ناونیشانی بابەت: بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی کۆمپانیاکان
ئامادەکردن: #وەهاب حەسیب محەمەد#
=KTML_Bold=“دەستپێک”=KTML_End=
کوردستان بە زۆر ئاڕاستەدا ڕووە و بازاڕی جیهانی کاردەکات و هەنگاو دەنێت، کەرتی وزە و پیشەسازی دوو کەرتی بەرچاو دیارن لە بوارەکەدا، ئەوی جێگای سەرنجە، کاریگەریی شێوازی کارکردنی کۆمپانیاکان و ئاسەوارە خراپەکانی لەسەر ژینگە و ژیانی خەڵک لە هەرێم بە شێوەیەکی خراپ دیارو بەرچاوە، بە گشتی هاوار و هەڵای خەڵک و ڕێکخراوەکان دژ بە کۆمپانیان لەبەرانبەردا و بێباکی کۆمپانیاکان گشت لایەک هەمووانی هێناوەتە دەنگ و پەرچەکردارەکەش لە ئاستی جیهاندایە، خەمخۆران لە گشت ئۆل، تیرە و تایەفەیەک هاتوونەتە دەنگ، چونکە تەکنەلۆژیا سرووشت ویران دەکات، لە ناوبردنی سرووشتیش تیاچوونی مرۆڤایەتییە، “یاشار کەمال”ی ڕۆمانووس جوانی گوتووە: دوورکەوتنەوەی مرۆڤ لە سرووشت، دورکەوتنەوەیە لە خودی ئادەمیزاد. خەمەکە جیهانییە و لەو پێناوەدا زۆر قانوون و ڕێنمایی دەرکراون، کۆمپانیاکان ناچار کراون کاروکردەوەکانیان هۆکاری ویرانکردنی ژینگە نەبێت، بە پێچەوانەوە هۆکاری گەشەی بەردەوامی ژینگە بێت “Sustainable”.
لە هەرێمی کوردستانیش، یاسای ژمارە (8) ی پاراستنی ژینگە لە ساڵی 2008 دەرچوێنراوە، بەڵام لە زۆر جێگا کارو کردەوەی کۆمپانیان تژییە دژ بە ژینگە و تەندرووستی هاووڵاتییان، وەک درووستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون لەسەر زەوییە کشتووکاڵێکان، پیسکردنی ئاو و هەوای هەرێم بە پاشەڕۆکانیان، شێواندن و تێکدانی سرووشتی هەرێمی کوردستان بە تایبەت لەلایەن کارگەکانی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ و …هتد. ئەم نووسینە، شیکاری ڕۆڵی کۆمەڵایەتی کۆمپانیاکان دەکات.
=KTML_Bold=“بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی چییە؟”=KTML_End=
بیرۆکەیەکە، کۆشش دەکات بۆ جێبەجێکردنی قانوونی تۆکمە بە سەر ڕێکخراوەکاندا، بەخاتری ئەوەی لە کارە خراپەکان دووربکەونەوە، کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگە هەیە، ئەمکارەش لەپێناو هاندانی ئەو ئیشانەیە، کە خۆشگوزەرانی بۆ تاک و کۆمەڵگە لێ دەکەوێتەوە بەرپرسیارێتێکە هەمە چەشنە و دەکەوێتە سەر دامەزراوەکان، زانکۆکان، تاک و کۆمەڵگە و …هتد.
=KTML_Bold=“مێژووی بەکارهێنانی دەستەواژەی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی”=KTML_End=
ساڵی 1923 بۆ یەکەمجار دەستەواژەی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی لەلایەن (شلدون) ەوە بەکارهاتووە، ئەو ئاماژەی کردووە؛ کە بەرپرسیارێتی هەر کۆمپانیایەک بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتییە، هۆکاری مانەوە و بەردەوام بوونیشی بەرپرسیارێتییە کۆمەڵایەتێکەیەتی لەکاتی جێبەجێکردنی کارە جیاوازەکانیدا. ساڵی 1953 کتابێک بەناوی (بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی پیاوی کار) چاپکرا کە جێگای بایەخی پسپۆڕان بوو، چونکە کتاوەکە دەریخستبوو؛ کۆمپانیا لە ژینگەی ناوخۆیی و دەرەکیدا دەتوانێت کاریگەریی لەسەر ڕەفتاری ئەو کەس و لایەنانە دابنێت کە مامەڵەیان لەتەکدا دەکات.
