$هەرێمی کوردستان و ڕۆژاوای کوردستان، بەرژەوندی هاوبەش$
#زوبێر ڕەسوڵ#
#11-08-2020#
هەڵکەوتەی جیۆپۆلەتیکی کوردستان بە درێژایی مێژووی سیاسی کورد کاریگەریی زۆری هەبووە لەسەر پرسی کورد بە گشتی و لێکەوتە سیاسییەکانیشی کە تاوەکوو ئێستاش بەردەوامن. لە ئاستی ناوخۆدا ئەم لێکەوتانە کاریگەریی بەردەوامیان هەبووە لەسەر پەیوەندی نێوان پارتە سیاسییەکان کوردییەکان لە گشت بەشەکاندا؛ لە ئاستی هەرێمیشدا وای کردووە زۆربەی پارتە کوردییەکان کاریگەریی وڵاتانی دراوسێ یان ئەجێندای بیانیان لەسەر بێت، تاوەکوو ئەو ئاستەی زۆرێک لە مێژوونووسە سیاسییە ڕۆژاواییەکانیش کۆکن لەسەر ئەوەی کە مێژووی کورد دیلی جوگرافیایە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە گشت بەشەکانی کوردستان ناوچەی داخراو و دەورەدراون بە دەوڵەتی نەیار، هیچ کام لە بەشە دابەشکراوەکانی کوردستان خاوەن پێگەی دەوڵەت نین، لە دۆخێکی وەهادا سیاسەتکردن و پەیوەندی درووستکردنی هاوتا کارێکی فرە ئەستەمە. من دڵنیام بەشێکی زۆری هێزە کوردییەکان ئەگەر بە حەزی خۆیان بێت دڵخۆش نیین بەو پەیوەندی و پابەندبوونانەی کە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا هەیانە، بەڵام واقعی سیاسی ئەوەی بەسەردا سەپاندوون، لە سیاسەتیشدا بازدان بەسەر واقع هەمیشە دەرەنجامی باشی نییە.
هەرێمی کوردستان، بە تایبەت دوای 2003 کەشێکی سیاسی گونجاوی بۆ ڕەخساوە کە پێویستی بە جموجۆڵی پەیوەندی سیاسییە لەگەڵ دونیای دەرەوەدا لەم بوارەشدا پێشکەوتنی باش ڕوویداوە، بەڵام لە ڕاستیدا هەرێمی کوردستان تاوەکوو ئێستاش خاوەن پەیوەندی ڕاستەقینە و هاوتا نییە لەگەڵ هیچ وڵاتێک و هاوسۆزی جیددیشی نییە لە ناوچەکەدا. بەداخەوە تاوەکوو ئێستاش زۆربەی وڵاتان پرسی کورد و نزیکبوونەوە لە کورد بۆ مەبەستی گوشار و ترساندنی وڵاتانی دراوسێی کوردستان بەکاردێنن. ئەمەش لە ڕاستیدا کاریگەریی نەرێنی هەبووە لەسەر پرسی کورد، بەجۆریک کە بەشێک لە وڵاتان کورد وەک بەکرێگیراو و بەشێک لە بەرژەوەندی ڕۆژاوا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا سەیر دەکەن.
هەڵبەتە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان هەرچییەک بێت لە کۆتاییدا مەحکومن بە بەرژەوەندیی کیانە دەوڵەتییەکان، بۆیە کە دەگاتە ئاستی بڕیاردان دواجار وڵاتان قوربانی بە کیانە نادەوڵەتییەکان دەدەن، ئەمە لەسەر ئاستی زلهێزەکانیش درووستە، کورد چەندان ئەزموونی مێژوویی هەیە لەو بارەیەوە، بۆیە لێرەدا پێویست بە ئاماژەپێکردن ناکات.
