$ئەو دەرگایەی دەبێ #نێچیرڤان بارزانی# بیکاتەوە$
#هێڤیدار ئەحمەد#
#10-06-2020#
نێچیرڤان ئیدریس بارزانی ساڵێک لەمەوبەر، بەرپرسیارێتییەکی یەکجار قوورسی لە کاتێکی هەستیاردا هەڵگرت، قبووڵی کرد ببێتە سەرۆکی هەرێمێک کە ئەوانەی کاردەکەن بۆ لاوازکردنی ئەم هەرێمە زۆرتربن لەوانەی کاردەکەن بۆ بەهێزکردنی، بەڵام نێچیرڤان بارزانی بە پرەنسیپی نەرم لەنێو خۆ، بەهێز لەدەرەوە کاری کرد.
ئەم ڕستەیە بۆ سیاسەتکردن لە هەرێمی کوردستان ڕەنگە ئاسان نەبێت، بەڵام نێچیرڤان بارزانی بەهۆی ئەزموونی حوکمڕانی وەک سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و پێگە سیاسییەکەی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، کاری ئەوتۆی ئەنجامدایە و پێشبینی ئەوتۆ درووستبووە، کێشەیەک لەکۆی هەبێت، لەنێوان لایەنەکان بێت، کەسەکان بێت ئەوە بە ئاسانی گرێیەکان لەسەر دەستی ئەودا (نێچیرڤان بارزانی) دەکرێنەوە و چارەسەردەبن.
ئەرکی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش پاراستنی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و بەدەستهێنانی مافی خەڵکی هەرێمی کوردستانە لە دەست حکومەتی فیدراڵی ئێراق و گەشکردنی پەیوەدنییەکانی دەرەوەیە.
ڕاستە هێزی ئۆپۆزیسیۆن لەنێو پەڕڵەمانی کوردستان کە چەندین ساڵ بوو دەیانگوت: دەبێ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەنێو پەڕڵەمان هەڵبژێردرێت، بەڵام وەفایان بۆ هەڵویستی خۆیان نەبوو و کاتێک سەرۆک لەنێو پەڕڵەمان هەڵبژێردرا دەنگیان نەدا. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان شەریکی ستراتیژی و حوکمڕانی پارتی، لەکاتی پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەوانیش دەنگیان بە دۆستی هەرە نزیکی خۆیان نەدا. ڕەنگە ئەوانەی ئۆپۆزیسیۆن ئاسایی بێ، بەڵام لای پارتییەکان ئەو دەنگنەدانەی یەکێتی بە نێچیرڤان بارزانی، قەت لەبیر ناکرێت.
هەرچەندە ئەمە گرێ نییە و نەبووە لای خودی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە کێ دەنگی پێدا و کێ پێینەدا. وەک ئەرکەکەی پۆستەکەی بووە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی هەموو لایەنەکان، تاوەکوو بەرانبەر بەغدا، دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر بۆ یەکەمجار لایەنە کوردستانییەکان بە یەک دەنگ دەرکەوتنەوە، ئەمە ئاسان نەبوو کە نێچیرڤان بارزانی کردی.
نێچیرڤان بارزانی بڕیاری هەرێمی کوردستانی پاراستووە کە بەشێک نین لە سیاسەت و ئەجیندای ئەمریکا و ئێران لە ئێراق، ئەمریکا بە ترلیۆن دۆلار پارەی لە ئێراق خەرجکردووە زیاتر لە پێنج هەزار سەربازی خۆی لە ئێراق بە کوشتدا، بەڵام کاتێک پەڕڵەمانی ئێراق بڕیاریدا بۆ دەرکردنی هێزی ئەمریکا لە ئێراق، دیپلۆماتکارەکانی ئەمریکا پەنایان بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان هێنا کە چ بکرێت ئەو بڕیارە شەرعییەتی نەبێت. دیسان کاتێک فەرماندەی گشتی سوپای قودسی ئێران لە فڕۆکەخانەی بەغدا، قاسم سولەیمانی لەلایەن فڕۆکە ئەمریکییەکان لەنێوبرا، بارزانی سەرەخۆشی لە ئایەتۆڵڵا عەلی خامنەیی و ئێران کرد.
نێچیرڤان بارزانی لە ماوەی حوکمڕانییەکەیدا وەک سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەیەکی لە دوای خۆی بەجێهێشت کە هیچ جارێک بەغدا و شیعەکانی نێوەراست و باشووری ئێراق، نەتوانن دەست بۆ خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان درێژ بکەن، ئەویش پڕۆسەی دەرهێنان و ڕاکێشانی بۆڕی و بەبازاڕکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانە.
ئەم پڕۆژەیە هیچی نەکردبێ، دوای 16ی ئۆکتۆبەر بەغدای ناچارکرد بکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستان. لە دوای دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، بەغدا بەهۆی نەوتی کوردستانەوە دەست بە گفتوگۆ دەکات لەگەڵ هەرێمی کوردستان. ئەمە بناخەیەکە بۆ مانەوە و بەهێزبوونی کوردستان.
ئێستاش چاوەڕوان دەکرێ لەو پۆستەدا بناخەیەکی دیکەی بەهێزتر لە نەوت بۆ هەرێمی کوردستان بنیاتبنێ، ئەویش درووستکردنی تەبایی نێو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانە، بەتایبەت پارتی و یەکێتی. چاوەڕوانی زیاتر لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ خێراترکردنی لێکنزیککردنی ئەو دوو هێزە سەرەکییەی هەرێمی کوردستان، کە کرۆکی کێشەی نێوان ئەو دوو حیزبە نەبوونی متمانەیە. بەڕێز نیچیرڤان بارزانی، لەسەر ئاستی حیزبەکان و نوخبە و شەقامیش چاوەڕێدەکرێت، هەنگاو بهاوێژی کە پێی دەکرێ ئەو ئەرکە قوورسەش هەڵبگرێ و دەرگاکە بکاتەوە. ڕاستە ئاسان نییە، بەڵام لای هەموو لایەک، ئەوەی ئەستەمە و گرێیە، لای بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ئاسانە. [1]