$هەڵسانەوەی یەکێتی$
#هێمن عەبدوڵڵا 2#
#06-05-2014#
لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا یەکێتی توانی هەڵسێتەوە. ئەو یەکێتییەی زۆرکەس فاتیحایان لەسەری خوێند و خۆیان ئامادە دەکرد بۆ پرسەکەی، لە گیانەڵا ڕزگاری بوو. بەڵام ئەوەی پێیوابێت یەکێتی لە خەم ڕەخساوە بەهەڵەدا چووە.
هەوادارە خۆشبینەکانی یەکێتی ئەو وێنەیەیان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەم جارە سازکردووە کە ئومێدیان دەداتێ و وایان لێدەکات بە سێبەری خۆیان هەڵبخەڵەتێن. ئەوان دەڵێن چوار پارێزگاکەی باشووری کوردستان بە دەنگی خەڵک کەوتنە دەست سێ حیزبە گەورەکە: کەرکووک بۆ یەکێتی، #سلێمانی# بۆ گۆڕان، دهۆک بۆ پارتی و #هەولێر#یش بۆ هەمووان. ئەمە بەشێکی ڕاستە، بەڵام بەشەکەی دیکەی دوو ڕاستیی تاڵی تێدایە بۆ یەکێتی: لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستاندا، کە حکومەتی خۆماڵیی تێدایە، یەکێتی دیسان دۆڕاندوویەتی. هەروەها لە هەولێریش پارتی دەتوانێ بەبێ حیزبەکانی دیکە دەسەڵات بگرێتەدەست.
باشتربوونی ڕەوشی یەکێتی ڕووداوێکی ئەرێنی بوو بۆ پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا
ڕەوشی دەروونیی سەرکردایەتی و بنکردایەتیی یەکێتی لە یەک ساڵی ڕابردوودا زۆر دژوار بوو. حیزبێک کە لەوەتەی هەیە فەرمانڕەوا بووە و بەرانبەر زلحیزبێکی دیکەش شەڕی پێشڕەوایەتی شۆڕشی کوردی کردووە، لەپڕ کەوتبووە هەڵوێستێکەوە کە باسی ئەوەی لەگەڵ بکەن کام وەزارەتەی دەدرێتێ و کامەی نادرێتێ. ئێستاشی لەگەڵدابێت سەرکردەکانی یەکێتی تووڕە دەبن کە پێیان بڵێی: کام وەزارەتەتان دەدرێتێ؟ چونکە حیزبێک خۆی وەزارەتی دابێ بەوانی دیکە بۆی قوورسە لەجیاتی ئەوەی بدات پێیبدرێ.
باشتربوونی ڕەوشی یەکێتی لەم هەڵبژاردنەدا ڕووداوێکی ئەرێنی بوو بۆ پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا. ئەزموونی تاڵی ڕێککەوتنی ستراتیژی پێشانیداین کە ڕێککەوتنی دوو زلحیزب لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و ئیمتیازات دەرگا بۆ گەندەڵکاری دەکاتەوە. بۆیە گرنگە لە کوردستان هەمیشە زۆرتر لە دوو زلحیزب هەبن.
هەرچەندە یەکێتی براوەی تەواوەتی نییە، بەڵام هەڵسانەوەی ئەمجارەی لەڕووی سیاسی و مەعنەوییەوە ئاسانکاریی کرد بۆ سەرکردایەتی و جەماوەرەکەی. سەرکردایەتییەک لە دۆخی تێکشکاندا بڕیاری بەشداریکردن لە حکومەتێکدا بدات کە دوو ڕکابەری بەهێزی خۆی تێیدا باڵادەستن، نابێ چاوەڕوانی پشتیووانیی جەماوەرەکەی بێت لە هەڵبژاردندا. بەڵام ئێستا کە ئەنجامەکان بەهێزیی یەکێتییان سەلماندووەتەوە، سەرکردایەتی و جەماوەری یەکێتی دەتوانن بە سەرێکی بڵند و بە دەنگێکی زوڵاڵ باسی بەشدارییان لە حکومەتی داهاتوودا بکەن.
حیزبێک خۆی وەزارەتی دابێ بەوانی دیکە بۆی قوورسە لەجیاتی ئەوەی بدات پێیبدرێ
ڕێی تێناچێت یەکێتی ڕەتیبکاتەوە کە پارێزگاری سلێمانی لە گۆڕان بێت، بەڵام دیسان بۆخۆسەلماندنەوە ئەوە دەکاتە مەرج کە پارێزگارەکە بەدڵی ئەوانیش بێت. ئەمەش بۆ سەرکەوتووبوونی پارێزگاری داهاتووی سلێمانی پێویستە و داوایەکی ناماقووڵ نییە. یەکێتی دەتوانێ لە پارێزگای سلێمانیدا لەگەڵ گۆڕان هاوپەیمانی بکات و بەشداربێت لە دەسەڵاتدا. لەسەرئاستی نیشتمانیش دەتوانێت ببێتە ئۆپۆزیسیۆنێکی چالاک. دەشتوانێ پێچەوانەی ئەمە بکات و لەسەر ئاستی نیشتمانی لە دەسەڵاتدا بێت و لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی ببێتە ئۆپۆزیسیۆنێکی قسەڕۆیشتوو. بە هەردوو باردا یەکێتی زیان ناکات و بۆ چوار ساڵی داهاتوو، ئەگەر کێشە ناوخۆییەکانی ڕێگەی بدەن و هەڵنەوەشێتەوە، دەتوانێ بیسەلمێنێت کە تازە نابێتەوە حیزبێکی شکستخواردوو. [1]