ئەوەی من لەو بابەتەدا مەبەستمە بیڵێم ئەوەیە ڕاستە کە هەرێمی کوردستان لە دوای 2003 لە سەکۆ نێودەوڵەتییەکاندا وەک نیمچە دەوڵەت یان دەوڵەتی دیفاکتۆ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بەڵام هەرێمی کوردستان لەڕووی سیاسییەوە زۆر دەستکوورتە و هیچ کارتێکی لەبەر دەستدا نییە ئەگەر وەک تاکتیکیش بێت لە دانووستاندن و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەکاری بهێنێت. تاکە شتێک کە هەرێمی کوردستان لە دەستییەتی پرسی کوردە، بەڵام لە ڕاستیدا تاوەکوو ئێستا هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە کەڵک لەم فاکتەرە وەربگرێت، هەڵبەتە هۆکار زۆرە بۆ ئەو پرسە، بەڵام تاوەکوو ئێستاش هەرێمی کوردستان چانسی هەیە کە خۆی بە خاوەنی پرسی کورد بزانێت. پێشتر ئەو هەنگاوەمان چەند جارێک لە بارزانی و #مام جەلال# بینووە کە هەڕەشەی بەکارهێنانی پرسی کوردییان کردووە بە تایبەتیش لە تورکیا، بەڵام لە ئاستێکی زۆر سنوورداردا بووە، بەشێکی زۆری ئەم سنوورداریەش بۆ ئەوە دەگڕێتەوە کە بەداخەوە پەیوەندی نێوان پارتە کوردییەکانی باکوور، ڕۆژاڤا و ڕۆژهەڵات وەکوو پێویست نیین لەگەڵ هەرێمی کوردستان، چونکە تاوەکوو ئێستا هەرێمی کوردستان خۆیشی ناوەندێکی دامەزراوەیی سیاسیی تۆکمەی نییە کە گوزارشت لە هەڵوێستی فەرمیی هەرێمی کوردستان بکات، بەڵکوو ئەوەی هەیە ڕوانگەی جیاوازی هێزە سیاسییەکانە کە بەپێی بەرژەوەندیی تەسکی حیزبایەتی سەیری هێز و لایەنە سیاسییەکانی کورد دەکەن لە بەشەکانی دیکەی کوردستاندا.
دەتوانین بڵێین ئێستا دەرفەتێک درووستبووە بۆ هەرێمی کوردستان کە کەڵک لە پەیوەندییەکانی ببینێت لەگەڵ هێزە کوردییەکانی دیکەی کوردستان، بەتایبەتیش ئەوەی ئێستا لە هەموویان بۆ ئەو دەرفەتە لەبارترە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری ڕۆژاوای کوردستانە (رێڤەبەری باکووری ڕۆژهەڵاتی فورات) کە بۆ هەرێمی کوردستان پێگەیێکی سیاسی و ستراتیجی گرنگی هەیە لە ناوچەکدا. ڕۆژاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان بەرژەوەندی هاوبەشی زۆریان هەیە کە لەڕووی ئابووری و سیاسی و ئەمنییەوە دەتوانن سوودی زۆری لێببینن. ئەمە جگە لەوەی بوونی کیانێکی کوردی دراوسێ بۆ هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا دەتوانێت تا ڕادەیەک باری هەرێمی کوردستان سووک بکات لەو گوشارە سیاسییانەی کە وڵاتانی دراوسێ بەردەوام دەیسەپێنن بەسەر هەرێمی کوردستاندا. بە تایبەت کە ئێستا ڕۆژاوا بەرەو جۆرێک لە کیانێکی ئۆتۆنۆمی سیاسی هەنگاو دەنێت لە پەیوەندی درووستکردن لەگەڵ ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی دیکەی جیهان.
لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە کە ئاسانکاری بکات بۆ ڕاییکردنی کاروباری بازرگانی و سیاسیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە هەرێمی کوردستاندا، بە جۆرێک کە هاوکاربێت لە خێرایی گەشەکردنی سیاسی و ئابووریی ڕۆژاوای کوردستان، بۆ ئەوەی تا زووە بتوانێت لەسەر پێی خۆی بووەستێت و ببێتە ئەمری واقع. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەرچەند جیاوازیشبێت لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەڵام دواجار پشت و پەنایە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەمەمان بە ئاشکرا بینی لە کاتی شەڕی #داعش#.
