$گاڵتەکردن بە پەڕڵەمان!$
#هێڤیدار ئەحمەد#
#07-12-2019#
خولی پێنجەمی پەڕڵەمانی کوردستان دایکی پڕۆسەیەکی نوێی سیاسییە لە هەرێمی کوردستان. باش لەبیرمە ساڵێک پێش ئێستا کاتێک سوێندی یاساییمان خوارد، زۆربەی هەرە زۆری ئەندامانی پەڕڵەمان لە هەموو فراکسیۆنەکان وتییان، دەبێت لە ڕێگەی ئەم پەڕڵەمانەوە تەبایی و کاری پێکەوەیی درووست بکەین، چونکە خولی چوارەم نەیتوانی ئەو تەباییە لەنێو پڕۆسەی سیاسی کوردستان درووست بکات، بگرە هەر لەم پەڕڵەمانەوە ڕووداوی زۆرناخۆش درووستبوون، نە دەسەڵات و نە ئۆپۆزیسیۆن و نە خەڵکی خۆمان تیایدا سوودمەندنەبوون. گوتوومانە تا پێماندەکرێت ڕێگە نادەین ڕووداوێکی هاوشێوەی 23ی حوزەیران جارێکی دیکە ڕووبدات و دووبارە ببێتەوە.
لەم وڵاتە هیچ دامەزراوەیەک کامڵ نییە، چونکە ژینگەیەکی سیاسی و حیزبیمان هەیە، ئەمە ڕاستییەکە هەموو لایەک باش دەزانن، بەڵام خولی پێنجەمی پەڕڵەمانی کوردستان، بووە هەوێنی درووستبوونی (ئیستیقراری سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری) لە هەرێمی کوردستان. مۆڵەتی تەواو بە حیزبەکان درا تاوەکوو گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەت.
هەر لەم پەڕڵەمانە گرنگترین دامەزراوەی سیاسیی و یاسایی کە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە کاراکرایەوە و سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرا، متمانە بە حکومەتێکی بەهێزدرا و لە #11-06-2019# کابینەی نۆیەم هەر لە بەردەم ئەم پەڕڵەمانە هەڵبژێردراو چاوەڕوانییەکی بەهێزیش هەیە کە پڕۆژەیەکی کامڵ دەربارەی چاکسازی ڕەوانەی پەڕڵەمان بکات.
پەڕڵەمانی کوردستان پاڵپشتی خۆی بە دانووستاندنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نیشاندابوو ئەنجامدانی دانووستاندن لەگەڵ حکومەتی ئێراقی فیدراڵ دەربارەی بودجەی 2020، هەموومان بینی و دەرئەنجامی باشی لێکەوتەوە.
یاسای زەوییە زێدەڕۆکان لە پەڕڵەمانی کوردستان دەرچوو، زۆر قسەی نابەجێی لەسەرکرا لەکاتی گۆڕینی هەندێ دەستەواژە، یاساناسەکان چاک تێدەگەن، هەندێ وشە و دەستەواژە هەن ئەگەر بە درووستی لەنێو ڕستەکەدا دانەنرێت، زۆرشت دەگۆڕدرێت. بەڵام هەندێ کەس ناحەقیی دەکەن کاتێک بەو شێوەیە هێرش دەکەنە سەر ئەم دامەزراوەیە و دەڵێن: کاری پەڕڵەمان بووە ئەوەی کە ناوەکان لە (عەلییەوە دەگۆڕن بو زەید!) .
چاوی هەموومان لەسەر ئەوەیە، هەر لەم پەڕڵەمانە پڕۆژەی چاکسازی، بودجە، خانەنشینی، بەئەلیکترۆنیکردنی دامەزراوەکان، نەهێشتنی ڕۆتینییات و بە ئەلیکترۆنیکردنی بانکەکان و.. هتد..، کە لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستاندابن دەربچووێنین.
خەڵکی ئێمە حەقی خۆیەتی داوای مافی خۆی بکات، چاودێربێت لەسەر پەڕڵەمان و هەموو دەزگاکان، بەڵام (هەندێ کەس و دەزگا) ناحەقن کە تانە لەم پەڕڵەمانە دەدەن و دەیانەوێت لە شکۆی پەڕڵەمان بدەن.
هیچ جێگایەک لەم دونیایە نییە، دامەزراوەکانی خۆیان بشکێنن بەتایبەت پەڕڵەمان کە لەم دامەزراوەیە هەر چوار ساڵ جارێک پڕۆسەیەکی نوێ سیاسی و دیموکراسیی دێتە ئاراوە و ئاڵۆگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات دەکرێت. [1]