$#مام جەلال# و دیارییەکەی$
#هێمن عەبدوڵڵا 2#
#21-07-2014#
کاتێک دوای ساڵێک و زۆرتر لە حەوت مانگ مام جەلال گەڕایەوە #سلێمانی#، من لەوێ بووم. لەنێو ئاپۆرای جەماوەری چەند سەد کەسیدا، لە بەردەم فڕۆکەخانەی سلێمانی و دواییش لەنزیک پردی سەرچنار کەژاوەی ئەو ئۆتۆمبێلانەم دیت کە دەگوترا هەواڵسازترین پیاوی نێو مێژووی کوردستانیان پێیە و دەیگەیەننەوە ماڵەوە. بەوردی و لەدووریی یەک مەترەوە سەیری نێو ئۆتۆمبێلەکانم کرد. سووکە گومانێکم هەیە کە لەنێو یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکاندا مام جەلالم دیت.
کەژاوەی ئۆتۆمبێلەکان لە کەژاوەی سەرۆککۆماری ئێراق نەدەچوو. هیچ پرۆتۆکۆلێکیان تێدا ڕەچاوانەکرابوو. ئەو دیمەنەی دیتم زۆرتر لە دیمەنی گەڕانەوەی پێشمەرگە لە سەردەمی ڕاپەڕین دەچوو، بەڵام جیاوازییەکەی ئەوەبوو کە وەکوو ساڵی 1991 خەڵک لەسەر شەقامەکانی سلێمانی ئاپۆرای نەبەستبوو بۆ دیداری شۆڕشگێڕە جلوبەرگ خاکییە دەم بە بزەکە.
بنەماڵەی مام جەلال، لە هێنانەوەیدا، هەم غەدریان لێکرد، هەم زیرەکیشیان نواند. غەدر لەوەدا کە لە هاوڕێکانی و جەماوەرەکەی شاردیانەوە. شەو لە چێشتخانەیەکی بەنێوبانگی سلێمانی دانیشتبووم، گەنگەشەی “خەڵکی شار” لەسەر ئەوەبوو “مادام مام گەڕاوەتەوە بۆ کەس نەیدیت؟” لە ڕۆژی گەڕانەوەیدا زوومی کامێراکانی ڕووداو لە بەرلینەوە تاوەکوو دەباشان لەسەر ئەو فڕۆکە و ئۆتۆمبێلانە بوو کە مام جەلالیان دەگواستەوە و چرکە بە چرکە بۆ خەڵکیان دەگواستەوە، کەچی لە کۆتایی ڕۆژدا، سکرتاریەتی مام جەلال لەجیاتی ئەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی یان فۆتۆیەکی نوێ بە دیاری بدەنە ڕووداو، بە پاقلاوە و گوڵ سوپاسیان کرد! ئەمە پەیامێکی ڕوون بوو کە هێشتا ناکرێ مامە پێشانی دنیای دەرەوە بدرێت. بۆچی؟ وەڵامەکەی تەنیا هێرۆخان و خوای ئەو و ڕەنگە چەند کەسێکی دیکە بیزانن.
لە ماوەی ساڵێک و حەوت مانگی ڕابردوودا، یەکێتییەکەی مام جەلال چیدیکە ئەو سەفینە نەبوو کە لەبن نەیەت. شکست لە هەڵبژاردنێکدا و باڵباڵێن و پەلەپرووزەی بەرپرسانی بۆ خۆدەوڵەمەندکردن ئەو حیزبەیان شەکەت کردبوو. لە ماوەی ڕابردوودا چاکترین تاکتیکی ڕکابەرەکانی یەکێتی ئەوەبووە لوقمەیەکی چەور پیشانی سەرکردەکانی یەکێتی بدەن و پێیانبڵێن “لەنێو خۆتاندا ڕێککەون کە کێ ئەم لوقمەیە نۆش دەکات”، ئیدی بە هەفتە و بە مانگ یەکێتییەکان خەریک دەبوون بۆ ئەوەی لەسەر کاندیدێک پێکبێن کە نە شیش بسووتێنێ نە کەباب.
ئەوەمان لەسەر پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزارەتەکانی کوردستان دیت. هەمان حیکایەت لەسەر میراتگرتنەوەی مام جەلال و وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماریش درێژەی هەیە. بەقەولی هاوڕێیەکم “ئەگەر گۆڕان دەیەوێ یەکێتی لە ئێستاوە پڕناکۆکیتر بێت، دەبێ واز لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی بهێنێت و لێگەڕێت یەکێتییەکان لەنێوخۆیاندا لەسەری ڕێکنەکەون”.
بەم حاڵەشەوە یەکێتییەکان دیواری هیوایان لەسەر گەڕانەوەی مام جەلال هەڵچنیوە. کاتێک قسەیان لەگەڵ دەکەی هەست دەکەی دوایین ئومێدیان بەوەیە کە بە گۆچانەکەی و تەسبیحەکەی دەستییەوە هەستێتە سەرپێ و قسەی یەکلاکەرەوەیان بۆ بکات. بەڵام ئایا تازە مام ئەوەی پێدەکرێت؟ مامێک نەکرێت گرتەیەکی ڤیدیۆیی لێ بڵاوبکرێتەوە و خۆی نا، بەڵکوو بنەماڵەکەی بڕیار بدەن کە کێ بیبینێت و کێ نەیبینێت، ڕێی تێدەچێت جارێکی دیکە قسەکانی بڕبکات؟
بە هەموو بارێکدا هێشتاش یەکێتییەکان و بنەماڵەکەی پێویستیان بەوەیە سێبەری مام جەلالیان بەسەرەوە بمێنێت. ئەویش بۆ ئەوەی هەمیشە ترسێک هەبێت لەوەی لەپڕ بگەڕێتەوە و گۆمە مەنگەکەیان بۆ بشڵەقێنێت.
ئەو ترسە هەم ڕێگە دەگرێت لە تەقینەوەی ناکۆکییەکانی نێو یەکێتی و دەیپارێزێت لە هەڵوەشانەوە، هەم واشدەکات بنەماڵەی مام جەلال جێپێی خۆیان قایمتر بکەن. ئەوە ڕاستییەکە کە هێشتا #قوباد تاڵەبانی# پێویستی بە کاتە بۆ ئەوەی فێری ئەو گەمە سیاسییە جیاوازە ناڕۆژاوایی و نازانستییە بێت کە لە کوردستان دەکرێت. هێرۆخانیش پێویستی بە کاتە بۆ ئەوەی ئەو پەڵە هەورانە لە ئاسمانی یەکێتییەکەی نێو خەیاڵدانیدا بڕەوێنێتەوە کە دەکرێ ببنە تیری پاژنەکەی ئاشیل بۆی.
بۆ ڕەواندنەوەی ئەو ترس و گومانە پێویستە مام جەلال قسەبکات و خەڵک لەسەر شاشە بیبیننەوە. کەسیش نازانێ، بەڵکوو سبەی تا لەخەو هەڵدەستین سکرتاریەتی مام جەلال، لەجیاتی گوڵ و پاقلاوە، یەکەمین لێدوانی ڤیدیۆیی مام جەلالیان بەدیاری هێنابێ بۆ ڕووداو! [1]