ناونیشانی بابەت: کوردەکان وەکوو هێزێکی داگیرکەر ڕوانیویانەتە حکومەتی بەعس
ئامادەکردن: #بارام سوبحی#
“کوردەکان وەکوو هێزێکی داگیرکەر نەوەکو دەسەڵاتێکی شەرعی لە حکومەتی بەعسیان ڕوانیوە”
توێژەرێکی ئەمەریکی لە لێکۆڵینەوەیەکدا لەسەر زیاتر لە (200) هەزار لاپەڕە لە بەڵگەنامەکانی سەرکردایەتی بەعس، دەڵێت: کوردەکان وەکوو هێزێکی داگیرکەر نەوەکو دەسەڵاتێکی شەرعی لە حکومەتی بەعسیان ڕوانیوە و پاڵپشتی سیاسەتەکانی بەعسیان نەکردووە، هەر بۆیە بەعس وەکوو ناوچەی دوژمن مامەڵەی لەگەڵ ناوچە کوردییەکاندا کردووە.
لە یەکێک لەو بەڵگەنامەی کە نووسەر بەکاریهێناوە، هاتووە: لە ماوەی ساڵانی (1980 – 1986) نزیکەی (30%) ئەو کارمەندە بەعسیانەی کە لە “ناوچەکانی باکوور” دامەزرێنراون “لەسەر دەستی تێکدەران شەهید کراون”. دوو بەڵگەنامەی دیکەش باس لە پڕۆسەی بە عەرەبکردن و دورخستنەوەی کورد لە شارۆچکەکانی کفری و خانەقین دەکەن.
پەڕتووکی ( تبعیص العراق شمولیە صدام حسين: بە بەعسیکردنی ئێراق تۆتالیتاریزمی سەدام حسێن) ، نامەی دکتۆرای ئارۆون ئێم فاوستە لە ساڵی (2015) پێشکەشی زانکۆی بۆستنی کردووە، عەبیر مەرعی کردویەتی بە عەرەبی، لە ساڵی (2021) لەلایەن خانەی (الجمل) لە دووتوێی (420) لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
=KTML_Bold=لە بەغداوە بۆ کالیفۆرنیا=KTML_End=
لە بەهاری (2003) و لەدەمی ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس لەلایەن ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی، دەزگای یادەوەری ئێراق کە لەلایەن نووسەر و توێژەری ئێراقی کەنعان مەکیە سەرۆکایەتی دەکرێت، دەست بەسەر تەواوی بەڵگەنامەکانی سەرکردایەتی هەرێمی حیزبی بەعس (قیادەی قوتری) دەگرن کە لە نزیکەی یازدە ملیۆن لاپەڕە پێکهاتووە و کۆی تۆمارەکانی حیزبی بەعس لە ماوەی ساڵانی (1968 – 2003) لەخۆدەگرێت. ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە بۆ ماوەی چوار ساڵ کاریان لەسەر جیاکردنەوە و پۆلێنکردنی ئەو بەڵگەنامانە کردووە.
لەگەڵ تێکچونی دۆخی تەناهی ئێراق و درووستبوونی مەترسی لەسەر بەڵگەنامەکان و ژیانی کارمەندانی ڕێکخراوەکە، لە ساڵی (2007) بەگوێرەی ڕێکەوتنێکی نێوان حکومەتی ئێراق و پەیمانگای هۆڤەر لە زانکۆی ستانفۆرد لە کالیفۆرنیا، تەواوی ئەو بەڵگەنامانە ڕەوانەی ئەمەریکا دەکرێن. دوای تەواوکردنی کاری جیاکردنەوە و پۆلێن، بەڵگەنامەکان دەخرێنە بەردەستی توێژەران.
فاوست کە توێژینەوەکەی بەسەر چوار بەشدا دابەشکردووە، دەڵێت: لە لێکۆڵینەوەکەمدا توێژینەوەم لەسەر (2764631) لاپەڕەی دیجیتاڵی بەڵگەنامەکانی سەرکردایەتی بەعس لە ماوەی ساڵانی (1973 – 2003) کردووە، ئەو بەڵگەنامانە لە (6420) سندوقدا پارێزراون. ئەم لێکۆڵینەوەیە لەو ماوەیەی کۆڵیوەتەوە کە هاوزەمانە لەگەڵ گەیشتنی سەدام حسێن بە لوتکەی دەسەڵات”. لە دەرەنجامی توێژینەوەکەشیدا دەڵێت: بەشێوەیەکی گشتی ئەرشیفی سەرکردایەتی هەرێمایەتی دەریدەخات کوردەکان پاڵپشتی سیاسەتەکانی بەعسیان نەکردووە، بەعسیش وەکوو ناوچەی دوژمن مامەڵەی لەگەڵ ناوچە کوردییەکاندا کردووە.
