$تکایە فریا بکەون$
#هێڤیدار ئەحمەد#
#11-06-2022#
سێ خاڵی سەرەکی هەن ئەگەر چارەسەریان نەکەین، بەرەو دۆخێکی ئابووری زۆر خراپ دەچین کە سەقامگیری کۆمەڵایەتی بە پلەی یەک و دواتر سیاسی و ئابووری تێکدەچێت. ئەمە وەک بانگەوازێک دەڵێم، ئەگەر فریا نەکەوین مەترسییەکە زۆر گەورەیە.
ئەو سێ خاڵانەش ئەمانەن: دابینکردنی خۆراک و ئاساییشی خۆراک، هەڵاوسان واتە گرانبوون و گۆڕانی کەشوهەوا.
وەک ئەندام پەڕڵەمانی کوردستان، پرسیارم ناردووە بۆ بەڕێز وەزیری بازرگانی لە هەرێمی کوردستان کە لە سەتا چەند هەرێمی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی، پشت بە خۆی دەبەستێت؟ وەڵامەکە زۆر ترسناک و سەرسوڕهێنەر بوو، ئەویش ئەوەبوو: تەنیا 10٪ و، 90٪ی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان لەدەرەوە دەهێنرێن.
پێشبینی دەکرێت لە 2030 دا ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بگاتە 7.5 ملیۆن کەس. ئەمە جگە لە زیادبوونی ئەو خەڵکەی لە ئێراقەوە بەهۆی کەمی و نەبوونی ئاوی خواردنەوە و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، کەمی خزمەتگوزارییەکانی پزیشکی و پەروەردەیی و خوێندن ڕوولە هەرێمی کورستان دەکەن.
ئێستا زۆربەی هۆکارەکانی کۆچکردن بۆ دەرەوە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، هۆکاری ئەمنی و سیاسین و، لە 2030 دا هۆکاری سەرەکی کۆچکردن لە جیهان دا خۆراک دەبێت، کە سەرچاوەی سەرەکی ئەو هۆکارەش گۆڕانی کەشوهەوایە.
وڵاتێکی وەک تورکیا لە 2030 دا توانای هەناردەکردنی تەماتە، ڕۆن، ئارد و ...هتدی نامێنێ بۆ دەرەوە، تەنیا دەتوانێت بەشی ناوخۆی دابین بکات.
دابینکردنی 90٪ی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان لەدەرەوە، پێمان دەڵێت هەرێمی کوردستان لە بابەتی پڕۆژەی نیشتەجێبوون و بەرزکردنەوەی تاوەرەکانی نیشتەجێبوون و مۆڵەکان کە جگە لەوەی پارەی وشک لە ڕێگەی ئەو پڕۆژانەوە دەچێتە دەرەوە، ئەوەندە بیر لە درووستکردنی بناخەیەکی بەهێزی کشتوکاڵی و پێشەسازی وەک پێویست نەکراوەتەوە.
کاتێک 90٪ی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان لەدەرەوە دێن، کێشە کۆمەڵایەتییەکان لێرە بە زەقی دەردەکەون کە پێمان دەڵێن ڕێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان چەند زۆرەو، بۆچی ناتوانین هەموو ساڵ کە نزیکەی 50 هەزار دەرچووی زانکۆ لە کەرتی تایبەت کاریان بۆ بدۆزینەوە، چونکە شتەکان بە ئامادەیی لەدەرەوە دەهێنین، لەنێوخۆ ئەو بابەتە هێشتا چارەسەر نەکراوە. ئیدی دیارە هەر کاتێک دەوڵەتەکان دەرگا بگرن چ ڕوودەدات.
ئەگەر پشت بە بەشی خۆراکی مانگانە ببەستین کە لەلایەن حکومەتی ئێراقەوە دەدرێت لە 2021دا تەنیا بەشی شەش مانگ بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە، ئەویش مانگەکانی (2، 3، 4، 7، 9، 11) و لە 2022دا ئێراق تەنیا 45٪ی بەشی هەرێمی کوردستان لە گەنم ناردووە. واتە ئێراق ئەو جێگەیە نییە پشتی پێببەستین و ڕەنگە سبەینێ بڵێت لەبەرئەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەستی بەغدا ناکرێت، بەشە خۆراکی مانگانەش دەبڕین و، ئەمەش لە حکومەتی ئێراق چاوەڕوانکراوە.