پێناسەی کۆمپانیا: دامەزراوەیەکە تایبەتە بە ئیشکردن، لەڕێگای فرۆشی بەرهەمەم و دابینکردنی خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکانییەوە هەوڵی بە دەستهێنانی پارە دەدات، هەروەها بەشێوەیەکی دیکە دەناسێندرێت کارێکی بازرگانییە و بە هیوای قازانج کاری کڕین و فرۆشتن دەکات.
=KTML_Bold=“بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی کۆمپانیاکان چییە؟”=KTML_End=
بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی بە واتا فراوانەکەی، بریتییە لەڕاگرتنی هاوسەنگی لەنێوان لایەنە جیاوازەکاندا ” مرۆڤ، ژینگە و گەشەی بەردەوام” بەدیهێنانی هاوسەنگییەکە بەشێوەیەک بێت پێداویستی بەرهەم هێنان و کرێکاران، ژینگە و کۆمەڵگە دابینبکات. (CSR) کوورتکراوەی دەستەواژەی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی کۆمپانیاکانە، ئاماژەیە بۆ قازانج، کەسەکان و ژینگە، کۆمپانیایەک بۆ قازانج کاردەکات و لەبەرانبەریشدا بە شێوەیەکی ئاکارانە بەرانبەر ژینگە و لایەنی کۆمەڵایەتی مامەڵە دەکات، کەواتە لە بواری ئابووریدا باڵا دەستە و لە مامەڵەکردنیش لەتەک خاوەن بەرژەوەندێکان دادپەروەرە، دەکرێت نموونەی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی لە پەیوەست بوون بە قانوون، پاراستنی ژینگە و مامەڵەکردن بە شێوەیەکی درووست لەگەڵ خاوەن بەرژەوەندێکان (ئەو کەس و لایەنانەی لەگەڵ کۆمپانیاکەدا هاو بەرژەوەندن) بخەینە بەرچاو. هەروەها تایبەتمەندی ڕکابەری (Competitive advantage) سەرمایەکی دیکەی مەعنەوی کۆمپانیاکەیە، بە هەمانشێوە ” Intangible assets ” کە بنەمایەکی مەعنەوییە بۆ نموونە “مارکە و ناو و ناوبانگی کۆمپانیا” دەتوانێت لە بازاڕی کاردا بانگەشیان پێوە بکات، وەک دوو بنەما لە بواری کاری کۆمەڵایەتییدا سوودیان لێ وەربگرێت. بۆ نموونە (5) کۆمپانیای یابانی بە ڕێبەری کۆمپانیای تورکیا بە نیازن ئوتومبیلێک درووستبکەن بە هایدرۆجین کاربکات، واتە دۆستی ژینگە بیت.
پێناسەی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی: فەرمانگەی ئەوروپایی بۆ بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی بەمشێوەیە بەرپرسیاری کۆمپانیاکان دەناسێنێت؛ بریتییە لە کاریگەریی چالاکییەکانی کۆمپانیا لەسەر کۆمەڵگە، ئەو کارە پابەندی دەکات بە پەیوەستبوون بە قانوون، بنەماکانی ڕێکخستن و پەیماننامە جیاوازەکانەوە لەتەک لایەنە جۆراوجۆرەکاندا، تاوەکوو دامەزراوەکە بتوانێت بە شێوەیەکی سنووردار هاوبەشی بکات لەتەک لایەنە جیاوازەکان و دیاریکردنی شێوازی کارکردنیان بە شێوەیەک بێت کۆمپانیاکە گرنگی بدات بە بابەتەکانی کۆمەڵایەتی، ژینگە، ئاکار، مافی مرۆڤ و بەکاربەر لە کارەکانیدا یاخود لە داڕشتنی پلانە ستراتیژێکانیدا.