=KTML_Bold=“ململانێی کورد لەگەڵ بەعس”=KTML_End=
فاوست ئاماژە بەوەدەکات هەرچەندە دەستووری ئێراق وەکوو یەکێک لە دوو نەتەوە سەرەکیەکەی ئێراق دانی بە کورددا ناوە، بەڵام حیزبی بەعس لە ماوەی دەسەڵاتیدا بانگەشەی ئەوەی کردووە ئێراق بەشێکە لە نەتەوەی عەرەب. جیا لەوەش بەعس لە ئەدەبیاتی خۆیدا هەریەکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە دوو هێزی سەرەکین بە “دوو گرووپی خیانەتکارو کۆنترۆڵکراو لەلایەن هێزە بیانییەکانەوە” ناوبردووە، بەوەش ویستویەتی جیاوازی بخاتە نێوان “گەلی کورد”و ئەو دوو هێزەوە کە نەیارێتیان کردووە. بەعس لە بەڵگەنامەکانیدا بەدەق بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵیت “تاقمی وەچەی خیانەتکاران”، بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش دەڵێت “تاقمێکی بەکرێگیراوی ئێرانن”.
بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی سەرکردایەتی بەعس، لە ماوەی دەسەڵاتی سەدام حسێندا دامەزراوە حکومی و حیزبیەکان دوچاری چەندین پەلامار هاتون. کوردەکان بەردەوام فەرمانبەرە بەعسییەکانیان کوشتوە، ڕفاندوە یان هەڕەشەیان لێکردون. بەگوێرەی یاداشتێکی لیژنەی ناوەندی حیزب لە (1986) هاتووە: لە ماوەی ساڵانی (1980 – 1986) لەکۆی (1694) بەعسی کە بۆ کارکردن لە “ناوچەکانی باکوور” دامەزرێنراون، نزیکەی (30%) کە دەکاتە (503) کەس “لەسەر دەستی تێکدەران شەهید کراون”.
یەکێکی دیکە لەو بەڵگەنامانەی کە فاوست باسیکردووە، بریتییە لە ڕاپۆرتێکی بەڕێوەبەرێتی هەواڵگری سەربازی کە تیایدا هاتووە: لە خۆپیشاندانێکی ڕێکخراودا لەلایەن یەکێتی نیشتمانیەوە لە ساڵی (1991) لە ناوچەی کەڵەک لە ڕۆژهەڵاتی موسڵ، خۆپیشاندەران کە (30) کەسێک دەبوون، هوتافیان لە دژی حیزبی بەعس و سەدام حسێن دەوتەوە. لەکاتێکدا منداڵە کوردەکان کاغەزیان بە ماڵە عەرەبەکانەوە دەلکاندوە و داوایان لێدەکردن ناوچەکە بەجێبهێڵن.
لەلایەن خۆیەوە دەسەڵاتدارانی بەعس، نەیارێتی کوردیان بە شێوەیەکی گشتی بۆ دەسەڵاتەکەیان گەڕاندۆتەوە بۆ “تووشبوونی کوردەکان بە پڕۆسەیەکی شێواندنی دەروونی و هزری لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی کوردییەوە، بەڕادەیەک ئەو پڕۆسەیە هەر شوێنەوارێکی لە هەستی ئینتیماکردن بۆ نەتەوە (عەرەب) و خاکە پیرۆزەکەی سڕیوەتەوە”.
