$قومار بە گیرفانی بەتاڵەوە$
#هێمن عەبدوڵڵا 2#
#27-01-2014#
ئەوانە هەڵەن کە پێیانوایە کورد لە جنێڤ دوو بە دەستی بەتاڵ دەگەڕێتەوە. چونکە کورد لەو کۆنگرەیەدا قومارچییەکە کە لیرەیەکی لە باخەڵدا نەبووە تا چاوەڕوانی بردنەوەی لێبکەین.
پارتی یەکێتی دیموکراتی PYD کە ئێستا سێ کانتۆنی لە ڕۆژاوای کوردستان درووستکردووە، بەشداریی لە کۆنگرەکەدا نەکرد. کەچی پارتەکانی دیکەی ڕۆژاوا کە بستێک خاکیان لە ڕۆژاوا بەدەستەوە نییە، بەناوی هەموو کوردەوە هەڵتەک هەڵتەک تەشەریفیان بۆ برد. ئەنجامەکەشی ئەوەبوو کە لە قوماری جنێڤدا نە هیچیان دۆڕاند و نە هیچیشیان بردەوە.
ئەوەی لە جنێڤ بردییەوە بەشار ئەسەد و دەوڵەتی ئێران بوون. هەق بوو ئێران خەڵاتی پیاوی ساڵ بداتە بان کی موون کە بانگهێشتکردنی ئەوانی بۆ کۆنگرەکە کشاندەوە، چونکە بەشداریی ئێران لە کۆنگرەکەدا تەڵەیەک بوو بۆی نرابووەوە و جەنابی بان زەحمەتی تەقاندنی کێشا.
ئەگەر ئێران لە جنێڤ بەشداربووایە، دەبوو ڕازی بێت بە جنێڤی یەک و واژووی بکات. بەوپێیەش دەبووایە سوپای ئێران و ڕاوێژکارە سەربازییەکانی لە سووریا بێنەدەرێ و چیدیکەش کۆماری ئیسلامیی ئێران چەک نەنێرێت بۆ حکومەتی ئەسەد.
بۆ ئەسەدیش ئەوەی بە بۆمبا و فڕۆکە و چەکی کیمیایی وەدەستنەهات، لەسەر مێزی قوماری جنێڤ وەدیهات. لەو قومارەدا ئۆپۆزیسیۆن وازی لە کەللەڕەقییەکانی هێنا و تێگەیشت کە لە سووریا “بێ سەرۆک ئەسەد ژیان نابە”!
ڕاستە ئێستا لە ڕۆژاوای کوردستان پەیەدە تاکڕەوی دەکات و تێبینیی زۆر لەسەر “حوکمڕانییە خۆجێییەکەی” هەیە، بەڵام هەرواش ئەو پارتە زۆرتر لە پارتەکانی دیکە شایستەیی بەشداریکردنی هەبوو لە قوماری وەکوو ئەوەی جنێڤدا.
گەنجێکی خەڵکی ڕۆژاوا پێیگوتم سکرتێری یەکێک لەو پارتانەی کە خۆی بە ڕکابەری پەیەدە دەزانێت، لە #هەولێر# ڕێستورانتێکی شاهانەی کردووەتەوە. دەیوت هەرکەسێک لەجیاتی مامۆستا بێت، خەریکی ڕێستورانتەکەی دەبێ و ئاگای لە ڕۆژاوا نامێنێ. جگە لەوەش ئێستا کەمپەکانی پەنابەرانی ڕۆژاوا لە باشوور بۆخۆیان ڕۆژاوایەکی بچووککراوەن، بەڵام پارتە هوتێلنشینەکان کە لە هەولێر و #سلێمانی# و دهۆک دەیگوزەرێنن، ناتوانن تەنانەت دڵی ئەوانیش ڕازی بکەن.
بۆیە بە دەستی بەتاڵ گەڕانەوەی شاندی کورد لە جنێڤ ئاساییە. ئیتر ئەوە قومارە و قوماریش بە گیرفانی بەتاڵەوە ناکرێت! [1]