$بارودۆخی ئێراق دوای بڕیارە نوێیەکەی دادگەی فیدراڵیی ئێراق$
#یاسین تەها محەمەد#
#16-05-2022#
لە نوێترین بڕیاری دادگەی فیدراڵیی ئێراق دا (121/ 2022) کە لە ڕۆژی (15ی ئایار) دەریکرد، ئەرک و کارەکانی حکومەتی کاربەڕێکەری مستەفا کازمی بەتەواوی بەرتەسک کرایەوە. بڕیارەکە کە لە شێوەی تەفسیری دەستووردایە و وەڵامە بۆ داواکارییەکی سەرۆککۆمار سەبارەت شرۆڤەی ماددەی (64/ دووەم) ی دەستوور، دەست و پێی حکومەتی کازمی دەبەستێت و ئەرکەکانی کوورت دەکاتەوە بۆ ئەو ڕێکارانەی کە تەنیا گەرەنتی ڕاپەڕاندنی کاری ڕۆژانە دەکەن. بەو پێیەش، بە دەق هاتووە کە ئەم حکومەتە ناتوانێت هیچ هەنگاوێک بنێت کە کاریگەریی لەسەر ئاییندەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی ئێراق هەبێت؛ لەوانەش پێشنیازکردنی پڕۆژە یاسا، قەرزکردن، دامەزراندنی خەڵک لە پلە باڵاکانی دەوڵەت یان بەخشینیان لە ئەرکی خۆیان، یان هەڵوەشاندنەوەی پەیکەری وەزارەت و فەرمانگەکان و هەروەها سەرلەنوێ داڕشتنەوەیان.
بڕیارەکەی دادگە، لەڕووکەشدا زەقترین و ئاشکراترین بەرکەوتنی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانە، چونکە بەهۆی داواکەی سەرۆککۆمارەوە (لە 12ی ئایاری 2022) بوو کە حکومەت لە پەل و پۆ خرا، بەڵام بە گەڕانەوە بۆ وردەکارییەکان، ئەوە دەردەکەوێت کە داواکە بەرزکردنەوەی داوای 44 پەڕڵەمانتاری شیعەی بەرەی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە کە محەمەد شیاع سوودانی نزیک لە مالیکی سەرۆکایەتی کردوون. هەر لەنێوەڕۆکی بڕیارەکەشدا، هەندێک بڕگەی دیکە هاتوون کە دەکرێت لە بەرژەوەندی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیراندا بشکێتەوە، لەوانەش پارێزبەندکردنی حکومەتی کاربەڕێکەر لە ئەگەری متمانە وەرگرتنەوە لێی بۆ ئەوەی حکومەتێکی نوێ بە سەرۆکایەتی جەعفەر سەدر جێگەی بگرێتەوە، بەتایبەت چەند ڕۆژێکە دەنگوباسێکی وەها گەرمە کە هاوپەیمانی سێقۆڵی (سەدر و پارتی و سیادەی سوننەکان) بە کەڵک وەرگرتن لە ناواخنی ماددەیەکی دیکەی دەستووری (ماددەی61) لەسەر ئەو سیناریۆیە کار دەکەن.
لەپاش ئەم بڕیارەی دادگەی فیدراڵی، گەورەترین پڕۆژە یاسای بەردەستی هاوپەیمانی سێقۆڵی ئاساییشی خۆراک کە لە 19ی ئازارەوە حکومەت ناردوویەتی بۆ پەڕڵەمان، پەکی دەکەوێت و بودجەی پێشبینیکراوی یاساکەش لەنێوان 25_35 ترلیۆن دیناردایە. لە هەمانکاتیشدا هەر بەگوێرەی ئەم بڕیارە، حکومەت ناتوانێت بودجەی 2022 ڕەوانەی پەڕڵەمان بکات. بەم پێیەش، ) لە دوای2003 ئەوە سێیەم جارە (2014 ، 2020، 2022 ( ئێراق بودجەی ساڵانە پێشکیش نەکردووە, لەکاتێکدا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و شەڕی ئۆکرایناوە پێشبینی دەکرێت داهاتی ئەم ساڵی بگاتە 150 ملیار دۆلار!
نەبوونی بودجە کاریگەریی خراپی لەسەر بازاڕ و پڕۆژە و ڕەوشی ئابووری هەیە، چونکە بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان (کارگێڕی دارایی فیدراڵی 6ی 2019) حکومەت دەتوانێت تەنیا 1/ 12 ی خەرجییەکانی ساڵی 2021 لە ساڵی نوێدا (2022) خەرج بکات، بەڵام لە لایەکی دیکەوە بڕێک دەست کراوەی دەکات بە سولفە و خەرجی پێداویستییەکانی ڕۆژانە دابین بکات و قەیرانی گرانی چارەسەر بکات، لەگەڵ هەرێمی کوردستانیشدا ملکەچ نابێت بۆ هیچ دەقێکی یاسایی بودجە، بەم پێیەش ڕێککەوتن و لێکگەیشتن و کەشی سیاسی و گوشارەکان بڕیار دەدەن کە چۆن مامەڵە دەکات.
