ناونیشانی بابەت: کوردستان لە پەیمانی قەسری شیریندا
ئامادەکردن: ڕۆژ نیوز
بەدرێژایی مێژوو خاکی کوردستان لەژێر پێی لەشکری داگیرکەراندابووە، لەڕێککەوتنەکانیشدا قوربانیی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتانی داگیرکەربووە، شەڕ و ناکۆکییەکانی نێوان سەفەوی و عوسمانی بە شەڕی چاڵدێران لە ساڵی 1514 گەیشتە لوتکە، لە ساڵی 1639 بە پەیمانێک بەناوی “قەسری شیرین” یاخود “زەهاو” و دوولەتکردنی کوردستان کۆتاییهات.
ڕۆژی 23ی ئابی 1514 لەنێوان سوڵتان سەلیم و شا ئیسماعیلی سەفەویی-دا، جەنگێکی ماڵوێرانکەرانە دەستیپێکرد، بەردەوامیش خاکی شەڕ و ڕووبەڕوو بوونەوەکانیان سەر زەمینی کوردستان بوو، هەردوو زلهێزەکە بۆ فراوانکردنی سنووری دەستەڵاتیان گەلی کورد و کوردستانیان کردبووە بەرداشی ململانێکانیان، ئەم شەڕە کاولکارییەی نێوان دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوی، نە لەسەر خاکی خۆیان بوو، نە بۆ وەرگرتنەوەی خاکی خۆیان بوو، بەڵکوو بۆ بەرژەوەندی داگیرکاری بوو.
پاش 125 ساڵ لە جەنگ و کاولکاریی، لەنێوان دەوڵەتی سەفەوی بە ئامادەبوونی شا عەباسی یەکەم و دەوڵەتی عوسمانی بە ئامادەبوونی سوڵتان مورادی چوارەم دانووستان ڕوویدا و پەیمانی قەسری شیرین یاخود پەیمانی زەهاو مۆرکرا، ئەم پەیمانە شوومە بووە خاڵی وەرچەرخانێکی پڕ مەترسی بۆ کورد، چونکە نەتەوەی کورد و خاکی کوردستانی کرد بەدوو بەشەوە، کورد وەک ئامرازێک بۆ پاراستنی حکومەتی ناوەندی هەردولا بەکار دەهێندرا.
=KTML_Bold=پەیمانی قەسری شیرین:=KTML_End=
ڕێککەوتننامەی قەسری شیرین یاخود زەهاو، لە 17ی ئایاری 1639 لە شاری زەهاوی نزیک قەسری شیرین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەسترا، بە پێی ئەم ڕێککەوتننامەیە جەنگی درێژخایەنی نێوان داگیرکەرانی عوسمانی و سەفەوی کۆتایی هات.
ئەم ڕێککەوتننامەیە لەناو خاکی کوردستاندا مۆر کراوە، هەروەها یەکەمین دابەشکردنی فەرمی خاکی کوردستان بووە لەنێوان دەوڵەتانی داگیرکەر، تەواوی بەندەکانی کە لەسەر چارەنووس و دابەشکردنی خاکی کوردستانە، نە بە ئاگاداری کورد و نە هیچ نوێنەرێکی کوردی تێدا بەشداربووە.
بەپێی بەندەکانی پەیماننامەی زەهاو، زەوییەکانی هۆزی کەلهوڕ و خۆرهەڵاتی ناوچەی شارەزوور لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی سەفەوی بمێنێتەوە، زەویەکانی هۆزەکانی موکری لەسەر هێڵی سنووری نوێ بکرێت بەدوو بەشەوە، بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خرایە سەر دەوڵەتی سەفەوی و بەشەکانی تری لەژێر دەستەڵاتی دەوڵەتی عوسمانیدا مایەوە و لەڕووی کارگێڕی گشتییەوە بەسترانەوە بە ئەستەمبوڵ.
