ناونیشانی بابەت: کار و پیشە لە سەدەی بیست و یەک
ئامادەکردن: #وەهاب حەسیب محەمەد#
=KTML_Bold=“دەستپێک”=KTML_End=
پێشتر دایک باوک هانی ڕۆڵەکانیان دەدا بۆ خوێندن، تا لە دوا ڕۆژدا لە فەرمانگەیدا دامەزرێن و ژیانێکی ئاسایی و ئارام بۆ خۆیان و خانەوادەکەیان دابین بکەن. کاتێکیش پیر و خەڕۆ بوون، خانەنشینبن و بە دڵنیاییەوە دوا ساتەکانی تەمەنیان تەواوبکەن، بەڵام لە سایەی تەکنەلۆژیادا؛ ئەم بۆچوونە لەم ڕۆژگارەدا تەواو سەراو ژێر بووەتەوە. ئەم هاوکێشەیە بۆ سەدەی پیشەسازی لە باربوو، نها مەمانان لە دەورانێکیترداین، کار و وەزیفە ناتوانن پشتگیری هیچ کەس بکەن، چوون سەدەیەکی نوێ دەستیپێکرد، ڕێسا و قانوونەکانیش گۆڕان، ئەو سەدەیە سەدەی تەکنەلۆژیایە.
=KTML_Bold=پێناسەی کار؛ =KTML_End= لە زماندا بە پیشە، کار و وەزیفە ناودەبرێت. وەک دەستەواژە؛ کۆششێکی جەستەیە لەپێناو بە دیهێنانی ئامانجێکی دیاریکراودا خەرج دەکرێت و کەسەکە قازانج دەکات، یاخود کۆمەڵە ئەرکێکە لە پیشەیەکدا، پێویستە کەسەکان بە شێوەیەکی درووست جێبەجێی بکەن تا لە ماوەیەکی دیاریکراودا دەستهاتێکیان دەستبکەوێت. “کار” گشت ئەو هۆکارانەیە یارمەتیی تاک دەدات داهاتێکی هەبێ و بتوانێت ژیانێکی شایستە بۆ خۆی، خانەواودەکەی دابین بکات. پاڵپشتی گەشەی ئابوورییە و بەشدارە لە بیناکردنی کۆمەڵگەدا، لە ڕێگای کارەوە تاک کەسایەتی خۆیی درووست دەکات، پێویستە خاوەنکار مافی کارمەند و کرێکاران دابین بکات و پێداگر بێت لەسەر بە دەستهێنانی مافەکانیان.
=KTML_Bold=مێژووی کار؛ =KTML_End= مێژوو دەڵێت: مرۆڤایەتی دەهەزار ساڵ لەسەر کاری کشتوکاڵی ژیاوە، سێ سەد ساڵیش لەسەر پیشەسازی، لە کۆتایی سەدەی ڕابردووەوە (بەتایبەت لە هەشتاکانی سەدەی بیست) ەوە مرۆڤایەتی لە قۆناغێکی نوێدا دەژێت کە بە قۆناغی تەکنەلۆژیا ناودەبرێت. سەرەتای شۆڕشی پیشە سازی کرێکاران لە زستاندا چواردە کاژێر و لە هاویندا یازدە کاژێر کاریان پێدەکرا. دواتر کەسایەتییەکی وەک “بسمارک” یاسای خانەنشینی داهێنا، بۆ ئەو ڕۆژگارە داهێنان بوو، چوونکە پێشتر کرێکاران لە گشت مافێک بێبەری کرابوون، هاوکات خانەنشینان بۆ ئەو ڕۆژگارە بارگرانی نەبوون بە سەر حکوومەتەوە، چوونکی ناوەندی تەمەن لەو وڵاتەدا “بروسیا” چل و پێنج ساڵ بوو، بەڵام ئەمێستاکە کەسانێک لە هەشتا و نەوەدەکانی تەمەنیاندا بە تەندرووستییەکی باش ژیان بەڕێدەکەن، بۆیە حکوومەت ناچارە لە کاتی تەنگژە و قەیرانەکاندا سەرباری دامەزراوە گرێبەستەکان کارمەندانی هەمیشەیش بنێرێتەوە بۆ ماڵ! ئە مرۆ سیاسەتی دارای دەوڵەت بەشێوەیەک دادەڕێژرێت، ڕوو لە پڕۆژەی بچووک و کارە خزمەتگوزارێکان بێت نەک دامەزراندن و بێکاری ڕووپۆشکراو.
