ناونیشانی بابەت: جینۆسایدی کورد و ئەنجوومەنی ئاساییش
ئامادەکردن: #بارام سوبحی#
نزیکەی شەست ساڵ لەمەوبەر کە ئێستا 2023یە، بۆ یەکەمجار پرسی جینۆسایدی کورد لە ئێراق، لە ڕێگەی یەکێتی سۆڤییەتەوە ڕەوانەی ئەنجوومەنی ئاساییشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کرا.
“شەست ساڵ لەمەوبەر، جینۆسایدی کورد ڕەوانەی ئەنجوومەنی ئاساییش کرا”
نزیکەی شەست ساڵ لەمەوبەر، بۆ یەکەمجار پرسی جینۆسایدی کورد لە ئێراق، لە ڕێگەی یەکێتی سۆڤییەتەوە ڕەوانەی ئەنجوومەنی ئاساییشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کرا، بەڵام بەهۆی فشارەکانی ئەمەریکا و نزیکبوونەوەی حکومەتی ئێراق لە سۆڤییەت، ئەو پرسە کێشرایەوە و نەهامەتییەکانی کوردیش هەر بەردەوام بوون. ڕۆژی هەشتی شوباتی (1963)، بەعسییەکان لە ڕێگەی کودەتایەکی سەربازییەوە کۆتاییدان بە پێنج ساڵ حکومڕانی “عەبدولکەریم قاسم” هێنا. تەنیا چوار مانگ دوای کودەتاکەشیان لە ڕێگەی هێزەکانی حەرەس قەومییەوە دەستیان بە پەلاماردانی خاک و خەڵکی کوردستانکرد. ئەو پەلاماردانە کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، ئەمەریکا دڵنیابوو لەوەی کورد دووچاری جینۆساید هاتووە، بەڵام بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی نوێی ئێراق بێدەنگی لێکرد. یەکێتی سۆڤییەتیش کە لە گەرمەی جەنگی سارددا بوو لەگەڵ ئەمەریکا، ئەو دەرفەتەی قۆستەوە و لە ڕێگەی مەنگۆلیاوە پرسەکەی ڕەوانەی ئەنجوومەنی ئاساییش کرد، بەڵام بەر لەوەی بە ئاکام بگات، پرسەکەی کشاندەوە.
نووسەر و توێژەری ئەمەریکی بریان ڕۆبەرت گیبسن لە تێزی دکتۆراکەیدا بە ناونیشانی (سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا: ئێراق و جەنگی سارد 1958 – 1957) کە لە (30/نیسان/2013) پێشکەشی بەشی مێژوی نێودەوڵەتی لە لەندەنسکوڵ بۆ ئابووری و زانستە سیاسییەکان کردووە، بەپشت بەستن بە بەڵگەنامە فەرمی و نهێنییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاو (CIA) پەردەی لەسەر وردەکارییەکانی ئەو ڕووداوە هەڵداوەتەوە.
