$بارزانی نەچێتە بەغدا$
#هێمن عەبدوڵڵا 2#
#20-05-2014#
لەنێو سەرکردایەتی پارتیدا گەنگەشەیەک هەیە لەسەر چوونی #مەسعود بارزانی# بۆ بەغدا، بۆ ئەوەی بۆ چوار ساڵی داهاتوو سەرۆک کۆماری ئێراق بێت. ئەوانەی پشتیووانی لەو بیرۆکەیە دەکەن، پێیانوایە بارزانی دەتوانێ لە بەغداوە چاکتر کێشەکانی کوردستان و ئێراق چارەسەر بکات. ئەمە تێگەیشتنێکی هەڵەیە و واچاکە بارزانی گوێی بۆ شل نەکات.
جارێ ڕوون نییە ئەو تەوافوقەی کورد لەگەڵ شیعە و سوننەی ئێراق هەیەتی دەمێنێ یان نا. ئەوەش دیارنییە کە ئەگەر تەوافوقەکە ما، سەرۆک کۆمار کورد دەبێت یان سەرۆکی پەڕڵەمان. ئەوەش نازانرێ کە ئەگەر سەرۆک کۆمار بۆ کورد بوو، یەکێتی پێداگیری لەسەر وەرگرتنی دەکات یان نا. بۆ ئەم قۆناخە کێشەی کورد لە بەغدا بەپلەی یەکەم لەگەڵ نووری مالیکی و دەوڵەتی یاساکەیەتی. ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمجارەش پێشانی دەدات کە بەبێ مالیکی و دەوڵەتی یاسا هیچ لایەنێک لە ئێراقدا ناتوانێت بچێتە بەغدا و سیاسەت بکات.
$کێشەی کورد لە بەغدا بەپلەی یەکەم لەگەڵ نووری مالیکی و دەوڵەتی یاساکەیەتی$
هەرچەندە ئێرانییەکان لە لێدوانە فەرمییەکانیاندا دەڵێن پشتیووانی لە کەسێکی دیاریکراو ناکەن بۆ سەرۆکوەزیری لە ئێراقدا، بەڵام دیپلۆماتکارانیان، دوور لە چاوی کامێرا و میدیاکاران، نایشارنەوە کە مالیکی کاندید و پارێزەری بەرژەوەندییەکانیانە بۆ چوار ساڵی داهاتوو. بەشێکی ئەو پشتیووانییەش لەبەرئەوەیە کە سەرەڕای گەلەکۆمەی حەکیم و سەدرییەکان و فتوای گەورەپیاوانی شیعە و بانگەوازی نیمچە ڕاستەوخۆی سیستانی بۆ گۆڕان لە ڕێگەی دەنگدان لە ئێراقدا، بەڵام مالیکی و هاوپەیمانەکانی توانییان یەک لەسەر سێی کورسییەکانی پەڕڵەمانی ئێراق ببەنەوە. مالیکییەک سیستانی بەدڵی نەبێ و زۆرینەی پێکهاتەی شیعە لە ئێراقدا پشتیووانیی لێبکات، لە ماوەی حوکمڕانیشیدا پێشانی یار و نەیاری دابێت کە پیاوی کردە و هێزدارییە، درووست ئەو کاندیدەیە کە ئێران دەیەوێت هەیبێت. کاندیدێک کە وەکوو بەردێکە و بە جارێک دوو چۆلەکە بۆ ئێران دەکوژێت.
پۆستی سەرۆک کۆماریی بۆ #مام جەلال#، کاڵای هێندەی باڵای خۆی نەبوو
هەر ئەو مالیکییە جاری ڕابردوو بە پشتیووانیی کورد بووەوە سەرۆکوەزیران، بەڵام ئەو چاکەیەی بە پەشیمانبوونەوە لە بەڵێنەکانی دایەوە. کەوتە ڕکاربەریش لەگەڵ مەسعود بارزانی، کە ئێستا بەشێک لە کادیرانی حیزبەکەی، لەژێر کاریگەریی گوشار و پێشنیازی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی، دەیانەوێ بچێتە بەغدا.
مەسعود بارزانی کوڕی مەلا مستەفایە. مەلا مستەفایەک کە ڕازی نەبوو نە خۆی و نە کەسێکی بنەماڵەکەی ببنە کاربەدەستی دەوڵەت لە بەغدا و سوێندی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێراق بخۆن. ئێراقێک لە چوار ساڵی داهاتوودا هەر مالیکی حوکمی بکات و بڕیارەکانی لە تارانەوە دەربچن، ئەو ئێراقە نییە کە بارزانی تێیدا بتوانێ سوێندی پاراستنی یەکپارچەییەکەی بخوات و نەیشکێنێ. لەوەش بترازێ پۆستی سەرۆک کۆمار لە ئێراقدا پۆستێکی سیمبۆلیکە و لە ساڵانی ڕابردوودا مام جەلال، بەو کەسایەتییەی کە هەیبوو و بەو پەیوەندییانەی درووستیکردبوون گۆڕیبووی بۆ پۆستێکی سەروو-سیمبۆلیک. دەنا پۆستەکە بۆ مام جەلال کاڵای هێندەی باڵای خۆی نەبوو.
$ناچارین ماوەیەکی دیکەش لە چوارچێوەی ئێراقدا بمێنینەوە$
پەیوەندییەکانی #هەولێر# و بەغدا لە چوار ساڵی ڕابردوودا لە پەیوەندیی هەرێم و دەوڵەت نەدەچوون، بەڵکوو لە پەیوەندی دەوڵەتێکی بەهێز و دەوڵەتێکی بچووک دەچوون کە تێیدا دەوڵەتە بەهێزەکە سەروەت و سامانی دەوڵەتە بچووکەکەی دەخوارد و بەشێکی لێدەدایەوە و کەی بشیویستایە هیچی نەدەدایە. ئەنجامە چاوەڕوانکراوەکانی هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی ئێراقیش پێشانیداوە کە هەرسێ پێکهاتە سەرەکییەکەی ئێراق هیچ بڕوایان بە ئێراقێکی یەکگرتوو نەماوە. بۆیەش شیعە دەنگیدا بە قەوارەی شیعە، سوننە لیستە سوننەکانی هەڵبژارد و کوردیش کاندیدە خۆییەکانی بردەپێشەوە. ئەمەش وایکرد کە ئەو قەوارانەی دەیانەویست دەنگی هەموو پێکهاتەکانی ئێراق ببەن و ئێراقی بن، هیچ دەنگ نەهێنن.
لەگەڵ ئەوانەشدا دەزانین کە ناچارین ماوەیەکی دیکەش لە چوارچێوەی ئێراقدا بمێنینەوە، بۆیە چاک وایە لەو ماوەیەدا مەسعود بارزانی، لەجیاتی چوونە بەغدا، خەریکی پتەوکردن و یەکخستنی ناوماڵی کوردستانی بێت بۆ قۆناخی پۆست ئێراقیبوون. ئەمەش تەحەدایەکی گەورەیە، چونکە ماڵەکە درزی تێدایە و ڕۆژبەڕۆژیش گەورەتر دەبێت. [1]