ناونیشانی بابەت: لێبوردەیی لە دنیای عەرەبیدا بوونی نییە
ئامادەکردن: #بارام سوبحی#
وەک ئێراقییەک کە زۆرینەی هاووڵاتییانی عەرەبن، هەست بە زەرورەتی پاراستنی کورد دووەمین نەتەوەی وڵاتەکەم دەکەم کە هاوبەشن لە نیشتمانی ئێراقدا، ئەم هەڵوێستەش نە خێرە و نە مەراییە، بگرە هەستکردنە بە دادپەروەری و یەکسانی.
وەک ئێراقییەک کە زۆرینەی هاووڵاتییانی عەرەبن، هەست بە زەرورەتی پاراستنی کورد دووەمین نەتەوەی وڵاتەکەم دەکەم کە هاوبەشن لە نیشتمانی ئێراقدا… ئەم هەڵوێستەش نە خێرە و نە مەراییە، بگرە هەستکردنە بە دادپەروەری و یەکسانی و ئادەمیزادبوون، نووسەری پەڕتووکی بناوانی لێبوردەیی بەم جۆرە گوزارشت لە بۆچونی خۆی لە هەمبەر کورد دەکات.
پەڕتووکی “بناوانی لێبوردەیی لە هزری عەرەبی-ئیسلامیدا: کولتوورو دەوڵەت”لە نووسینی د.عەبدولحسێن شەعبان و وەرگێڕانی عەبدولرەزاق عەلیە، ئەم پەڕتووکە لەلایەن دەزگای ئاراسەوە لەدوو توێی (205) لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە. پەڕتووکەکە لە پێنج بەش و دوو پاشکۆ پێکهاتووە، کە بریتین لە: ئێستە و مێژوو لە پرسی لێبوردەیدا، لێبوردەیی و بناوانی نێودەوڵەتی سەردەم، ئایین و لێبوردەیی: ڕابردوو ئێستە، لێبوردەیی و سیرەی محەمەد “د.خ”، لێبوردەیی و وتاری ڕۆشنگەری عەرەبی ئیسلامی.
“ئەم پەڕتووکە بۆچی؟”
نووسەر، دیارترین ئەو هۆکارانەی بوونەتە هاندەری نووسینی ئەم پەڕتووکەی، دەگێڕێتەوە بۆ ئەو لێڵاییەی بەرانبەر چەمکی لێبورەیی لەئارادایە، سەرباری “باڵادەستی تاکهزری و هەوڵدان بۆ وەلانانی ئەوی ترو داننەنان بەمافی جیاوازی”. هەروەها دەڵێت: ئێمە تابڵێی ڕکابەری یەکترین، تەنانەت لەنێو یەک تەوژم، یەک پارت، یەک کۆمەڵ، یەک نەتەوە، یەک ئایین و یەک تایەفەشدا. چەندان یەکترنەهێشتن و شەڕو شۆڕو لابردنمان بینی، هەوڵگەلی بنبڕکردنمان بینی، هۆکارەکەشیان نالێبوردەیی و سەپاندنی بۆچون و پەراوێزخستن و ڕەتکردنەوەی ئەوی تر بوون.
شەعبان، باس لەوەدەکات تا ئێستاش لێبوردەیی وەک چەمک لای خەڵکێکی زۆر قبووڵ ناکرێ، بەتایبەتی کاتێک چەمکەکە تێکەڵ بە مەیلی ڕۆژاوایبوون دەکرێ و دەخرێتە خانەی شوێنکەوتنی ئەوی تری دەرەکی، بیانی، جیاواز، ڕکابەر و دوژمن.