“کورد لەنێوەندی جەنگی سارددا”
نووسەر بەم جۆرە سەرەتای ئەو قۆناغە دەگێڕێتەوە: کاتێک لە حوزەیرانی (1963) دا حکوومەتی ئێراق هێرشی کردە سەر کورد، نیگەرانییەکانی ئەمەریکا بەوەی جەنگ دەبێتە ئامرازێکی وێرانکەری سۆڤییەت، بە درووستی سەلمێنرا. هەرزوو لەگەڵ هەڵگیرسانەوەی جەنگەکەدا، یەکێتیی سۆڤییەت بە چڕی دەستی بە هەڵمەتێکی هێرشبەرانەی دیپلۆماسی کرد، ئیدانەی ڕژێمی بەعسی کرد، پشتگیری داوای ئۆتۆنۆمی کوردی کرد و داوای لەیەکێ لە دەوڵەتەکانی پاشکۆی خۆی (مەنگۆلیا) کرد تا پرسی جینۆساید لە دژی ڕژێمی بەعس لەنێو ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بێنێتە سەرمێز. هەرچی ئەمەریکاش بوو هەوڵیدا لە ناوەڕاستی مەیدانەکەدا بمێنیتەوە، داوای لە بەعس کرد بەدوای دانووستان لەگەڵ کورددا بگەڕێ، لەکاتێکدا بە پلەیەکی دیپلۆماتی سنووردار و کۆمەکی سەربازییەوە پشتگیری ئێراقی کرد. هەرچەندە پشتگیری یەکێتیی سۆڤییەت بۆ کورد زیادیدەکرد، ئیدارەی کەنەدیش بە ناچاری پاڵپشتی خۆی بۆ ئێراق پتردەکرد. بە دەستوەردانی هەردوو زلهێزەکە لەجیاتی دوو هێزی دوژمنکار چوونە نێو کێشەکە، بەمە شەڕی کورد لە شەڕێکی ناوخۆیی خۆجێیەوە گوازرایەوە بۆ بەرەیەکی نوێی جەنگی سارد.
بریان دەنووسێت: هەرچەندە لەگەڵ هەڵگیرسانەوەی شەڕی کورد لە حوزەیرانی (1963) دا، شەڕەکە بەخێرایی ڕەهەندەکانی جەنگی ساردی وەرگرت. لەوکاتەی یەکێتیی سۆڤییەت گەمارۆی خستە سەر ناردنی باری چەک بۆ ئێراق، پشتی داوای کوردی بۆ ئۆتۆنۆمی گرت و ڕژێمیشی بە کردەی جینۆساید تاوانبارکرد، ئەمەریکا ڕێککەوتنی فرۆشتنی چەکی بە بڕی (55) ملیۆن دۆلار پەسەندکرد، چاویشی لەو کارە وێرانکاری و کێفەڕاتییانەی ئێراق پۆشی. داواشی لە هاوپەیمانە عەرەبەکان کرد بەڵکوو پاڵپشتییەکی دیپلۆماسی لە دژی سکاڵا و بەرپرسیارێتی جینۆساید لە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبکەنەوە کە درابووە پاڵ ڕژێمی ئێراق.
=KTML_Bold=“بەعس و هیتلەر”=KTML_End=
هاوتەریب لەگەڵ فشارە سیاسییەکان، سۆڤیەت لە ڕێگەی میدیاشەوە پەردەی لەسەر تاوانەکانی بەعس هەڵدایەوە. لەو سەروبەندەدا ئاژانسی فەرمی سۆڤییەتی تاس (TASS) لە (15/حوزەیران) دا، ڕژێمی بەعسی بە غەدری “هیتلەری”و بەکارهێنانی “تیپەکانی SSی فاشیستی” بۆ ئەنجامدانی جینۆساید تاوانبارکرد. لێدوانەکە جەختی لەسەر ئەوەکردبووەوە، کە سیاسەتی ئێراق لەمەڕ کورد ڕاستەوخۆ پێشێلکردنی بڕوانامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە، ئەو پرسەش دەبێ ببێتە مایەی نیگەرانی هەموو دەوڵەتان. پێنج ڕۆژ دواتر و لە بیستی حوزەیراندا «پراڤدا» کە ڕۆژنامەیەکی دیکەی فەرمی سۆڤییەت بوو هەمان خەتابارکردنی دووپاتکردەوە، بەڵام ئەمجارەیان هەڕەشەی ئەوەشی لەگەڵدابوو، کە سۆڤییەت کۆمەکی خۆی لە ئێراق هەڵدەپەسێرێ. ئەم دوو وتارە دەستپێکی هەڵمەتێکی چڕوپڕی دیپلۆماسی سۆڤییەتی و پڕوپاگەندەکانی بوو دژی ئێراق، ئەنجامەکەشی بەسەر کێشەی ئێراق-کورددا بەوە شکایەوە، کە ڕووێکی گرنگی بایەخپێدانی لەنێو جەنگی سارددا وەرگرت.
