ناونیشانی بابەت: دانانی پارتی و یەکێتی و کۆنگرەی نیشتمانیی ئێراقی لە لیستی ڕەشی ئەمریکا
ئامادەکردن: #فازڵ کوردی#
لەسەردانانی پارتی دیموکراتیی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆنگرەی نیشتمانی ئێراقی لە لیستی ڕەشی ئەمریکا و چۆنییەتیی مامەڵەی پارتی و یەکێتی لەسەر دۆسیەی کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان، توانرا هەندێ سەرەداو ئاشکرا بکرێن، ئەویش لە ڕێگای پەیوەندیکردن بە کۆنە دیپلۆماتێکی ئەمریکیی کە کاتی خۆی دەستڕۆیشتووی هەر یەک لە جەی گارنەر و پۆڵ برێمەر بووە پاش ڕزگارکردنی ئێراق لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان.
ئەم کۆنە دیپلۆماتە لە قسەکانی باس لەوە دەکا کە بەر لە هاتنی ئەمریکا پلانێک داڕێژرابو کە چۆن ئەو هێزە چەکدارانەی لە ئێراقن بە عەرەب و کوردەوە کۆنترۆل بکرێن بۆ ئەوەی ئەم هێزانە نەبنە بەرهەڵستکار یان تێکدەری پڕۆسەی ئازادکردنی ئێراق پاش لەناوچوونی ڕژێمی بەعس، بە شێوەێک لە شێوەکان بێدەنگبکرێن ئینجا بەهێزی سەربازی بێ یان بە پارە. بۆ ئەمەش یاسای (پاتریۆد ئاکت ئامادەبوو، لیستی ئەم هێزە چەکدارانە ئامادەکرابوو لەدوای ڕووداوەکانی 11ی سێپتێمبەر لەلایەن وەزارەتی ئاساییشی ناوخۆی ئەمریکا، لە کۆنگریسیش دەرچوبوو و لە ئەنجوومەنی نوێنەرانیش دەنگی زۆرینەی پێدرابوو وەکوو یاسا جێگیر کرابوو.
بەم یاسایە پارتی و یەکێتی و کۆنگرەی نیشتمانی ئێراقی خرابوونە لیستی ڕەش.
ئەمریکییەکان پێشبینی ئەوەیان کردبوو کە چەند هێزێکی بەرهەڵستکاری سوننی لە ناوچە سوننەنیشینەکان درووستدەبن، لە هەمان کات هەرسێ هێزی چەکداری پارتی و یەکێتی و کۆنگرەی نیشتمانی ئێراقی لەم هاوکێشەیەدا بوون، بۆ ئەمەش ئەمریکییەکان کەوتنە نێوان دوو بژارده:
یان هێزێکی زۆر ڕەوانەی ئێراق بکەن، یان بە پارە ڕازییان بکەن و چارەسەری ئەم کێشەیە بکەن. پاش ڕاوێژکردن لەگەڵ پسپۆران و شارەزایان لە کاروباری ئێراق بۆیان دەرکەوت کە ئەم هێزانە هێزی فشۆڵ و چاوچنۆکن. لەبەر ئەوە بژاردەی دوەمیان هەڵبژارد بەپێی ئەوەی کە زۆر لە ئێراقییەکان ئاسانە ملکەچی پارە بن.
پاش هاتنی هێزەکانی ئەمریکا و کۆنترۆلکردنی ئێراق لە یەکێک لە کۆشکەکانی سەددام لە بەغدا هێزەکانی ئەمریکا پارەیەکی یەکجار زۆر دەدۆزنەوە.
جەی گارنەر بۆ ئەوەی یارمەتیی پارتی و یەکێتی بدا چونکە دۆستی نزیکی تاڵەبانی و بارزانی بوو، لەلایەکی تریش بۆ ئەوەی تووشی لێپرسینەوە نەبێ لەلایەن گەلی ئەمریکا -باجدەر-تاکس پەیەر- بڕیار دەدا کە مانگانە 30 ملیۆن دۆلار لەم پارەیە بدرێ بە پارتی و یەکێتی و دابەشبکرێ بەیەکسانی (15 ملیۆن بۆ پارتی و 15 ملیۆنیش بۆ یەکێتێ) . وردەکاری پارەی تەرخانکراو بۆ کۆنگرەی نیشتمانی لای من گرنگ نییە. مانگانەکە بەردەوام دەبێ تاوەکوو جەی گارنەر دەڕوات و پۆڵ برێمەری جیگرەوەی دەستبەکاردەبێ.
برێمەریش بۆ ئەوەی ڕزگاری بێ لەم مانگانە بڕیاردەدا ڕێککەوتنێک مۆر بکرێ لەنێوان عەرەبەکان و پارتی و یەکێتی کە ڕێژەی پارەی داهاتی نەوتیان بۆ زیاد بکرێ لە 13./’ بۆ 17./’ لەجیاتی مانگانەی پارەی کاش بە مەرجێک هێزە چەکدارەکانی پارتی و یەکێتی لە هێلی 36 بمێننەوە و نەیەنە پێشەوە کە دەکاتە ناوچە جێناکۆکەکانی ئەمڕۆ لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ئێراقی کە ناونراوە بە ماددەی 140.
بۆ پشتڕاستکردنەوە لە وەرگرتنی ئەم بڕە پارانە، باشترین کەس بایز تاڵەبانیی ڕەحمەتیی دەبوە کە ئەوکات لێپرسراوی دارایی یەکێتی بوو و لە کابینەی حەوت وەزیری دارایی بوو، چونکە ئەم هەموو مانگێک بەشی یەکێتی وەردەگرت لە فڕۆکەخانەی هەولێری کۆن. ئەگەر بایز تاڵەبانی نکوڵی کردبوایە، بەڵگەی ئاشکرای لەسەرە لەلایەن ئەو کەسەی کە بەشە مانگانەکەی ڕادەستکردووە.
