$بەچۆکداهاتن و هەستانەوە$
#سیروان ڕەحیم#
#14-09-2019#
یەکی ئەیلوول هەشتا ساڵ بەسەر شەڕی دووەمی جیهانیدا تێپەڕی.
شەڕێک کە پێنج ساڵ بەردەوام بوو، نزیکەی شەست دەوڵەت، 110 ملیۆن چەکدار تێیدا بەشدار بوون، ئەنجامیش برکوژانێکی گەورە و لەبیرنەکراو: کوژرانی زۆرتر لە شەست ملیۆن مرۆڤ و کاولکردنی بەشێکی فراوانی ئەم ئەستێرە گیرۆدەیەی دەستی مرۆڤ.
لەو شەڕەدا بەشێکی زۆر لە ماڵوێرانی بەر وەڵاتانی ئەوروپا کەوت، بەڵام ئەوروپا پاش ئەو پشتشکاندنەیش هەستایەوە سەرپێ. ئایا ئەوروپا چۆن هەستایەوە سەرپێ؟
فرانک ڤاڵتەر شتاینمایەر، سەرۆکی کۆماری فیدراڵی ئەڵمانیا، ڕۆژی 1/9/2019 لە شاری وارشۆی پۆڵۆنیا بە زمانی پۆڵۆنی و ئەڵمانی داوای لێبوردنی کرد و وتی: ئەو شەڕە تاوانێک بوو هی ئەڵمانیا.
ئەوە یەکەمجار نییە لە وارشۆ، بەرپرسی گەورە یان ژمارە یەکی کۆماری ئەڵمانیا داوای لێبوردن دەکات.
پێشتر و ڕۆژی #07-12-1970# سەرۆکوەزیرانی ئەودەمی ئەڵمانیا ڤیلی براند لە وارشۆ بەرانبەر بە قوربانیانی دەستی نازی بەچۆکدا هات. دیمەنی بەچۆکداهاتنی براند یەکێکە لە ڕووداوە سیاسییە گرنگەکانی ئەوروپا و جیهان. لێبوردن خواستنی بەردەوامی بەرپرسان و دیپلۆماتکارانی پلە یەکی ئەڵمانی لە پۆڵۆنیا و لە هەموو ئەوانی تر کە ئاگری شەڕ سووتاندنی یان پریشکیان بەرکەوت، هۆکاری هەستانەوەیە. بەچۆکداهاتنی لەو چەشنە، لەو بەچۆکداهاتنانەن پێکەوەژیان دەستەبەر دەکەن و پێکەوەهەڵکردن لە خەیاڵەوە دەکەن بە کاری کردە. نەک هزری تۆڵەسەندن یان خۆگێلکردن بەرانبەر بە تاوانکاری و داننەنان بەتاواندا، وەکوو لە زۆر شوێنی ڕۆژهەڵات یان وردتر لەو ناوچەیەی ئێمە دەیبینین و دەژین.
بەرەبەیانی یەکی مانگی نۆی ساڵی 1939 هێزەکانی سوپای ئەڵمانیا بە فەرمانی هیتلەر، هەڵیانکوتایە سەر پۆلۆنیای دراوسێ. لە هێرشێکدا، کە هیتلەر و هاوکارانی دەیانویست بروسکەئاسا و ماڵوێرانکار بێت، سەرەتا وەڵاتی پۆلۆنیایان هاڕی، بەرهەمی شەڕیش تەنیا لە پۆڵۆنیا کوژرانی شەش ملیۆن مرۆڤ بوو.
هەشتا ساڵ بەسەرهەڵگیرسانی شەڕدا تێپەڕ بوو، ئەوروپا وێران بوو، بەڵام لێبوردەیی و بەچۆکداهاتن بەرانبەر بە قوربانیان ئەوروپای هەستاندەوە. ئەوروپا کاری بە بنەمای تۆڵەسەندنەوە، یان کوشتن بەرانبەر بە کوشتن یاخود هێرش بەرانبەر بە هێرش نەکرد. بەڵکوو لێبوردەیی و دەستپێکی نوێی کردە بنەمای کار و پێکەوەژیان.
بەرهەمی لێبوردەیی زۆرن لە ئەوروپا، گرنگترینیان جووڵە و هاتوچۆیە، تۆ دەتوانیت لەمسەری ئەو سەرزەوینەوە بۆ ئەوسەری گەشت بکەی، بجووڵێی، بێیت و بچیت، بێ کێشە و لە ئامێزی ئارامی و دڵنیاییدا.
