$شیری حەڤدەی شوبات$
#هێمن عەبدوڵڵا 2#
#17-02-2014#
لە کوردەواری دەڵێن “شیر کە کۆن بوو فێڵی تێدەکەوێت”. سێ ساڵ بەسەر ڕووداوەکانی حەڤدەی شوبات و دواتریدا تێپەڕی و چەند ڕۆژێک بەر لەو یادە #نەوشیروان مستەفا# سەردانی #مەسعود بارزانی#ی کرد. ئایا ئەو شیرەی لەبەردەرکی سەرا-ی “ئازادی” بە ئاگرێکی خۆش گەرم دەکرا، فێڵی تێکەوت؟ ئەوانەی لەو ڕووداوانەدا جگەرگۆشەکانیان لەدەستدا و ئەوانەی تێهەڵدانیان خوارد و ئەوانەش کە قوڕگی خۆیان دڕاند هێندەی هوتاف بدەن، ڕەنج بەخەسار بوون؟
لە فەرهەنگی سیاسیی ئێمەدا حەڤدەی شوبات دوو پێناسەی هەیە. لە یەکێکیاندا جووڵانەوەیەکی ئازادیخوازانەیە و لە “سەرای ئازادی”یەوە ڕێبەرایەتی کراوە. لە یەکێکی دیکەشدا هەوڵێکی ئاژاوەگێڕانەیە و هەڵسووڕێنەرانی سواری شەپۆلی ناڕەزایی خەڵک بوون و لە بەردەرکی سەرای #سلێمانی# ئاگریان خۆشکرد. ئەوانەی باسی ئازادییان دەکرد، پشتیان بەو ئارگومێنتە دەبەست کە هەرێمی کوردستان بەسەر دوو دەسەڵاتی پاوانخوازدا دابەشکراوە و پێویستە لەدەستیان دەربهێندرێت. ئەوان پاکێجی چاکسازییان بڵاودەکردنەوە و لەسەرەتادا هێندە ڕۆیشتبوون کە داوای ڕووخاندنی دەسەڵاتیشیان دەکرد. ئەوانەی باسی ئاژاوەگێڕیشیان دەکرد، دەیانوت ئەوانەی بەردی ڕیفۆرم لە سنگی خۆیان دەدەن، خۆیان بەشداربوون لەو سیستمە سیاسییەی لە کوردستاندا درووستبووە، بۆیە بۆیان نییە لافی جیاوازبوون لێبدەن.
لە پەنای ئەو لێکدانەوانەدا ڕاستییەکی دیکە خۆی مەڵاسداوە. ئەویش ئەوەیە کە هەرچەندە ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات وەبەرهێنانی سیاسیی گەورەیان لەسەر حەڤدەی شوبات و ڕووداوەکانی ڕۆژانی دواتری کرد، بەڵام ئەو دەنگە تووڕەیەی خەڵک، کە دوو دەیە بوو پەنگی خواردبووەوە، بە زوڵاڵی بیسترا. هەروەها هەرچەندە گۆڕان لە ساڵی 2009ەوە بەشدار بوو لە پڕۆسەی سیاسیدا لە کوردستان، بەڵام لەدوای حەڤدەی شوباتەوە یەکێتی بە پلەی یەکەم و بەدوایدا پارتیش وازیان لە کەللەڕەقیی خۆیان هێنا و قبووڵیان کرد کە ڕکابەرێکی بەهێزی دیکەیان بۆ پەیدا بووە. ڕکابەرێک کە ئەوکات هێندەی خاڵی ناکۆکیی هەبوو لەگەڵیاندا، هێندە کۆک نەبوو لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیان.
ڕووداوەکانی حەڤدەی شوبات و دواتری بۆ مانەوەی گۆڕان یەکلاکەرەوە بوون. چونکە ڕێگەیاندا ئەو بزووتنەوەیە نمایشی بازووی خۆی بکات و بە یەکێتی و پارتی بسەلمێنێت کە ئەو دارە بە هەر بایەک نالەرێتەوە. بەڵام لەپەنای ئەوەدا ئەرکی بزووتنەوەکەشی قوورستر کرد. چونکە ئەو جەماوەرەی ئامادەبوو لە تەنگانەدا ببێتە بازووی گۆڕان، هەر ئەویش ئەو بزووتنەوەیە دەخاتە ژێر تاقیکردنەوە وە. تاقیکردنەوەیەک کە چۆنییەتیی پێکهێنانی حکومەت و بەدوایدا چۆنییەتیی بەشداری و ڕۆڵگێڕانی گۆڕان لە حوکمڕانیدا و شێوازی مامەڵەی لەگەڵ پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی ئەوکات، بابەتی نێو پرسیارە هەرە قوورسەکانی دەبن.
شیرەکەی حەڤدەی شوبات ساردبووەتەوە، بەڵام ئەگەر فێڵی تێکەوت، گۆڕان باجەکەی دەدات. [1]