$دیپلۆمات و جەنگاوەر$
#عومەر نورەدینی#
#17-09-2021#
بە درێژایی مێژوو لە دەوڵەتداری و بوونیاتنانی پەیوەندی لەنێوان دەوڵەتان و گەل و نەتەوەکاندا، لە ململانێیە نێودەوڵەتییەکان و بەلاداخستنیاندا دوو کارەکتەری سەرەکی ڕۆڵی گەورەیان هەبووە، ئەوانیش (دیپلۆمات و جەنگاوەر) ن، لەو مێژووەدا زیاتر جەنگاوەر و سەرباز وەک هێما بۆ هێزی سەربازی ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان هەبووە، بەڵام ئەگەر ئەوەی بە تفەنگ و خوێنی جەنگاوەر بەدەست دەهێنرێ لە ڕێگەی دیپلۆماتی پیتۆڵ و شارەزاوە نەپارێزرێ و سەرمایەگوزاری پێوەنەکرێ ئەوا ڕەنج بەخەسار و گەنج بەهەدەردەچێ، لە جیهانی دیجیتاڵی ئەمڕۆدا ڕۆڵی دیپلۆمات وەک هێما بۆ هێزی نەرم و توانای عەقڵی و سامانی هزری و سەرمایەی زمان و دیالۆگ ئەگەر لە هێزی سەربازی و جەنگاوەر زیاتر نەبێ ئەوا بێشک کەمتر نییە.
یەکێک لەو قوڵاییە ستراتیژییانەی کە قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی لەدایکبوونیەوە تاوەکوو ئەمڕۆ بۆ مانەوە و گەشەپێدانی خۆی هێزی لێ وەرگرتووە و لێی وەردەگرێ، بریتییە لە پشتیووانی و پێگەی نێودەوڵەتی و پەیوەندیی دەرەکی زیندووفراوان و چەسپاو، لەم کایە گرنگەی سیاسەتدا #نێچیرڤان بارزانی# نموونەی دیپلۆماتی ڕچەشکێن و بزێو و بوونیاتنەرە و خاوەن بەرهەمە، دیپلۆماسییەتی ئەو لە ڕووی داڕشتن و سرووشت و ناوەرۆک و فۆرمدا خاوەن چەندین تایبەتمەندیی خۆیەتی لەوانە؛ فرەئاڕاستەیی و هاوسەنگخوازی، جوڵان لە کاتی گونجاودا، لایەن بوون و ئامادەیی هەرێمی کوردستان لە پرسەکانی ئاشتی و جەنگدا، ڕیالیستانە لە ئامانج و ئایدیالیستانە لە هەڵوێست نواندندا، گۆڕینی تەنگەژە بۆ هەل و دەرفەت، بنیاتنان و خۆبەرهەمهێنانەوە، نەرم و قایم، ڕاستگۆ و متمانەدار، بەرژەوەندی و جوڵە و کاری هاوبەش.
ئەم جۆرە دیپلۆماسییە کاریگەریی گەورەی هەبووە لە مانەوەی هەرێمی کوردستان و تێپەڕاندنی تەنگەژە و قەیرانەکان و ئەو ئاڵنگاری و هەڕەشە و مەترسییانەی ڕووبەڕووی بوونەتەوە بەتایبەتی لە کاتی شەڕی #داعش# و ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و سەردەمی پەتای کۆرۆنا، ئەو کاتەی بەهۆی سیاسەتی تائیفی بەرچاوتەنگ و جیاوازیخواز لە ساڵی 2017 گەمارۆی ئابووری و زەمینی و ئاسمانی بەتووندی لەسەر هەرێمی کوردستان پیادەکران، زۆربەی دەرگە و پەنجەرەکانی بە ڕوودا داخران و هەست و بۆنی خنکان سەرتاپای وڵاتی گرتبووەوە، کارامەیی دیپلۆماسیی نێچیرڤان بارزانی هەموو ئەو گەمارۆیانەی شکاند و هەست و بۆنی خنکانی گۆڕی بۆ هەست و بۆنی ژیان و مانەوە و هەڵساندەوە.
ئێستا سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ وڵاتی بەریتانیا، جۆر و ئاستی دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و ئەنجوومەنی لۆردەکان، ئەڵقەیەکی دیکەی بەهاداری ئەو زنجیرە چالاکییە دیپلۆماسییەیە کە لە ماوەی ئەمساڵدا ئەنجامی داون و پێدەچێ لە ئاییندەدا ئەڵقەی دیکەشی بەدوادابێ، دەبێ هەموومان دان بەو ڕاستییەدا بنێین کە بەریتانیا بەئاسانی و هەروا لە خۆوە بەمشێوە شایستە و ڕەونەقدارە پێشوازی لە سەرۆکی هەرێم ناکات، بەڵکوو ئەمە دەرهاویشتەی لێکدانە و هەڵسەنگاندن و پڕۆسەی لە بێژنگدانێکی ورد و هەمەلایەنەیە، نیشانەی بوونی گۆڕانکارییەکی پۆزەتیڤە لە سیاسەتی دەرەوەی بەریتانیا بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان، گرنگە ئەم گۆڕانکارییە بەجێ نەهێڵدرێت و کاری لەسەر بکرێ لە ڕێگەی گەڕان بەدوای وەڵامی چەند پرسیارێکدا؛ چی وای لە بەریتانیا کرد پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ #هەولێر# بکات و بەمشێوازە و لەم ئاستەدا پێشوازی لە سەرۆکی هەرێم بکات؟ دەبێ چی بکرێ بۆ ئەوەی ئەم دیدار و کۆبوونەوانە ببنە مایەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هێنانەدی بەرژەوەندیی هاوبەشی نێوان هەردوولا؟ چی لەسەر هەرێمی کوردستان پێویستە بیکات بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ لەندەن بەباشی بمێننەوە؟ ڕوانگە و ئاڕاستە و توخم و ڕەگەزی نوێ لە سیاسەتی دەرەوەی بەریتانیا بەرانبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چین و هەرێمی کوردستان چۆن دەتوانێت خۆی لەگەڵیان بگونجێنێت؟ [1]