$کێشەزای پێوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان$
#زوبێر ڕەسوڵ#
#06-05-2017#
ئاستی پێوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان هەڵبەزودابەزی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و تا ئێستاش نەگەیشتووەتە خاڵێکی سەقامگیر و پێوەندییەکی ستراتیژی سەرەڕای ئەو هەموو چالاکییە ئابووری و سیاسییەی کە تا ئێستا لەنێوان هەردوولادا هەیە. دۆستایەتی تورکیا و هەرێمی کوردستان کە بەشێوەیەکی پراکتیکی و پراگماتیکی لە 2008 بەدواوە دەستپێدەکات، تەنیا زادەی پێوەندی ئابووری و پێداویستیی تورکیا نییە بە وزە، وەک بەشێکی زۆر لە چاودێران و توێژەران لەسەری کۆکن، هەڵبەتە ئەمە بە مانای نکوڵیکردن لە فاکتەری ئابووری نایەت، بەڵکوو بەو مانایە دێت کە وێنە گەورەکەی ئەم پێوەندیانە کۆمەڵێک فاکتەری ترن و بە تەواوی پرسی ئەمنیی ئاڵۆزن، کێشەکانیش بە زۆری لەم ئاستەدا ڕوو دەدەن. ئەنکەرە و #هەولێر# کە دەمێک وەک نەیار و دەمێکی تر وەک یار و یاوەر دەردەکەون، زیاتر پرەنسیپەکانی تیۆری ئاساییشی هەرێمیی ئاڵۆز (Regional Security Complex) یان بەسەردا جێبەجێ دەبێت. لەبەر ڕۆشنایی ئەم تیۆرە، هەرێمی کوردستان بەشێکە لە زنجیرەی ئاساییشی تورکیا و ناوچەکە، دەکرێت لەیەک کاتدا هەم ببێتە مایەی مەترسی بۆ سەر ئاساییشی تورکیا و، هەمیش مایەی ئارامی بۆ ئاساییشی تورکیا و ناوچەکە.
سیاسەتی تورکیا بە تایبەتی لە 1991 وە تاوەکوو 2008 ، بەشی یەکەمی ئەو تیۆرەی ئاماژەم پێدا، بەسەردا جێبەجێ دەبێت، واتا باکووری ئێراق مایەی مەترسیە بۆ سەر ئاساییشی تورکیا. بەڵام لە 2008 بەدواوە، سیاسەتی تورکیا بەرانبەر هەرێم بە تەواوی دەکەوێتە چوارچێوەی هاوکێشەی دووەمی ئەو تیۆریەی ئاماژەمان پێدا، واتا هەرێم دەکرێت مایەی ئارامیش بێت بۆ تورکیا. هەڵبەتە کۆمەڵێک فاکتەر بەشدارن لە ڕەنگڕێژکردنی سیاسەتی تورکیا بەرانبەر هەرێمی کوردستان. جیا لە فاکتەری وزە، فاکتەری هەرە سەرەکی بۆ نزیکبوونەوەی تورکیا لە هەولێر بریتییە لە ئیحتیواکردنی ڕۆڵی #پەکەکە# لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە. بۆیە پێوەندیی تورکیا لەگەڵ هەولێر تا ئاستێکی زۆر پەیوەستە بەپێوەندیی تورکیا لەگەڵ کوردەکانی خۆی، واتا تورکیا بەدوای ئەوەوەیە کە بەدیلێک بۆ پەکەکە بدۆزێتەوە نەک تەنیا بۆ تورکیا، بەڵکوو بۆ درووستکردنی کاریگەریی لەسەر بەشەکانی تری کوردستانیش، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو پرسە لەبن دەستی پەکەکە دەربهێنێت. بۆیە سیاسەتی کرانەوەی تورکیا بەرانبەر کێشەی کورد و ڕێگەدان بە چالاکییەکانی #هەدەپە# و نزیکبوونەوە لە باشوور بە تایبەتیش لە بارزانی، تا ئاستێکی زۆر کاریگەر بووە بەو فاکتەرە. بەڵام لەڕاستیدا نە هەدەپە و نە بارزانیش نەیانتوانی ئەو ڕۆڵە بۆ تورکیا بگێڕن، چونکە هەدەپە تا ئاستێکی زۆر بە پەکەکەوە پەیوەست بووە و قاعیدەی جەماوەریشی هەمان ئەو قاعیدەیەی پەکەکە بوو، بە تایبەت لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە، بارزانیش بەهۆی نەبوونی قووڵاییەکی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی بەهێز لە باکوور، نەیانتوانی (یاخود نەشیانویست) ئەو ڕۆڵە بگێڕن. چونکە بە تایبەتی بۆ بارزانی سەرەڕای کێشەی ڕیشەییان لەگەڵ پەکەکە، بەڵام ئەو ئێستا بەهۆی هەڵکشانی پێگەی سیاسی و کەسایەتیی نەتەوەیی خۆی و هەروەها سەرکردایەتی پڕۆژەی دەوڵەتی کوردی، ناتوانێت ئەو ڕۆڵەی نەوەدەکان بۆ تورکیا بگێڕێت.
