$ئێران و خۆپیشاندانەکانی ئێراق$
#زریان ڕۆژهەڵاتی#
#12-11-2019#
ڕووداوەکانی ئێستای ئێراق لە نزیکەوە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە. چونکە دەتوانن کاریگەریی لەسەر پێگەی نێودەوڵەتی و دۆخی ناوخۆیی ئەو وڵاتەش دانێن. بەڵام ئەو کاریگەرییە چۆنە و دەتوانن چ ئەنجامێکیان بۆ هەرێمی کوردستان لێبکەوێتەوە؟
$دیدگای ئێران بۆ خۆپیشاندانەکان$
بەرپرسانی ئێران خۆپیشاندانەکانی شەپۆلی یەکەمی بەهاری عەرەبییان وەک هۆشیاریی ئیسلامیی گەلانی ناوچەکە سەیر دەکرد و ناڕەزاییەکانی ئێستای لوبنان و ئێراقیش وەک فیتنە! ئەمە بەشێوەی جیاجیا لەلایەن هەندێک لەو هێزانەشەوە دووبارە دەکرێتەوە کە بە هاوپەیمانی ئێران ناسراون. بێشک لەپەنای هەریەک لەو چەمکانەشدا کۆمەڵێک بەرژەوەندی و حیسابی سیاسی و جیۆپۆلیتیکی شاراوەیە. هەرچەندە شەپۆلی یەکەمی بەهاری عەرەبی هەتا ناوچەکانی باشووری دنیای ئیسلامی- عەرەبی شۆڕ بووەوە، بەڵام گۆڕانە جەوهەرییەکەی لە بەشی ئەفریقا و ناوچەی سوننەنشین بوو نەک شوێنی دیکە. ئەمساڵیش زنجیرەیەک ناڕەزایی و خۆپیشاندانی جەماوەری سوودان، جەزائیر، میسر لوبنان و ئێراقیان هەژاند کە دەکرێ بە شەپۆلی دووەمی بەهاری عەرەبی ناوببرێن، بەڵام تا ئێستا وا دیارە کە ئەم جارە قوورسایی هەژانەکە زیاتر لە جوگرافیای شیعەنیشدایە و ئەمەش ڕێک ئەو هۆکارەیە کە وادەکات بەرپرسانی تاران وەک فیتنە و دەستوەردانی دەرەکی سەیری ڕووداوەکانی ئێراق بکەن.
ئاماژە و زانیارییەکی بەهێز لەبەردەستدا نین کە بۆچوونی بەرپرسانی ئێرانی سەبارەت بە هەبوونی دەستی دەرەکی لە پشت خۆپیشاندانەکانی ئێراقەوە پشتڕاست بکەنەوە. نە ئەمریکا نە ئیسرائیل و نە سعودیش پێگەیەکی جەماوەریی وایان نییە کە بتوانن خۆپیشاندانی پێ بچوڵێنن. ئەگەر وابووایە پێکهاتەی دەسەڵات و دۆخی حوکمڕانی بە جۆرێک نەدەبوو کە بە قازانجی تاران بێت. هەڵبەت خۆپیشاندانەکان دەتوانن فاکتەرێکی یاریگۆڕ بن بۆ ئەو نەزمە سیاسییەی کە لەدوای سەدامەوە لە ئێراق درووستبووە و بە زۆری بەلای ئێراندا شکاوەتەوە.
خۆپیشاندانەکان بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل و سعودیەش هەم دەرفەتن هەم تەگەرە! بێشک سوودی خۆپیشاندانەکان بۆ باڵانسکردنی دەستڕۆیشتوویی ئێران لە ئێراق هەتا ئەو کاتەیە کە سەقامگیریی تێکنەدات و زەمینەی دەرکەوتنەوەی تیرۆر نەڕەخسێنێ. لەوانەیە ناڕەزایی خۆپیشاندەرانی ئێراقی لە ئێران، بەکەڵک بێت بۆ باڵانسکردنی دەستڕۆیشتوویی ئێران، بەڵام کاتێک ڕووداوەکان بگەنە ئاستی تێکچوونی سەقامگیری و بۆشایی دەسەڵات، ئەمە دەتوانێت زیانی بۆ ئەو سێ دەوڵەتەش هەبێت. ئەگەر ڕێگرتن لە نفووزی ئێران بەبەهای دەرکەوتنی #داعش#ێکی تازە، شەڕی ناوخۆیی یان تەشەنەکردنی بۆ هەندێک لە وڵاتانی کەنداو بێت، ئەوا بێشک لە قازانجیان نابێت.
$بۆچی ئێران زیانمەندی خۆپیشاندانەکانی ئێراقە؟$
شەڕی 2003 ڕکابەرێکی گەورەی ناوچەیی لە کۆڵی ئێران کردەوە و کشانەوەکەی 2011ی ئەمریکاش مەیدانی ئێراقی بۆ تاران چۆڵکرد. کەم کەسیش لاری هەیە لەوەی کە لەو وەختەشەوە، ئێران براوەی یەکەمی گۆڕانکارییەکانی سیاسەت و پێکهاتەی حوکمڕانیی ئێراق بووە. ئێراق و ئێران دوو دراوسێی یەکن کە ئەزموونێکی درێژی ڕکابەریی یەکتریشیان هەیە. لەدوای سەدامەوە هەموو هەوڵێکی ئێران بۆ ئەوە بووە کە سیستەمێکی ناوەندیی بەهێز لێرە درووست نەبێتەوە. چونکە سەرەڕای هاوبەشیی مەزهەبیی تاران لەگەڵ حکومەتی بەغدا، هیچ گەرەنتییەک نییە کە بەغدا لەدوای چارەسەرکردنی گرفتەکانی، وردەوردە لە تاران هەڵنەگەڕێتەوە. ڕەنگە تۆزێک ئاڵۆز بێتە پێشچاو، بەڵام ئێران لە ڕیزی یەکەمین وڵاتەکاندا بووە کە کونسوڵخانەی لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و پاڵپشتی لە لامەرکەزییەتی ئێراق کردووە. بێشک ئەمەش لەبەرخاتری کورد یان دیموکراسی نییە، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە کە سەدامێکی دیکەی لێ ڕاست نەبێتەوە.