=KTML_Bold=“جۆرەکانی کار؛ بە سەر چەند جۆرێکدا پۆلێن دەکرێت”=KTML_End=
• پیشە؛ کارێکە، کەسێک بە مەبەستی بە دەستهێنانی شارەزایی و لێهاتووی جۆراوجۆر پیادەی دەکات، وەک پەیوەندیگرتن لەتەک کەسانی دیکەدا، توانای گفتووگۆ و زمانی جەستە و …هتد.
• حیرفە؛ کارێکە، کەسێک بە هیوای بە دەستهێنانی شارەزای، ڕاهێنان لەسەر شتێکی نوێ دەکات، بە هیوای بە دەستهێنانی پارەی زیاتر بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لەگەڵ ئەو کارەدا بەردەوام دەبێت و دەست و پەنجەی لەتەکدا نەرم دەکات.
• وەزیفە؛ جۆرێکە لە جۆرەکانی کار، کەسێک بە شێوەی بەردەوام و بۆ بە دەستهێنای ڕۆزی بە شێوەی ڕۆژانە بەردەوام کار دەکات.
• کار؛ چالاکییەکە بە هیوای بەرهەمهێنان لەپاڵ بەکاربردنی سەرچاوە سرووشتێکاندا، کەسێک بە جەستە لە پێنا و ئارەزووییەکی دیاریکراو کۆششدەکات، هاوکات کار ئارەزوو مەندانەیە و کەسەکە زۆری لێناکرێت، زۆربەی کات ئاماژەیە بۆ کارە دەستێکانی وەک بەرگدروو، دارتاشی و کاری نەخشەکێشان و… هتد.
بە شێوەیەکی گشتی کار بە سەر یەخە سپێکان و یەخە زەردەکاندا دابەشدەکرێت، گرووپی یەکەمیان؛ بە گشتی ئەو کەسانەن لە نووسینگەکان و لە پشتی مێزەوە بە هزر و مێشک کاردەکەن. کۆمەڵی دووەمیش ئەو کەسانەن کاری تاقەت پروکێن و ماندووکەرانە ئەنجام دەدەن و یەخەی کراسەکانیان ڕەق هەڵدەگەڕێت، ئەو کەسانە لە کانەکان، کێڵگەو مەزراو … هتد کاردەکەن. هەروەها کاری ڕەش و سپیش هەیە، یەکەمیان یاساخە و دووەمیان ڕێگا پێدراو.
=KTML_Bold=“گرنگی کارکردن”=KTML_End=
1- کارکرددن یارمەتیی گەشەی ئابووری وڵاتان دەدات، بەرهەمی ناوخۆ و داهاتی نەتەوەی زیاد دەکات.
2- کارکردن گرنگترین پایەیە، یارمەتیی کۆمەڵگەکان دەدات لە سەرکەوتنی تاک و یارمەتیی پێشخستنی کۆمەڵگەش دەدات.
3- مرۆڤ لە ڕێگای ئیشکردنەوە بەشێوەیەکی درووست و لەژێر چاودێری کۆمەڵێک ڕێکاری قانوونی ئایینی و ئاکاریدا هەوڵی بە دەستهێنانی خواردن و خواردنەوەی دەدات.
4- لەپێناو درووستکردنی کەسایەتی تاکدا کارکردن پێویستە، چوونکی دواتر دەبێت بە ڕەگەزێکی کارا لە کۆمەڵگەدا، پێداویستی خۆیی و خانەوادەکەی دابیندەکات، چاو لە دەست و پشت بە کەسانیتر نابەستێت.
=KTML_Bold=“ئامانجی کارکردن”=KTML_End=
1- زیاد کردنی داهات لە ڕێگای وەبەرهێنانەوە؛ لە ڕێگای قازانج و وەبەرهێنانی نوێوە پشتگیری لە کەرتەکانی کار دەکات، چوونکی داهاتی وەبەرهێنان بەرزترین ڕێژەی داراییە کە بەخێرایی دەستدەکەوێت بە تایبەت وەبەرهێنان لە بواری کرین و فرۆشتنی زەوی و زار.
