان ڕووی تێدەکەن و هەوڵی لۆبیکردن لەوێ دەدەن. بۆیەش سەرکەوتنی کاریگەریی و کاریگەریی لۆبیستەکان بەندە بەو لۆبیکردنەی کە لە قۆناخی داڕشتنی سیاسەت و یاساکە ئەنجامی دەدەن. بۆ ئەوەی دەستێوەردانەکە زۆرترین کاریگەریی هەبێت، لۆبیکردن دەبێت لە قۆناخەکانی دواتری پێکهێنانی سیاسەتدا بە پێشکەشکردنی زانیاری سیاسی بە کواڵیتیی بەرز و پەیوەندیدار ئەنجام بدرێت. لەبەرئەوە هەبوونی زانیاری بە کواڵیتیی بەرز کلیلی سەرکەوتنی لۆبیکردنە لە کۆی پرسۆسەی لۆبیکردندا.
کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا ئەو دەزگە بەرپرسیارەیە کە بەپێی یاسای یەکێتیی ئەوروپا سیاسەت و یاسا و ڕێساکان دادەڕێژێت و هەر بۆیەش جێگەی سەرنجی لۆبیستەکانە بەو پێیەی کۆمیسیۆن تاکە دامەزراوەی یەکێتیی ئەوروپایە کە دەسەڵاتی پێشنیازکردنی یاسا و جۆری سیاسەت و ڕێساکانی هەیە.
کۆمیسیۆن دەتوانێت جۆرە جیاوازەکانی پێشنیاز بۆ سیاسەت و ستراتیجی ئامادە بکات. دواتر کۆمیسیۆن پێشنیازەکان ڕەوانەی لیژنەیەکی پەیوەندیداری پەڕڵەمانی ئەوروپا دەکات بۆ ئەوەی گفتوگۆیان لەسەر بکرێت یان هەمواربکرێنەوە و بنێردرێن بۆ پلینۆمی پەڕڵەمانی ئەوروپا بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی گشتیی تاوتوێ بکرێن و دەنگیان لەسەر بدرێن.
دوای ئەوەی پەیمانی لیسبۆن لە ساڵی 2009 بڕیاری لەسەر درا، پەڕڵەمانی ئەوروپا بووە بەشێکی سەرەکی لە پڕۆسەی داڕشتنی سیاسەتدا لە یەکێتیی ئەوروپا و دەسەڵاتی بڕیاردانی لەسەر سەرجەم یاسا و سیاسەتەکان لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەوروپا بەدەستهێنا. ئەم گۆڕانکارییە لە دەسەڵاتی یاسادانانی پەڕڵەمانی ئەوروپا دەرفەتی زیاتری بە لۆبیستەکان بەخشی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان و لە ئەنجامدا بووە جێگەی سەرنجی زیاتری ئەوان بە مەبەستی لۆبیکردن.
واتە لۆبیستەکان لەمەودوا دەیانتوانی لە لایەکەوە چالاکییەکانیان لە پەڕڵەمانی ئەوروپا ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی گەرەنتی ئەو سەرکەوتنە بکەن کە لە کۆمیسیۆنەکەدا بەدەستیان هێنابوو و لە لایەکی دیکەوە دەرفەتێکی دیکەیان لە ئاستی پەڕڵەمانی ئەوروپادا بۆ درووستبوو ، تاوەکوولە ئەگەری شکست هێنانیاندا لە کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا، ڕوو لە پەڕڵەمان بکەن.
پەڕڵەمانی ئەوروپا لە فراکسیۆنە سیاسییە جیاوازەکان لە چەپەوە بۆ ڕاست پێکدێت کە لەسەر بناخەی گرووپی سیاسیی ڕێکخراون نەک وڵات.
ئێستا پەڕڵەمانی ئەوروپا لە حەوت فراکسیۆنی سیاسی پێکدێت و هیچ پارتێکی سیاسی بە تەنیا زۆرینەی نییە؛ بۆیە پێویستە گفتوگۆ و هاوکاری لەگەڵ یەکترو تەنانەت سازشیش بۆ گرووپەکانی دیکە بکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان.
