گرێی کازمی لای گرووپە چەکدارەکان
یاسین تەها محەمەد
10-11-2021
لەدوای هەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی لەرێگای هێرشی درۆن بۆ سەر ماڵەکەی، پەیوەندی گرژی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران و گرووپە وەلائییەکان پێی نایە قۆناخێکی نوێ لە ئاڵۆزی و پێکدا هەڵپژان. هەرچەندە ئێستا هاوپەیمانی فەتح و گرووپە چەکدارە شیعەکان، کازمی بە هۆکاری سەرەکی پاشەکشەی بەرچاوی کورسییەکانیان دەزانن، بەڵام بێزاری و توڕەیی ئەوان لە ناوبراو تەنیا بۆ هەڵبژاردنی 10ی تشرین ناگەڕێتەوە، ڕاستە لە سایەی ویلایەتە 15 مانگییەکەی کازمیدا کورسییەکانی فەتح (باڵە سیاسییەکانی حەشد) لە 47 کورسییەوە دابەزی بۆ 17 کورسى، کەتیبەکانی حیزبوڵڵاش تەنیا یەک کورسییان بۆ مسۆگەر کرا، بەڵام سەرەتای بەریەککەوتن لەگەڵ کازمی، بەر لەوەرگرتنی پۆستەکەیەتی و لەوکاتەوە دەست پێدەکات تۆمەتبارکرا بە هاوکاریکردنی ئەمەریکییەکان لە کوشتنی ژەنەراڵ قاسمی سلێمانی و تەواوکەرە ئێراقییەکەی؛ ئەبو مەهدی موهەندیس (کانونی دووەمی 2020) .
سەرەتا کازمی وەک ڕۆژنامەڤان، توێژەر و ئەرشیڤیست کاری کردووە، یەکەمجار لە ڕێگەی عەبادییەوە هاتووەتە ڕیزی بەرپرسانی حکومەتی ئێراق و سەرۆکایەتی دەزگای هەواڵگریی وەرگرتووە (2016) ، جگە لەوەی کازمی برای یەکێک لە هاوەڵزاواکانی حەیدەر عەبادییە (صباح مشتت) ، هەردووکیان لەسەر ئەو بەرەیە ئەژمارن کە پێی دەگوترێت “میانڕەوی شیعی” و پەیوەندی باشیان لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژاوا بەتایبەت ئەمەریکا و بەریتانیا هەیە، لە ساڵانی شەڕی داعش و دواتر (2016_2020) کازمی تۆڕێک پەیوەندی لەگەڵ ئەو جەمسەرانەی ناوچەکە درووستکردووە کە مایەی بێزارین بۆ گرووپە چەکدارەکانی شوێنکەوتەی ئێران، زۆر هاوڕێیانە لەگەڵ بن سەلمانی شازادەی جێنشینی سعودیە مامەڵە دەکات.
هەروەها، تاوەکوو ڕادەی تۆمەتبارکردن بە کارکردن بۆ بنەماڵەی حوکمڕانی ئیمارات، نزیکە لە ئەبوزەبییەوە، دۆستایەتی تایبەتی لەگەڵ سیسی سەرۆکی میسر و شا عەبدوڵڵای پادشای ئوردن هەیە، بایدن دەرگای کۆشکی سپی بۆ کردەوە و ڕێزێکی شاهانەی لەخۆی و شاندەکەی گرت (تەمموزی 2021) ، لە کاتێکدا ئەمە بۆ عادل عەبدولمەهدی پەسەندکراوی گرووپە چەکدارەکان نەکرا و لە ویلایەتە یەک ساڵییەکەیدا بانگهێشت نەکرا بۆ دیداری سەرۆکی ئەمەریکا، پاپای هێنایە ئێراقەوە، شێخی ئەزهەری بانگهێشت کردووە، ئەم پەیوەندییانەی کازمی هەمیشە مایەی ترس و دڵەخورتێ و بێزارین بۆ ئەو بەرەیەی پێیانوایە ئێراق جگە لە ئێران نابێت هیچ پەیوەندی و ڕووگەیەکی دیکەی ستراتیژی درێژخایەنی هەبێت.
