$کێشمەکێشمی عامری و خەزعەلی بۆ سەرۆکایەتیکردنی فەتح$
#یاسین تەها محەمەد#
#27-11-2021#
لەوەتەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە 11 تشرینی یەکەم ڕاگەیێنراوە، هاوپەیمانیی فەتحی گرووپەکانی #حەشدی شەعبی#، وەک دۆڕاو ڕەفتار دەکات، چونکە لەنێوان چوار ساڵدا پێگەی لەناو پەڕڵەمانی ئێراق لە 48 کورسییەوە کە بەرەنجامی ملیۆنێک و 347 هەزار دەنگ بوو، بۆ دەوروبەری 17 کورسی دابەزی، ئەویش بە کەمتر لە نیوەی دەنگەکانی خولی پێشوویان. هەرچەندە لە کۆی 21 هاوپەیمانی بەشدار لە هەڵبژاردن دۆخی فەتح لەو حەوت هاوپەیمانییەی دیکە باشترە کە ئەنجامەکەیان سفر کورسییە و لەگەڵ حیزبە دۆڕاوەکانی دیکەدا دەگەنە 99 لایەن کە بەبێ هیچ کورسییەک هاتنە لە پڕۆسەکە دەرەوە. هەڵبەت فەتح کە بە نزیکەیی نوێنەرایەتی دەوروبەری 160 هەزار چەکداری حەشد دەکات، هیوای وابوو دووەم هێزی هەڵبژاردن بێت بۆ ئەوەی بتوانن ژمارەیەکی گەورەی هاوکێشەی پێکهێنانی حکومەت و پێکهێنەرێکی سەرەکیی دەسەڵاتی یاسادانان بن.
لە هەردوو هەڵبژاردنەکە (2018 و 2021) هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر، سەرۆکایەتی هاوپەیمانیی فەتحی کردووە کە لە 2018 بۆ یەکەمجار لەپاش شەڕی #داعش# بەو پێکهاتەیەوە چووە پەڕڵەمان، بەڵام لەپاش ئەو پاشەکشە گەورەیە و کەمبوونەوەی کورسییەکانی بەدر لە 22 کورسییەوە لە هەردوو هەڵبژاردنی 2014 و 2018 بۆ تەنیا شەش کورسی لە 2021، تەمومژی زۆر لەسەر پێگەی هادی عامری درووستبووە، لەبری ئەویش لە هەندێک بۆنەی گرنگدا زیاتر قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی عەسایب دەردەکەوێت. وەک پێشوازیکردنی لە جێنین پلاسخارتی نوێنەری تایبەتی سەرۆکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێراق لە ناوەڕاستی ئەم مانگە بۆ گفتوگۆ لەبارەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، ئەویش لە کاتێکدا خەزعەلی لەگەڵ لیثی برایدا لە لیستی تیرۆری ئەمریکادان.
پاش دەرکەوتنی ئەنجامەکان و پەنابردنی چەکدار و هەوادارەکانی فەتح بۆ مانگرتن لە بەردەم ناوچەی سەوز، دەنگۆیەکی وەها بە نافەرمی بڵاوکرایەوە کە هادی عامری لە سەرۆکایەتیی فەتح دووربخرێتەوە، بەڵام هەندێک لە پێکهێنەرەکانی فەتح ئەوەیان ڕەتکردەوە بەبێ ئەوەی ڕوونکردنەوەی زیاتر لەسەر دەرکەوتن و جموجوڵە نمایشییەکانی خەزعەلی بدەن کە بەناوبانگترینیان هەڕەشەکانی بوو بۆ تۆڵەکردنەوە و دادگاییکردنی مستەفا کازمی لەپای کوژرانی دوو لە خۆپیشاندەرە ناڕازییەکان لە هەڵبژاردن لە بەردەم دەروازەکانی ناوچەی سەوز (5ی تشرینی دووەم) .
ناوەندە پەڕگیرەکانی حەشد پێیانوایە پاشەکشەی گەورەی حەشد لە هەڵبژاردن بەشی گەورەی لە ئەستۆی هادی عامرییە، هۆکاری ئەمەش دەگێڕنەوە بۆ پەیوەندی باشی عامری لەگەڵ سەدر لەلایەک کە نەیهێشتوە لە هەڵبژاردن وەک مالیکی بەرەنگاری ڕکابەرەکەیان ببنەوەو، لەلایەکی دیکەوە ئەوە عامری بوو کە ڕازی بووە بە دانانی مستەفا کازمی بەسەرۆکوەزیران، کە لە ماوەی 15 مانگی بەر لەهەڵبژاردندا چەند جارێک گرووپەکانی حەشدی بێزارکردووە. بەرانبەر بەم تۆمەتانەش عامری خۆی و میدیای ڕێکخراوەکەی، تەزویر و هاک و ئەجێندای کازمی بۆ بچووککردنەوەی حەشد بە هۆکاری ئەو پاشەکشەیە دەزانن. هەر لەم سۆنگەیەشەوە چەند سەرچاوەی جیا ئەوەیان لە عامرییەوە گواستووەتەوە کە ئەم جارە پێداگرە لەسەر ئەوەی ئەگەر بە سەرۆکوەزیرانێکی سەدریش ڕازی بووە، ئەوا بۆ دانانەوەی کازمی بۆ خولێکی دیکەی حکومەت مل نەدات.