یەکێک لە دیمەنە بەرچاوەکانی خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەر، زۆربوونی ئاڵای ئێراقە. لە کەوانەیەکدا ئەوەش بڵێم ئەمە ئەو شتەیە کە لە خۆپیشاندانەکانی 2011ی هەرێمی کوردستاندا نادیار بوو. ئەم دیمەنە حەکایەتی بەهێزبوونی ناسیۆنالیزم لەنێو خۆپیشاندەران و جەماوەری شیعەی ئێراقدا دەگێڕێتەوە. ڕووکردنە نەتەوە لە جیاتی مەزهەب و دروشمی وڵاتێکمان دەوێت پێچەوانەی ئەو سیاسەتەیە کە لەجیاتی نەتەوە، جەخت لە هاوبەشیی مەزهەبی دەکاتەوە. بێشک هەر حکومەت و سیستەمێکی سیاسی کە بە ئاڕاستەی ئەم داواکارییەی خۆپیشاندەران درووستبێت، یان ئەگەر هەر ئەوەی ئێستا بەو ئاڕاستەیە بڕوات، هەژموونی ئێران لەسەر ئێراق کەمتر دەکات.
عەلی خامنەیی، ڕابەری ئێران ماوەیەک بەر لە ئێستا جەختی لە درێژەپێدانی سیاسەتەکانیان لە جوگرافیای بەرگری کردبوو کە دەکرێ لانی کەم ئاماژەیەک بێت بۆ ئێراق و سووریا و لوبنان. بەڵام دۆخی ئێستای سووریا لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی ئێراق و لوبنانیش، نفووزی ناوچەیی ئێرانیان هێناوەتە خاڵێکی وەرچەرخان کە پێدەچێت سەرەتایەک بۆ کەمبوونەوەی بێت. ئەمەش لە کاتێکدا کە کێشەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی خەریکە قووڵتر دەبێتەوە، بۆ تاران هەواڵێکی ناخۆشە.
خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە لە ئەگەری دەرکەوتنی جەنگی ناوخۆیی شیعە- شیعە بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە، ئێران پێگەی خۆی وەک مەرجەعێکی کۆکەرەوەی شیعەکانی جیهان لەدەستدەدات و بە ئەگەری زۆر ناکۆکییە ئاست نزمەکانی حەوزەی نەجەف و حەوزەی قوم کە بەردەوام هەبوون، دەگەنە ئاستێکی بەرزتر. بۆیە تا ئەو ساتەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران بەرانبەر ئێراق ڕەهەندێکی مەزهەبیی هەبێت، جەنگی ناوخۆیی شیعی –شیعی لانی کەم لەم وەختەی ئێستادا بە قازانجی تاران نییە.
بابەتێکی دیکە کە تارانی نیگەران کردووە، ئەگەری کاریگەریی دۆمینەیی ڕووداوەکانی ئێراقە لەسەر ئێران. خراپیی دۆخی ئابووری و زیادبوونی ململانێی ناوخۆیی باڵەکانی دەسەڵات و هەڵبژاردنی پەڕڵەمانیی ساڵی داهاتوو کە چاوەڕوانیی کێشمەکێشی زیاتری لایەنەکان دەکرێت، پۆتانسیێلی دەرکەوتنەوەی ناڕەزایی و خۆپیشاندانیان تێدایە و بەردەوامیی ڕووداوەکانی ئێراقیش دەتوانێت ڕۆڵی کاتالیزۆرێکی بۆ دەستپێکردنەوەی ئەو ناڕەزاییانەی ناوخۆی ئێران هەبێت. بۆیە خواستی تاران ئەوەیە هەرچی زووترە کۆتایی بە خۆپیشاندانەکانی ئێراق بێت.
$ئەنجام$
هێشتا ڕوون نییە خۆپیشاندانەکان چی لە سیستەمی سیاسیی ئێراق دەکات. بەڵام ئەوە ڕوونە کە دەرچوون لەم دۆخەی ئێستا بە قازانجی ئێران نابێت. لە ئاستی نێودەوڵەتی درزی نفووزە ناوچەییەکەی زیاتر دەکات و ئەگەری دەرکەوتنی ناڕەزایی ناوخۆییشی بۆ زیاتر دەکات. ئەگەر ئێراق بەهێز ببێتەوە، یان لانی کەم هەژموونی ئێرانی تێدا لاواز بێت و ئەگەر بەهۆی ڕووداوەکانی ئێراقەوە دۆخی ناوخۆی ئێران بشڵەقێ، ئەوسا تاران زیاتر ناچاری هەرێمی کوردستان دەبێت. ئەمە دەرفەتە بۆ هەرێمی کوردستان تا گۆڕانێک لە پەیوەندییە ناهاوسەنگەکەی خۆی لەگەڵ ئێران درووستبکات. بێشک هەرێمی کوردستان دەبێ پەیوەندیی لەگەڵ حکومەتە جیاوازەکاندا هەبێت، بەڵام دەبێ کەڵک لە هەموو دەرفەتێکیش وەربگرێت بۆ ئەوەی بناغەی دەسەڵاتی خۆی قایمتر بکات. [1]