جگە لە ناکۆکی لەسەر شوناسی دەوڵەت و پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئێراق، کازمی چەند جارێک چووەتە ڕووبەڕووبوونەوەی دەستەو یەخە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان، لە حوزەیرانی 2020، گرووپێک چەکداری حیزبوڵڵای دەستگیرکرد بە تۆمەتی موشەک هاویشتن بۆ ناوچەی سەوز، هەرچەندە لەم هەنگاوەیدا سەرکەوتوو نەبوو بەوپێیەی دواتر لەژێر گوشار و گەمارۆی ناوچەی سەوز ناچاربوو بەوەی ئازادیان بکات، بەڵام ئەمە بازدانێکی گەورەبوو بەسەر سیاسەتی عەبادی و عەبدولمەهدی لە مامەڵەکردن لەگەڵ چەکدارەکان، یەکەمیان (2014_2018) لەبەر ئەوەی لە شەڕی داعشدا بوو. هەروەها، وەک سەرکردەیەکی حیزبی دەعوە پەیوەست بوو بە هاوکێشەی ئیسلامی سیاسی شیعیەوە، زیاتر هەڵکردنی لەگەڵ میلیشیاکاندا هەڵبژارد و لە کۆتاییەکانی ویلایەتەکەشی هەندێک هەڵمەتی ڕاگەیاندنی دژ بەسەرکردەکانیان کرد، کەچی دواتر تا ئاستی هاوپەیمانی لێیان نزیک بوویەوە و لیستێکی هاوبەشی شکستخواردوویان بۆ هەڵبژاردنی 2018 ڕاگەیاند!، هەرچی عادل عەبدولمەهدیشە، سەردەمەکەی بەبەهاری میلیشیاکان لە قەڵەم دەدرێت چونکە لە بن دەستی ئەوەوە جگە لە دەستخستنی بودجە و شەرعیەت، لە بن دەستی ئەوەوە گرووپە چەکدارەکان کەوتنە کوشتاری خۆپیشاندەران (تشرینی 2019) .
لەپاش حیزبوڵڵا کازمی لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو، لەگەڵ بزووتنەوەی عەسایبی قەیس خەزعەلی تێکگیرا بەهۆی ئەوەی کادرێکی باڵای سەربازیی ئەم بزووتنەوەیەی بەتۆمەتی هێرش بۆسەر ناوچەی سەوز دەستگیرکرد، گرژی نێوان عەسایب و حکومەت گەیشتە بڵاوکردنەوەی هێزی هەردوولا لە هەندێک گەڕەکی بەغدا، چەند مانگێک پاش ئەوەش فەرماندەی لیوای “الطفوف”، قاسم موسڵیحی بەتۆمەتی کوشتنی چالاکڤانان ئیهاب وەزەنی، دەستگیرکرد (ئایاری 2021) ، ئەمەش دەرگای کردەوە بۆ ئەگەری بەریەککەوتنی گەورە لە ناوچەی سەوزی بەغدا و مانۆڕی سەربازی ڕەبعوڵڵا لە نزیک سەرۆکایەتی حکومەت، بەر لە هێرشی سەر ماڵی سەرۆکوەزیرانیش ئەمە بەگەورەترین پشێلی شکۆی دەوڵەت ئاماژەی بۆ دەکرا.
