ناونیشانی بابەت: پەروەردە و خولەکانی هاوینە
ئامادەکردن: #ڕەئوف ئالانی#
دۆخی ژیان بەگشتی ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە، کە جێی هیچ مشتومڕ و باس و خواسێک نییە، چونکە گۆڕانکاری پێویستییەکی گرنگە بۆ ژیان، کاتیش لەسەر کەس ناوەستێ بۆیە مرۆڤ ناچارە لەگەڵ گۆڕینی کات خۆی بگونجێنیت.
یەکێک لەوفاکتەرانەی ڕۆڵی کارا دەگێڕن بۆ گۆڕانکاری، پەروەردە پشکی شێری بەردەکەوێت، ئەوەیە نەهێنی پشت پێشکەوتنی وڵاتان، کە خۆیان بۆ گۆڕانکاری و پێشخستنی ژیان ئامادە دەکەن لە ڕێی پەروەردەوە، پێش ئەوەی جیهان بەتەواوەتی بکرێتەوە بەڕووی زانست بە گشتی و تۆڕەکۆمەڵایەتییە بەرفراوانەکان بەتایبەتی، وک دەڵێن ئەمڕۆ جیهان لە گوندەوە بچووک بۆتەوە بۆ شاشەی مۆبایلێک، ئەوکاتانە خولی مەشق و ڕاهێنانەکان باشترین ڕۆڵیان دەگێڕا بۆ ڕاهێنان و ئاڕاستەکردنی مامۆستایان بەتایبەت لەوەرزی هاویندا، کاتێ ساڵی نوێی خوێندن دەستی پێدەکردەوە مامۆستایان بە گووڕ و هێز و تینێکی پڕ لە وزەوە پێشوازیان لە خوێندکاران و قوتابییان دەکردەوە، پەیامەکەیان کە ئاڕاستەکردنی پەروەردەیەکی درووست و فێربوون بوو، کاریان لەسەردەکرد.
ئەوسەردەمە خولیاو ویستە تایبەتەکان وەک هونەرەکانی نیگارکێشان و موزیک و وەرزش، بەهۆی خولی تایبەت و لەدەرەوەی خولە پەروەردەییەکان منداڵان دەیانتوانی بەشداری بکەن، هەرچەندە لە یەکەی مەشق و ڕاهێنان بۆ ئەو وانانەش مامۆستاکان بەشداری خولەکانیان پێدەکرا، ئەگەر بەراوردێک لەنێوان خولەکانی هاوینەی ئەوسا و ئێستا بکەین، تووشی شۆک و سەرسوڕمان دەبین، ئەوسا خولەکان پەروەردە لە ڕێگەی یەکەی مەشق و ڕاهێنان سەرپەرشتی دەکردن و ناوی مامۆستایان بەلیستێک دەنێردرا بۆ خوێندنگەکەیان و بەپێی پسپۆڕییەکەیان خولەکان دیاری دەکران، لەگەڵ ئەوەی کەسانی شارەزا و خاوەن ئەزموون وانەکانی خولەکانیان دەوتەوە، بڕێکی باشیش پارە بۆ ئەو مامۆستایانە دیاری دەکرا کە بەشداریان دەکرد.
ئەوە دەبووە هاندەرێکی باش تا هەوڵ و کۆشش و بابەتەکان جوانتر و باشتر بگەیەنرێن.
ئامانج لە کردنەوەی خول و ڕاهێنان، باشتر کردن و ئاڕاستە کردنێکی دیاریکراوە، وەک (لۆرن فلیشمان) پرسیار دەکات و دەڵێ: (هەر کەسێک دەتوانێت بەباشی ڕاهێنان ئەنجام بدات، ئایا پلان هەیە بۆ باشترکردن؟) وەڵامی ئەو پرسیارە ئەکەوێتە سەر چۆنییەتی پلان و بەرنامەی ئەو خولەی کاری لەسەر دەکرێت لەلایەن ئەنجامدەرانی.