ئایا لەو ناوچەیەی ئێمەیش کەی ئەو هزرە، ئەو قەناعەت و ئەو باوەڕە درووست دەبێت کە دەسەڵاتدارانی ناوچەکە بێن و داوای لێبوردن لە کوشتنی مرۆڤەکان بکەن، بە چۆکدا بێن و دان بە داگیرکاری و بە پڕۆسەکانی تواندنەوە و بە تاوانەکاندا بنێن؟
بێن و بە کوردی، بە ئەرمەنی دان بە تاوانەکاندا بنێن و داوای لێبوردن بکەن. بێن و لە ڕیتوالی ئێزیدی، کاکەیی و عەلەوییاندا، بەچۆکدا بێن و بڵێن: با کەس خۆی نەخاپێنێت، لێرە کورد و ئەرمەن و عەلەوی بەکۆمەڵ و بەشێوەی سیستەماتیک لەنێوبران. بێن و بڵێن: بەناوی شتە پیرۆزەکانەوە خاکی میللەتانمان داگیر کرد و مرۆڤەکانمان ئەنفال کرد.
ئێستا ئەو کار و ئەو بوێرییە نائامادەیە، ئەوەیشی باسی بکات سەردەستەکان غەزەبی لێدەگرن. بۆیە ناوچەکە لە کەوتن و لە نسکۆی بەردەوامدایە. کەوتنێک دیار نییە کەی وزەی هەستانەوەی دێتەوە بەر.
نە چەک و نەشەڕ، ئەو ناوچەیە و هیچ شوێن و سەرزەوینێک ناپارێزێت، نە کڕینی فڕۆکەی هەرە مۆدێرن و نە مووشەکە زەبەلاحەکان ناتوانن ببن بە سەرچاوەی ئارامی و دڵنیایی. تەنیا ئەو لێبوردەیی و دانپێدانانەیە ناوچەکە لەم جەنگەڵستانەوە بەرەو کەناری شارستانی دەبات.
ئێستایش کەس نییە ئەمە بکات، نها ئەمە خەیاڵە، خەیاڵێکی ڕووت و تەنیا. هیچ دەسەڵاتدار و هیچ لایەک نییە هەڵگری ئەو فەرهەنگە بێت کە لە دەرووندا هەڵگری پەیڤ و دەستەواژە و کەرەستەی لێبوردن بێت.
ئاخر داوای لێبوردن و بەچۆکداهاتن گەورەیی دەوێت، گەورەیی لە هەرە ئاستی باڵای خۆیدا. ئەڵمانەکان دەزانن داخوازیی لێبوردن و ئەو بەچۆکداهاتنە چ سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ پێکەوەژیان و پێکەوەهەڵکردن. لەبەرئەوەیش گەورەیی، دنیابینی و ئاوەزیان لە ئاستی پێویستدایە، دەتوانن بۆ هەستانەوە و بەپێوەڕاگرتنی خۆیان و ئەوروپا بەچۆکدا بێن و داوای لێبوردن بکەن.
بەڵام لە ڕۆژهەڵات هەموو هەوڵ و تەقەلاکان لە لای دەسەڵاتدارانی بەردەوام برسی بۆ هێز و هەژموونی زۆرتر، بۆ ئەوەن مووشەک و جبەخانەی زۆرتر وەدەست بخەن، بۆ چی؟ بۆ چۆکشکاندنی دەوروبەر و چۆکشکاندنی میللەتەکانی خۆیان و پاشانیش چۆکشکاندنی خۆیان.
یەکێک لە هۆکارە هەرە گرنگەکانی ڕابوونەوەی ئەوروپا، بەخشین و لێبوردەیی بوو، بەخشین و لێبوردەیی بەشێوەیەکی کردەیی و لە دڵەوە، بێ هیچ فرتوفێڵێک، بێ هیچ جۆرە خاپاندنێک، نە خۆخاپاندن و نە ئەوانی تر لەو بوارەدا.
سەقامگیری، پێکەوەژیان و پێکەوەهەڵکردن بە کڕینی مووشەک و درووستکردنی جبەخانە دەستەبەر نابێت، تەنیا بە لێبوردەیی و یەکترپەسەندکردن دەبێت. ئەمەیش مخابن لە ئاوەزی دەسەڵاتداری ڕۆژهەڵاتدا نییە! [1]