لەو ساڵ و چەند مانگەی کازمی سەرۆکوەزیران بووە، زۆرجار میلیشیاکانی توڕەو بێتاقەت بوون لە هەنگاوەکانی و هەستیان بەئارامی نەکردووە لەگەڵی، کەڵکی لە دۆخی پاش قاسم سلێمانی وەرگرتووە، بۆ درووستکردنی پرد لەگەڵ باڵی ئیتلاعات لە ئێران، شوناسی بکوژانی ڕۆژنامەوان ئەحمەد عەبدولسەمەد و سەفا سەرای هاوکاری و هەروەها توێژەر هیشام ئەلهاشمی ئاشکرا کرد کە سەرجەمیان لینکیان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان هەبوو، جاران ئەم تاوانانە بێدەنگییان لێ دەکرا و چەکدارەکان پێیان وابوو دەوڵەت لەوە لاوازترە ئەم نهێنییانەی ئەوان بخاتە بەردەست میدیاکان و لەبەرچاوی خەڵک و دنیاش هێندە ئیحراج و پەڕگیر و ناچار بە ڕوونکردنەوە و ڕەتکردنەوەیان بکات.
ئێستا، گرووپەکانی حەشد و لەگەڵ ئەوانیشدا نووری مالیکی هەموو قوورسایی خۆیان خستووەتەسەر ئەوەی ڕێگە نەدەن کازمی ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران، مالیکی بەدوای دەسکەوتی خۆی دەگەڕێت و سیاسییەکی بەناوبانگە لە لەمپەڕ درووستکردن بۆ ئەوانەی ناچنە عەقڵییەوە، بەڵام حەشد و حیزبوڵڵا پێیان وایە ئەگەر 15 مانگی کازمی درێژ ببێتەوە بۆ چوارساڵی داهاتوو ئەوە بە پاڵپشتی سەدر و وڵاتانی دەرەوە، بەتەواوی کار لەسەر بەرتەسککردنەوەی پێگە و هەژموونی حەشدی وەلائی دەکات، تەنانەت ئەوە زۆر باوە کە دەڵێن هادی عامری سەرۆکی فەتح وتوویەتی “بەسەدرییەکی پەتی ڕازی دەبم ببێتە سەرۆکوەزیران، بەڵام بە کازمی نا”، لەپاش گرژییەکانی هەینی ڕابردووش لە ناوچەی سەوز ئەبو ئالائی وەلائیی ئەمینداری کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، لە تویتێکدا جەختی کردەوە ناهێڵن کازمی نەک سەرۆکوەزیران بەڵکوو پۆستی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ش وەربگرێتەوە، بەدوای ئەوەشدا قەیس خەزعەلی ئەمینداری عەسایب بە سیفەتی “شروگییەکی ڕەسەن” کۆمەڵێک هەڕەشەی توندی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا بۆ ڕەوانەکرد و سوێندی خوارد جێبەجێیان بکات.
جگە لەمانەش لە بەرچاوی وەلائییەکان، لە پشت کازمییەوە تارمایی سەدر ئامادەییەکی گەورەی هەیە، ئەویش کە ئێستا بووەتە یەکەم (74 کورسی) ، دنیایەک کێشەی کەڵەکەبووی لەگەڵ باڵە چەکدارە ئێرانییەکان هەیە، بەشێک لەوان لە بن عەباکەی خۆیەوە هاتوونەتە دەرەوە و جیابوونەوەکانیان بووە بە کێشەیەکی کەسێتی، بەشێکی تریان شەڕی دەسەڵات و کاریگەریی لەگەڵدا دەکەن و تێکەڵ بە هەستی عێراچێتی و پاشکۆیەتی ئێرانیش بووە، لەم کێشمەکێشەدا کازمی بە ئاشکرا لەبەرەی سەدرە و بەئاشکرا گوتوویەتی “سەید موقتەدا ڕێبەری موقاوەمەیە بە عینادیی ئەوانەی نکولی دەکەن”، لەپاش هێرشکردنە سەر کازمیش سەدر یەکەم کەس بوو پەیوەندی پێوەکرد و تویتی بۆکرد، بەم پێیەش بەشێک لە کەینوبەینی نێوان کازمی و چەکدارەکان شەڕی پشت پەردەی سەدر و وەلائییەکانە لە ڕێگای وەکالەتەوە. [1]