$مومکین دواناخرێت$
#هێمن عەبدوڵڵا 2#
#19-03-2014#
ئەمساڵ #هەڵەبجە# جیاواز لە ساڵانی دیکە یادی کیمیابارانی کردەوە. لە بەردەم مۆنۆمێنتی شارەکەدا گەنجانم دەبینی کە پێدەکەنین و جلی ئاڵوواڵایان لەبەربوو. لەنێو بازاڕی هەڵەبجەدا، ڕوخساری خەمگینی پیاوە کوردیپۆشەکان، بزەیەکی مۆنالیزایانەیان پێوە نیشتبوو. بیست و شەش ساڵ بوو هەڵەبجەییەکان بەو گەرموگوڕییەوە دەرنەکەوتبوون.
لەوێ زۆر بەرپرسی پلەباڵای لێ نەبوون، بەڵام خەڵک کەمتر لە جاران گلەییان لێیان هەبوو. هۆیەکەشی ئەوەبوو کە سەرکردەکانی کورد دوو جار بوێرییان لە بڕیارداندا تاقیکردووەتەوە و هەردووجاریش دڵی خەڵکیان بردووەتەوە.
دوای تێکچوونی شۆڕشی کوردستان لە ساڵی 1975، فرەحیزبییەک لە باشووری کوردستان پەیدابوو کە ئەنجامێکی فەوتێنەرتر لەوەی 1975ی هەبوو.
براکان دەستیان چووە خوێنی یەکدی و باجی یەکنەگرتوویی و خۆخۆرییەکەشیان لەلایەن خەڵکەوە درا. کاتێک ساڵی 1991 سەرکردەکان بوێرییان نواند و پێکەوە بڕیاری ڕزگاربوونیان دا، ئیرادەی خەڵک بەسەر زەبروزەنگ و زلبازوویی داگیرکەردا سەرکەوت. ئەوکاتیش وەکوو چەند هەفتە و چەند مانگی ڕابردوو، سەدام ویستی خەڵک تووڕە بکات و پێشانیان بدات کە بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا باشووری کوردستان خۆی پێ بەڕێوەناچێت. بەڵام لەبەرئەوەی بڕیارەکەی سەرکردایەتی درووست ئەوەبوو کە خەڵک دەیویست و بریتی بوو لە چیدیکە نەگەڕانەوە بۆ بەغدا، سەرەڕای دووبارەبوونەوەی خۆخۆریش، بەڵام ئەوەی خەڵک پشتیگرت هەر مایەوە.
ئێستا زۆر کەیس هەن سەرلەنوێ سەرکردایەتیی کورد بۆ یەکلاییکردنەوەیان چاوەڕوانی بەغدا دەکات، بەڵام دەستی دەستییان پێدەکرێت. لە چەند کەیسێکدا سەرکردایەتی کورد بوێریی پێویستی بۆ بڕیاردان تێدا نییە. یەکێک لەو کەیسانە نەوتە، یەکێکی دیکە ناوچە دابڕێندراوەکان و یەکێکی دیکەشیان مەسەلەی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە و قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی جینۆساید بوو کە جێبەجێکرا.
لەوەی دواییاندا سەرکردایەتیی کورد کارێکی ڕاستی کرد کە چیدیکە لەسەر بەغدا ڕانەوەستا و بڕیاری یەکلاکەرەوەی دا. باجەکەشی هەرچییەک بێت، مادام خەڵک لەگەڵیەتی و مادام هەڵەبجەییەکان سێبوورییان پێهاتووە، تەحەممول دەکرێت.
ئێستا لە دوو کەیسەکەی دیکەشدا خەڵک چاوەڕوانی بڕیاری بوێرانەیە. لە کەیسی نەوتدا بەغدا شتێکی پێناکرێت کە تاوەکوو ئێستا نەیکردبێت یان بکرێت دەستی بۆ ببات. لە کەیسی ناوچە دابڕێندراوەکانیشدا بەهەمانشێوەیە. ڕاستە خەڵک لە نادادپەروەری و گەندەڵی و نادڵسۆزیی سەرکردەکانی تووڕەیە، بەڵام هێشتا نائومێد نەبووە لەوەی کە بڕیاری یەکلایەنەی هاوشێوەی ئەوەی هەڵەبجە لە #هەولێر#ەوە ببینێت.
ناوچە دابڕێندراوەکان گرنگترن لە مەسەلەی نەوت و بەپارێزگاکردنی ناوچەیەکی کوردستان. هەروەها ئەو سیاسەتی نەوتییەی ئێستا کوردستان گرتوویەتییە بەر، گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانەی مومکینتر کردووە. شتی مومکینیش نابێ دوابخرێت. [1]