بۆ لۆبیستەکان ئەمە بەو مانایەیە دێت کە چالاکی و ئامانجەکانیان نابێت لەگەڵ بۆچوونی زۆرینەی گرووپە سیاسییەکان پێچەوانە بن. ئەمڕۆ پەڕڵەمانی ئەوروپا لە 705 ئەندام پێکدێت و بێگومان لۆبیکردنی ئەم ژمارە زۆرەی ئەندامانی پەڕڵەمانی ئەوروپا کارێکی قوورسە.
هەر بۆیە لۆبیستەکان زیاتر لەسەر گرووپە مەزنەکانی وەکوو کریستیان دیموکراتەکان و سۆشیال دیموکراتەکان کار دەکەن و ڕازیکردنی ئەو دوو گرووپە واتە گەیشتن بەو ئامانجانەی دیاریانکردووە و لە ئەولەویەتیاندان. ئەمە سەرەڕای ئەوەی لۆبیکردنی پەڕڵەمانتارە دیار و خاوەن کاریگەریی لە گرووپەکانی دیکە بەشێکی دیکەی کاری لۆبیستەکانە.
جێگەی ئاماژە پێکردنە کە لۆبیکردن لە ڕێگەی کۆمپانیای تایبەت بە لۆبیکردن کە خاوەنی کەسانی شارەزاو خاوەن ئەزموون و پسپۆرن ئەنجام دەدرێت و بودجەیەکی تایبەتی بۆ تەرخان دەکرێت. بە پێی داتاکان ساڵانە تەنیا لە ئاستی یەکێتیی ئەوروپادا بڕی 1.8 میلیارد یۆرۆ بۆ کاری لۆبیکردنی خەرج دەکرێت لە ڕێگەی 12 هەزار کۆمپانیا و ڕێکخراوی جیاوازەوە کە 48 هەزار کەسی پسپۆر و شارەزاو ئەزمووندار کاری تێدا دەکەن.
هەروەکو ئاماژەم پێدا داڕشتنی ستراتیجی بۆ لۆبیکردن و دیاریکردنی ئامانج هەنگاوی سەرەکییە لە لۆبیکردن. ئەوەی لێرەدا گرنگە دیاری بکرێت میکانیزمی درووستکردنی بڕیارە کە گرنگە کەسانی لۆبیست بەوردی شرۆڤەی بکەن بۆ ئەوەی بزانن لە کوێی پڕۆسەی درووستکردنی بڕیار دەبێ کاریگەریی خۆیان بنوێنن بۆ ئەوەی بڕیارەکە لە بەرژەوەندی ئەوان کۆتایی بێت یاخود بەشێک لە ئامانجەکانیان بپێکێت.
هەروەکو ئاشکرایە میکانیزمی بڕیاردان لە وڵات بۆ وڵات و لە دامەزراوە بۆ دامەزراوە گۆڕانکاری بەسەر دادێت. هەر بۆیە گرنگە بۆ هەر وڵات و دامەزراوە ستراتیجی و ڕێکاری تایبەت بەو شوێنە بگیرێتە بەر. لێرەدا دەبێ ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین ئاخۆ گەلی کوردستان و بە تایبەتی هەرێمی کوردستان تا چ ئاستێک سوودی لە لۆبیکردن وەرگرتووە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی؟ ئەگەر ئەو لۆبییە وەکوو پێویست نەبووە، کێشەکان لە کوێن و چۆن دەکرێت چارەسەر بکرێن؟
ئەمە و چەند پرسیارێکی دیکە کە پێویستە بە شێوازێکی زانستی توێژینەوە و شرۆڤەیان لەسەر بکرێت و کورد وەکوو گەلانی دیکە ببێتە خاوەن ستراتیجیەکی تۆکمە و کاریگەریی لۆبیکردن لە ئاستی جیهان. [1]