$دادپەروەری لە کوردستان نییە$
#هێڤیدار ئەحمەد#
#27-03-2020#
$درێژەکێشانی پەتای کۆرۆنا، دابەزینی نرخی نەوت، کەمبوونەوەی سەرچاوەی داهات سێ تەحەددای گەورەی بەردەم هەرێمی کوردستان و هەموو جیهانن.$
لێرە باسی دۆخی هەرێمی کوردستان دەکەین کە چۆنە. ئەرکی بەڕێز سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە لە بابەتی داهاتدا دادپەروەری درووستبکات و هەر شوێن و لایەک تەنیا حەقی خۆی وەربگرێت.
هەرێمی کوردستان دوو سەرچاوەی سەرەکی داهاتی مانگانەی هەیە، لە کۆی داهاتی مانگانەی هەرێمی کوردستان، 43%ی لە بەغدا دێت، 57%ی لە داهاتی نەوت و ناوخۆ دابیندەکرێت. داهاتی هەرێمی کوردستان خۆی لە ترلیۆنێک و 50 ملیار دینار دەدات. 894 ملیار دینار بۆ مووچەیە و 66 ملیاریش خەرجی مانگانەی حکومەت و پڕۆژەکانە.
داهاتی هەرێمی کوردستان لە دوای 2003ەوە بەگوێرەی پێوەرێکی ئەمریکی 43% لە داهاتی هەرێمی کوردستان بۆ سنووری ژێر دەسەڵاتی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# دەبێ و 57%ی بۆ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی #پارتی دیموکراتی کوردستان#.
ئەم پارەیە بو مووچە و خەرجی دامەزراوەکانی حکومەت و پڕۆژەکان و . هتد. بەڵام ئەمە نادادپەروەرییەکی زۆری تێدایە، چونکە ئامارەکان ئەمە ناڵێن و ناکرێ بەو پێوەرەی ئەمریکا لە 2003ێ دایناوە ئێستاش پێیەوە پابەند بین و لەسەری بڕۆین.
فەرموون ئەمە داتای فەرمی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستانن، کە دەستەکە بەشێکە لە وەزارەتی پلاندانان و دەیسەلمێنێ کە بە هەموو پێوەرێک نابێ داهاتی کوردستان بەوشێوەیە دابەشبکرێت.
داهات دەبێ بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان و بە دادپەروەرانە دابەشبکرێت. لە ساڵی 2019 ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ، شەش ملیۆن و 33 هەزار و 814 کەسن.
هەردوو پارێزگای #سلێمانی# و #هەڵەبجە# (2221622 - دوو ملیۆن و 221 هەزار و 622 کەسن) دەکاتە 36.8%ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، کەچی تا ئێستا 43%ی داهاتی هەرێمی کوردستان دەدرێتە سنووری ئیدارەی سلێمانی کۆن، کە مانگانە دەکاتە 451 ملیار و 500 ملیۆن دینار، واتە 6.2%ی داهاتی هەرێمی کوردستان بە زیادەوە بۆ ئەوێیە.
بەڕێز #نێچیرڤان بارزانی# لە مانگی نیسانی 2018 کە ئەوکات سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو، لە سلێمانی وتی پارەی کوردستان ئێستاشی لەگەڵ بێ دەکرێتە دوو بەش و بەشی سلێمانی هەموو مانگێ دێت.
خەڵکی سلێمانی حەقی خۆیەتی بپرسێ کوا ئەم پارەیە؟ چی لێدێت؟ لە چ خەرج دەکرێت؟ تەنیا بو مووچە مانگانە 374 ملیار دینار رەوانەی سلێمانی دەکرێ؟ 77 ملیار و 500 ملیۆن لەبەردەستی ئیدارەی یەکێتییە، بەناوی ئیدارەدان و پڕۆژە خەرجی دەکەن. ئەمە تەنیا پارەیە کە دیارە، ئەی ئەوانەی لە گومرکەکان و ڕێگەی دیکە دەبردرێت و دیار نییە!
بەڕێز مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەک ئەندام پەڕڵەمانێک داوا لە بەڕێزتان دەکەم داهاتی هەرێمی کوردستان بە دادپەروەرانە دابەشبکرێت و دینارێکی زیادە نەدرێتە #هەولێر# و #دهۆک# و سلێمانی و هەڵەبجە، هەر یەکە و حەقی خۆی وەربگرێت.
ژمارەی دانیشتووانی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک (3812192 - سێ ملیۆن و 812 هەزار و 192 کەسن) واتە 63.2% نەک 57%، کە لە 2003ەوە بەوشێوەیە خەرج دەکرێت.
سەرۆکی حکومەت دەبێ ئەوە ڕەچاو بکات کە زۆرترین داهاتی هەرێمی کوردستان لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆکە، کەچی سلێمانی دەوڵەمەندترین پارێزگای هەرێمی کوردستانە، 8.7%ی خەڵکی پارێزگای دهۆک هەژارە و ڕێژەی هەژاری لە سلێمانی 4.5%.ە.
بەڕێز سەرۆکی حکومەت بەگوێرەی داهاتی باج بۆ 2019 لە هەرێمی کوردستان (627 ملیار و 424 ملیۆن دینار) بوو هەردوو پارێزگای سلێمانی و دهۆک بە نموونە وەردەگرین. سلێمانی دوو ملیۆن و 222 هەزار و 622 کەسە و کەمترین ڕێژەی هەژاری لەوێ تۆمارکراوە، واتە بازاڕەکەی، ژیانی خەڵکەکە، جموجۆڵی بازرگانی، خەرجی تاک و خێزان زۆر زیاترە لە پارێزگایەکی وەک دهۆک، کەچی لە 2019 باجی ژیر دەسەڵاتی یەکێتی تەنیا 140 ملیار و 637 ملیۆن دینارە. بەڵام پارێزگای دهۆک کە ژمارەی دانیشتووانی ئەو پارێزگایە ملیۆنێک و 600 هەزار کەسە و زۆرترین هەژاری تێدا تۆمارکراوە و کەمترین بازاڕ و بازرگانی و کۆمپانیا و کارگەی تێدایە، کەچی 130 ملیار و 858 ملیۆن دینار باجی هەبووە. مەعقولە تەنیا 10 ملیار جیاوازی هەبێ؟ لەنێوان ئەو دوو پارێزگایە؟
پێویستە سەر لەنوێ بە مەسەلەی داهات و چاکسازی لە داهات و خەرجیدا بچینەوە، بەشێوەیەک هەموو کەس و لایەک هەست بە دادپەروەری بکات. داهاتی ئەم هەرێمە بو خەڵکی هەرێمی کوردستانە، بەڵام چیدیکە نابێ ڕێگەبدرێت وەک ئەوەی ئێستا هەیە خەرج بکرێت و دابەشبکرێت. [1]