زۆر سەرەداوی هاستیاری تر هەن لەبارەی دانانی پارتی و یەکێتی و کۆنگرەی نیشتمانی لە لیستی ڕەش لەلایەن ئەمریکاوە، پێویست بە هەڵوەستە دەکات و شیکردنەوەی بابەتییانەی دەوێ بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕە ڕەشەکان.
هۆی سەرەکی پارتی و یەکێتی لە لیستی ڕەش دەگەڕێتەوە بۆ بڕیاری خودی ئەم دوو حیزبە کە لەکاتی خۆی داویانه، بەتایبەتیش پاش ڕزگارکردنی ئێراق لەلایەن ئەمریکاوە، چونکە خۆیان ڕازیبوون ناویان لەم لیستە بێ بەرانبەر بە چەند ملیۆن دۆلارێک کە لەسەرەوە باسمان کرد.
=KTML_Bold=لایەنە شاراوەکەی درووست بوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان:=KTML_End=
هەڵەیە ئەوەی پێیوایە حکومەتی هەرێم بەرهەمی ڕاپەڕین و شۆڕشی چەکداری چەندین ساڵەی خەباتی سیاسی کوردە، بێگومان ڕاپەڕینی خەڵک و شۆڕشی چەکداریی کاریگەریی خۆیان هەبوە.
لەگەڵ ئەوەی کەس ناتوانێ نکوڵی لەوە بکا کە میللەتی ئێمە بەدرێژایی سەدەیەکە خەریکی خەباتی سیاسی و چەکداری بووە و بە هەزاران کەس شەهید بووە، بەڵام درووستبوونی ئەم هەرێمە و پەیوەستکردنی بە شۆڕشی کورد ڕەنگە زۆر لە جێی خۆی نەبێ، بەڵکوو ڕاستەوخۆ بەرهەمی لێکەوتەی شەڕی ڕزگارکردنی کوێتە بە سەرپەرشتیی ئەمریکا و هاوپەیمانان، بە تایبەتی لە پاش ڕزگارکردنی ئێراق لە دەستی دیکتاتۆریەت و نووسینەوی دەستووری ئێراق بە سەرپەرشتی ئەمریکا دەستخستنە ناو سیاسەت لە ئێراق بە گشتی، ئەمە بوو بە بەرهەمی درووستبوونی ئەو هەرێمە.
ئاشکرایە میللەتی ئێمە لەدوای ئەنفال، بەعس کۆنترۆڵی هەموو کایەی سیاسی میللەتی ئێمەی کردبوو، دەستیشی خستبوە ناو ڕێکخستنەکانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانیشەوە و هەموو ئەو هێزە سیاسییانە پەنابەربوون لە وڵاتانی دی، بەتایبەتی لە ئێران.
ئەوەی کە ئەم هەرێمەی درووستکردووە گۆڕانکاری لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە و بەرژەوەندیی وڵاتانی زلهێز بو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەمەی سەرەوە بیرەوەری برادەرێکم بیردەخاتەوە (ج ث) کە لە 1991 فەرماندەیەکی باڵایی سەنتەری هاوکاری سوپای ئەمریکا بوو لە زاخۆ بە هاوکاری هێزی سوپای ئینگلتەرا ئەم سەنتەرە بەڕێوەدەبرا.
( ج ث ) دەگێڕتەوە کاتێ ئاوارە کوردەکان بە دەیان هەزار ئاوارەی ئیران و تورکیا بوون، فشارێکی زۆر هەبو کە چۆن ئەم هەموو ئاوارەیە بگەڕێندرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە و وەک هەنگاوی یەکەم، بیرۆکەی دو چادرگەی گەورە لە فڕۆکەخانەی بامەڕنی و فڕۆکەخانەی هەریر درووستبکرێ بۆ گەیاندنی پارمەتییە مرۆیییەکان. ئەو دەگێڕێتەوە و دەڵی: “ترسی ئێراقمان هەبو لە بۆردومانکردنی چادرگەکان بەتایبەتی ڕای ئاوەرەکان وەرگێڕابوو کە ترسیان لە چەکی کیمیای و کیمیاباران هەبو.” پەیوەندی دەکەن بە حکومەتی ئێراقی بەتایبەتی تاریق عەزیز بۆ ئەم دوو چادرگەیە و گەرەنتی وەرگرن کە هیچ هێرشیکی سەربازی ئەنجامنەدرێ لەلایەن ئێراق. تاریق عەزیز ئاگاداریان دەکاتەوە کە سەدام حسێن فەرمانی کردووە کە نەک هەردوو چادرگەی بامەڕنی و هەریر بەڵکوو سوپای ئێراقی لە هەرسێ شاری هەولێر، سلێمانی و دهۆک کە ناوچەی ئۆتۆنۆمیە پاشەکشە پێدەکا بە مەرجێک ئەمریکا سەرپەرشتی بکا بەڵام بەبێ کەرکووک، چونکە بە قسەی سەدام، ئەگەر کەرکووک بخرێتە ناو ئەو پلانە ئەوا کوردەکان داوای جیابوونەوە لە ئێراق دەکەن لەبەرئەوەی دەبن بە خاوەنی ئابوورییەکی بەهێز کە سامانی نەوتە.
لەبەر ئەمە، دووبارەی دەکەمەوە هەڵەیە ئەوەی پێیوایە حکومەتی هەرێم بەرهەمی ڕاپەڕین و شۆڕشی چەکداری چەندین ساڵەی خەباتی سیاسی کوردە. [1]