=KTML_Bold=“جۆرەکانی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی کۆمپانیاکان”=KTML_End=
1. بەرپرسیارێتی ژینگەیی: تیاچوونی ئەم هەسارەیە لە ناوبردنی مرۆڤایەتییە، کەشتییەک هاوشێوەی کەشتییەکەی نوحیش نییە، جارێکیتر بمانگەیەنێتە کەناری ئارامی، دەستێوەردانی مرۆڤایەتی لە سیستەمی ژینگەدا هەمە چەشنە، لەبەرانبەردا بەرپرسیارێتییە کۆمەڵایەتێکانی کۆمپانیاکانیش فرە ڕەنگن، وەک دانانی ئاستێک بۆ پیسبوونی ژینگە، پاشەکەوتکردنی وزە و قەرەبووکردنەوەی شوێنەوارە خراپەکانی ژینگە بە چالاکی وەک چاندنی نەمام و زیاد کردنی ڕێژەی سەوزایی و …هتد.
2. بەرپرسیارێتی ئاکاری: پابەندبوونی ئاکاری لەسەر بریکارەکانە ئەوانەی خەریکی چالاکی بازرگانین، بریکاری ئاکاری کێیە؟ بێشک گشت کەسێکە، باشە سەبارەت بە کۆمپانیاکان چی بێژین: بەرپرسیارێتی ئەخلاقی لێرەدا مەبەست لە کۆمپانیا وەک قەوارەیەکی قانوونی نییە، بەڵکوو ئاماژەیە بۆ کۆمپانیا کە بریتییە لە کۆمەڵە کەسێک، بەم پێودانگە بەرپرسیارێتی کۆمپانیا، بریتییە لە مامەڵە کردن لەتەک خاوەن بەرژەوەندێکاندا بەشێوەیەکی دادپەروەرانە، وەک پارێزگاریکردن لە تایبەتمەندیان، هەمەچەشنی هێزی کار لە کۆمپانیاکەدا، دیاریکردنی نرخی گونجاو بۆ دابینکەران و …هتد.
3. بەرپرسیارێتی ئاکاری: گشت ئەو لایەنە ئاکاریانە دەگرێتەوە کە کۆمپانیا جۆراجۆرەکان لە مامەڵەکردنیان لەتەک کڕیار، خاوەن بەرژەوەندێکان و پارێزگاری لە تایبەتمەندی کڕیارەکان دەیگرنەبەر، بۆ نموونە کۆمپانیای “هاسبرۆ” کە نزیکەی بەر لە سەد ساڵە دامەزراوە و پسپۆڕە لە درووستکردنی یاری و ئەو کایانەی لە دەست بەتاڵیدا بەکاردەهێنرێن، ساڵی 2017 یەکەمی ئەو سەد کۆمپانیایە بوو لە ڕووی هاونیشتمانی بوونەوە “المواگنە” بە گوێرەی گۆڤاری (Corporate Responsibility) لە پێنجی ساڵی ڕابردوودا ئەو لە ترۆپکی ئەو بوارەدا بووە، چونکە بوارەکانی دڵنیایی بەرهەم، گەشەی بەردەوام، مافی مرۆڤ و بەکارهێنانی ئاکاری سەرچاوەکان لە بوارەکانی داهێنان و پێشخستنی بەرهەمەکان سەرتۆپی ئیشەکانی بووە، سەرباری خزمەتکردنی کۆمەڵگە.
4. بەرپرسیارێتی خێرخوازی: گۆڕانکاری کۆمەڵگە بەرەو دۆخی باشتر، وەک بەخشین لە بواری تەندرووستی و فێرکردندا، بە نموونە کۆمپانیا ڕووسێکان لە دەستپێکی خوێندنەوە تا لێکۆڵینەوە ئاڵۆز و گرانەکان یارمەتیی بواری فێرکردن و توێژینەوە دەدەن، هەروەها زانکۆیەکی وەک هارفارد ساڵانە بە ملیار دۆلاری لە ڕێگای خێرخوازانەوە دەست دەکەوێت و لە بواری توێژینەوەدا خەرجیان دەکات.