ڕاگر و قوڵایی ستراتیژیی فەتح سوپای پاسدارانی ئێرانە، پێکهێنەرەکانیشی لەپاش باڵە چەکدارە ڕاستەوخۆکانی ئێران، بڕواپێکراوترین ئێراقییەکانە لای تاران، بەڵام لەنێوان کەسایەتی عامری و خەزعەلیدا هەندێک جیاوازی هەیە. عامری هەڵگری نازناوی شێخی موجاهیدینە و لە سەرەتای هەشتاکانەوە لەڕیزی فەیلەقی بەدر و ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیدا لە ئێران کاری کردووە، بەڵام خەزعەلی گەنجێکە کە لە قۆزاخەی سوپای مەهدی هاتووەتە دەرەوە و پێشتر ئێراقی بەجێنەهێشتووە. جگە لەوەش هێشتا خۆی بە خوێندکاری سەدری دووەم دەزانێت و بزووتنەوەکەشی عەسایب، لەسەر سکی ڕێکخستنەکانی موقتەدا سەدر گەشەی کردووە. لەڕووی تەمەن و پێگەشەوە نەوەی دووەمی هێزە شیعەکانی پاش بەدر و دەعووە و ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامییە.
هادی عامری 67 ساڵ کە دەرچووی بەشی ئاماری زانکۆی بەغدایە، بەپیاوی کۆمەڵایەتی و ڕێککەوتن ناسراوە، تانەی ئەوەی لێدەدرێت لە جەماعەتی ماچ ماچێنی سەرو ڕیشە، بەڵام خەزعەلی 47 ساڵ کە ئەویش بەشی جیۆلۆجیای تەواوکردووە لە بەغدا، نایشارێتەوە کە شروگییەکی ڕەسەنە، لە کاتێکیشدا عامری ئەرکی بووە بە پاراستنی دەستکەوتەکانی بەدر لە #وەزارەتی ناوخۆ# و دەزگا ئەمنییەکانی دیکەی ئێراق، خەزعەلی خەونی پەلکێشان و کۆپیکردنی نموونەی حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنانی لە ئێراق هەیە. بەتایبەت پاش ئەوەی لەنێوان 2014 بۆ 2018 پێگەی عەسایبی لە تاقە کورسییەکی پەڕڵەمانەوە بۆ 15 کورسی بەرزکردەوە کە دەیکردە 30%ی دەنگەکانی فەتح، بەر لەوەی لە 2021 پاشەکشە بکات بۆ شەش کورسی و دووچاری کاردانەوە و بێهواییان بکات.
هادی عامری سەربازی مەیدانە و سەروەرییەکانی زیاتر خەباتی چەکداری و دەرکەوتنەکانییەتی لەبەرەکانی شەڕی دژی داعش، بەڵام خەزعەلی خۆی بە بانگخوازی بیری موقاوەمە دەزانێت، هەروەها مێزەری پیاوی شیعەی ئایینی لەسەرە و نازناوی الشیخ ی لەخۆی ناوە، زیاتر لە عامر خواستی پەڕگیری هەیە و لە کێشەی قووڵیشدایە لەگەڵ موقتەدا سەدر، بەوپێیەی لە ئەو جیابووەتەوە، هەر لەسەر حسابی ئەویش پڕۆژە سیاسییەکەی خۆی پەرەپێداوە.
لەدەرەوەی دوالیزمی بەدر و عەسایب کە ئێستا لە پێکەوەهەڵکردنێکی ناچاریدان، دوو پێکهاتەی دیکە لە فەتحدان کە السند و نصححن، پێگەی ئەم دوو گرووپەش ئەوە نییە کە ڕکابەری سەرۆکایەتیی هاوپەیمانییەکە بکەن، بەڵام بەگوێرەی لێدوانەکانیان لەگەڵ مانەوەی سەرۆکایەتیی هادی عامرییدان کە پێشینەی تەمەن و خەباتی هەیە.
بۆچوونێکی باو هەیە کە جموجووڵی ئەمدواییەی قەیس خەزعەلی، ئەگەر هادی عامریش لە سەرۆکایەتیی فەتح دوورنەخاتەوە، ئەوا لە بەدیهێنانی هەندێک دەسکەوت شکستخواردووش نابێت. ڕەنگە ئامانجیش لێی بازاڕکردن بێت بۆ قەیس خەزعەلی وەک دەمڕاست و نوێنەری ئیسلامی ڕادیکاڵی شیعە لە ئێراق، پاش ئەوەی کە نوێنەرێکی نێونەتەوەیی سەردانی کرد. لە دیمانەیەکی ئەلجەزیرەشدا کۆمەڵێک پەیامی لەبارەی ناوچەکە ئاڕاستەی ڕای گشتی عەرەبی کرد و چوار ساڵ بەر لە ئێستاش لەسەر سنووری ئیسرائیل و لە باشووری لوبنان دەرکەوت. سەبارەت بە عامرییش جگە لە سەرۆکایەتیی فەتح، ئەگەرێک لە بەردەمیدا هەیە کە ناوی بخرێتەڕوو بۆ سەرۆکایەتیکردنی دەستەی حەشد بەتایبەت کە لەگەڵ سەدر نزیکایەتی هەیە، چونکە مانەوەی فالح فەیازیش لەو پێگە فەرمییە لە پاش ئەوەی خرایە لیستی پشتیوانانی تیرۆری ئەمەریکاوە، زیاتر وەک کێشە تەماشا دەکرێت. [1]