بەڵام ئێستا خول زۆر بەکەمی دەکرێنەوە، ئەوەی دەشکرێتەوە هەندێ کەسی نزیک لە حیزب و کەسەکان نەبێ هەرکەس ئاگای لێ نییە، یان لەئێستادا کۆمەڵێ پەیمانگەی بازرگانی بەبڕێک پارەی زۆر خول بۆ هەموو وانەکان دەکەنەوە، سەیرەکە ئەوەیە هەر ئەومامۆستایانەی لەخوێندنگەکان وانە دەڵێنەوە بەشداری ئەو خولانە دەکەن و دەبنەوە مامۆستا، واتە لەئێستادا خول و بەشداریکردنی ئەوخولانە بووەتە بازرگانیەکی ڕێپێدراو، کە ئەمە کارێکی خراپ و ناڕەوایە، کاتێ پەروەردە لە ڕێگەی یەکەی مەشق و ڕاهێنان خولەکان پەرە پێدەدات گرنگی زۆر و بایەخی تایبەتی هەیە، دەکرێ گرنگی خولی هاوینە لەم خاڵانەدا کرت بکەمەوە، کەئەمانەن:
1- دانانی ئامانج و پلانێکی ڕوون بۆ خولەکە.
2- بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی بەشداربوان.
3- وەرگرتنی زانیاری نوێی بابەتەکە.
4- گۆڕانکاری و نوێبوونەوە.
5- خوێندنەوە و زانینی کەموکوورتییەکان.
6- لەخولەکاندا تێگەیشتن وسەرنج و تێبینیەکان بەکوورتی و پووختی دەدرێن و گفتوگۆیدان لەسەردەکرێت.
7- کەسانی بەشداربووی خولەکان هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی خولەکە دەنووسن.
8- نابێت کەسانی ناپیشەیی یان ناداهێنەر خولەکە پێشکەش بکەن، چونکە ئەنجامەکەی لاواز دەبێت و دەگۆڕێت بۆ ڕۆتین.
9- دەبێت لە خولەکەدا باسی ئەو کاتە بکات کە پێویستە بۆ تەواوکردنی. بڕی ئەو کاتەی کە بۆ ڕاهێنانی هەر بڕگەیەکی خولەکە تەرخان کراوە.
10- باشترە لە کۆتایی خولەکەدا نووسراوێکی ڕاپرسی بەسەربەشداربووان دابەش بکرێت و بۆچوونی ڕاست لەسەر خولەکە بنووسن.
11- ئەنجامدانی تاقیکردنەوەیەکی (ڕاستگۆیانە) لە کۆتایی خولەکەدا و زانینی جیاوازی مەعریفی و کردەیی. تاقیکردنەوەی ڕاستگۆیانە ئەو تاقیکردنەوەیە کە بەڕاستی ئاستی سوودمەندی خولەکە دەپێوێت.
12- بڕوانامەیەک لە کۆتایی خولەکەدا پێشکەش بە بەشداربوان دەکرێت، ئاستەکان دیاری دەکرێت
هیوادارم وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، پلان دابنێت بۆ کردنەوە و ئەنجامدانی خولی هاوینە بۆ مامۆستایان، چونکە تاکە هۆکاری پێشخستن و ئاڕاستەکردنێکی درووستی هاوچەرخە بۆ پڕۆسەی پەروەردە بەرەو باشترکردن و ڕاگرتنی ئەوبازرگانییە ناشیرینەی بەخولەکانی هاوینانەوە دەکرێن، لەلایەن چەند کەس و پەیمانگایەکەوە، دڵنیام ئەگەر خواست هەبیت و خەمی پەروەردە بۆ چاککردن بکەینە ئامانج بەسەر هەموو ئەو بازرگان و گرفتانەدا زاڵدەبین کە لەمپەڕی بەردەمی پەروەردەن. [1]