=KTML_Bold=“رۆژی جیهانی لێبوردەیی”=KTML_End=
لەم پەڕتووکەدا، نووسەر بەوردی باس لە ڕەگ و ڕیشەکانی چەمکی لێبوردەیی لە هزری ڕۆژاوایی و ئایینەکاندا دەکات، هەروەها ئەو قۆناغە مێژوییانەی ئەم چەمکە پێیدا گوزەریکردووە، تاوەکوولە ڕەفتارێکی تاکەکەسیەوە بووەتە بەشێک لە بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان. هەروەک باس لە چەمکی نالێبوردەیی لەڕوی هزری و سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتی و کلتورییەوە دەکات. دەڵێت: لەڕوی سیاسیەوە: نالێبوردەیی واتە قۆرخکردنی حوکمڕانی و هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی و پاکانەکردن بۆ ڕێگرتن لە بۆچونی ئەوی تر، جا بەناوی نەتەوەییەوە بێ، یان بەناوی چینایەتی و بەرگریکردن لە بەرژەوەندی زەحمەتکێشانەوە، لەپێناوی نەهێشتنی هیچ دەنگێک و سەپاندنی دەستبەسەراگرتن و بانگهێشتنی خاوەندارێتی ڕاستی.
شەعبان، پێیوایە لەم سەردەمەدا چەمکی لێبوردەیی لە بابەتێکی تاکەکەسیەوە بۆ کۆمەڵگە و دەوڵەت بەرەوپێش چوە، تا گەیشتۆتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەوبارەیەوە دەڵێت: چەمکەکە قاوخی زمانەوانی خۆی بەجێهێشت کە پەیوەست بوو بە سەخێتی و دەستبڵاوی و خانەدانی و لێخۆشبوون و چاوپۆشینەوە، بگرە گەیشتە دانپێدانان بە ماف و ڕێزگرتن تا دەگاتە ئاوەدانی و گەشەپێدانەوە.
نووسەر ڕایدەگەیەنێت نەتەوە یەکگرتووەکان لەوەتەی دامەزراوە هەوڵیداوە بیرۆکەی لێبوردەیی بڵاوبکاتەوە، هەر ئەوەش وایکردووە لە ماوەی شەش دەیەی ڕابردودا، چەمکی لێبوردەیی بچێتە نێزیکەی هەموو بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانەوە. بەتایبەتی بەڵێننامەکانی پەیوەست بە مافە مەدەنی و سیاسی و ئابووری و کلتورییەکانەوە.
بۆ بەڵگاندنی وتەکانی، نووسەر ئاماژە بەوەدەکات نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی (1996) ی بە ساڵی لێبوردەیی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هێنایە ژماردن. دواتریش ڕاگەیاندراوی بنەماگەلی لێبوردەیی خولی بیست و هەشتەمی یونسکۆ لە (16/11/2011) دا، داوایکرد هەموو ساڵێک لە هەموو دنیادا، (16/11) بە ڕۆژی لێبوردەیی بناسێنرێت.
=KTML_Bold=“بنەماکانی بڵاوکردنەوەی لێبوردەیی”=KTML_End=
دەربارەی چۆنێتی بڵاوکردنەوەی پرەنسیپەکانی لێبوردەیی، نووسەر دەڵێت: پێویستی بە چاوگێڕانەوە بە بۆماوەی کلتورییە، بنیاتنانەوەی سەروتازەی پێوەندی نێوان کلتورو دەوڵەت، کۆمەڵگە و دەسەڵات، حکومەت و ئۆپۆزسیۆن هەیە. هەموو ئەمانەش بەرپرسیارێتییەکی تاکەکەسی و دەستەجەمعین.
بۆ بڵاوکردنەوە و چەسپاندنی کلتوری لێبوردەیی، نووسەر دەڵێت: پێویستی بە کرانەوە و ژینگەیەکی لەبارە کە ئازادی و مافی دەربڕین و مافی جیاوازی بێ ترسان لە سزایە، هەمدیس پێویستی بە کۆمەڵگەیەکی مەدەنی کە هاوبەشێکی کارای دەوڵەت بێ کە دەبێ بەپێی یاساو یەکسانی نێوان هاووڵاتییان و نەبوونی جیاکاری بەهۆی ڕەگەز و ئایین و زمان و نەتەوە و پاشخانی کۆمەڵایەتی و بۆچونی سیاسی یان بەهەر هۆیەکی ترەوە، کاربکا.
