$رازیکردنی پەکەکە بۆ خواردنی کێکەکە$
#هێمن عەبدوڵڵا 2#
#02-06-2014#
پەیوەندییەکانی پارتی و PKK لە شەڕی ساردی جارانی نێوان ئەمریکا و سۆڤیەت دەچێت. هەردوولا دژایەتیی یەکدی دەکەن، بەڵام نایگەیەننە مریشکەڕەشە. هەردوولا دەزانن قازانجی هەوادارانیان لە پێکهاتندایە، بەڵام هەڤڕکی دەکەن. هەردوولا دەزانن کێکێکی گەورەیان لە بەردەمە کە دەبێ پێکەوە بیخۆن، بەڵام نە پێکەوە ئەوە دەکەن و نە هیچیشیان بەتەنیا پێیاندەخورێت.
ڕکابەریی ئەو دوو حیزبە، وەکوو دۆستایەتییەکەیان، مێژووییە. هەرچەندە لە هەشتاکاندا بناخەی دۆستایەتییەکی پتەویان لەسەر دەستی ئیدریس بارزانی و #عەبدوڵڵا ئۆجەلان# دانا، بەڵام دوای کۆچی ئیدریس، دۆستایەتییەکە کاڵبووەوە. لە سەرەتای نەوەدەکانیشدا کار گەیشتە ئەوەی کە حکومەتی کوردستان بە شەڕ PKK لە باشووری کوردستان وەدەرنێت.
ناکۆکیی پارتی و PKK تەنیا لەسەر پاوانخوازی و ڕکابەریکردن لەسەر هەژموونداری بەسەر پارچەکانی کوردستانەوە نییە. تەنیا لەسەر ئەوەش نییە کە هەریەکەیان لەسەر دوو بەرەی جیاوازی ئیقلیمی حیسابن و ئەجێندا سیاسییەکانیان پێکناگەنەوە. بەڵکوو پەیوەندیی بەو قۆناخانەشەوە هەیە کە کێ لە هەریەک لەو حیزبانەدا قسەی ڕۆیشتووە. بۆ نموونە لە دوایین ساڵانی بەر لە گیرانی ئۆجەلان، باڵە چەپە زاڵەکەی ناو PKK، کەشێکیان خوڵقاند کە دژایەتیی پارتی چڕتر ببێتەوە. ئۆجەلان بۆخۆیشی، لەژێر کاریگەریی ئیبراهیم ئەحمەد و ژمارەیەک سیاسەتمەداری دیکەی باشوور، بووە تیۆریسیەنی چۆنییەتی ڕیشەکێشکردنی بنەماڵەی بارزانی.
لەپاش گیرانی ئۆجەلان پەیوەندیی ئەو دوو حیزبە وردەوردە بەرەو باشی دەڕۆیشت. بەتایبەتیش کە ڕژێمی سەدام ڕووخا، PKK لە #قەندیل# لاواز و قەتیس مابوو. لەو ماوەیەدا، وەک دواتر لە بەڵگەنامە ئاشکراکراوەکانی سەر ماڵپەڕی ویکیلیکس دەرکەوت، ئەمریکایی و تورکەکان چەندجارێک دەچنە لای #مەسعود بارزانی# و داوای هاوکاریی لێدەکەن بۆ لێدانی PKK و وەدەرنانی لە قەندیل، بەڵام داواکەیان ڕەتدەکرێتەوە. لەو بەڵگەنامانەدا دەردەکەوێت کە ئەمریکا هەڕەشەی جددی لە پارتی و بارزانی دەکات، بەڵام ئەوان ناچنە ژێر بار و لە قەندیل نادەن.
لەو قۆناخەدا موراد قەرەیلان پیاوی دەستڕۆیشتووی ناو PKK بوو. کاتێک باسی قەندیل دەکرا، یەکسەر قەرەیلان دەبینرا و دەبیسرا. هەر ئەویش وایکردبوو PKK لە حیزبێکی گۆشەگیرکراوی بێدۆستەوە ببێتە دۆستی پارتیش و یەکێتیش و حیزبەکانی دیکەی کوردستانیش. لە باشووری کوردستان کەس نەبوو قەرەیلان نەناسێت و کەس نەبوو هاوسۆزیی بۆ خۆی و گەریلا ماندووەکانی لەو شاخانە نەبێت. بەڵام ئەوە بە هاتنەوەی جەمیل بایک، کە ڕێبەرایەتیی باڵە چەپە زاڵەکەی ناو PKK دەکات، سەدوهەشتا پلە گۆڕدرا. گەیشتە ئەو ڕادەیەش کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی و حیزبەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش، بە بەراورد لەگەڵ قۆناخی قەرەیلاندا، لە نزمترین ئاستدا بێت.
ئێستا ناکۆکییەکانی ئەو دوو حیزبە لە یەک کەیسدا چڕکراونەتەوە کە ڕۆژاوای کوردستانە. ڕەنگە ئەگەر ئەو کەیسە نەبووایە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بەئاسانی ببەسترایە و دانووستاندنەکان نەگەیشتبانە بنبەست. بەڵام ڕۆژاوا بۆ هەردوولا گرنگیی حەیاتیی هەیە. هەواداری بۆ پارتی لەنێو کوردی ڕۆژاوادا قووڵاییەکی مێژوویی هەیە. هەبوونی سنووری فراوانی ناوچەی نفووزی پارتیش لەگەڵ ڕۆژاوا، وادەکات پارتی نەتوانێ دەستبەرداری بێت.
ئەگەر PKK لەجیاتی ڕۆژاوا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەوشێکی هاوشێوەی هەبووایە، ڕەنگە لەگەڵ پارتی زۆر کەمتر تووشی ناکۆکی ببووایە. ئەگەر لەجیاتی بایکیش کەسێکی دیکە بڕیاربەدەستی PKK بووایە، ڕەنگە توانیبای ناکۆکییەکان وەرگەڕێنێت بۆ بەرژەوەندیی هاوبەش. چونکە ئەوە ڕوونە کە حوکمڕانیی PKK لە ڕۆژاوای کوردستان، بەبێ هەبوونی پشتیووانی و ئاوەڵابوونی دەرگایەکی دۆست، ناتوانێ تا سەر بەردەوام بێت. ئەگەر دەوڵەتی سووریا بەهێزتر بووەوە، ئەو ڕەوشەی ئێستا بۆ PKK هەیە، وەکوو خۆی نامێنێتەوە. دۆستایەتیی سیاسی لە سەردەمی لاوازیدا جیاوازە لە دۆستایەتی لە سەردەمی بەهێزبوونەوەدا. PKK لە ڕۆژاوا بەرگەی شەڕی #داعش#، تورکیا، پارتی و لە ئاییندەدا سووریاش بەسەریەکەوە ناگرێت.
بەڵام پارتیش دەبێ ئەوە قبووڵ بکات کە تازە بەبێ PKK ناتوانێ تامی کێکەکەی ڕۆژاوا بکات. پارتی ڕێگەچارەی سێیەمی نییە: یان دەبێ شەڕ بکات لە دژی PKK یان دەبێ ڕازیی بکات. ڕازیکردنی PKKش تا ئەوکاتەی بایک قسەڕۆیشتوو بێت لەو حیزبەدا ئاسان نییە. [1]