2- زیادکرنی بەشی کۆمپانیا و دامەزراوەکە لە بازاڕدا؛ هەموو کارێک دخازێت لە ڕێگای کردنەوەی بەشی نوێ بەشە بازاڕی زیاد بکات، یارمەتیدەرە لە بەهای دارایی ڕێکخراوەکەو ناوی لە ڕیزبەندی لە کۆمپانیاو دامەزراوەکاندا هەڵدەکشێت.
3- توێژینەوە و پێشخستن؛ ئامانجێکی گرنگی کارە، لە ژینگەی کاری دامەزراوەکە و لە ڕێگای کۆمەڵێک بیرۆکەی تازەوە پشت بە توێژینەوە و پێشخستن دەبەستێت کە داهێنان لە بواری بەرهەم و خزمەتگوزاریدا دەکات و پێشخستنی کاری لێدەکەوێتەوە.
4- پارێزگاریکردن لە گوژمەی نەختینە؛ لەپێناو بە دەستهێنانی گوژمەی نەختینەدا هەموو جۆرە کارێک لە ڕێگای بەدیهێنانی کۆمەڵە ئامانجێکەوە هەوڵی بە دەستهێنانی گوژمەی نەختینە دەدات، بە تایبەت کرین و فرۆشتنی پشکی دارایی، کاڵا و شمەک و بەشداریکردن لە پڕۆژە کاندا. هەموو ئەو خاڵانەش لە بواری بازرگانی، پیشەسازی و کشتووکاڵدا دەبینرێن.
=KTML_Bold=“تواناکان لە سەدەی بیست و یەک”=KTML_End=
ئێمە لە ڕۆژگارێکدا دەژین، کۆتایی ڕۆژگاری کاری نەریتی و کۆنە، ڕۆژگاری تەکنەلۆژیا و باڵا دەستی تەکنەلۆژیایە بەسەر هەموو کایەکانی ژیاندا، کوا کاری مسگەری، چەقۆ تیژکردن، بەڕە و مافور چنین؟ بازاڕەکان بەردەوام لە بچوکبوونەوەدان “لە بواری پسپۆڕێتی نەک قەبارە” دا بۆ نموونە جەخت کردنە سەر کەرتێکی تایبەت درووستکردنی جلوبەرگ بۆ تەمەنێکی دیاریکراو، یان گرووپێکی دیاریکراوی دانیشتووان لە بوارێکدا بەرچاو دەگیرێت. ئینتەرنێت و کۆمپانیا زەبەلاحەکەنیش دوو مەشخەڵی ئەم ڕۆژگارەن، لەتەک پووکانەوەی کارە نەریتێکان شارەزایی و لێهاتووی ئەو ڕۆژگارە ماڵاوایی دەکات و تواناو لێهاتووی نوێ سەرهەڵدەدن، بۆیە مرۆڤی ئەم ڕۆژگارە هەمیشە لە دڵە ڕاوکێدایە و مەحاڵە تا سەر بتوانێت لەسەر کارێک بەردەوام بێت. تواناکانی “سەدەی بیست و یەک” کۆمەڵە لێهاتووییەکن بۆ سەرخستنی کۆمەڵگە، کرێکاران، پەروەردەکاران، خاوەنکار، ئەکادیمیی و دامەزراوەکانی حکوومەت پێویستییانە، هاوکات بە بەشێک جوڵەی ناو دەوڵەتی ئەژماردەکرێت “لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا گواستنەوەی سەرمایە و تەکنەلۆژیا زۆر ئاسان بووە” پێویستە خوێندکار درکیان بکات و فێریان ببێت، زۆرێک لەم شارەزایانە فێربوونیان پێویستی بە کارو کۆششی دوورمەودایە. لە سەرەتایی هەشتاکانی سەدەی بیستەوە کۆمەڵێک زانکۆ، دامەزراوەی ئەکادیمی و حکوومی توێژینەوەیان لەسەر ئەو توانستانە کردووە، پێویستە نەوەی ئێستا و داهاتوو بە دەستی بهێنن، دواتر لە بواری خوێندن و کاردا پیادەی بکەن، سەرەتا لە “ئەمریکا” و پاشان وڵاتانی بەریتانیا، نیوزیلەند و کەنەدا تێهەڵچوون، هاوکات زانستەکانی بیرکاری، کۆمپیوتەر، زانست، زانستە کۆمەڵایەتێکان و زمانی ئینگلیزی لە بەرچاوگیران وەک بنەما بۆ شارەزاییەکانی لە سەدەی نوێ بریتیبوون لە؛
• بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە؛ بریتییە لە چارەسەری ئالەنگارێکان لە ڕێگای کێشە و چالاکییە هاوشێوەکانەوە، لەم بوارەدا فێرخواز تەنیا کۆمەڵێک ژمارە و ڕاستی ناخرێتە بەرچاوی، بەڵکوو فێردەکرێت چۆن ڕاستێکان بدۆزێتەوە.
