$هۆکارەکانی پشت لەشکرکێشیی تورکیا بۆ سەر #قەندیل#$
#زوبێر رەسوڵ#
#28-06-2018#
ئەگەرچی کرانەوە بەڕووی جیهانی ئیسلامیدا تا ئێستا کۆمەڵێک کێشەی بۆ تورکیا خولقاندووە بە تایبەتی دوای سەرهەڵدانی ئەوەی پێی دەگوترێت بەهاری عەرەبی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا توانیویەتی زۆربەی ئەو کێشانە بەرلەوەی ببنە مەترسیی گەورە لەسەر ئاساییشی خۆی، لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلایی بکاتەوە. بە تایبەتیش پاش ئەوەی ئانکەرە بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەزامەندیی هەریەکە لە ئەمریکا و ئێراق و ئێرانیش، توانی بێتە ناو خاکی ئێراق و سووریاوە.
هەر لە کردنەوەی کەمپی سەربازییەوە لە بەعشیقە و دواتریش بۆردوومانی شەنگال، تا دواجار خۆی لە لەشکرکێشیەکەی سەر #عەفرین# بینییەوە، ئەمە لە کاتێکدا بوو کە هێزەکانی سووریای دیموکرات تاکە هێزی دەستی ئەمریکا بوو لە گۆڕەپانی سووریا و شەڕ لە دژی #داعش#. بەڵام تورکیا بەبێ گوێدانە کۆمەڵێک حساباتی سیاسی و سەربازی، توانی شوێنپێی خۆی لەسەر گۆڕەپانی جەنگی نێوان هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان بکاتەوە و ئەمریکا ناچار بکات کە داوا لە هێزەکانی سووریای دیموکرات بکات مەنبج بەجێبهێڵن. دەتوانین بڵێین ئەم ڕووداوانە هەموویان پاڵنەر بوون بۆ ئەو لەشکرکێشیەی کە ئێستا تورکیا بۆ سەر قەندیل ئەنجامی دەدات، ئیتر هەر لەو کاتەوە تورکیا گەیشتە ئەو باوەڕەی کە ئەم ئەزموونە دەکرێت لە قەندیلیش دووبارە بکرێتەوە. بەڵام ئەوەی ئاماژەمان بۆ کرد، تەنیا نیوەی هاوکێشەکەیە و فاکتەری دیکەی سەرەکیتر هەن بۆ ئەو لەشکرکێشەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر قەندیل کە دەتوانین لە چەند تەوەرێکدا کوورتیان بکەینەوە.
کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەڕڵەمانی لە تورکیا کە یەکشەممەی ڕابردوو بەڕێوەچوو، یەکێک بوو لەو فاکتەرە سەرەکیانەی کە تەکانێکی تری دا بە ئەردۆگان بۆ ئەوەی دەنگی بەرزتر بێت بەسەر ڕکابەرەکانیدا. چونکە پێشتریش هەریەکە لە لەشکرکێشیەکەی تورکیا بۆ سەر قوبرس لە ساڵی 1974 و هەروەها دەستگیرکردنی سەرۆکی پارتی کرێکاران #عەبدوڵڵا ئۆجەلان# لە 1999 ، دەسکەوتی زۆریان هەبوو بۆ پارتە فەرمانڕەواکان بۆ ئەوەی سەرنجی دەنگدەری تورکی پێ ڕابکێشن.
وەزیری ناوخۆی تورکیا سلێمان سۆیلو لە دووی ئەم مانگە وتی کە هێزەکانیان بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر چوونەتە باکووری ئێراقەوە و بەرەو قەندیل دەڕۆن. ئەردۆگانیش لە کاتی کەمپینی هەڵبژاردنەکان لە #ئامەد# وتی: نۆرەی قەندیلیش دێت. هەڵبەتە بەپێی چەند ڕیپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی، هێزە سەربازییەکانی تورکیا چەند مانگێکە لەناو سنووری ئێراق خەریکی ئامادەکارین بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە، بە تایبەتی لە ناوچەکانی #سیدەکان# و خواکوڕک، ئامانجیشیان کردنەوەی ڕێڕەوێکە بۆ هێرشکردنە سەر قەندیل.
لەشکرکێشیی تورکیا بۆ سەر قەندیل هەرچەندە دەمێکە لە وتاری سیاسی ئاکپارتی و ئاردۆگاندا ئامادەیە، بەڵام پێناچێت ئامادەکارییەکی هەرێمی بۆ کرابێت، چونکە ئەنجامدانی هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆ سەر پێگەکانی پارتی کرێکاران لە جوگرافیایەکی سەختی وەک قەندیلدا، هەماهەنگیی حکومەتی هەرێم و ئێران و ئێراق و ئەمریکاشی دەوێت ئەگەرنا ئەستەمە سەرکەوتوو بێت. هەر بۆیە وەزیری دەرەوەی تورکیا تەئکیدی لەسەر ئەو هەماهەنگیە هەرێمیە کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆ سەر قەندیل بە تەنسیق لەگەڵ چوار جەمسەری سەرەکی: ئەنکەرە، واشنتن و بەغدا و #هەولێر# دەبێت، بەتایبەتی لەڕووی هەواڵگرییەوە، بەڵام لە واقیعدا پێناچێت ئەو هەماهەنگیە هەرێمیە هەبێت.