=KTML_Bold=ئەمەریکا، کۆمەککردنی بکوژان”=KTML_End=
لەبەرانبەر هەوڵەکانی سۆڤییەتدا، ئەمەریکا هەرچەندە ئاگاداری پەلامارەکانی سوپای ئێراق بوو لە کوردستان، بەڵام لە هەوڵی گەرمکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕژێمی ئێراقدا بوو.
لەگەڵ هەڵگیرسانەوەی شەڕو کوشتاردا، لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا کاربەدەستانی ئەمەریکا لە بەغدا ژمارەیەک ڕاپۆرتیان سەبارەت بە کردە کاولکارییەکانی ئێراقییەکان دژ بە کوردەکان پێگەیشت. هەر بۆ نموونە، لە (19/حوزەیران) دا، باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا برووسکەیەکی دەربارەی کوشتارگەی مەدەنییەکان لێدا، ئەوەش لەو کاتەی قوربانییەکان لە باڵەخانەکان هەڵدەهاتن، کەچی کەوتنە بەر ئاگری تەقەی هێزە سەربازییەکانی ئێراقی و ژن و منداڵیشیان وەک قەڵغانی مرۆیی بەکارهێنا. لە 12ی تەمووزدا، «جێمس سپێین» لە ستافی پلاندانەری سیاسەتی وەزارەتی دەرەوە یاداشتێکی نووسی، بەدەق دەڵێت: سیاسەتی عەرەبە ناسیۆنالیستەکان، کە بەسەر حکوومەتی بەغداا زاڵن، لەڕاستییدا لە کردەی جینۆساید نزیکە. بەگوێرەی قسەی ئەفسەرێکی پلەباڵای ئێراقی بێ کردەکە بریتییە لە: بردنی ئەو دیلە کوردانەی کە زانیارییان لێوەردەگرن پاشان یەکسەر گوللەبارانیان دەکەن، لە جەوهەریشدا کەمکردنەوەی ڕێژەی نێرە لەنێو دانیشتووانی کورد بۆ ڕێژەی دەیەکی ئەوەی ئێستا هەیە، بەڕەڵاکردنی ژن و منداڵ بەوەی تەنیا خۆیان بژێوی خۆیان پەیدابکەن و دەرکردنی خەڵک و نیشتەجێکردنی عەرەب لەجێگەی ئەواندا.
ڕاپۆرت و زانیارییەکانی کاربەدەستانی ئەمەریکا لە بەغدا، هەستی بەرپرسانی واشنتۆنی نەبزواند، لەبری ئەوە لە هەوڵی زیاتر کۆمەککردنی سوپای ئێراقدا بوون. تەنانەت بڕیاریاندا فەندی بەرنامەی مەشقپێکردنی کاربەدەستانی ئێراق بۆ تەکنیک و پەروەردەکردنیان لەسەر خاکی خۆیان بە شارەزایی پسپۆڕە ئەمەریکاییەکان لە (800) هەزار دۆلارەوە بۆ یەک ملیۆن دۆلار بەرز بکەنەوە. لەگەڵ پێفرۆشتنی چل تانکی سووک، (12) تانکگوێزەرەوە، (500) بارهەڵگری قوورس و (15) هەلیکۆپتەری گەورە.
نووسەر دەڵێت: ڕوون و ئاشکرا بوو پاڵپشتی یەکێتیی سۆڤییەت بۆ کورد، وای لە ئیدارەی کەنەدی کرد ڕەزامەندی خۆی لەسەر پشتیوانییەکی قەبە و بەرفراوان بۆ ئێراق دەرببڕێ. ئەمەش سیاسەتە تەواو عەیارەکانی جەنگی سارد بوون. کاتێک تووشی هەڵمەتی توندی پەلاماردەرانەی دیپلۆماتیی سۆڤییەتی بووەوە، ئەمەریکا ناچاربوو پشتی ڕژێمی ئێراق بگرێ، تەنانەت ئەگەر ڕژێمەکە کێفەڕاتیشی دەرهەق بە کورد کردبێ.
