پەڕڵەمانتاریکی یەکێتی دەڵێت پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی حکومەتی فیدراڵ پڕۆژەیاسای بودجە بنێرێتە پەڕڵەمانی کوردستان. #نەرمین مەعروف#، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕڵەمانی ئێراق ڕایگەیاند لیژنەی دارایی و ئابووری پەڕڵەمانی ئێراق بەردەوامە لە گفتوگۆکانی تایبەت بە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی، بە مەبەستی شیکردنەوەی سەرجەم ڕەهەندە دارایی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی بودجە و ئامادەکردنی بۆ خوێندنەوەی دووەم لە هەفتەی داهاتوودا ئاماژەی بەوەشدا، ئەم بودجەیە گەورەترین بودجەیە لە مێژووی ئێراقدا و زیاترە لە 199 ترلیۆن دینار بە پەسەندکردنیشی کاریگەرییەکی گەورە درووستدەکات لەسەرکۆی سێکتەرە ئابوورییەکان و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی ئێراق. ئەوپەڕڵەمانتارەی یەکێتی ئەوەشی خستەروو، پشکی هەرێمی کوردستان لەم بودجەیە بە ڕێژەی 12.67% دیاریکراوە و دەکاتە زیاتر لە 15 ترلێۆن دینار و گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ سەرپێخستنەوەی پڕۆژەکانی بواری وەبەرهێنانی گشتی و ڕەخساندنی هەلی کار و کۆتایهێنان بە کێشەی دواکەوتنی مووچە و ئەو قەیرانە داراییەی ساڵانێکە تووشی هەرێمی کوردستان بووە. د. نەرمین مەعروف، جەختی لەوەشکردەوە، لەپێناو پاراستنی مافی هەموو چین و توێژەکان لەم داهاتە و دابەشکردنی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی حکومەتی فیدراڵ پڕۆژە یاسای بودجە بنێرێتە پەڕڵەمانی کوردستان و لە چوارچێوەی یاسای بودجە و بەڕەزامەندی نوێنەرانی گەل کۆی داهات و خەرجییەکانی حکومەت ڕێکبخرێتەوە. [1]
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 705 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!