ڕۆژاوای کوردستانیش پێویستە خۆیی بەدووربگرێت لە ململانێی سیاسیی بەشێک لە پارتە کوردییەکان لە ناوچەکەدا، هەروەها لە ململانێی نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش، پەیوەندیی ئەم دوو کیانە سیاسییە پێویستە پەیوەندی دامەزراوەیی بێت نەک حیزبی. هەڵبەتە ئەمە بۆ هەرێمی کوردستانیش هەر ڕاستە، هەرێمی کوردستان نابێت دەستوەربدات لە کێشەی نێوان لایەنە کوردییەکانی ڕۆژاوای کوردستان. ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە بە پێی هەندێک ڕاپۆرتی سیاسی، ئێستا جۆرێک لە هاوئاهەنگی هەیە. عەبدولکەریم عومەر، لێپرسراوی پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری ڕۆژاوای کوردستان لە دیمانەیەکدا ئاماژەی بەوەدا کە ئێستا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ #هەولێر# باشترە لە جاران. هەڵبەتە نابێت ئەوەش لەبیر بکەین کە هەندێک لەلایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش پرسی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و وەک کارتی ململانێ لە دژی یەکدی بەکاردەهێنن، کە دواجار ڕەنگدانەوەی خراپی هەبووە لەسەر پەیوەندی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.
ئەگەر ڕێککەوتنی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و کۆمپانیای دەلتا کرێسینت ئینێرجیی ئەمریکی کێشەی بۆ درووست نەبێت و بچێتە بواری جێبەجێکردن، ئەوا مەزەندە دەکرێت کە گۆڕانێک لە سیاسەتی ڕێڤەبەریی خۆسەری درووست بکات، نەک تەنیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەڵکوو لەگەڵ تورکیاش، چونکەی لە دۆخی فرۆشتنی نەوتدا ئەگەری زۆر هەیە هاوشێوەی هەرێمی کوردستان نەوتەکە بۆ تورکیادا بڕوات، ئەمەش مەحاڵە ڕووبدات ئەگەر ڕێککەوتنێکی ژێربەژێری ئەمریکیەکان لەگەڵ تورکیادا نەبێت. ئەم ڕێککەوتنە ئەگەرچی هێشتا ڕوون نییە دەگاتە کوێ؟ چونکە نەیاری زۆرە، بەڵام دوور نییە مەبەستیش لێی دابڕاندنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نەبێت لە #پەکەکە#، چونکە تورکیا هەتا دژایەتی ڕۆژاوا بکات، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر زیاتر لە پەکەکە نزیکدەبێتەوە، ئەمە جگە لەوەی پەیوەندی خراپی تورکیا لەگەڵ کوردەکانی ڕۆژاوا و هەرێمی کوردستانیش دواجار کاریگەریی دەبێت لەسەر تێکچوونی پەیوەندی کوردی باکوور لەگەڵ تورکیا و پارتە تورکییەکانیش.
هەڵبەتە بۆ ڕۆژاوای کوردستانیش هەرێمی کوردستان پێگەیێکی ستراتیژیی گرنگی هەیە، چونکە لە خراپی پەیوەندی ڕژێمی سووریا و گوشاری تورکیا بۆسەر ڕۆژاوا، هەرێمی کوردستان تاکە دەلیڤەیە کە دەتوانێت وەک پەنا وابێت بۆ ڕێڤەبەریا ڕۆژاوا. بۆیە ئەگەر بەئاشکراش نەتوانرێت لە ئێستادا ئەو هاوکارییە هەبێت، بەڵام دەبێت بە نییەتێکی ستراتیجی و دووربینانە لە پەیوەندی هەردوولا بڕوانرێت و کاری جیددیی لەسەر بکرێت. [1]