فاکتەری دووەمی پشت پێوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان لەدوای کێشە ناوخۆییەکانی سووریا دەستپێدەکات کاتێک کوردی ڕۆژاوا بە یارمەتیی پەکەکە دەبنە هێزێکی سیاسی و سەربازیی ئاکتیڤ لە ناوچەکەدا، ئەوەش وا دەکات پەکەکە نەک تەنیا خاوەنی کارتی سەربازی بێت، بەڵکوو ببێتە خاوەنی پێگەی سیاسی و دیبلۆماسی و فەرزکردنی ئەمری واقیعیش لە سووریا. پرسی کوردی ڕۆژاوا دیسان ئەو پرسەی بۆ تورکیا تۆخ کردەوە کە کورد بەشێکن لە هاوکێشەیەکی ئەمنی و سیاسی لە ناوچەکەدا و پێویستە ئیحتیوا بکرێن، تا دەکرێت بە هێزی دیبلۆماسی. هەڵبەتە زۆر گرنگە لەوە تێبگەین کە پێوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان، پێوەندییەکی ئیختیاری و هاوتا نییە، ڕوونتر بڵێم هەر یەکە لە تورکیا و هەرێم بە ناچاری بوونەتە دۆست پاش تاقیکردنەوەی زۆربەی ئەڵتەرناتیڤەکانی تری وەک شەڕ و هەڕەشە. دەتوانم بڵێم بۆ تورکیا پێوەندییەکانی لەگەڵ کورد زیاتر بەو لۆجیکە دەخوێنرێتەوە کە دەڵێت: با دۆستەکانت لێتەوە نزیک بن، بەڵام دوژمنەکانت نزیکتر. بۆ هەولێریش پێوەندییەکان لەگەڵ تورکیا لە خۆشییەوە نەبووە و لە ناچاری بووە، چونکە هەرێم خاوەن جیۆپۆلیتیکێکی داخراوە و ڕێڕەوی دەریایی نییە تاوەکوو بەئازادی پێوەندییەکانی لەگەڵ دونیای دەرەوە دابمەزرێنێ. بێجگە لەمەش، هەریەکە لە تورکیا و ئێران ئەستەمە ڕێگا بدەن هەرێم پەلهاوێژیی سیاسی و ئابووری بکات بەبێ بەشدانی ئەوان، ئینجا ئەم بەشە دەسکەوتی ئابووری بێت یان دەسکەوتی سیاسی. ئەوەی کە واشیکردووە هەرێمی کوردستان زۆر بێدەسەڵاتتر بێت لەو دوو هەژموونە ناوچەییەی ئەنکەرە و تاران، ئەم دۆخە لاوازەی دەوڵەتی ئێراقە بەرانبەر ئەو دوو وڵاتە کە بەداخەوە چانسی مانۆڕی سیاسی ئەوەندەی تر بۆ هەولێر ئەستەم کردووە. بۆیە سەیر نییە تا ئێستاش هەریەکە لە تورکیا و ئێران وەک بەکارهێنانی کارتی فشار لە پێوەندییە هەرێمی و هاوکێشە سیاسییەکانی ناوخۆدا سەیری هەرێمی کوردستان بکەن.