$کاتێک هەڵاوسان و بێ بازاڕی پێکەوە درووست دەبن بەرهەمهێنانیش کەم دەبێت$
دەبێ حکومەت بە هەموو توانای دەست بەکار بکات و بازاڕ کۆنترۆڵ بکات، هەڵاوسان لە مانگی نیسانی 2022 زیاتر لە 7٪ بووە، دەبێ ڕێگەی زانستی ئابووری بگرێتەبەر بۆ ئەوەی هاونیشتمانی توانای کڕینی هەبێت ئەگەر نا کاتێک هەڵاوسان هەبێت و بازاڕ لاوازبێت، بەرهەمهێنانیش کەم دەبێت، کە بەرهەمهێنان کەم بوو، دەرکردنی کرێکار و کارمەند لە کارگەکان زۆر دەبێت و بێ کاری درووست دەبێت، حکومەتیش توانای دابینکردنی مووچەی بێکاری نییە لە هەرێمی کوردستان، ئاڵۆزی و ئاژاوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی درووست دەبێت، چونکە هەڵاوسان هەیە و بێکاریش درووستبووەو سەرچاوەی داهات کەمبووە، هەروەها داهات نەماوە بۆ دابینکردنی پێداویستیییەکان.
$هەموو جیهان لێی دەترسێت و لای ئێمە هەر باس نییە$
ئەوەی پێشبینی دەکرێت و حەتمییە و ڕوودەدات، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، خۆراک لە سەرتاسەری جیهان گران بووەو گرانتریش دەبێت، بەتایبەت گەنم و برنج. هەروەها بەهۆی کەمی باران، کانیاوەکان وشک دەبن، ئاوی ژێر زەوی هیچ جارێ لە مێژووی کوردستان دا هێندەی ئێستا ئاستەکەی دانەبەزیوە، لە قوشتەپە و بەحرکە لە هەولێر بۆ لێدانی بیری ئاو قووڵایی هەڵکۆڵین گەیشتووەتە 700 مەتر، کەچی لە ساڵی 1989دا لە هەولێر بە 80 مەتر بیری ئاو لێدەدرا.
شارەزایەکی بواری ئاو لە هەرێمی کوردستان بە ئێمەی گوت، نزیکەی 65٪ی ئاوی سەر زەوی لە هەرێمی کوردستان بەفیڕۆ دەڕوات و سوودی لێوەرناگرین، ئاوی ژێر زەوی بەکاردەهێنین! لەم قەیرانە ئاوییەدا، لەم هەموو زانیاریانەی لەبەردەستی حکومەتن کە ئاوی ژێر زەوی وا کەم دەبێت، تازە بە تازە پلان هەیە بۆ پارێزگای هەولێر لە 2022 دا زیاتر لە 135 بیری ئاو لێبدرێت، کەچی ئاوی زێ وا لە تەنیشت هەولێرەوە دەڕوات.
گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا واتە وشکاتییەکی زۆر و سەخت، کەمبوونی ئاو، ئاگرێکی گەورەو سووتانی دارستانەکان و بەرزتربوونی پلەی گەرما، بەرزبوونی ئاستی ئاوی دەریا و درووستبوونی لافاو. توانەوەی بەستەڵەکەکانی جەمسەری باکوور و باشووری گۆی زەوی، باهۆزە بەهێز و وێرانکەرەکان و ....
$ئەنجامی ئەم ڕووداوانە:$
-کۆچکردن
-لەنێوچوونی بەرهەمەکانی خۆراک بەتایبەت گەنم و برنج
-گرانبوونی بەرهەمەکانی خۆراک
-برسێتی
-خراپی کواڵیتیی جۆری خۆراک
-کەمبوونی ئاوی خواردنەوە
بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کوشندە وەک مەلارییا و زیادبوونی شێرپەنجە
دەبێ هەرچی زووە و بەبێ ئەوەی حکومەت یەک ڕۆژ دوابکەوێت کێشەی ئاو چارەسەر بکات، تەنانەت ئەگەر لە ڕێگەی کەرتی تایبەتیشەوەبێت بە پێدانی ئیمتیازی تایبەت ئاو بۆ ناو شارەکان ڕابکێشێت، دوای 5 ساڵی دیکە، ئاو گەورەترین سەرچاوەی دابینکردنی داهات و سیاسەت دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان. [1]