لەدوای ئەم ڕێککەوتنە و دوولەتکردنی کوردستان، فارس و تورکەکان، پاشانیش عەرەبەکان سوودیان لەو دابەشکردنەی کوردستان وەرگرتووە، تەنانەت لە هەرکاتێکدا پێویست بووبێت، دوژمنایەتی و ململانێکانی خۆیان وەلاناوە بۆ لێدان و سەرکوتکردنی ئەو بزووتنەوە و ڕاپەڕینانەی لە بەشەکانی کوردستاندا درووستبوون.
هەرکاتێکیش ئەو دەوڵەتانە ناکۆکی لەنێوانیاندا درووستبووبێت، هەریەکەیان هەوڵیداوە کوردی بەشەکەی تر لەبەرژەوەندی خۆی بەدژی دەوڵەتەکەی تر بەکاربهێنێت.
=KTML_Bold=ڕێککەوتنی قەسری شیرین کاریگەریی لەسەر پەیماننامەکانی دیکەش هەبوو=KTML_End=
کوردستان بەدرێژایی مێژوو بەهۆی پێگە جوگرافییەکەی کەوتووەتە ژێر باری قوورسی داگیرکەرانەوە، ئەمە وای کردووە هەمیشە چاوی داگیرکەرانی لەسەربێت، بۆیە هیچ ڕێککەوتننامەیەک نابینین بەسوودی کورد شکابێتەوە.
شارەزایان و لێکۆڵەرانی مێژوو پێیان وایە دابەشکردنی خاک، ئاو و هۆزەکانی کوردستان، لەڕووی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و یاساییشەوە گرفتی گەورە و بێ کۆتایی بۆ کوردەکان درووستکردووە، چونکە ئەو دابڕان و پەرتکردنە کاریگەریی لەسەر فکر و بڕیاردانی کورد هەبووە، هەمیشە ڕێگربووە لە درووستبوونی یەکدەنگی و یەکڕیزی نەتەوەی کورد.
ڕێککەوتننامەی قەسری شیرین چەند سەدەیەکی بەسەردا تێپەڕیووە، بەڵام کاتێک لاپەڕەکانی مێژوو هەڵدەدەینەوە، بەشێوازێکی ناڕاستەوخۆ کاریگەریی هەبووە و تا ئێستاش کاریگەرییە نەرێنییەکانی بەردەوامە، چونکە ئەم پەیماننامەیە بوو بەبناغەی هەموو ئەو پەیماننامانەی لەنێوان دەسەڵاتدارێتی سەفەویی و عوسمانی دەبەسترا.
دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملو لە پەڕتووکی کوردستان و کوردا دەربارەی پەیمانی قەسری شیرین نووسیویەتی: ئەم پەیماننامەیە کارەساتێکی گەورەبوو لە مێژووی کورددا، کە کاریگەریی کردە سەر هەموو ڕووداوەکانی پاشەڕۆژی گەلی کورد.
هەر وەک دەبینین لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانی و هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عوسمانی لەلایەن هێزەکانی ئیمپریالیزم، بەستنی پەیماننامەی لۆزان و پارچەکردنی کوردستان بۆ چوار بەش کاریگەریی پەیمانی زەهاوی لەسەر بووە.
هەموو ئەو ڕێککەوتننامانەی کراوە بەدژی کورد شکاوەتەوە، چونکە بەرژەوەندی وڵاتانی داگیرکەر وای خواستووە، دانەمەزراندی قەوارەی سەربەخۆی کورد و نەبوونی نوێنەری ڕاستەقینەی کورد لە ڕێککەوتننامەکاندا، لەئەنجامدا دەوڵەتانی داگیرکەر بەویست ئارەزووی خۆیان و بە ئاڕاستەی بەرژەوەندییەکانیان ڕێککەوتنیان کردووە و یارییان بە داهاتوو و چارەنووسی کورد کردووە. [1]