=KTML_Bold=“دەسەڵاتی بەعس لە کوردستان”=KTML_End=
فاوست، لە توێژینەوەکەیدا بە و ئەنجامە گەیشتووە بەهۆی جیاوازی کلتوری و زمانەوانی و ناتەواوی ڕێژەیی گەشەسەندن لە ناوچەکانی باکوور، بەهەمان ئاستی ناوچەکانی دیکە، دانیشتووان بانگەشە حیزبیەکانی بەعسیان پەسەند نەکردووە. ئەوەش وایکردووە بەعس هەوڵی ستراتیژیەتێکی کۆنترۆڵی گشتگیر بەسەر ناوچە کوردییەکاندا نەدات. تەنانەت بەعس هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی ئێراق، هەمان شێوەی کۆنترۆڵی ڕێکخراوەیی و بیرۆکراتی لە کوردستان دانەمەزراندوە، جگەلەوەی سیستمی پاداشت و سوودەکانی نەگەیشتۆتە هەمان ژمارەی کوردان هەروەکوو لەگەڵ عەرەبدا کردویەتی. لەوبارەیەوە نموونە بە بەڵگەنامەیەک دەهێنێتەوە کە بریتییە لە سکاڵایەک کە هەواڵدەرێکی کورد پێشکەشی سەدام حسێنی کردووە و تیایدا دەڵێت سەرباری ئەوەی زانیاری باشی داوەتە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری گشتی، بەڵام بەڕێوەبەرایەتییەکە خراپ مامەڵەیان لەگەڵ کردووە و وەکوو پێویست پاداشتیان نەکردووە.
دوای وردبوونەوە و تەتەڵەکردنی هەزاران لاپەڕە لە بەڵگەنامەکانی بەعس، فاوست ڕایدەگەیەنێت خودی حیزبی بەعس بەشێوەیەکی ڕێژەیی ڕوانینەکانی لە ناوچە کوردییەکان کەم کردۆتەوە، چونکە بینویەتی ئەندامانی ئارەزوی کارکردن لەو ناوچانە ناکەن و کەمینەیەکی بچوکیان بە کوردییەکی ڕەوان قسە دەکەن. هەر ئەوەش وای لە حیزبی بەعس کردووە زنجیرەیەک هاندان بخاتەڕوو تاوەکووئەندامەکانی قایل بکات بچنە باکوور یان ئەگەر ئارەزویان کرد بۆ ماوەیەکی درێژ بمێننەوە. وەکوو خانوی بەلاش و ئۆتۆمبێل و زوو بەرزکردنەوەی پلەی حیزبی.
لەلایەکی دیکەوە لەسەروەختی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران – ئێراقدا (1980 – 1988) ، دەسەڵاتی بەعس بۆ ئەو ئەندامانەی کە لە کوردستان کاریان کردووە، چەند ئیمتیازێکی دابینکردووە. دیارترینیان بریتی بووە لە بەخشینی ئەو کەسانە لە ئەرکی بەشداریکردن لە سوپای میللی (جەیشی شەعبی) ، ئەگەر لە کاتی کارەکەشیدا بمردایە، ئەوا دەوڵەت بە شەهیدی قادسیەی سەدامی دادەنا لەگەڵ هەموو پاداشتێک بۆ ئەندامانی خێزانەکەی کە ئەم ئیمتیازە دەیگرێتەوە.
فاوست، دەڵێت: ئەرشیفی سەرکردایەتی بەعس ئەو هەستەت پێدەبەخشن کە کوردەکان وایان بینیوە بوونی دەوڵەتی بەعسی لە ناوچە کوردییەکان –کە لە ناوچەی حوکمی زاتی و چەند بەشێک لە پارێزگاکانی دیالە و نەینەواو کەرکووک پێکهاتووە، وەکوو هێزێکی داگیرکەرە نەوەکو دەسەڵاتێکی شەرعی.
بەڵگەنامەکانی بەعس توێژەرەکەیان گەیاندۆتە ئەو بڕوایەی بەشێوەیەکی جەوهەری بەعس ویستویەتی کوردەکان وتاری ناسیۆنالیزمی عەرەبی و کلتوری عەرەبی پەسەند بکەن. بەڵام “زۆرینەی کوردەکان ئەنجامدانی ئەو کارەیان ڕەتکردۆتەوە. لە دەرەنجامی ئەوەدا بەعس بۆ پاراستنی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ناوچە کوردییەکاندا، لەبری هاندان بڕێکی گەورەی تۆقاندنی بەکارهێناوە، هەروەها پەنای بردۆتە بەر ڕێکاری سزادانی بەکۆمەڵ دژی دانیشتووان”. لەدەرەنجامدا دەڵێت: لە ناوچە کوردییەکان بە بەعسیکردن سەلماندی کەم سەرکەوتوو بووە.