لەسەر ئاستی سیاسی، بڕیارەکە زەقترین ڕوونکردنەوەی وردی دادگەیە لەبارەی چوارچێوەی یاسایی قۆناخی پاش هەڵبژاردن کە بنبەستی سیاسی و بۆشایی حکومی بەسەریدا زاڵە. تەنیا دوو ڕێگە لە بەردەم لایەنە سیاسییە ڕکابەرەکان دەهێڵێتەوە کە ئەوانیش؛ یەکەم، ڕێککەوتنە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ ئەگەر بیانەوێت ئێراق لە قۆناخی کاربەڕێکەر دەرباز بکەن. دووەم، هەڵوەشاندنەوەی پەڕڵەمان و سازکردنی هەڵبژاردنێکی نوێیە ئەگەر هەوڵەکانی ڕێککەوتن بەیەکجاری گەیشتنە بنبەست، چونکە بڕیارەکە هیچ دەرفەتێکی دیکەی تێدا نییە بۆ چارەسەری مامناوەندی، وەک لابردنی هەندێک لە وەزیرەکان و گۆڕینیان لەژیر سەرۆکایەتی کازمیدا، یان لادانی هەموو کابینەکە و ڕێگەخۆشکردن بۆ کابینەیەکی نوێ بە دەنگی زۆرینەی پەڕڵەمان (هاوپەیمانی سێقۆڵی) .
لە 26ی ئازاردا کە هاوپەیمانی سێقۆڵی (ڕزگاری نیشتمان) بە ڕێبەرایەتی سەدر گەیشتنە 202 پەڕڵەمانتار لە کۆی 220ی پێویست بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، بەرەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە بە هەڕەشە و ئۆفەر نەیانهێشت بەرەی زۆرینە بگەنە ئامانجی خۆیان، بەمەش پەڕڵەمان لە جێگەی خۆیدا پەکیکەوت. لە 15ی ئەم مانگەشدا دادگە دەسەڵاتەکانی حکومەتی سنووردار کرد و دەرگای لە بەردەم ئەگەری گۆڕینی هاوکێشەکەی داخست. لەکاتێکدا پێشتر و لە مانگی شوباتدا هەر دادگە لە وەڵامی داوایەکی سەرۆککۆماردا پێشمەرجی ئامادەبوونی 2/ 3 ی پەڕڵەمانتارانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار چەسپاند، بەمەش زۆرینەکەی سەدر و پارتی و سیادەی سوننەکان و هەندێک لە سەربەخۆکان بە 202 پەڕڵەمانتارەوە هیچ واتایەکی نەما، لەکاتێکدا بەگوێرەی دەستوور بۆ پێکهێنانی حکومەت 5+1 بەسە کە دەکاتە 165 پەڕڵەمانتار.
هەندێک پێیانوایە بڕیارەکەی دادگە بۆ شرۆڤەی دەسەڵاتەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر لۆژیکی و لە فەلەکی یاسا و دەستووردان و، بەبێ مەبەست ئاو دەکەن بە ئاشی بەرەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دا. هەندێکی دیکە، دەگەڕێنەوە بۆ دواوە و باس لەوە دەکەن کە لە ساڵی 2010دا نووری مالیکی نزیکەی 10 مانگ سەرۆکوەزیرانی کار بەڕێکەر بوو، هەموو دەسەڵاتێکیشی بەکار دەهێنا، بۆچی ئەم دادگەیە سنووری بۆ دانەنا؟
ڕاستە دادگەی فیدراڵیی ئێراق ڕێگەکانی چارەسەری کوورت کردەوە بۆ ڕێککەوتن یان دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن، بەڵام تا ئێستا هیچ سزا و ڕێوشوێنێکی پێشنیاز نەکردووە بۆ پێشێلکردنی وادە دەستوورییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و دەنگدان بە حکومەت. لەبەر قوورسی و ئاستەنگەکانی بەردەم هەر دوو بژاردەکەش، ڕەنگە لایەنە سیاسییەکانی هەردوولا کەڵک لە چاوپۆشی و کەمتەرخەمی دادگە و دەستوور وەربگرن بۆ پێشێلکردنی وادەی دەستووری، هەر بەم هۆیەشەوە، ماوەیەکی دیکەش ئەم قۆناخی نە شەڕ نە ئاشتی یە لەنێوان هەر دوو بەرە شیعەکە و هاوپەیمانەکانیان بەردەوام بێت، بەتایبەت کە کارتێکەرە کاریگەر و سەرەکییەکانی گەیشتن بە ڕێککەوتن (واشنتۆن، تاران، نەجەف، شەقام) هەریەکەو بە هۆکارێک لەدەرەوەی بازنەی گوشار و درووستکردنی مەترسی جددین لەسەر لایەنە ڕکابەرەکان. [1]