=KTML_Bold=“مەنگۆلیا و جینۆسایدی کورد”=KTML_End=
هەڵمەتی دیپلۆماسی یەکێتیی سۆڤییەت دژی ئێراق لە سەرەتای مانگی تەمموزدا گەیشتە ترۆپک، ئەویش ئەو کاتەی مەنگۆلیای هاوپەیمانی خۆی قەناعەت پێهێنا لە کۆبوونەوەی داهاتووی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بابەتێک لەسەر حکوومەتی ئێراق بجوڵێنی بەوەی کەوتۆتە شەڕێکی جینۆسایدانە لە دژی کورد. لەوەش زیاتر، پێشنیازی سۆڤیەتییەکان ئەوەبوو، پرسی جینۆسایدکردن وەک سکاڵایەک لە دژی ئێراق ببەنە بەردەم کۆمیتەی ئابووری و کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان (ECOSOC) . لە (11/تەممووز)دا سۆڤیەتییەکان نامەیەکیان بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاساییش نووسی و داوایان لێکرد “ئاگاداری ڕەوشێکی ترسناک بێ، کە وەک دەرکەوتەیەک بەهۆی ڕووداوەکانی باکووری ئێراق و بەهۆی دەستوەردانی دەوڵەتەکان ئۆپەراسیۆنێک لەلایەن دەسەڵاتی ئێراقییەوە لە دژی گەلی کورد هاتۆتەئارا”.
سۆڤیەتییەکان هەوڵیاندا شەڕی کورد بەنێودەوڵەتی بکەن و تەواو ڕایبکێشنە نێو نەخشەی جەنگی سارد. بۆ ڕۆژی پاشتر، نێردەی سۆڤییەت لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەی ڕاگەیاند، کە شتەکەیان بەهەند دەگرن و بەتەمان دۆزەکە ببەنە بەردەم ئەنجوومەنی ئاساییش. لەو کاتەدا ئەو داوایەی مەنگۆلییەکان هەرایەکی گەورەی نایەوە. لە نۆی ئەیلوولدا مۆسکۆ لێداونێکی لە دژی ڕێکخراوی «سەنتۆ» کە جێگرەوەی پەیماننامەی بەغدا بوو دا، تاوانباریکرد بەوەی گوایە “ڕێکاری هاوبەشانەیان” لە دژی کورد گرتۆتەبەر. لەلایەن خۆیەوە ئاژانسی ناوەندی هەواڵگری ئەمەریکا (CIA) ڕایگەیاند ئەو لێدوانە “بۆ ئەوە داڕێژرابوو تا ئەو لێدوانەی بەغدا بە تەواوی ڕەتبکاتەوە، کاتێ وتی کێشەی کورد پرسێکی تەواو ناوخۆییە”.
گیپسن، دەڵێت: ئەوە بۆ یەکەمین جار بوو ڕەوشی کوێرەوەری کوردان گەیشتە باڵاترین ئاستی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی، بەڵام بۆ بەدبەختی ئەمەریکا لایەنگری ئەوان نەبوو.
