$ئێراق لە 16 ساڵدا چەند پارەی داوەتە هەرێمی کوردستان؟$
#هێڤیدار ئەحمەد#
#29-04-2020#
هەزار و 500 ترلیۆن دینار (1218 ملیار دۆلار) بودجەی 16 ساڵی ئێراق بووە، کە لە 2004 دەستپێدەکات تاوەکوو 2019 لەم نووسینەوەدا باسی ئەو پارەیە دەکەم کە لە ئێراق چۆن بەکارهاتووە؟ چەندی داوەتە هەرێمی کوردستان؟ زۆرترین پارەی ئەم وڵاتە لە چ سێکتەرێکدا خەرجکراوە؟ ئایا هەرێمی کوردستان مافی پشکی هەیە لە بودجەی گشتیی ئێراقدا؟ ئەی بۆ هەرێمی کوردستان نەوتەکەی ڕادەستی بەغدا ناکات؟
لە دوای 2003 هەرێمی کوردستان بەرەیەکی سەرەکی بوو بۆ لەنێوبردنی ڕژێمی ئێراق بە سەرۆکایەتی سەددام حسێن. پلانی هەرێمی کوردستان ئەوەبوو، لە بەغدا شەریکی بڕیارەکان بێت، تاوەکوو هیچ لایەنێکی دیکە نەتوانێ وەک ڕژێمی بەعس بیر لە سزادانی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بکاتەوە.
ئێراق بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین دەوڵەتانی جیهان لە بواری هەبوونی یەدەگی نەوتی هەژمار دەکرێ و نەوت 95%ی داهاتی ئەم وڵاتە پێکدەهێنێت.
دوای شەڕی ئازادی ئێراق تا ئێستا 16 ساڵە بودجەی هەبووە، کە ئەوەی لە پەڕڵەمانی ئێراق پەسەندکراوە و لە ڕۆژنامەی وەقایعی ئێراقی بڵاوبووتەوە (1.499.157.990) دیناری ئێراقی بووە، واتە نزیکەی 1500 ترلیۆن دینار کە دەکاتە 1218 ملیار دۆلار.
بە گوێرەی ڕێککەوتنێکی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێراق لەسەردەمی ئەیاد عەللاوی، کە سەرۆکوەزیرانی ئێراق بووە، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ئێراق 17% دەبێت، تاوەکوو سەرژمێری گشتی دەکرێت. بەڵام تا ئێستا سەرژمێری نەکراوە و ئێراق هیچ ساڵێک پابەندی ئەوە نەبووە کە 17% بداتە هەرێمی کوردستان.
هەرێمی کوردستان لەو 16 ساڵە تەنیا (106 ترلیۆن دینار) ی لە ئێراق وەرگرتووە کە دەکاتە 7%، واتە 10%ی پشکی هەرێمی کوردستانی خواردووە کە دەکاتە 149 ترلیۆن دینار و کەسیش نەبووە بەو ئێراقە بڵێ بۆ مافی کورد دەخۆن و ئەم هەرێمە سزادەدەن؟ ئەمە جگە لەوەی لە دوای 2014 کە ئێراق زۆرترین بودجەی هەبوو لە مێژووی خۆیدا (163.5 ترلیۆن دینار بووە) تاوەکوو شەش ساڵ بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی.
هەرێمی کوردستان لەو 16 ساڵەدا بەو داهاتەی بۆی دانراوە کە تەنیا 7%ی کۆی گشتی بودجەی 16 ساڵی ئێراق بووە، تاوەکوو ڕادەیەکی زۆر لە ئاوەدانی، ئۆتۆبان و خۆشگوزەرانی، سەقامگیری ئەمنی و زۆربەی جار سەقامگیری سیاسیشی تێدا هەبووە، بەڵام ئێراق بە 1394 ترلیۆن دینار نەیتوانیوە سەقامگیری سیاسی، ئەمنی، کۆمەڵایەتی و ئابووری دابین بکات. لەڕووی ئاوادەنییەوە بە یەکێک لە دواکەوتووترین دەوڵەتەکانی ناوچەکە هەژمار دەکرێت.
ئێراق نزیکەی 74 ترلیۆن دیناری بۆ کەرتی پەروەردە خەرجکردووە کەچی بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی یونسکۆ نەخوێندەواری لە ئێراق لە تەمەنی 6 ساڵی بۆ 55 ساڵ، ڕێژەکەی 47%ە و هەژاری لەم وڵاتە سەرووی 20%ە. ئەمە جگە لەوەی چەندین گرووپی میلیشیایی لەدەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت هەن بو دزینی نەوت و داهاتی ئەم وڵاتە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی لەسەر گەندەڵترین دەوڵەتەکانی دنیا، ئێراق لە ڕیزبەندی 168مینە لەسەر ئاستی دنیا کە زۆرترین گەندەڵی تێیدا دەکرێت.