خاڵێکی تر ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان لەپێناوی بوژانەوەی ئابووری و دواتر سیاسیش ناتوانێت دەستبەرداری پێوەندییەکانی بێت لەگەڵ تورکیا، دەکرێت بڵێین بوونی لێشاوێک لە کومپانیای نێودەوڵەتی و نوێنەرایەتیی سیاسی وڵاتان لە هەرێم تا ئاستێکی زۆر بەهۆی ئەو پێوەندییە ئارامە بووە کە هەولێر لەگەڵ تورکیادا هەیبووە، چونکە ئارامی و جووڵەی ئابووری جووڵەی سیاسیش بەدوای خۆیدا دێنێت. ئەمە واقیعێکە لەوانەیە تا کاتێکی زۆر باڵ بکێشێت بەسەر پێوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستاندا، بە جۆرێک هیچ مەرج نییە دوای نەمانی دەسەڵاتی ئەردۆغان و بارزانیش کە بەشێک لە ئێمە بە هۆکاری ئەم فۆرمە لە پێوەندیی ئەنکەرە و هەولێر دەیانبینین، ئەم دۆخە باشتر بێت، بەڵکوو بە نەمانی ئەمان ئەگەری تێکچوونی پێوەندییەکانی هەرێم و تورکیا زیاتر پێشبینی کراوە، چونکە بەشێکی زۆری پێوەندییەکانی تورکیا و هەرێم پێوەندیی نێوان دوو پارتی بەهێز و دوو سەرکردەن و پێوەندی نین لەسەر بنەمای دامەزراوە سیاسییەکان ، چ لە تورکیا و چ لە هەرێمیش بەشێکی زۆر لە پارتەکان یەکدەنگ نین لەسەر پێوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان. بۆیە پێوەندییەکان دەکرێت بگوترێت لە بەردەم هەڕەشەی بەردەوامدان و زیاتر لە زەواجێکی کاتی دەچێ تا پێوەندییەکی ستراتیژیی هاوبەش لەنێوان دوو وڵات و لە هەر کاتێکدا ئەگەری تێکچوونی هەیە. سەرەتای هەڕەشەکانی سەر ئەم پێوەندیانە ئەوە بوو کە لەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە #کەرکووک# بینیمان، بە جۆرێک ئەم پێوەندیانەی دووبارە خستە گومانەوە، پێدەچێت ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیش هەڕەشەیەکی تر بێت لەسەر ئەم پێوەندیانە، هەڵبەتە ئەمە سەرەڕای بوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی کە هەولێر ئامادە نییە بەو میکانیزمانەی تورکیا دەیەوێت، ڕووبەڕووی پەکەکە ببێتەوە. بەتایبەتتریش دوای ئەزموونی کانتۆنەکانی ڕۆژاوا و داخستنی پەڕڵەمانی کوردستان، پەکەکە ئێستا ئامادەگییەکی بەهێزتری هەیە لە هەرێمدا چ لەڕووی جەماوەر بێت یان لەسەر ئاستی پاڵپشتیی پارتە سیاسییەکانی هەرێم، بە جۆرێک (جگە لە پارتی) بەشی هەرەزۆری لایەنەکانی تر ئینجا چ لە لاوازیی خۆیان بێت یان لە ڕقی پارتی، پەکەکە وەک کارتێکی گوشار بەکاردەهێنن لە بەردەم پارتی و بەهێزکردنی پێگەی جەماوەریی خۆیان. هەموو ئەو فاکتەرانەی ئاماژەمان پێدان هۆکارگەلی ئەوەن کە پێوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان لە نادڵنیاییدا دەمێننەوە. [1]