=KTML_Bold=“جینۆسایدی کورد و کاردانەوەی ئەمەریکا”=KTML_End=
لە و دەمەدا کەنەدی سەرۆکی ئەمەریکا بوو، پرسی سکاڵای جینۆساید ئیدارەی کەنەدی خستە بەردەم کێشەیەکی سەختەوە. چونکە ئیدارەکە دڵنیابوو لەوەی کە حکومەتی بەغدا لە هەڵمەتێکی سەربازییانەی دڵڕەق و بێبەزەییدا بوو لە دژی کەمایەتییەکی ڕەگەز جیاواز، مەدەنییەکانی کردبووە ئامانج و بەشێوەیەکی هەندێک ڕێکخراو کارەساتی نابووەوە. بەگوێرەی پێناسەکەش بێ ئێراق تاوانی جینۆسایدی کردبوو. بەڵام کێشەکە ئەوەبوو، ئەمەریکا و هاوپەیمانە ڕۆژاواییەکان دووڵبوون لەوەی لەو دۆزەدا پشتگیری هەڵوێستی سۆڤییەت بکەن. چونکە ئیدارەی کەنەدی وایدەبینی، سکاڵای جینۆساید لەلایەن سۆڤییەتییەکانەوە زیاتر بە مەبەستی مانۆڕە تا سەبارەت بە چەوساندنەوە و سەرکوتکردنی کۆمۆنیستەکان تۆڵە لەبەعس بکاتەوە.
سەبارەت بە پرسی سکاڵای جینۆساید لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا مەیلی بەلای ئەوەدا شکایەوە، خۆی بکشێتەوە و هانی هاوپەیمانە عەرەبەکانی بدا دژی پرسەکە بجووڵێنەوە. ئەمەریکا فشاری وەهای خستە سەر ڕژێمی ئێراق، کە کێشەی کورد بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەربکا، ئەمە لەکاتێکدا بوو هەوڵیدەدا خۆشی ڕانەکێشرێتە نێو ململانێکە.
=KTML_Bold=“کۆتایی هەوڵەکە”=KTML_End=
لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولدا، هەڵمەتی توندی دیپلۆسییەتی سۆڤییەتی لە دژی ئێراق پووچەڵبووەوە. ئەوەش بەهۆی دژوەستانەوەی دەوڵەتانی عەرەبەوە، بۆیە یەکێتیی سۆڤییەت فەرمانی بە نێردەی «مەنگۆلیا» کرد، پرسی جینۆسایدکردنی کورد لە ئەجێندای ڕۆژی (16/دیسەمبەر)ی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بسڕێتەوە. ئاخۆ بۆچی سۆڤیەتییەکان ڕێگەیاندا پرسەکە لەنێو ئەجێنداکەدا بسڕێتەوە؟ بەگوێرەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، هۆکارەکەی ئەوە بوو مەنگۆلیییەکان پشتگیرییەکی شایستەیان دەرهەق بە دۆزەکە لێنەکرا. لە ڕونکردنەوەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند سۆڤیەتییەکان فەرمانیان بە مەنگۆلیا کرد داواکەی بکێشێتەوە، ئەمەش لەبەرانبەر نیشاندانی نیازپاکی بوو لە هەمبەر ڕژێمی ئێراق، بە و هیوایەی ئەم کردەیە ڕێخۆشکەر بێ بۆ لەیەکنزیکبوونەوەی سیاسییان.
لە کۆتاییدا نووسەر دەڵێت: هەرچۆنێک بێ کێشانەوەی سکاڵای پرسی جینۆساید، بۆ ڕژێمی بەعس سەرکەوتنێکی هەرە پێویستی سیاسیی بوو. لە هەردوو دۆزەکەشدا، زلهێزەکان دەستیان خستە ناو کاروباری ناوخۆی ئێراق، تا ئەجێندا ئایدۆلۆژییە جیاوازەکانیان پەرەپێبدەن.
=KTML_Bold=سەرچاوە:=KTML_End=
1- بریان ڕۆبەرت گیبسن: ئەرێ کورد بوونە بەردەباز؟! سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا: ئێراق، کورد و جەنگی سارد (14/تەمموز/1958 تا 20/ئازار/1975) ، 2- وەرگێڕانی: شەفیقی حاجی خدر، چاپی یەکەم، (2019) ، لە بڵاوکراوەکانی تۆڕی هەواڵی ژیان، لاپەڕەکانی (173 – 200) . [1]