هۆکارێکی تری پشت ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە ئەوەیە کە تورکیا پێیوایە هێزەکانی #پەکەکە# شکستیان هێناوە لە بنیاتنانی هەرێمێکی خۆسەری لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و زیانی گیانیی زۆریشیان هەبووە، بۆیە ئەستەمە بەرگەی ئەو هەموو گوشارە سەربازییە بگرن لە قەندیل. هەرچەندە ئەمە بە تەواوی ڕاست نییە چونکە بەشێکی زۆری هێزەکانی سووریای دیموکرات خەڵکی سووریا بوون و پێموانییە هێزەکانی پارتی کرێکاران بە چەکداری زۆر بەشدارییان کردبێت لە سووریا.
بێجگە لەم هۆکارانەی ئاماژەمان بۆ کردن، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە خەریکە هەماهەنگییەکی تازە لەنێوان ئەمریکا و تورکیا درووست دەبێت لە سووریا. کشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە مەنبج پێدەچێت سەرەتای دەرکەوتنی ئەو هەماهەنگیە بێت. ئەمەش بەپێی بەشێک لە چاودێرانی سیاسی لەوانەیە بەشێک بێت لەو جموجوڵ و گوشارەی کە ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت ئامادەکاری بۆ بکات بۆ دەورەدانی ئێران، بە جۆرێک کە هیچ نەبێت تورکیا ڕازی بکات ئەگەر نەشیەتە ناو بەرەی دژی ئێران، بەڵام بەربەستیش بۆ سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە درووست نەکات.
هەڵبەتە ناکرێت ئەوەش نادیدە بگرین کە لەڕووی سیاسی و سەربازیشەوە ئەستەمە ئەم ئۆپەراسیۆنەی تورکیا بۆ سەر قەندیل بتوانێت سەرکەوتوو بێت، تورکیا خۆیشی ئەم ڕاستییە دەزانێت، بەڵام مەبەستی تورکیا ئەوەیە کە ئێستا دۆخی زاتی و بابەتی زۆر لەبارە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی لەم جۆرە، بە تایبەتی کە ئەمە ڕۆڵی دەبێت لە داڕشتنەوەی ئەو دەسەڵات و دەوڵەتەی ئەردۆگان چەند ساڵێکە دەیەوێت دەستکاری بکات. ئەردۆگان دەیەوێت هەم بە ئیسلامیستەکان و هەمیش بە عەلمانییەکانی تورکیا بڵێت کە ئەو سەرکردەیەکە لەسەر میراتی ئمپراتۆریەتی عوسمانی و بنەماکانی دەوڵەتەکەی ئەتاتورک دەڕوات. ئەمە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە تورکیا دەیەوێت هێزەکانی پەکەکە دووربخاتەوە لە سنوورەکانی خۆی و پەرژینێکی سەربازی درووست بکات بۆ ئەوەی بە ئاسانی نەتوانن هێرش بکەنە سەر تورکیا. بەڵام لەڕاستیدا خۆ تورکیا لە ساڵی 1990 ەوە هێزە سەربازییەکانی لە خاکی هەرێمی کوردستانن و تا ئێستاش نەیانتوانیوە ئەو پەرژینە سەربازییە درووست بکەن، چونکە هێزەکانی پارتی کرێکاران سەرەڕای شارەزاییان لە شەڕی شاخ، بە جۆرێک لە جۆرەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستانیش تێکەڵن و خەڵک ئەگەر لە چەند شوێنێکیش دڵگران بن بە وجودیان، بەڵام بەگشتی گەر بێتە سەر هەڵبژاردن لەنێوان سوپای تورک و گەریلاکانی پەکەکە، باوەڕ ناکەم زۆرینەی کوردی باشوور مانەوەی سوپای تورکیایان پێ باشتر بێت لە گەریلا.
لێکەوتەی ئەم ئۆپەراسیۆنە لەسەر هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ئەم لەشکرکێشیە بەهیچ جۆرێک لە بەرژەوەندی ئاساییشی هەرێمدا نییە، بەتایبەت لە کاتێکدا ئەگەر تورکیا بیر لەوە بکاتەوە گرووپە ئیسلامییە توندئاژۆکانی سووریا بخزێنێتە ناو ئەو ململانێیە و دواجاریش بیەوێت بیانکات بە جێگرەوەی پەکەکە لە قەندیل، چونکە ئەگەر ڕێککەوتنەکەی تورکیا و ئەمریکا بەتەواوی لە مەنبج جێبەجێ بکرێت، ئەوا تورکیا چیتر ناتوانێت ئەم گرووپانە داڵدە بدات و دەبێت دەستیان لێ بەربدات. حکومەتی هەرێم دەبێت بە وریایی ئاگاداری ئەم بیرۆکە دۆزەخیە بێت. هەرچەندە بیرۆکەیەکی لەم شێوەیە تا ئێستا لەئارادا نییە، بەڵام وەک دەڵێن هیچ شتێک لە سیاسەتدا مەحاڵ نییە، بە تایبەتی لەگەڵ هێزێکی وەک تورکیا کە سڵ ناکاتەوە لە گرتنەبەری هەر وەسیلەیەک بۆ جێبەحێکردنی ئامانجەکانی کە خۆی لە لەناوبردنی پارتی کرێکاراندا دەبینێتەوە. [1]