ناوچەی جادرییە، شەقامی فەلەستین، کەڕادە و کەڕادەی مەریەم، ساحە نسوور لە خۆشترین ناوچەکان بوون نەک لە بەغدا و ئێراق بگرە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. دوای 16 ساڵ ئێستاش لەو ناوچانە بەرد لەسەر بەرد دانەنراوە و بەهۆی شەڕی ناوخۆی ئێراق و ئەو گەندەڵییەی هەیە، وێرانتربووە. لە ساڵی 2016 لە ناوچەی باب شەرجی سواری تەکسییەک بووم، خاوەن تەکسییەکە کە زانی کوردم، هەندێک پشتڕاستبوو، یەکسەر باسی بەغدای کرد و گوتی، ئەمە هۆتێل فەلەستین، شیراتۆن، ئەمە ساحەی کەهرەمانە، ئێمە بەرەو کەڕادە دەچووین بو لای مەسرەح وەتەنی، شۆفێری تەکسی هەر قسەی دەکرد و دەستی لە ڕانی دەدا و دەیوت ئەوە هەموو لە سەردەمی سەددام کراون، ئەمانەی ئێستا یەک ئاوەدانییان لەم بەغدایە و لە زۆربەی ئێراق نەکردووە، بەس دەدزن. ئیدی چەند ساڵێکە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری لە بەسرا و بەغدا و پارێزگاکانی دیکە خوپێشاندان دەکرێن و بەردەوامیشن.
سەیرکەن لەو 16 ساڵە ئێراق تەنیا بۆ کەرتی ئەمنی 260 ترلیۆن دیناری خەرجکردووە، کەچی بە شەو و ڕۆژێک نیوەی خاکی ئێراق لەلایەن #داعش#ەوە کۆنترۆلکرا. لەو 16 ساڵەدا تەنیا بودجەی وەزارەتی بەرگریی ئێراق لە بودجەی هەرێمی کوردستان زۆر زیاتربووە کە 115 ترلیۆن دینار بووە. #وەزارەتی ناوخۆ# و #حەشدی شەعبی# 145 ترلیۆن دیناری بۆ خەرجکراوە. بەڵام یەک دنیاریش بو هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان خەرجنەکراوە!
75 ترلیۆن بۆ وەزارەتی کارەبا خەرجکراوە، کەچی ئێراق ڕۆژانە لە 12 کاژێر زیاتر کارەبای نییە! ئەمانە ئەگەر پێینەگوترێت گەندەڵی چی پێدەڵێن!
11 ترلیۆن دینار بۆ وەزارەتی پێشەسازی خەرجکراوە، کەچی ئێراق لە تەماتەوە تاوەکوو هەموو پێداویستییەکی دیکە پشت بە دەرەوە دەبەستێت، ئەی ئەو پارەیە لە چی و بۆچی و لە چ کارگەیەکی پیشەسازی خەرجکراوە؟
هەرێمی کوردستان دوای بڕینی بەشە بودجەکەی لەلایەن ئێراقەوە لە شوباتی ساڵی 2014، لە ساڵی 2015 ڕێککەوتنی نەوتی لەگەڵ حکومەتی ئەوکاتی ئێراق بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی ئیمزاکرد کە هەرێمی کوردستان نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، بەرانبەر ئەوەی حکومەتی ئێراق تەواوی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکات، دوای پێنج مانگ لە ئیمزاکردنی ئەم ڕێککەوتنە بەغدا، نیوەی شایستە داراییەکانی نەدەنارد و هەرێمی کوردستان ناچاربوو، بەبێ بەغدا نەوتی خۆی بفرۆشێت. واتە ئەزموونێکی تاڵ هەبووە لە مەسەلەی ڕادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بەغدا.
تێکڕای مووچە لە ئێراق بۆ هەر مووچەخۆرێک ملیۆنێک و 400 هەزار دینارە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان 665 هەزار دینارە، واتە جیاوازی نێوان مووچەی ئێراق و هەرێمی کوردستان 735 هەزار دینارە. ئایا بەغدا ڕازییە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەک ئێراق لێبکات! وەڵامەکە بێگومان نەخێرە. چونکە لە ئێراق ئینجا ئەحمەد حەسەن بەکر بووبێ، یان سەددام یان مالیکی و عەبادی و ...ئەوانەی دەسەڵات دەگرنە دەست بەرانبەر بە خەڵکی هەرێمی کوردستان وەک یەک بیر دەکەنەوە و چێژ لە سزادانی هەرێمی کوردستان دەبینن. ئێستا هەموو نەوتی کوردستان ڕادەستی بەغدا بکەی، هەموو کورد چەک بو ئێراق هەڵبگرن و ببنە سەرباز، هەر دەیانەوێ سزای کورد بدەن و لە سزادانی ئەم میللەتە تێر نابن. [1]