=KTML_Bold=“بە عەرەبکردنی ناوچەی کفری”=KTML_End=
لە توێژینەوەکەیدا فاوست باس لەوەدەکات سەدام حسێن ئاستی ئاساییشی لە ناوچەیەکی دیاریکراو لە ناوچە کوردییەکان بە پێکهاتە نەژادییەکەی بەستۆتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش دوو میکانیزمی بەکارهێناوە، یەکەمیان بەکارهێنانی ئاماری دانیشتووانە بۆ ستراتیژی بەعەرەبکردن (بەعەرەبکردن) ، دووەمیان ڕاگواستن (تەرحیل) ی کورد و نیشتەجێکردنی عەرەبە لە شوێنیان، بەشێوەیەکی سەرەکی لە دەوروبەری کێڵگەکانی نەوت و بەدرێژایی سنوور لەگەڵ ئێراندا.
بۆ ڕونکردنەوەی مەبەستەکەی، فاوست بەڵگەنامەیەک بەنموونە دەهێنێتەوە کە بریتییە لە نووسراوێکی بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکایەتی لە ساڵی (1988) بۆ عەلی حەسەن مەجید ڕازگری نووسینگەی ڕێکخستنی باکوور لەو کاتەدا. نووسراوەکە بریتییە لە پڕۆژەیەک و کۆمەڵێک ڕێنمایی بۆ “پاککردنەوەی ناوچەی کفری لە پارێزگای دیالە لە کورد و گۆڕینی ناوەندی ئیدارەی ناوچەی کفری بۆ شوێنێک کە زۆرینەی عەرەب بێت”.
لە نووسراوەکەدا بەشێوەی فەرمانکردن بە مەجید دەڵێت: دەبێت ڕێژەی عەرەب لە یەکە کارگێڕییەکانی کفری (کە لە 24 گوندی کوردی پێکهاتووە) لە (80%) کۆی دانیشتووان کەمتر نەبێت”. نووسراوەکە چەند هەنگاوێکی دیاریکراوی داناوە بۆ بە عەرەبکردنی ناوچەکە، تیایدا داوا لە مەجید دەکات “جێبەجێکردنی پڕۆسەی ڕاگواستنی کورد لە یەکە (کارگێڕییەکان) بەشێوەیەکی هێمن و قۆناغ بە قۆناغ بێت”.
قۆناغەکانی ڕاگواستنی کوردان لە نووسراوەکەدا ڕونکراوەتەوە و بریتین لە: ڕاگواستنی خێزانە خراپەکان و ئەوانەی ڕاستەوخۆ لایەنگر (مەوالی) نین. (پاشان) گواستنەوەی فەرمانبەرە کوردەکان بۆ ناوچەکانی دیکەی حوکمی زاتی یان بۆ قوڵایی عەرەبی بەپێی ئارەزوییان”. (دواتر) گواستنەوەی خێزانە عەرەبەکان بۆ ئەو گوندانەی زۆرینەیان کوردن.
بە مەبەستی هاندانی عەرەب بۆ نیشتەجێبوونیان لە ناوچە کوردنشینەکە، نووسراوەکە فەرمانی بە مەجید کردووە هەر خێزانێک پارچەیەک زەوی بەخۆڕایی بدرێتێ تاوەکوولەسەری بژی، هەروەها لە بانکی خانوبەرەوەکوو گوژمەیەکی پێشوەخت بڕی سێ یان پێنج هەزار دیناریان بدرێتێ، ئەوەش بەگوێرەی ئەو ناوچەیەی تیایدا نیشتەجێ دەبن. لە بەشێکی دیکەی فەرمانەکەدا هاتووە: پێویستە عەرەبەکان دابمەزرێنرێن ئیدی لە حکومەت یان لە کەرتی تایبەت و کەرتە هاوبەشەکان یان لە زەوییەکی کشتوکاڵیدا بێت، یاخود لە بەرنامەیەکی پیشەسازیدا کە حکومەت دایمەزراندوە و پاڵپشتی دەکات.