بۆ گەیشتن بە لێبوردەیی دەڵێت: ئەوەش پێویست بەچاوگێڕانەوە بە زۆر یاساو ڕێسای کاراو پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندن هەیە، تا لە مەیلە خۆ بەزلزانین و ڕەگەزپەرستییەکان نەخاسمە بەرانبەر ئەوانیتر پاک بکرێنەوە، جەخت لەسەر مافی جیاوازی و ئۆپۆزسیۆنبوون بکەنەوە، خۆ ئەگەر خۆمان لەو مەسەلانە بوارد، ئەوە ناگەینە لێبوردەیی و دەبێتە ئامانجێکی زەحمەت.
“لێبوردەیی لەلای عەرەب و ڕێکخراوەکان”
کاتێک نووسەر دێتە سەر باسکردنی دۆخی لێبوردەیی لە وڵاتانی عەرەبیدا، دەڵێت: بەداخەوە، لێبوردەیی وەک چەمک و وەک مافگەل، ئەوە لە پەیڕەوکردن هەر بگەڕێ، تا ئێستا لە دنیای عەرەبی و ئیسلامیدا بوونی نییە. هەروەها دەڵێت: باڵ و تەوژمە ئیسلامییەکان هیچی وایان لە دەسەڵاتداران جیاواز نییە، لە ڕەتکردنەوەی بەرانبەرو داننەنان بە مافی جیاوازی و ڕەتکردنەوەی بیرۆکەی لێبوردەیی و خۆ بەڕاست زانین، بەم مانایە لەگەڵ ئەوەی هێندێک جاران لە ڕیزی “ئۆپۆزسیۆندان”، وەلێ لەهەمان کانی حکومەتە ستەمکارو ملهوڕەکانیان خواردۆتەوە.
=KTML_Bold=“کورد و مانای لێبوردەیی”=KTML_End=
بەبڕوای نووسەر، بیرۆکەی لێبوردەیی مانای توانای قبووڵکردنی بۆچونێکی تر یان بۆچونی ئەوی ترە، خۆڕاگرتنی لە بەردەم ئەو شتانەی مرۆڤ خۆشیناوێن و حەزیان پێناکات، بگرە هەندێکجار بە دژی بیرکردنەوە و ئاکاری خۆی دەزانێ. هەروەها دەڵێت: قبووڵکردنی بنەمای لێبوردەیی و پێکەوەژیان، واتە تێپەڕاندنی دابەشکاری بەگوێرەی خوێن و نەتەوە و ئایین و ئێل و عەشرەت و شتی تر، لانی کەم لە هەردوو لایەنی تیۆری و ئاکارییەوە.
شەعبان، نووسەرێکی ئێراقی شیعە مەزەبە و ساڵانێکە لە بواری بڵاوکردنەوەی چەمکی لێبوردەیی کاردەکات، لەم پەڕتووکەشیدا بەڕوونی هەڵوێستی خۆی لەبارەی پێکهاتەکانی ئێراقەوە دەخاتەڕو، کاتێک دێتە سەر باسکردنی کورد، دەڵێت: وەک ئێراقیەک کە زۆرینەی هاووڵاتییانی عەرەبن، هەست بە زەرورەتی پاراستنی کورد دوەمین نەتەوەی وڵاتەکەم دەکەم کە هاوبەشن لە نیشتمانی ئێراقدا.. ئەم هەڵوێستەش نە خێرە و نە مەراییە، بگرە کاکڵەی هەڵوێستی مرۆڤانی سرووشتییە و هەستکردنە بە دادپەروەری و یەکسانی و ئادەمیزادبوون. [1]