ئەم لایەنە لە کۆمپانیای گووگڵ دیار و بەرچاوە، بۆ نموونە بەشی خێرخوازی گوگل “Google.org” ساڵی 2017 ڕایگەیاند: لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا ملیارێک دۆلار لە سێ بواردا خەرجدەکات، فێربوون، هەلی ئابووری و بوارەکانی دیکە، کۆمپانیای ناوبراو بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکردنەوەی کردووە لە فڕێدانی پاشەڕۆکانی بۆ ناو ئاو، لە شەش جێگا لە ناوەندی زانیارێکانی کۆمپانیاکە تەنەکەی خۆڵ ڕشتنی هەڵگرتووە، یەک ملیار و نیف دۆلاریشی لە وزەی نوێبووەدا وەگەڕ خستووە. کۆمپانیای فەیسبووکیش ملیاریک دۆلاری بە خشیووە بە ڕێکخراوە قازانج نەویستەکان و …هتد.
5. بەرپرسیارێتی ئابووری: بریتییە لە ڕاگرتنی هاوسەنگی ئاکاری، ژینگەیی و خێرخوازی، بۆ نموونە بەرهەم هێنانی ئەو کاڵا و شمەکانەی توانای دووبارە بەکارهێنانەوەیان هەیە، چونکە مادەیەکی وەک پلاستیک سەدان ساڵی گەرەکە بۆ شیبوونەوە و شوشەش هەرگیز شینابێتەوە.
=KTML_Bold=“کەڵکی بەرپرسیارێتی کۆمپانیاکان چییە؟”=KTML_End=
1. درووستکردنی وێنایەکی زەینی لای کڕیار یاخود بەکاربەر: بریتییە لە وێنەی کۆمپانیایەک لە مەژگی خەڵکدا شەقڵ دەگرێت، تەنیا بە ناوهێنانی، یاخود بیرهێناوەی بەرهەم و خزمەتگوزاریەکی کۆمپانیایەک بۆ خەڵک ئاشنا دەبێت، ، بە گوێرەی ئەو بارودۆخەی کۆمپانیاکەی پیادا تێپەڕ دەبێت، یان بە گوێرەی بانگەشە و ئاستی تەواوکردنی کارەکانی و …هتد. وێنەی زەینی کۆمپانیا بەردەوام دەگۆڕێت لە باشەوە بۆ خراو بە پێچەوانەوە. چونکە لە بازاڕدا کاریگەریی لەسەر ناو و ناوبانگی کۆمپانیاکە دادەنێت، هۆکارێکیشە بۆ کەمەند کێشکردنی کڕیار، هاوبەشەکان و خاوەن پشکە نوێیەکان، هاوکات بەراورد بەو کۆمپانیانەی ناویان زڕاوە و وێنایەکی زەینی ناشیرینیان لە بەر دیدەی کڕیار درووستکردووە یارمەتیی زیاد کردنی قازانج، دەستهات و فرۆشەکانی دەدات.
2. وێنەیەکی جوانی کۆمپانیا: پیادەکردنی پەیڕەوێک کە دۆستایەتی ژینگەی لێ بکەوێتەوە، یان هەستکردن بە بەرپرسیارێتی ناو و ناوبانگی کۆمپانیا هۆکارە وێنایەکی جوانی کۆمپانیا لە بەر دیدەی بەکاربەر و کۆمەڵانی خەڵک درووستبکات.
3. تایبەتمەندی ڕکابەری: بریتییە لە بەرهەمهێنانی بەرهەمێک یان دابینکردنی خزمەتگوزاریەک لە جۆری باشترو نرخی هەرزانتر بێت لە هاوشێوەکانی کە لە بازاڕدا هەیە، ئەوەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی کڕیار لە دەوری کۆمپانیاکە گرد ببنەوە، هاوکات تایبەتمەندی بەرهەم و خزمەتگوزارێکانی بخاتە بەرچاو دەستیان لە کۆتایشدا خەڵکی پشتگیری لە کۆمپانیاکە دەکەن. [1]