=KTML_Bold=“چەکدارکردنی عەرەبەکانی خانەقین”=KTML_End=
پاش ئەوەی دەسەڵاتدارانی بەعس لە ساڵی (1991) ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستانیان سەرکوتکردو ناوچەی خانەقینیان کۆنترۆڵکردەوە. بەپێی یەکێک لەو بەڵگانەی فاوست بەنموونە هێناویەتییەوە، لقی دیالەی حیزبی بەعس ڕاپۆرتێکی ئاڕاستەی سەرکردایەتی بەعس کردووە و تیایدا پێشنیاریکردووە خانو بۆ ئەو عەرەبانە درووست بکرێتەوە کە کوردەکان دەریانکردون، ئەمەش واتە عەرەب بتوانن بگەڕێنەوە و تیایدا بژین.
هەر لە ڕاپۆرتەکەی لقی دیالەی حیزبی بەعسدا هاتووە “گەڕانەوەی عەرەب بۆ گوندەکانی پێشوویان دەبێتە سەربارێک بۆ هێزە چەکدارەکان، شارەکەش دەگێڕێتەوە بۆ دۆخی پێشووی کە زۆرینەی عەرەب بوو، بەمەش دۆخی تەناهی بە ئاڕاستەی باشتر هێمن دەکاتەوە و دوژمنان لە قۆستنەوەی دەرفەتەکە بێبەش دەکات”. لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا پێشنیاری چەکدارکردنی هۆزە عەرەبەکان دەکات کە گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکە.
توێژەر ڕوونیدەکاتەوە سەرباری بەعەرەبکردن، بەعس بۆ داماڵین و بەرگرتن و چاودێریکردنی ئۆپۆزسیۆنی کوردی، میکانیزمی جۆراوجۆری بەکارهێناوە کە خۆی لە کۆمەڵکوژی ئەنفال و پاکتاوی نەژادی دەبنێتەوە. لەو چوارچێوەیەدا لەپێناوی “پاککردنەوەی ئەو ناوچانە” لە ئەندامانی یەکێتی و پارتی و وەکوو بەشێک لە “هەڵمەتی لەناوبردنی یاخیبووان”، هێزەکانی سەدام گوندو خانوی کوردانیان بە تەواوی خاپورکرد. تەنانەت لە ساڵی (1992) توێژینەوەیەکی حیزبی پێشنیاری بۆ سەرکردایەتی کردووە، خێزانی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی لە ناوچەکانی خۆیان ڕابگوێزرێن.
=KTML_Bold=“چاودێریکردن و کۆکردنەوەی زانیاری”=KTML_End=
دوای کۆڕەوی ملیۆنی کوردان، بەشێک لە ناوچەکانی کوردستان لە چنگی بەعس ڕزگاریان بوو. بەڵام وەکوو فاوست دەڵێت: پاش دەرچونی هەندێک لە ناوچە کوردییەکان لەژێر کۆنترۆڵی بەعس، بەڵام بەعس پارێزگاری لە چاودێری توندی خۆی بەسەر ناوچە کوردییەکاندا کردووە.
بۆ بەڵگاندنی وتەکانیشی دەڵێت: لەناو ئەرشیفی سەرکردایەتی بەعسدا دەیان دۆسیە هەن بەزانیاری چڕوپڕەوە، کە بە شێوەی ڕاپۆرتی هەواڵگری لەبارەی چالاکی ئۆپۆزسیۆنی کوردی و بەرپرسانی بیانی یان بەکرێگیراوانی هەواڵگری لە باکوور پێشکەشکراون. لەبارەی چۆنێتی دەستکەوتن و کۆکردنەوە و گەیاندنی زانیارییەکان بە ڕژێمی بەعس، فاوست دەڵێت: لە توانای بەعسدا نەبوو دەستی بە و جۆرە زانیارییە هەواڵگرییە چڕوپڕانە بگات لە بارەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، ئەگەر بەکرێگیراوی لەنێو ئەو حیزبانەداو لەنێو سەرکردایەتیاندا نەبووبێت. بە جەختکردنیشەوە دەڵێت: بەگشتی دەزگا هەواڵگرییە جۆراوجۆرەکانی حیزبی بەعس زانیاری نایابیان لەبارەی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە هەبووە، ئەوەش بووەتە فاکتەری یەکلاکەرەوە لە هەڵمەتە فراوانە سەرکەوتووەکانی ڕژێم لە دژیان. بەڵام تێبینی ئەوەشی داوە: لەدەستدانی ناوچە کوردییەکان دوای ساڵی (1991) ڕیزپەڕێکی گەورەیە بۆ ئەم بڕیاردانە. [1]