$گرنگیی #شنگال# بۆ PKK$
#هێمن عەبدوڵڵا 2#
#18-08-2014#
فازیڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی، هەفتەی ڕابردوو دەیوت “فەرمانمان بۆ هاتووە لە شنگال کوردایەتی بکەین نەک حیزبایەتی”. ئەم قسەیە ناڕاستەوخۆ پەردەی لەسەر ئەو هەستەوەرییە لادا کە لەنێوان پێشمەرگە و گەریلادا هەیە لە شنگال. بە ڕادەیەک کە چەند ڕۆژ دواتر لە ڕووداودا بڵاوبووەوە کە “گەریلا پلانێکی پێشمەرگە و ئەمریکاییەکانی بۆ ئازادکردنی ناوچەی شنگال شکستپێهێناوە”. ڕۆژێک دواتر، میدیای پارتی کرێکارانی کوردستان PKK بە ڕوونکردنەوەیەک، کە لە بنەڕەتدا بۆ ڕەتکردنەوەی هەواڵەکەی ڕووداو بوو، ئەوەیان پشتڕاستکردەوە کە بۆیە نەیانهێشتووە ئەو پلانە سەربگرێت “چونکە هەماهەنگی نەکرابوو لەگەڵ گەریلادا”.
لەوەتەی قەیرانی شنگال درووست بووە، حیزبەکان کێبڕکێی ئەوەیانە کە بیسەلمێنن کامیان پاڵەوانی ڕزگارکردنی کوردە ئێزدییەکانی سەر چیای شنگالن. ئەمەش لەکاتێکدایە کە باراک ئۆباما، فرانسوا ئۆلاند، دەیڤد کامیرۆن، ئەنگێلا مێرکل و زۆر ڕێبەری دیکەی جیهان لە وتار و پەیامەکانیاندا ناوی شنگال و چیای شنگال وەکوو سیمبۆلی زوڵملێکراویی کورد دەهێنن. پێشدەچێت ئەو کەمتەرخەمییەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرانبەر کارەساتی #هەڵەبجە# هەیبوو، لە کەیسی جینۆسایدی شنگالییەکاندا دووبارە نەبێتەوە.
بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی لە کەیسی شنگالدا حیزبایەتیکردن پێش کوردایەتی کەوتووە؟ بەتایبەتیش بۆچی PKK پێی گرنگە مەدالیای شانازیی ڕزگارکردنی ئاوارەکانی چیای شنگال لە بەرۆکی خۆی بدات؟
هیچییەک لەوانەی لە چیای شنگال هاتوونەتەوە و قسەمان لەگەڵکردوون ئینکاری ئەوە ناکەن کە گەریلاش ڕۆڵیان هەبووە لە هاریکاریکردنی پێشمەرگە بۆ ئەوەی ڕزگاریان بکەن، بەڵام هەمووشیان وا باسی جەنگاوەرە ئێزدییەکان (واتە پێشمەرگە) دەکەن، وەک بڵێی ئەفسانە بگێڕنەوە. لە ماوەی ئەو ڕۆژانەدا کە ئاوارە گیرخواردووەکان لە چیای شنگالەوە بەشدارییان لە ڕووماڵەکانی ڕووداودا دەکرد، هەمیشە ناوی دوو قاسمیان وەکوو پارێزەرانی خۆیان دەهێنا: قاسم سمێر و قاسم شەشۆ. بەهۆی بایەخدانی ڕووداویش بەو دوو ناوەوە، لە میدیای جیهانیدا یەکێکیان وەکوو “شێرەکەی شنگال” نێوبانگی دەرکرد. بەڵام سەیرەکە ئەوەبوو لە ڕاگەیاندنی لۆکاڵیی باشووری کوردستاندا، تەنانەت لە میدیای پارتیشدا، ئەو بایەخەی دەبووایە پێیانبدرێت پێیاننەدرا.
بۆ PKK ناودەرکردن وەکوو پاڵەوان لە کەیسی شنگالدا پێویستییەکی حەیاتییە. ئەویش تەنیا لەبەر ئەوە نا کە ژمارەیەکی زۆر کوردی ئێزدی لە باکووری کوردستان دەژین و لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا دەبنە دەنگ و پشتیوان بۆ پارتەکەی سەر بە PKK. هەروەها تەنیا لەبەرئەوەش نا کە لە ڕۆژاوای کوردستانیش کوردی ئێزدی زۆرن و کانتۆنە تاکلایەنە درووستکراوەکانی PYD بێ پشتیوانن. دیسان تەنیا لەبەرئەوەش نا کە حیزبی PÇDKی سەر بە PKK لە باشووری کوردستان لە هیچ هەڵبژاردنێکدا بەشی ئەوە دەنگ ناهێنێت کە ڕووی مەجلیسی هەبێت، بۆیە کۆکردنەوەی دەنگ لەنێو کوردی ئێزدی و شنگالییەکاندا دەتوانێ ئەو ڕەوشەیان بۆ بگۆڕێت.
بەڵکوو لەبەرئەوەشە کە کوردە ئێزدییەکان توانایەکی گەورەی نێودەوڵەتییان هەیە بۆ پشتیووانیکردن لە PKK. لە وڵاتێکی وەکوو ئەڵمانیا، کە PKK پیتاک و پارەی زۆری تێدا کۆدەکاتەوە و باربووی چالاکییەکانی پێدەکات، ژمارەیەکی یەکجار زۆر کوردی ئێزدی دەژین و بۆ PKK گرنگە ئەوانە لەدەستنەچن. لە ئەرمینیا و جۆرجیا و وڵاتانی دیکەی یەکێتیی سۆڤیەتی جارانیش زۆر کوردی ئێزدی دەژین و لە سی ساڵی ڕابردوودا زۆر پشتیووانییان لە مانەوەی PKK کردووە. بۆیە بۆ ئەو پارتە بە هەموو بارێکداحیزبایەتیکردن لە قەیرانی شنگالدا گرنگترە لە کوردایەتی.
لەگەڵ ئەوەشدا منداڵێکی پێنج ساڵە کە دایکوباوکی لەسەر چیای شنگال لێ بزربووە هێندە پێی گرنگ نییە بزانێ کێ پاڵەوانی ڕزگارکردنییەتی، بەڵکوو پێی گرنگە هەرچی زووە دایک و باوکی ببینێتەوە و بتوانێت ژیانێکی ئارام بژیت. چونکە ئەگەر نەیاندۆزێتەوە، لە ئاییندەدا نەفرەت لەوانە دەکات کە ڕزگاریانکرد و لەو ژیانەدا هێشتیانەوە کە دەبێ تاوەکوو دەمرێت خەمی نەمانی کەسوکارەکەی بخوات. بۆیەش ڕاستوایە حیزبەکان بەکردەوە ئەو کارە ڕاستە بکەن کە خۆیان دەیزانن: واتە لە شنگال کوردایەتی بکەن نەک حیزبایەتی. [1]