• داهێنان؛ بیرکردنەوەیە لە دەرەوی سندوقەکە، چۆن؟ لە ڕێگای چارەسەری ئاریشەکان یان درووستکردنی سیستمێک یاخود کارێک پێشتر دەستی بۆ نەبرابێت، مەرج نییە گشت کەس داهێنەربێت، بەڵام توانای ئەوەی هەبێت لە دیدگای جیاوازەوە کێشەکان ببینێت، ئەو دیدگایانەی خەڵکی دیکە نایبینن، مەبەست لە داهێنان ئەوەیە خوێندکار بتوانێت جیاواز بیربکاتەوە و بە شێوەی باشتر کاربکات.
• هاوکاری؛ ئالیکاری پیادەکردنی کاری هاوبەشە بۆ بەدیهێنانی ئامانجێکی هاوبەش، کارێکی گرنگە چوونکی ئالیکاری خوێندکار فێر دەکات لە ئاریشەکان حاڵی بێت، چارەسەریان بۆ دیار بکات و باشترین شێوازیش بۆ ئیشکردن هەڵبژێرێت، گرنگە لەم بوارەدا خوێندکار ئاڕاستە بکرێت تا لە کەسانی دیکەوە چشتی تازە فێربێت، ئەوکات تێدەگات پێویستە قسە بکات چوون خاوەن بیرۆکەیە.
• پەیوەندیکردن؛ بریتییە لە گەیاندنی بیرۆکەیەک بەخێرایی و ئاشکرا، گرنگ نییە خوێندکار بەشێوەیەک ئەندێشە و بیرکردنەوەی بگەیەنێت کەسانیتر تێیبگەن، باشتر دەردەکەون ئەگەر بیرۆکەیەک بگەیەنن و دیدگای خۆیان گووم نەکەن، ئەوجا خوێندکار دەتوانێت بیرۆکەکەی سانا بکات و کەشێکی باش لە دەوروبەری بخوڵقێنێت.
=KTML_Bold=“پوختە”=KTML_End=
لە کۆتاییدا تەواوی ئەم تواناو لێهاتوویانە دەکرێت لە پڕۆژەی بچوکدا جێگایان بکرێتەوە، کە سەرمایە یان کەم و قازانجیان زۆرە، تەنانەت هەندێکیان پێویستیان بەسەرمایە و دەستهاتێکی ئەوتۆ نییە وەک ڕێکخستنی باخچە، خزمەتکردنی بەساڵاچوان، کاری دەستی و…هتد. پڕۆژەی بچووک لە تەواوی وڵاتانی پیشەسازی و زۆربەی وڵاتانی دنیادا گرنگی تایبەتیان هەیە، چوونکی زۆربەی وڵاتان دەنالێنن بە دەست پاشەکشەی پیشەسازی، خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆی و سرووشتێکانەوە، بە دیوێکیتردا ئەم پرۆژانە بە جیاوازی جۆرەکانێوە چاودێر و پاڵپشتی کەرتی تایبەت و گشتین بە شێوەیەک لە دنیادا 90% دامەزراوەکان پێکدەهێنێت و “50 بۆ 60%” هێزی کار لە دنیادا دەگرێتە خۆیی، پێویستە خوێندکاران و بەهرەمەندانی هەرێم ڕوو لەم پرۆژانە بکەن و حکوومەتیش پاڵپشت و چاودێریان بێت، چوونکی لە کۆتاییدا کۆی داهاتەکانیان وەک چەندین جۆگەلە دەڕژێتە دەریایی داهاتی وڵاتەوە و بەشدار دەبن لە گەشەی ئابووری خۆشگوزەرانی کۆمەڵگەدا. [1]